یادگارییەکانی هونەرمەندی دەنگ دەگمەن، حیشمەتوڵڵا لوڕنەژاد

0
341

حیشمەتوڵڵا لوڕنەژاد ناوی حیشمەت کوڕی حاجی فەتحوڵڵایە. ساڵی ١٩٤٧ لە گەڕەکی “ئەلافخانە” لە کرماشان و لە بنەماڵەیەکی هونەردۆست، چاوی بە ژیان هەڵهێناوە. لەژێر کاریگەری باپیری، کە دەنگخۆش بووە، دەستی بە وتنی گۆرانی کردووە و لە تەمەنی ١٧ ساڵییدا، یەکەمین بەرهەمی لە دەستەی موزیکی ڕادیۆی کرماشان، پێشکەش کردووە. ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی کچێک و دوو کوڕە.

سەرەتا و لە گۆرانی وتندا، پێڕەوی ڕێچکەی ” سەیید عەلی ئەسغەری کوردستانی، عەلی مەردان و تایەر تۆفێق”ی کردووە و کەڵکی لە ڕێنماییەکانی “حەسەن زیرەک” و هەروەها موزیککارەکانی کرماشان، وەک “مەحموود مرئاتی، مەسعوود زەنگەنە و محەمەد عەبدولسەمەدی، مەحموود بلور”وەرگرتووە. دواتر، هەنگاوی بەرەو خۆناسی هونەرەکەی هەڵێناوە.

جگە لەوەی کە بە سۆرانی و کەلهوڕی، گۆرانی وتووە، بە زمانی فارسیش، چەند بەرهەمێکی تۆمار کردووە.

لوڕنەژاد، پاش شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ بەردەوامبووە لە تۆمارکردنی گۆرانی لە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی کرماشان، لە ساڵی ١٩٨٩ بە دواوە، بەهاوکاری گرووپی “موشتاق” و بە سەرپەرەشتیی هونەرمەند “سیاوەش نوورپوور”، ژمارەیەک کۆنسێرتی لە شارەکانی تاران و کرماشان ئەنجام داوە و دواکاریان کۆنسێرتی ساڵی ١٩٩٥ لە تاران بووە.

شارەزاییەکی باشی لە مەقامات دا هەبووە و زۆرێک لە گۆرانییەکانی، خۆی دایناون یان لە دەستکاریکراوی خۆی بوون.

هۆنراوەی گۆرانییەکانی، زۆرتر لە شاعیران”تاهیر بەگی جاف، مەولەوی و سەیید یاقووبی ماهیدەشتی”وەرگرتووە.

بۆ ماوەی بیست و پێنج ساڵ کارمەندی دەزگای کەشناسی بووە لە کرماشان.

لوڕنەژادی دەنگخۆش، ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٩٥ دڵی لە لێدان دەکەوێت و بۆ هەمیشە دونیای هونەریی بەجێ دێڵێت.

https://soundcloud.com/rojikurd/sets/xgsykpam2i7q

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت