خامنەیی: لە بواری کەلتووریدا بەڕەڵڵاییەکی بەرچاو هەیە

0
843

ڕۆژی کورد: عەلی ئەکبەر خامنەیی، ڕێبەری ئیستای ڕژیمی ئێران لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا لەگەڵ نوێنەرانی مەجلیسی دەیەمی، جەختی لەسەر قەیرانی ئابووری وەکوو سەرەکیترین کێشەی وڵاتی ئێران کردەوە و ڕایگەیەیەند کە بابەتە کولتوورییەکان لە درێژخایەندا لە ئابووریی وڵاتیش گرینگترن. هەربۆیەش بە ڕەخنە گرتن لە سیاسەتە کولتوورییەکان لەو وڵاتە، گوتوویە کە سەبارەت بە بەرهەم و بەرهەمهێنانی بەکەڵک یان پێشگرتن لە بەرهەمە کولتوورییە زیاندەرەکان، هەست بە بێسەروبەرەیی دەکات.

شایانی ئاماژەیە کە لە ئێستادا فیلمی (٥٠ کیلۆ ئاڵباڵوو)، بەرهەمی مانی حەقیقی، بە هۆی ڕەخنەکانی مەکارم شیرازی بە گشتی لە تەواوی ئێران و بۆ هەمیشە پێشی پێگیرا و ئیزنی بڵاو کردنەوەی نیە، لە هەمان کاتێشدا ئایین نامەی شۆڕای پیشەیی شانۆ هەر تاناتاوێ گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

زۆربەی چالاکییە کولتوورییەکانی ئێران لە ژێر چاوەدێریی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، دەنگ‌وڕەنگ و ڕێکخراوی پڕوپاگەندەی ئیسلامی (سازمان تبلیغات اسلامی) بەڕێوە دەبرێن. لەو نێوەدا وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی لە ژێر چاوەدێریی دەوڵەتدا کار دەکات، هەربۆیەش پێدەچێت ڕووی ڕەخنەی خامنەیی زیاتر لەو وەزارەتخانەیە بووبیت.

شایانی ئاماژەیە کە عەلی ئەکبەر خامنەیی پێشتریش گلەیی لە هەندێ وێنە و دیمەنی فستڤاڵی سینەمایی دەیەی فەجر گرتبوو و گوتبووی هەندێک لە دیمەنەکانی ئەو فستیڤاڵە بۆ گەنجەکان باش نین و مەترسیی ئەخلاقییان لێدەکەوێتەوە.

لە هەمان کاتێشدا ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر خوێندنی زمانی ئینگلیسی لە قوتابخانەکانیش لیدوانی کردووە و بە شتێکی ناپێویستی زانیوە و دواتریش بەشێک لە بەرپرسانی سەربازیی ئێران باسیان لەوە کرد کە دەبێ ئەمریکاییەکان فیری زمانی فارسی بین نەک ئێمە فێری زمانی ئینگلیسی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.