یادگارییەکانی مەحموود حەسەن کرۆری

0
292

مەحموود حەسەن، خەڵکی گوندی “کرۆر”ی ناوچەی گۆیانی سەر بە شاری جولەمێرگە لە باکووری کوردستان. دایکی، “خەیاڵ” خەڵکی گوندێکی نزیک یەریڤانی یەکێتی سۆڤێتی جاران بووە. دوای ئەوەی کە خیاڵ ڕوو لە باکووری کوردستان دەکات، لەگەڵ حەسەنی باوکی مەحمووددا، ژیانی هاوسەری پێکدەهێنێت و مەحموودیان دەبێت، بەڵام لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، حەسەن دەکوژرێ و مەحموود بێباوک دەمێنێتەوە.

مەحموود، هەر لە منداڵییەوە و لە دایکییەوە- کە دەنگی خۆش بووە-فێری گۆرانی بووە و هەر بە ناوی دایکیشیەوە”مەحموودی خەیالێ”ناسراوە. ماوەیەکی کەم کاری شوانی دەکات و دواتر ڕوو لە کۆڵان و دیوەخانەکان دەکات و دەست بە گۆرانی وتن دەکات.

بۆ ماوەیەکی کەم لە گوندی “خەڕاتێ” و لەژێر سایەی بنەماڵەی”کەرەم ئاغایی پنیانشی” وەک دەنگبێژی دیوەخانی کەرەم ئاغا دەمێنێتەوە. خۆشەویستی کەرەم ئاغا بۆ مەحموود تا ئەو ڕادەیە بووە کە ژنی بۆ هێناوە و سەروەت و سامانی خۆی خستووەتە بەردەست، تەنانەت کاتێ تەمەنی سەربازی مەحموود دێت، کەرەم ئاغا پەیوەندی بە سلێمان ئاغا لە بنەماڵەی تاتاران دەکات و داوای لێ دەکات پەیوەندی بکات بە پایتەختەوە و مەحموود، خزمەتی سەربازی لە شەرناخ یان جولەمێرگ تەواو بکات. ماوەیەک لە شەرناخ، لە ماڵی سلێمان ئاغا وەک دەنگبێژی دیوەخان کاری کردووە و دواتریش  گەڕاوەتەوە بۆ لای خێزانەکەیی و دیوەخانی کەرەم ئاغا

ساڵی ١٩٥٧ مەحموود ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە و چووەتە لای براکەی “ئەڤدۆ” کە لە شاری موسل دەژی و دواتر چووەتە ئێزگەی بەغدا و لەگەڵ هونەرمەندان “محەمەد عارف جزیری، عیسا بەرواری، مەریەم خان، سەعید ئاغای جزیری، نەسرین شیروان و عیشە شان” ناسیاوی پەیدا کردووە و وەک دەنگبێژی ڕادیۆ ناسراوە و ژمارەیەک گۆرانی تۆمار کردووە. دەوترێت کە پاشای ئێراق”مەلیک فەیسەڵ”ئارەزووی لە دەنگی کردووە و کاتێکیش کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٨دا گۆرانییەکی بۆ دەڵێت، پاشا خەڵاتێکی تایبەتی پێ داوە.

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ و لە ڤیستیڤاڵێکدا کە بۆ هونەرمەندانی گۆرانیبێژی کورد سازکرابوو، مەحموودی هونەرمەند، بە گۆرانیبێژێکی سەرکەوتوو دەستنیشان دەکرێت و خەڵاتی تایبەت وەردەگرێت. ىەڵام هەر لە هەمان ساڵدا و لەبەر هەر هۆکارێک بێت، دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆی لە باکووری کوردستان و پاش ماوەیەک، بینایی لەدەست دەدات و دواتریش لە ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی”گەزنێ” سەر بە شاری جولەمێرگ، کۆچی دوایی دەکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت