خامنەیی راست دەكا، رەخنەی لێ بگرن

0
644
ڕەسووڵ سوڵتانی
ڕەسووڵ سوڵتانی

خامنەیی دەڵێ سینگم فرەوانە بۆ رەخنە و رەخنەگرتن لە من ئاساییە و نابێ لەو سۆنگەیەوە كەس تۆمەتبار و تاوانبار و سەركۆنە بكرێ…
خامنەیی كە نموونەی دەسەڵاتێكی سەرەڕۆی مۆدێڕن و بڕیارەكانی ئەو لە سەرووی یاسا و دەستووری ئێرانەوەن و زۆربەی دەوروبەرییەكانیشی جا بۆ ماستاو بێت یان بە باوەڕەوە باسی ئەوە دەكەن وەحیی بۆ نازڵ دەبێ و ئیمامی زەمان نیگای بۆ دێنێ، ئیتر خۆیشی گەیشتووەتە ئەو قەناعەت و باوەڕە كە نوێنەری بێ ئەملاوئەولای خوای باریتەعالایە و هێڵێكی سوورە و كەس نابێ بیبەزێنێ. بەڵام جاروبارە بە درۆش بێ لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئەو كەسانەدا كە خۆی دەسنیشانیان دەكا لاسایی پێغەمبەرانیش دەكاتەوە و دەڵێ: ” انا بشر مثلكم” منیش ئینسانێكم وەك ئێوە و رەخنەگرتن لە من تاوان نییە. هەرچەندە ئەم قسانەی خامنەیی خۆشیرینكردن و خاكەڕاییەكی درۆیینی ئەو پیاوە دەسەڵاتدارەن، كە لە ناخی خۆیدا بڕوای بەوە هێناوە گەیشتووەتە هێڵی پیرۆزایەتی و رەخنەگرتن لەو كوفر و گوناحێكی كەبیرەیە.
بوختانی پێ ناكەین. ئەوەتا هەر لەو كۆڕەدا كە لەگەڵ قوتابیانی زانكۆ و یاسازانەكاندا وەڵامی پرسیاریان دەداتەوە و دەڵێ: كەس لە سەر رەخنەگرتن لە من تڕۆ مەكەن، كەچی وەختێك قوتابییەكی دكتۆرای یاسا و ماف بۆی شی دەكاتەوە كە سووكایەتیكردن و تۆمەتبەخشینەوە لە شاشە ومیدیاكانی دەسەڵاتەوە بەو كەسانەی بەند كراون و رێگەی بەرگریكردن و وەڵامدانەوەیان نییە تاوانێكی یاساییە و، لە نێو قسەكانیشیدا داوای ئازادكرانی مووسەوی و كەڕووبی دەكات كە لە ماڵەكەی خۆیاندا بەند كراون، خامنەیی دەسبەجێ دەرهەڵدەبێ و دەڵێ:
من بە فيتنةكةي 88 حةساسم باسی ئەو لەماڵەوە بەندكراوانە مەكەن كە پێی تێك دەچم…
خامنەیی بە ئانقەست دەستەواژەی فیتنە بەكار دێنێ، ئاخر فیتنە لە قورئاندا 66 جار هاتووە و بۆ دژبەرانی پێغەمبەری ئیسلام بەكار هێنراوە. و بۆ وێنە لە شوێنێكدا خوا دەفەرمێ: «وَ الْفِتْنَهُ اَشَدُّ مِنَ الْقَتْلِ…. واتە فیتنە لە قەتڵیش خراپترە، ئاخر بە پێی زۆرینەی تەفسیرەكان، لەم ئایەتەدا فیتنەگێڕ ئەو كەسەیە كە خەڵك لە دین و ئیمان وەردەگێڕن، بۆیە ئەگەر یەكێك قەتڵ بكا رێی بەهەشتی لێ ناگیرێ، بەڵام خەڵك لە دین و ئیمانكردن دەرگاكانی بەهەشتی لێ دادەخەن… یان دەڵێ: وَ قاتِلُوهُمْ حَتّى لا تَکُونَ فِتْنَهٌ… واتە لێیاندەن و بیانكوژن تا ئاسەواری فیتنە لەناو دەچێ…
جا بۆیە خامنەیی دەستەواژەی فیتنەگێڕیان بۆ دێنێتەوە، چونكە بە باوەڕەوە پێی وایە ئەوانە خەڵكیان لە رێبازی خامنەیی و لە دین و ئیمان وەردەگێڕا و دووریان دەخستنەوە. بەو پێیە دیارە خامنەیی خۆی لە كوێ و لە چ پێگەیەكدا دەبینێ.

بە سەرنجدان بەو وردەكارییانەیە كە لێمان روون دەبێتەوە جەنابی خامنەیی بۆچی بە كەڕووبی و مووسەوی حەساسە؟ بۆ مووسەوی كەڕووبی هەر “یاری غار”ەكەی ساڵانی خۆی نەبوون؟ جا من لێرە دیفاع لەو دوو كەسە ناكەم بەڵكو دەمەوێ تیشك بخەمە سەر لایەنی درۆیینی قسەكەی خامنەیی كە دەڵێ: ئاساییە رەخنە لە رێبەر بگیردرێ.
مووسەوی و كەڕووبی، ئەگەر بە پێی روانگە و یاساكانی رژیمی ئێران یەكێك لە تاوانەكانیان ئەوە بێ كە خەڵكیان هێناوەتە سەرشەقام، بەڵام لە روانگەی خامنەییەوە تاوانی نەبەخشراویان ئەوەیە، ئەو خەڵكەی هێنایانە سەر شەقام سووكایەتییان بە ناوی خامنەیی و بە خامنەیی كرد. ئەو خەڵكە لە شەقامەكاندا جۆرێك ناوی خامنەییان هێنا، كە لەگەڵ قەناعەتە دەروونییەكەی خۆی و دەوروبەرییەكانیدا ناتەبا بوو، ئەویش ئەوە بوو پێیان گوت: دیكتاتۆر. لێرەوەیە خامنەیی خۆ بە پێغەمبەرزان ناتوانێ لە گوناح و تاوانی ئەو كەسانە خۆش بێت، كە ئەو پلەوپایە وەهمییەی تێك دەشكێنن و بە دیكتاتۆر ناوی دەبەن. راست دەكا خامنەیی رەخنەگرتن لە خامنەیی شتێكی ئاساییە بەو مەرجەی رەخنەكان لە سنووری ماستاوچێتی و مەداحی تێنەپەڕن. بۆ وێنە رەخنەی لێ بگرن و بڵێن: جەنابی رێبەرخامنەیی، تۆ كە دەسەڵاتداری و شكۆی یەزدانیت هەیە، رەخنەت لەسەر و گلەییمان لێتە، كە بۆچی بە فەرمانێكی پیرۆز هەموو دژبەرەكانت بەڕێی دۆزەخ ناكەیت؟
ئەمەیە ئەو چوارچێوە ئازادەی بۆ رەخنەگرتن لە خامنەیی دیاری كراوە…

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت