یادگارییەکانی هونەرمەند، سەیید عەلی ئەسغەری کوردستانی

0
431

ناوی تەواوی “عەلی ئەسغەر سەیید نیزامەدین سەیید جامی”یە. بنەماڵەکەی دەچێتەوە سەر “سەیید عەلی هەمەدانی” برای “بابا یاهیری هەمەدانی”. نازناوی “کوردستانی” لە شاری “سنە”وە وەرگرتووە، چونکە لە ساڵی ١٨٨٢دا، لە دێی “سەڵەوات ئاوا” نزیک بەم شاره، لە دایک بووە. هەر لەم گوندەدا، گەورە بووە و باوکی بۆ لای “شێخ عەبدولموئمین مەردۆخ- باوکی ئایەتوڵڵا مەردۆخ”ی ناردووە، دواتر هەر بۆ خوێندن، ڕووی لە مزگەوتەکانی شاری سنە “هاجەرە خاتوون و دارولئیحسان” کردووە.

لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا، لەگەڵ “ماه شەرەف خانم”دا ژیانی هاوسەرییان پێک هێناوە و سێ کوڕ “عەبدولئەحەد، مەسیح و عەلی ئەشرەف” و دوو کچ “زەهرا و شەرافەت”یان بووە. سەیید ئەسغەر لەگەڵ بنەماڵەی “ئاسف دیوان”دا- کە حاکم و فەرمانڕەوای کوردستان بوون- پەیوەندی هەبووە، بەتایبەت لەگەڵ کوڕی ئاسف دیوان “سەیید میرزا ئیبراهیم خان- سەردار ئەعزەم”دا. لەم کاتەدا، بەهۆی کێشەی سەربازیی کوڕەکەیەوە، سەیید ڕووی لە تاران کردووە بۆ لای “سەردار موعەززەم”ی ئامۆزای “سەردار ئەعزەم” کە لەو کاتەدا ئەندامی ئەنجوومەنی شورای میللیی و نوێنەری پارێزگای سنە بووە لە تاران. هەر لە تاران لە دیووەخانی “سەردار موعەززەم”دا، ئاهەنگێکیان بۆ ساز کردووە و کۆمەڵێک ژەنیاری بەناوبانگی ئێرانی بۆ ئەم ئاهەنگە بانگهێشت کراون، دیارە ئەم ژەنیارانەش زۆربەیان لە کۆمپانیاکانی گرامافۆندا کاریان کردووە و هەواڵ و ناوبانگی سەیید ئەسغەریان بە کۆمپانیاکان گەیاندووە، ئەمە وایکردووە کە نوێنەری دوو کۆمپانیا بۆ شاری سنە بۆ لای سەیید ئەسغەر بچن، بۆ ئەوەی کارسازی تۆمارکردنی دەنگ و بەرهەمی بۆ بکەن.

لە ساڵی ١٩٢٩دا، چووە بۆ کۆمپانیای گرامافۆنی “پۆلیفۆن” لە تاران و یەکەم جار بەپێی گرێبەستێک ١٠ گۆرانی “شەرابی جەهەننەم- مەقامی هۆمایوون، سەدای زیل و بەم- مەقامی سێگا، عەزیزا دڵ برینداری جەفاتم- مەقامی دەشتی/غەم ئەنگیز، زەردی خەزان- مەقام/بەیاتی تورک، تلووع و غرووب- مەقامی حیجاز/ئەبوعەتا، شادی- مەقامی شووشتەری، وام سا ئەڵبەت- مەقامی ئیسفەهان،  یار غەزال- بەستە/بەیاتی تورک، هەی نابێ نابێ- بەستە/ئەفشاری، ئای لەنجە و وای لەنجەیە- بەستە/ بەیاتی ئیسفەهان” تۆمار کردووە، وەک دەرکەوتووە، کۆمپانیاکە کارەکانیان زۆر پەسەند کردووە، لەبەرئەمە، دواتریش “ئەی ڕەفێقانی تەریقەت- بەستە/شوور-تاهیری، کراس کورتێ- بەستە/دەشتی، جانی جانانم وەرە- بەستە/ ئەفشاری ناری، غەمگین و دڵ پەشێوم- بەستە/ دەشتی”یان لەگەڵدا تۆمار کردووە.

