یادگارییەکانی هونەرمەند، خەلیل سەدیقی

0
479

کاک خەلیلی سەدیقی هونەروەری دەنگخۆشی کورد، کوڕی”حاجی محەمەد سەدیق”، لە ساڵی ١٩٣٠دا لە شاری مەهاباد، لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند لە دایک بوو. کاک خەلیل لە کاتێکدا لە خوێندنگەی سەرەتایی لە مەهاباد دەرسی دەخوێند، زۆربەی کات و ساتەکانی وەختی پشوودان و حەسانەوەی لە گوندی “تازەقەڵا”ی نزیک “نەغەده”، کە موڵکی خۆیان بوو، دەگوزەراند.
کاک خەلیل تازە پێی نابوە تەمەنی شازدە ساڵییەوە کە بارودۆخی سیاسی وڵات بە تەواوی گۆڕا و کۆمار لە مەهاباد پێکهات. دیارە ئەو، تەمەنی لەوە کەمتر بوو کە بتوانێ نەخشی زۆر بەرچاو و گرینگ لە کۆمار دا بگێڕێ. بەڵام لە دەستەی “لاوانی حیزبی دێمۆکرات”دا، ئەندامێکی چالاک و خۆێنگەرم بوو. هەر لەو کاتەدا بوو کە یەکێتی سۆڤیەت پەیمانی نیزامی و ئابووری بە رێگەی کۆماری ئازەربایجانەوە لە گەڵ مەهاباد بەستبوو و داخوازییەکانی ئەوانی دابین دەکرد. کاک خەلیل یەکێک لەو لاوانە بوو کە دوایی هەڵبژێردرا تا بۆ درێژەدان بە خوێندن بچێت بۆ “باکۆ”. لە دوایین ڕۆژەکانی ئاوریلی ١٩٤٣دا لە گەڵ دەستەیەک لە هەواڵانی گەیشتنە باکۆ و لە زانکۆی ئەفسەری “سالیانسکی” کە فەرماندەکەی “مالچانۆڤ” بوو دەستیان بە خۆێندن و راهێنان کرد. بەڵام تەمەنی کورتی کۆمار، ماوەی ئەوەی نەدا کە ئەم خۆێندکارانە زیاتر لە حەوت مانگ بتوانن لە باکۆ بمێننەوە و ناچار بوون بەرەو مەهاباد بگەڕێنەوه.
دیارە بارودۆخ و دەستڕۆیشتوویی بنەماڵەی کاک خەلیل، توانیان ئەو لە مەترسی گیران و دوورخستنەوە بپارێزن، تا بە چەشنێکی ئاسایی درێژە بە ژیان بدات. بەڵام هەر وەک زۆربەی ئاواڵانی، هەموو دەم لە ژێر چاوەدێری پۆلیس و دەزگا جاسووسییەکانی ئێران دابوو. سەردەمی پاش گەڕانەوەی لە باکۆ، دەرفەتی ئەوەی رەخساند کە دیسان لەگەڵ ئاواڵان لە دەوری یەک رابوێرن و لە ئاوات و بیر و باوەڕ و ئەزموونەکانیان بدوێن. هەنێک لە ئاواڵانی ئەو سەردەمی کاک خەلیل بریتی بوون لە “رەحمانی قازی، عوبەیدوڵڵا ئەیوبیان، فەتاحی کاویان، هاشمی نانەوازادەگان، عەزیزی نانەوازادەگان، سولەیمانی موعینی، جەلیلی گادانی، هاشمی فیدایی، محەمەدی ماملێ و سەید عەبدوڵڵا ئیسحاقی کە لە باشووری کوردستان ناسراوە بە ئەحمەد تۆفێق”.
