وچانێک لەسەر خەباتی ئێستای کوردستانی خۆرهەڵات و کۆسپەکانی

0
636

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، وتووێژێکە لە ژێر ناوی (خەباتی ئێستای کوردستانی خۆرهەڵات و کۆسپەکانی) کە لە ژووری ڕاوێژ لە تلێگرام لەگەڵ بەڕێز، سۆهراب کەریمی، کارناسیی باڵای زانستە سیاسیەکان و چاوەدیری سیاسی و بە پێشکەشکاریی هەڵمەت مەعرووفی، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی، لە رێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٧١٦ی کوردی) ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: سەرەتا ئەگەر دەکرێ ئیستای خەباتی کوردستانی خۆرهەڵات چۆن دەبینن؟

سۆهراب کەریمی
سۆهراب کەریمی

کەریمی: هەوەرک هەموو کەسێک دەزانێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە لە ئەو بەشانە بوو کە توانیویەتی کۆڵەکەی سەرکەی خەباتی کورد بێت بەڵام دیارە ئەوڕۆ بە نسبەت بەشەکانی تری کوردستان خاون دەسکەوت و چالاکی نیە بەلام پێم وابێ ئەمە رواڵەتی پرسەکەیە. لە ڕاستیدا وا نیە، دیارە کە  کوردستان  هاوکات دەبێ لەگەل چوار دەوڵەتدا شەڕ بکات بۆیە کورد هەمیشە لە کاتی بێ دەنگیدا ژێرخانی گوتاری خۆی ئامادە دەکا و لە کاتێک کە دەرفەت هەبێت هیزی خۆی ئاشکرا دەکا.

ڕاوێژ: من سەرەتا لە ناوخۆوە دەست پێدەکەم، خەباتێک بە ناوی خەباتی مەدەنی لە ناوخۆ بوونی هەیە، دەستە و لایەنگەلێکیش هەن بە ناوی ئیسلاح تەڵەب، ئێوە ڕاتان لەسەر ئیسلاح تەڵەبەکان چیە؟ چەندە لاتوان وایە ئەو بەشە لە ناو خەباتی نەتەوەیی کورددا جێ دەگرێت؟

کەریمی: وادیارە خەباتی ناوخۆ چ بە شێوەی نەهێنی و چ بە شێوەی ئاشکرا بەشێک لە خەباتی کورد بووە  بۆیە دەبینین کە ئەمڕۆ لە ناوخۆیش ئەو خەباتە بە شێوەی مەدەنی هەیە، ئسلاحتەڵەبانیش کاتێک هاتنە ناو کایە گوتاری ئێرانەو لەهەمبەر ڕابردووی کۆماری ئیسلامی جیاواز بوون و لە بڕیک پرەنسیب وەک ئازادی و دێموکراسی قسەیان دەکرد کە خۆی وێردی زمانی خەڵکی کوردستان بوو هەر ئەو کوردانە بوون کە کاتێک ئەو دروشمانەیان بینی جۆرێک تێکەلی ئەو باسە بوون کە خۆیان چەند لایەنن. لایەینێک لەو کەسانە بوون کە وەک بنەماڵە دژی خەباتی حیزبەکانی کوردستان بوون و لاینگیری حکومەت بوون  بەڵام دوایی زانیان کە سەەرەڕای هاوکاری کردنی ڕژیم دیسان ئەوان بۆ سیستم غەیری خودین (لە خۆیان نین). بڕێکیشان ئەو کەسانەن کە پێیان وایە سیاسەت کردنی بێ تێچوو باشە و ئەگەری زۆرە لایەنی ئسلاح تەڵەب دەسەڵات بگرنە دەست و وەک دەرفەتێک نزیک  ئیسلاح تەڵەبان بوونەوە، دەبێ بڵیین بڕێکیش لە ئسلاح تەڵەبانی کورد خۆیان لە ناو گوتاری کورددا دەبینن و وەک دەرفەتێک نزیک ئیسلاح تەڵەبان بوونەتەوە. بەڵام دەتوانم بێژم کە سەرهەڵدانی ئەو لایەنانە زۆربە لە بەر لاوازی مەرجەعی گوتاری کوردە کە کاتی خۆی حزبەکانی کوردستان ڕۆلی مەرجەعی سیاسیان بوو.

