هاووڵاتییەکی سەقزی خۆی کوشت/ ئاماری خۆکوژییەکان

0
837

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئێستا لە سەقز بە ناوەندی هەواڵدەریی ڕۆژی کورد گەیشتوون، هاووڵاتییەکی سەقزی ئەمڕۆ دوا نیوەڕۆ لە رێگای خۆهەڵواسینەوە لە ژێرزەمینی ماڵەکەی خۆی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەواڵدەری ڕۆژی کورد لە سەقز ڕایگەیاند ناوی ئەو کەسە عوسمان ئیبراهیم پوورـە و  دانیشتووی گەڕەکی قەوەخ لە شاری سەقز کە تەمەنی لە نێوان ٤٠ تا ٥٠ ساڵانە و خاوەنی دوو کچ و  کوڕێکە و خێزاندارە.

بەپێی لێدوانی دراوسێیەکی ناوبراو بۆ هەواڵدەری ڕۆژی کورد، ناوبراو کەسێکی خۆشەویست و بێ قڕە و کاسبکار بووە کە بە سێ تەگەرە، پارچە و شتومەکی ژنانەی فرۆشتووە.

لەمەڕ هۆکاری خۆکوژی ناوبراو تا ئێستا جیا لە هەندێ دەنگۆ هیچی تر لەبەر دەستدا نیە. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لەڕووی ئابوورییەوە هیچ کێشە و گرفتی نەبووە، پێ ناچێ کێشەی ئابووری هۆکاری ئەو خۆکوژیە بێت.

خۆکوژی لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستانی خۆرهەڵات، ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندن دایە و بووەتە یەکێک لە دیاردە و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کۆمەڵگایە.

ڕۆژی دووشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، گەنجێکی پیرانشاری کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، ژنێکی دووگیانی تەمەن ٢٦ ساڵان، لە بەشی سەرشیوی سەر بە شاری مەریوان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و خۆی کوشت. بە پێی ئەو هەواڵە، ئەو ژنە کە سگ پڕ بووە، بە خۆسووتاندن، کۆتایی بە ژیانی خۆی و منداڵەکەی هێنا.

ڕۆژی پێنج شەممە ٢٤ی بەفرانبار، کچێکی تەمەن بیست ساڵان لەسەر پردی “شالمان”ی شاری سنەی خۆرهەڵاتی کوردستان، خۆی خستە خوارەوە و خۆی کوشت.

هەروەها رۆژی سێشەممە ٢٧ی رێبەندانی ١٣٩٤، كرێكارێكی جوانرۆیی بە ناوی جەبار قادری لە رێگای خۆهەڵواسینەوە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەروەها لە زستانی ساڵی ڕابردووی هەتاویدا  پیاوێکی دانیشتووی گەڕەکی کانی کووزەڵەی شاری سنە لە برسێتیان و لە بێ دەرەتانی ئەوەی کە نەیتوانیوە نان بۆ ژەمە خواردنێکی پەیدا بکا، هەوڵی داوە خۆی بداتە بەر ماشێن و کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێ. ئەو پیاوە پێش ئەوە کە هەوڵی خۆکوشتن بدا، زۆر فەقیرانە و لە ئاو هەوایەکی سارد و بەفراوی دا، بۆ کۆڵانەکان دا رۆیشتووە و لەدەرگای ماڵانی داوە تا بەڵکوو کەسێک نان یا پارەی بەشی ژەمەنانێکی پێ بدا.

لە هەوالێکی تردا، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە یەکێک لە گوندەکانی بەخشی هێڵشی لە پارێزگای کرماشان، کچێک بە چەکی ڕاو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندان، کەوسەر ئەحمەدی مامەش، ژنێکی لاوی شاری شنۆ لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.  تا ئێستاش هۆکاری خۆ هەڵواسینی ئەو ژنە کوردە لاوە ناڕوون و نادیارە.

كاتژمێر ٤ی ئێواره‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ ١٢ی سه‌رماوه‌زی ١٣٩٤ی هه‌تاوی شه‌ونم عه‌بدوڵڵازاده‌ كچی عه‌زیز تەمەن ٢٢ ساڵان، له‌ شه‌قامی موده‌ڕسی ورمێ له‌ لایه‌ن كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ به‌ زه‌بری چه‌قۆ كوژرا .

لە نموونەیەکیتردا،  بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی١٤ی ڕەشەممە منداڵێکی  کورد بە ناوی ئیحسان دانیشخاه کوڕی عەزیز(موسلیح) ، تەمەن ٩ ساڵان،  لە ئاوایی دێ شەمس لە شاری شنۆ، خۆی کوشتووە و لە ڕێگای خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمە، ژنێک بە ناوی “بەیان.م” خەڵکی شاری سەقزکە خێزاندارە و هەروەها منداڵێکیشی هەیە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە  لە هەر ١٠٠٠ کەس لە ئێراندا ١٢ کەس خۆیان دەکوژن و پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و هەمەدان زۆرترین ڕێژەی خۆکوژییان لە نێو ژنان لە ئێراندا هەیە.

شایانی باسە کە ڕۆژنامەکانی ئێران، هۆکاری زۆربەی ئەو خۆکوژییانە بە تێکچوونی بارودۆخی دەروونی لەقەڵەم دەدەن و بەم چەشنە پەردە بەسەر هۆکارە ڕاستییەکان دادەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.