یەکێک لەو بەڵگەنامانەی کە لە سەیید بەجێ ماوە، نامەیەکی گلەیی و گازەندەیە کە لە دەست نوێنەری کۆمپانیای گرامافۆن “بدافۆن- میرزا یەعقووب هەمەدانی” کردوویەتی، کە چەندین جار تەلگراف و نامە و پەیغامی بۆ سەیید ناردووە بۆ ئەوەی بچێتە تاران و گۆرانییەکانی بۆ تۆمار بکەن، کاتێکیش سەیید چووە، نوێنەری ناوبراو پەیمان شکێنی کردووە و ئەمەش سەیید ئەسغەری زۆر نیگەران کردووە و ناچار بووە بە دەستخەتی خۆی نامەیەک ئاراستەی باڵوێزی میسر لە تاران بکات و تێیدا باس لە گوزەرانی خۆی بکات کە چۆن بۆ تۆمارکردنی گۆرانییەکانی، ماوەی ٣ مانگ زێد و کەسوکاری بەجێ هێشتووە، کەچی کۆمپانیاکە بە پەیمانەکەیەوە پابەند نەبووە وەک دواتریش دەرکەوتووە، هیچ بەرهەمێکی لەم کۆمپانیایە تۆمار نەکردووە.

ئایا سەیید چۆن و کەی و لە کوێ گۆرانییەکانی تۆمار کردوون هەروەها چەند گۆرانی تۆمار کردووە لێکدانەوەی زۆری لەسەرە. لەهەمانکاتدا، ناوی ئەو ژەنیارانەش بەتەواوی ساغ نەبوونەتەوە کە ئامێریان بۆ ژەندووە. بە پێی بەدواداچوونەکانی مامۆستا “محەمەد حەمە باقی”، دەگونجێ لەو ٩ ژەنیارە بووبن کە لەوکاتەدا، کاریان بۆ هونەرمەندی ناوداری ئەو سەردەمەی ئێران “قەمەرملووک” کردووە، بەتایبەتیش برایان “موورتەزا خان نەیداوود- تار” و “مووساخان نەیداوود- وێڵۆن”. زۆربەی هۆنراوەی گۆرانییەکانی سەیید ئەسغەر، لە شاعیرە بەناوبانگەکانی کورد “مەولەوی، وەفایی، ئەحمەدی کۆر و تاهیربەگی جاف”بوون، لەگەڵ چەند هۆنراوەیەکی نەناسراو و هەندێ بەیتی فۆلکلۆریدا.

لە ساڵی ١٩٣٥دا، سەیید ئەشرەفی کوڕی لەبەر نەکردنی سەربازی لە ئێرانەوە، ناچار ڕووی لە ئێراق کردووە و لە بەغدا نیشتەجێ بووە. سەیید ئەسغەریش لە ساڵی ١٩٣٦دا، بۆ ئێراق هاتووە، تاکو کوڕەکەی بباتەوە، لەم سەردانەیدا، چاوی بە “شێخ مەحموود” کەوتووە، کە لەو کاتەدا لە بەغدا دەست بەسەر بووە. کاتێک ویستوویانە لە ڕێی کەرکووکەوە بگەڕێنەوە، پۆلیس کوڕەکەی دەستگیر کردووە. سەیید، ناچار بووە  ڕوو لە ماڵی دۆستێکی خۆی “سەیید سەعید سنەیی” لە کەرکووک بکات. لەم ماوەیدا هەم ئاگای لە کوڕەکەی بووە، هەمیش هەوڵی ئازاد کردنی داوە، بۆ ماوەی ٣٥ ڕۆژ لەگەڵ باوکیدا لێک دابڕوان و دواتر بە هەوڵی دۆستان و بەتایبەت بنەماڵەی شێخ مەحموود و حەپسەخانی نەقیب، ئەشرەف ئازاد بووە. کاتێک سەیید ئەسغەر لە کەرکووک بووە، پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە و هونەرمەنداندا پەیدا کردووە و چەند کۆڕێکی هونەرییان ساز کردووە، یەکێکیان لە “خانەقای حاجی شێخ عەلی” بووە، بەپێی قسەی مامۆستا عەلی مەردان: دەنگی سەیید، جۆش و خرۆشێکی تایبەتی بە دەروێشانی ئەو خانەقایە بەخشیوە. مامۆستا مەردان، داوای لێ کردووە کە بۆ بەغدا بچن و قەوان تۆمار بکەن، بەڵام سەیید حەزی لەوە نەبووە کە جارێکی تر بەرەو بەغدا بگەڕێتەوە. هەر لەم سەفەرەیدا، کاتێک لە سەرای سلێمانی ماونەتەوە، خەڵک بەردەرکی سەرایان لێ گرتووە و داوای گۆرانییان لە سەیید کردووە، ئەمیش دڵی نەشکاندوون، هەروەها لەسەر بانگهێشتی هونەرمەند “حەمەی ئەفەندی” شەوێکی پڕ ئاهەنگ و بەزم و گۆرانییان ساز کردووە. ئەم وەفایەی سەیید بۆ هۆگرانی شاری سلێمانی، کێشەی بۆ ناوەتەوە و هەر بەدەستبەسەری بەرەو هەڵەبجە بەڕێ کراون.