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

ڕاوێژ: خەباتی مەدەنی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ زۆر کەس لایان وایە ئەو شێوە لە خەبات هەرچەند پیرۆز و جێگای ڕێزە بەڵام تەنیا لە ژینگەپارێزیدا چەق بۆتەوە و ناکرێ بە تەواوی ناوی بنێین خەباتی مەدەنی، هەندێکیش لایان وایە ئەوە خەباتێکی مەزنە و دەبێ بیپاریزین، ئێوە چۆن لەو مژارە دەڕوانن؟

کەریمی: دیارە بۆ خەباتێکی مەدەنی دەبێ لانیکەم ئازادییەک هەبێت کە چالاکوانان بتوانن داخوازییە سەرەکیەکانی کورد بخەنە بەر باس بەڵام بەداخەوە ئەو لانیکەمە ئازدایە لە ناوخۆ بوونی نیە ،چالاکوانی کوردیش ناچارە لەبەر قورس بوونی تێچووی خەباتی ناوخۆ لەو  کێشانە واز بێنن کە تێچووی زۆرترە و سەرقاڵی ئەو چەشنە لە خەبات بن کە تێچووی کەمترە. بۆیە دەبینرێت کە چالاکوانی کورد مژارگەلێک وەک ژینگە پارێزی هەڵدەبژێریت و یان وەک ئیسلاح تەڵەب خۆیان پێناسە دەکەن. بۆیە خەباتی مەدەنی ناوخۆ زۆر جار لە مژاری سەرەکی کورد دوور دەکەوێتەو زۆر جار بینراوە کە ئەو چالاکوانانە خۆیانیش بڕوایان کردووە کە نابێ باسی کوردایەتی بکرێت ئەمە هەر ئەو بابەتەی کە ڕەنگە زۆر کەس ڕەخنە لە خەباتی مەدەنی ناوخۆ بگرێت.

ڕاوێژ: باستان لە لاوازیی گوتاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کرد کە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی چەند گوتاری ئیسلاح تەڵەبی و گوتاری تر، هۆکارەکانی ئەو لاوازییە چین؟

کەریمی: دیارە کە خەباتی حیزبەکان دوای ئازاد بوونی باشور کوردستان گوڕدرا و مەیدانی کردەوەیی خەبات لە حیزبەکان گیرا بۆیە حیزبەکان وەک بزووتنەوێکی چەکداری بوون بە سازمانێکی بوروکراسی، ئەمە وایکرد کە چەند باڵ لە ناو حیزبەکان سەر هەڵبدات و لە ئاکامدا بۆ بە هۆی ئینشعابی ئەو حزبانە، زۆرترین وزەی خۆیان سەرفی ئەو ململانێیانە بکەن و بڕێک لە ناوخۆ دوور بکەونەوە.

ڕاوێژ: بەڕای ئێوە هیزەکانی کوردستانی خۆرهەڵات چەند بە سەر دوو بەرەی پ ک ک و پارتیدا دابەش بوون؟

کەریمی: من پێم وانیە لە نێوان ئەو دوو بەرەدا دابەش بووبن بەڵام دەکرێ بلین خەڵکی ڕۆژهەڵات لە سەر ململانێی ئەو دوو لایەنە  ڕاو بۆچۆنی جیاوازیان هەبێ. دەنا نە پارتی و نە پکک ناتوانن لە ڕۆژهەلاتدا جێگەیان هەبێت لە داهاتوودا. ئەگەر سەردەمێک پکک دەیویست ئەو کارە بکات بەڵام ئەۆڕۆ دەبینن کە پکک بە کردەوە دەستی لە ڕۆژهەلات کێشاوەتەو.