نەمر خەلیلی سەدیقی، وەک زۆربەی هاوڕێیەکانی دیکەی هونەرمەندی زۆر هۆگری “وەفایی”بوو کە پاشان لەگەڵ شیعری شاعرانی مەزنی نەتەوەکەمان وەک “گۆران و هەردی”پتر ئاشنا دەبێت. نموونەی هەرە نەمری “ئەژدەهاک”ی گۆرانە کە بەدەنگە خۆشەکەی کاک خەلیل وتراوەتەو، هەروەها شیعری “چەپکە گوڵێک بۆ ست فاتمە” بە نەبەرە و لەرەی پڕسۆزی دەنەخشێنێت، کە لەڕاستیدا بۆ ئەوانەی کە گوێی موزیکیان  هەیە دەکرێت وەک شاکارێک چاوی لێی بکرێت. لە ساڵی ١٩٥٢ دا ژیانی هاوبەشی کاک خەلیل و فاتمە خانم، هەر ئەو کچە کوردە رووسوورەی کە کاک خەلیل لە چەپکە گوڵێک بۆ سیت فاتمە لەگەڵی دەدوێ، دەست پێ دەکات.
کاک خەلیلی سەدیقی لە ساڵی ١٩٥٤دا لە ئیزگەی رادیۆ مەهاباد دامەزرا و تا ساڵی ١٩٦٣ بەردەوام بوو. دەستەیەک لە هونەرمەندانی کورد، وەک “سەید ڕەحیمی قوڕەیشی، برایمی ئەفخەمی و بیوک خانباغی” کاروباری ئەم ڕادیۆیەیان هەڵدەسووڕاند و بەرنامەکانیان رێک و پێک دەکرد. کاک خەلیل چەند گۆرانییەکی بە ئۆرکێستێکی ساکار، لە سەر ئەم رادیۆیە پێشکەش کرد، وەک “خۆشە گەرمێن، دەمێک ساقی، شیرەکەم لێ دەڕژێ و لانکۆڵێ…”.
ماوەی دوو ساڵ سەربازیی کاک خەلیل لە شاری سنە، لە ساڵەکانی ١٩٥٤ و ١٩٥٥ دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆرکێستری ڕادیۆ کوردی سنە، هاوکاری بکا و دەرگای ئاشنایی لە گەڵ هونەرمەندانی لێهاتووی ئەو مەڵبەنده، وەک “بەهائەدین نەورۆزی، حیکمەت نەبەوی، محەمەد لوتفی، ئەوسەت ئیبراهیمی ڕەنگڕێژ و برایمی زیاپۆش” و پاشان لە ساڵەکانی دواتر لەگەڵ هونەرمەندی گەورە “مەزهەری خالقی” ئاشنا ببێت. ئەم گۆرانیانەی کاک خەلیل لە رادیۆ سنە تۆماری کردن بریتین له “بووک مریەم، فاتمه، بەرهەڵبێنە، سەوزە مەڕۆ سەوزەڵێ و لانکۆڵی”. شایانی باسە “برایانی بروخیم و گریشا میکائیل زادە” دەستێکی باڵایان هەبوو لە ڕێکخستن و ڕێک و پێک کردنی گۆرانییەکانی. دەگوترێ ئەم گۆرانیانەش بوون کە ناوبانگی کاک خەلیلیان گەیاندە دەرەوەی موکریان.
لە کارەکانی تری کاک خەلیل کە زۆربەیان لە مەجلیساندا لەسەر شریت تۆمارکراون، “ئەژدەهاک، قەتار، دەمەگری مەگری، بارانەوبارانە، ئەو چاوانەی وا خومار و نازن و ئایشیلێ نازەنینێ و هەندێک مقام و بەستەی فۆلکلۆری” تر ماون.
کاک خەلیلی سەدیقی لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا لە ٢٤ ئیەنیوەری ١٩٧٠، لە نەخۆشخانەی “شیروخورشید”ی مەهاباد دڵە پڕ لە ئەوینەکەی لە کوتان کەوت و لە گۆڕستانی “بوداغ سوڵتان”ی مەهاباد نزیک گڵکۆی “سولەیمانی موعینی”، بە خاکی نیشتمان ئەسپێردرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت