گەنجێکی تری نیشتمان بە هۆی هەژاری خۆی کوشت

0
852

گەنجێکی تری کورد خۆی کووشت، خۆکووژییە بووە بە هەواڵێکی ڕۆژانە و ئاسایی لە کوردستانی خۆرهەڵات

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، گەنجێکی تەمەن 29 ساڵانی شاری سەقز بە ناوی خالید ـ م  خۆی کوشت و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دەگوترێ ئەو گەنجە بە هۆی هەژاری و بێ دەرەتانی و بێ کاری کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا!

خالید کەسێکی خێزاندارە و دەگوترێ کێشە و گوشاری ژیان و بێ دەرەتانی و بێکاری هاندەری خۆکوژیی تێدا ساز کردووە و لە ئەنجامدا خۆی کوشتووە.

بەشێک لەو خۆکوژییانەی کە لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا لە کوردستانی خۆرهەڵات ڕوویان داوە و لە ناوەندی ڕۆژی کورد تۆمار کراون، بە شێوەی خوارەوەن:

پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵەی خەڵکی گوندی کانی دیناری مەریوان، لە ماڵی خۆیدا لەو گوندە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا. شوناسی ئەو ژنە (خ، م ) تەمەن ٣٥ ساڵ ڕاگەیاندراوە کە لەسەدا ٧٠ی جەستەی بە هۆی ئەو سووتانەوە زیانی پێ گەیشتووە.

ڕۆژی دوو شەممە، ٢٣ی خاکەلوێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە گوندی “وەزیر” سەربە پارێزگای سنە، کچێکی مێرمنداڵ بە ناوی “لەیلا” خۆی کوشت. لەیلا کە قوتابی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووە و لە ژووری نووستنەکەیدا خۆی هەڵواسیوە.

ڕۆژی سێ‏شەممە ٢٤ی خاکەلێوە، کچێکی خەڵکی گوندی “یاڕاڵی” سەر بە شاری مەهاباد بەناوی مریەم.ع، تەمەن ٢٠ ساڵان، هەوڵی خۆکوشتنی داوە. هۆکاری خۆسووتاندنی ئەو کچە مەهابادییە بە ڕازی نەبوونی بنەماڵەکەی بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ خۆشەویستەکەی ڕاگەیەنراوە.

دووشەممە ١٦ی خاکەلیوە، عوبەدووڵلا، کوڕی جەهانگیر، تەمەن ١٥ ساڵان و خەڵکی گوندی بیبەکران بە هۆی دەست کورتی و هەژاری خۆی کوشت.

هەروەها ڕۆژی شەممە، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵان بە ناوی لەیلا کە خێزانی کەسێکە بە ناوی  ش.س، لە گوندی باوان لە ناوچەی مەرگەوەر سەر بە شاری ورمێ بە هۆی هەبوونی هەوێ و کێشەی بنەماڵەیی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

بەپێی لێدوانی چەند کەسێکی گووندی ئەورسی بۆ هەواڵنیری ڕۆژی کورد لەو ناوچەیە، عەبدوولکەریم کە تەمەنی ١٨ ساڵانە و تازە خولی فێرکاری سەربازی تەواو کردووە و بە مۆڵەت (مەرەخەستی) هاتۆتەوە ماڵێ و ئەو ڕۆژەش لەگەڵ هاوڕێکانی یاری تۆپی پێی کردووە و کە گەڕاوەتەوە ماڵ، خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ڕۆژی پێنج شەممە ١٩ی خاکەلێوە، مامۆستایەکی قوتابخانەی ناوچەی مەرگەوەری شاری ورمێ بە ناوی یەحیا ئەحمەد نەژاد خۆی کوشتووە و کۆتایی بە ژیانی هێناوە.

ڕۆژی دووشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، گەنجێکی پیرانشاری کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، ژنێکی دووگیانی تەمەن ٢٦ ساڵان، لە بەشی سەرشیوی سەر بە شاری مەریوان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و خۆی کوشت. بە پێی ئەو هەواڵە، ئەو ژنە کە سگ پڕ بووە، بە خۆسووتاندن، کۆتایی بە ژیانی خۆی و منداڵەکەی هێنا.

ڕۆژی پێنج شەممە ٢٤ی بەفرانبار، کچێکی تەمەن بیست ساڵان لەسەر پردی “شالمان”ی شاری سنەی خۆرهەڵاتی کوردستان، خۆی خستە خوارەوە و خۆی کوشت.

هەروەها رۆژی سێشەممە ٢٧ی رێبەندانی ١٣٩٤، كرێكارێكی جوانرۆیی بە ناوی جەبار قادری لە رێگای خۆهەڵواسینەوە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەروەها لە زستانی ساڵی ڕابردووی هەتاویدا  پیاوێکی دانیشتووی گەڕەکی کانی کووزەڵەی شاری سنە لە برسێتیان و لە بێ دەرەتانی ئەوەی کە نەیتوانیوە نان بۆ ژەمە خواردنێکی پەیدا بکا، هەوڵی داوە خۆی بداتە بەر ماشێن و کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێ. ئەو پیاوە پێش ئەوە کە هەوڵی خۆکوشتن بدا، زۆر فەقیرانە و لە ئاو هەوایەکی سارد و بەفراوی دا، بۆ کۆڵانەکان دا رۆیشتووە و لەدەرگای ماڵانی داوە تا بەڵکوو کەسێک نان یا پارەی بەشی ژەمەنانێکی پێ بدا.

لە هەوالێکی تردا، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە یەکێک لە گوندەکانی بەخشی هێڵشی لە پارێزگای کرماشان، کچێک بە چەکی ڕاو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندان، کەوسەر ئەحمەدی مامەش، ژنێکی لاوی شاری شنۆ لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.  تا ئێستاش هۆکاری خۆ هەڵواسینی ئەو ژنە کوردە لاوە ناڕوون و نادیارە.

كاتژمێر ٤ی ئێواره‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ ١٢ی سه‌رماوه‌زی ١٣٩٤ی هه‌تاوی شه‌ونم عه‌بدوڵڵازاده‌ كچی عه‌زیز تەمەن ٢٢ ساڵان، له‌ شه‌قامی موده‌ڕسی ورمێ له‌ لایه‌ن كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ به‌ زه‌بری چه‌قۆ كوژرا .

لە نموونەیەکیتردا،  بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی١٤ی ڕەشەممە منداڵێکی  کورد بە ناوی ئیحسان دانیشخاه کوڕی عەزیز(موسلیح) ، تەمەن ٩ ساڵان،  لە ئاوایی دێ شەمس لە شاری شنۆ، خۆی کوشتووە و لە ڕێگای خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمە، ژنێک بە ناوی “بەیان.م” خەڵکی شاری سەقزکە خێزاندارە و هەروەها منداڵێکیشی هەیە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە  لە هەر ١٠٠٠ کەس لە ئێراندا ١٢ کەس خۆیان دەکوژن و پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و هەمەدان زۆرترین ڕێژەی خۆکوژییان لە نێو ژنان لە ئێراندا هەیە.

شایانی باسە کە ڕۆژنامەکانی ئێران، هۆکاری زۆربەی ئەو خۆکوژییانە بە تێکچوونی بارودۆخی دەروونی لەقەڵەم دەدەن و بەم چەشنە پەردە بەسەر هۆکارە ڕاستییەکان دادەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.