ڕاوێژ: بەو دوور کەوتنەوەی حیزبەکان و کارتێکەری دەوڵەت لەسەر کوردستانی خۆرهەڵات، لە ئیستادا لاتان وایە هەستی نەتەوەیی لەو بەشە چۆنە و گەنج و چینی نوێ چەند بە ئامانجە نەتەوەییەکانی وەفادارە؟

کەریمی: دیارە دەوڵەتی ئیسلامی ئێران دەزانێ کە داخوازی نەتەوەیی لە کوردستان هەیە و ناتوانێ بنەبڕی بکات بۆیە دەیهەوی کە مەرجەعیەتی سیاسی کورد لاواز بێت و کوردی ڕۆژهەلات زۆرتر سەرقاڵی گەمەی سیاسی پارچەکانی تر بێت کە بتوانیت بە جۆرێک کوردستان مودیریەت بکات. لەبەر ئەوە ڕێگە دەدا کە گوتاری پکک و پارتی لە ڕۆژهەلات ببێتە باسی کورد لە ڕۆژهەلات لە لاوە زۆر بە توندی لەگەڵ ئەو کەسانە کە داخوازییەکانی کوردی خۆرهەڵات دێننە بەر باس بەربەرەکانی دەکا ئەمە بڕێک وڵامی داوەتەوە بەلام بە شێوەیەکی کاتی. ئەگەرچی ئەو هەموو زەختانە لەسەر کوردی ڕۆژهەلات هەیە بەڵام ئەبینرێت کە نەوەی نوێی کورد دیسان دەست لە مافەکانی خۆی هەڵناگرێت. هەر کەسێک لە کوردستان یەکەم جار بیر لە سیاسەت و کۆمەڵگا بکاتەوە بێ گومان یەکەم مژار کە بیخاتە بەر باس، پرسی کوردە.

ڕاوێژ: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نەورۆزی ئەمساڵدا ڕایگەیاند خەباتی چەکداری دەست پیدەکاتەوە هەندێ هێزی تریش پشتیوانیان کردووە و ئامادەیی خۆیان دەربڕیەوە، هەندێ لایەنیش دەڵێن نە هێزی خەبات لە کوردددا بوونی هەیە و نە ئەگەر گووندێکیش بگرێ بۆی بەڕێوە دەچێ، ئێوە لاتان وایە دەست پیکردنەوەی خەباتی چەکداری لەو ساتەدا درووستە؟ ئایا هێزەکان توانایی ئەو خەباتەیان هەیە؟

کەریمی: وادیارە ئەو هەنگاوی حدکا گەورەترین هەنگاوی لایەنی کورد بوو دوای ڕاوستانی خەباتی چەکداری، من کاتی خۆی ئەو باسەم ورووژاند کە چەندە ئەو هەنگاوە بەکەڵکە دیارە ئەو هەنگاوە دەبێ درێژە بدرێت، بوونی پێشمەرگە لە شاخ دا هەمیشە دەبیتە هۆی دڵگەرمیی کورد، بەڵام دەبی زۆرتر بێت و درێژە بدرێت. دیارە هەموو نیشانەکان ئەو دەردەخات کە کارەکەی حدکا کارێکی بەجێیە، ئەو لایەنەش کە لەو هەنگاوەی حدکا توڕە بووە پێموابێ جۆرێک هەبوونی خۆی بەستۆتەوەە بە چۆنیەتی جووڵەی حدکاوە، هیوادارم وا نەبێ بەڵام شێوی کاردانەویان ئەوە پیشان ئەدا، واتە ئەو لایەنانەی تر ناتوانن وەک حدکا کاریگەرییان هەبێت، دیارە زۆرترین جووڵەکانی ئەوان بۆ مانەوی خۆیانە نەک ئەوەی کە کارێک بۆ کوردی ڕۆژهەلات بکەن، پێم وایە ئێستا تەنیا حدکایە کە بڕێک قورسایی زۆرتر لەچاو هەموو لایەنەکانی تر بۆیە هەر جووڵەیکی حدکا کاردانەوی گەورەی لێ دەکەویتەو ئەمیش بۆ خۆی چاوەڕوانی زۆرتر بۆ حدکا درووست دەکا کە ئێستا ناتوانین بڵێین دەتوانی وڵامی ئەو چاوەڕوانیانە بداتەوە یان نە کە داهاتوو دیاری ئەکا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.