لەو کاتەدا “سەعید قەزاز” قایمقامی هەڵەبجە بووە، بەبۆنەی هاتنی سەیید عەلی ئەسغەر، لە یانەی فەرمانبەرانی هەڵەبجەدا، کۆڕێکی پڕ ساز و ئاوازی بۆ سەیید و هاوڕێی خۆی “شێخ نوری شێخ ساڵح”ی دەنگخۆش و شاعیر، ڕێک خستووە.

لەسەر داوای خەڵکی شاری مەهاباد، سەیید عەلی ئەسغەر، بۆ شاری مەهاباد چووە و بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە باخی “میرزا شەریفی حاجی ڕەشید”دا کە دیوی ناوەوەی باخەکە بۆ پیاوان و دیوی دەرەوەی بۆ خانمان بووە ئاهەنگی گێڕاوە، “ئەمیر ئەرسەلان”ی تارژەنی تایبەتی خۆی لەگەڵ نەبووە، لەبەرئەمە تارژەنی بەناوبانگی ئەوکاتی مەهاباد “میرزا قادری عەبدوڵڵا تۆقە” تاری بۆ ژەندووە.

شاری سنە کە مەڵبەندێکی دیاری بواری ڕۆشنبیری و هونەری و ئایینی کوردستان بووە، وایکردووە کە سەیید زۆرتر لە جیهانی ئەدەب و هونەر نزیک ببێتەوە و کەسێکی دیاری ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانە بێت کە لە دیوەخانەکاندا ساز بوون، دواتریش کە سەردانی چەند ناوچەیەکی تری کوردستان و دەرەوەی کوردستانیشی کردووە، سنوورە ناوچەییەکەشی تێپەڕاندووە و شارەزاییە هونەرییەکەی فراوانتر بووە.

سەیید عەلی ئەسغەر، جگە لەوەی پێشەنگ و ئەستێرەی درەوشاوەی هونەری ئاواز و مەقاماتی کوردییە، لە مێژووی هونەر و موزیکی ئێرانیشدا، وەک مامۆستایەکی پایەبەرز ناوی تۆمار کراوە. هەروەها گوڵبژێرێک لە هۆنراوەی شاعیرە بەرزەکانی کورد، بۆ یەکەم جار بەدەنگی ئەم هونەرمەندە بڵاو بوونەتەوە.

ئەم هونەرمەنده هەڵکەوتەی کورد، یەکەم گۆرانیبێژی کوردە کە بەرهەمی لەسەر قەوان تۆمار کراوە. بەداخەوە لە تەمەنی ٥٤ ساڵیدا- لە ٤ی شوباتی ١٩٣٧دا-، کۆچی دوایی کردووە و لە خاکی نیشتمانەکەی- گۆڕستانی سەڵەواتاوا-، نێژراوە.

 

 

 

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت