ژنێکی هونەرمەند و دایکێکی نیشتمانپەروەر لە ناوچەی موکریان کۆچی دوایی کرد

0
1047

تێپەڕ بوونی زەمەن و چوونە سەری تەمەن، وردەوردە بەشێک لە خەزێنە کەم وێنەکانی کورد بەرەو سینگی خاک دەبات و ئەگەر بەدواداچوونیان بۆ نەکرێ، بەشێکی زۆر لە ئەدەبی زارەکیی کورد خەریکە بە یەکجاری لە ناو بچێ. پوورە خەزێم یەکێک لەو خەزێنە کوردیانە بوو کە کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، پوورە خەزێم یۆسفی، بەیت و بالۆرەبێژی کورد، ڕێکەوتی ١٨ی خاکەلێوەی 2718ی کوردی (1397ی هەتاوی) لە ئاوایی سڵامەت ـی سەر بە شاری بۆکانم بووکی موکریان، کۆچی دوایی کرد.

پوورە خەزێم یۆسفی، خەزێنەیەکی دەگمەن لە بەیت و بالۆری کورد بوو و وەک گەنجی سەربەمۆری فۆلکلۆری کوردەواری دەناسرا.

پوورە خەزێم جیا لەوەی کە سامانێکی زۆری لە فلکلۆر، بەیت و بالۆرەی کوردی لە سینگی خۆیدا تۆمار کردبوو، ژنێکی نیشتمانپەروەر و پەنایەکی فێنک و هێمن کەرەوە بۆ پێشمەرگە و خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات بوو کە تا دوا چرکەساتەکانی تەمەنی، بە هەموو ئامانجەکانی کوردستان و کۆماری کوردستان وەفادار بوو و هەمیشە ئامێزی دایکانەی بۆ پێشمەرگە کراوە بوو.

ئەو کەسانەی لە نزیکەوە پوورە خەزێم یۆسفی دەناسن دەڵێن: “پوورەخەزیم و بەیت و بالۆرەکانی، وخەزێنەیەک لە گەنجی سەربەمۆری فۆلکلۆری کوردەواری بوون، خەزێم و کرمەک و کەڵەبابەی گوارەی شۆڕی شۆخەژنی بۆکانی، ژێرچەنەو تاسکڵاو، گۆبەرۆک و کۆڵوانە و چارۆکەی شانەوشانی، دەسماڵی لفکەشۆڕی سۆرانی و ئامێزێک لە خۆشەویستیی پێشمەرگە و باوەشێک لە ئەوین بە ئاو و خاکی نیشتمانی بوو”.

پوورە خەزێم، ڕۆژی ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧١٨ی کوردی لە ئاوایی سڵامەت بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

خەزێم یوسفی شاژنی فۆلکلۆری موکریان بوو و بە کۆچی دوایی خۆی، لایەنگران و خوازیارانی فلکلۆری کوردی و پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتی، خەمبار کرد.

ناوەندی ڕۆژی کورد، وەک ناوەندێکی سەربەخۆی کوردستانی و سەربەخۆییخواز، وێڕای دەربڕینی پەژارەی خۆی بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو شاژنە نیشتمانپەروەرە کوردە، سەرەخۆشی لە خزم و کەس و کاری و سەرجەم کۆمەڵگای کوردستان و بەتایبەت ئەدەبدۆستان و خەڵکی شاری بۆکان دەکات و هاوکات داوا لە کەسانی ئەدیب و چالاکی ئەدەبیی ناوخۆ دەکات، دەرفەتی ماوە بۆ کۆکردنەوەی فلکلۆری کوردی لە کیس نەدەن و ئەوەندەی بۆیان دەلوێ، هەوڵ بدەن تا ئەو سامانە گرنگانە لە دەست نەچوون، خەزێنەی ناو سینگیان تۆمار بکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.