خامنەیی: لە جیاتی متمانە بە ئەمریکا با پشت بە خۆمان ببەستین

0
105

ماوەیەکە، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و تووندئاژۆکانی ئێران، هەڵوێستی ئاشکرای تووند بە دژی حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دەگرن کە باس لە پیویستی بەرجامی ٢ و ٣ ـی لە پەیامی نەورۆزیی خۆی هێناوەتە ئاراوە.

خامنەیی کە لە لێدوانێکی پێشووی خۆیدا باسی لەوە کردبوو کە داهاتوو بۆ مووشەکە نەک دان و ستان و دواتریش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، پەلاماری ڕەفسەنجانی دا و بە خائینی ناساند، لە دانیشتنی دۆینێ پێنج شەممە ١٩ی خاکەلێوەی خۆی لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی ڕوحانی، باس لە ئابووری خۆڕاگری کرد و گوتی بە هیچ جۆر نابێ پشت بە ئەمریکا ببەستین و دەبێ متمانەمان بە خۆمان بێ.

خامنەیی، ئەمریکای وەک هێما و سیمبولی ئەخالقی ناڕەوا و بێ ڕەوشتی ناو برد و گوتی: ناکرێ متمانە بە ئەمریکاییەکان بکەین، جیا لە ئەمریکاییەکان هەندێ لە وڵاتانی ئوروپاییش هەر وان، هەر بۆیەش دەبێ پشت بە تواناییەکانی خۆمان ببەستین، هەڵوێست و کردارەکانی بەرپرسانی ئەمریکاش هەر ئەوەمان پێ دەسەلمێنێ.

خامنەیی هەروەها باسی لە دەوری فەرماندەیی قەرارگای ئابووریی خۆڕاگری لەمەڕ چاوەدێری ڕێک ودرووست لەسەر چالاکی سازی و دەزگاکانی تر کرد و گوتی: دەبێ چاوێک بە سەرجەم دەزگا و سازییەکانی پەیوەندیدا دا بخشێتەوە، ئەوانەی کە باش کار دەکەن دەبێ بەهێز بکرێن و ئەوانەی کە گرنگیان پێنەداوە دەبێ بێنەوە سەر هێڵ و ئەگەر دەزگا و سازییەکیش بە پێچەوانەی ئابووری خۆراگری کار دەکەن دەبێ پێشیان پێ بگیردرێ.

شایانی باسە کە هەرچەند ئابووری خۆڕاگری سەرەتا بە شیوەیەکی تر لێکدانەوەی بۆ دەکرا و هەوڵ دەدرا خەڵکی پێ خۆش بین بکرێ بەڵام ئەوەی کە ئێستا لێیدەردەکەوێ ئەوەیە کە خەڵک لە هەر مەرج و دۆخێکدا خۆراگر بن و هیچ نەڵێن تا کۆماری ئیسلامی بتوانێ مووشەک و بۆمبی ناوکی بەرهەم بهێنێت.

پێداگری کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر ساز کردنی مووشەک و بەرهەم هێنانی وزەی ناوکی لە حاڵێکدایە کە خۆکوژی بە هۆی کێشەی ئابووری لە ئێراندا بۆتە پرس و باسێکی ئاسایی هەموو ڕۆژێ و خەڵک لە دۆخێکی نالەباری ئابووریدا دەژین.

قسەکانی خامنەیی لە حاڵێکدا دێنە ئاراوە کە ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ جان کێری باسی لە پێویستی بەخۆدا چوونەوەی ئێران کرد و گوتی ئەگەر ئێران بە خۆیدا نەچتەوە، ئەوا هەڵسووکەوت و پەیوەندی لەگەڵ ئێران دژوار دەبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