خاڵۆ حوسێن کۆکەنی بەئاوات نەگەیشتوو جەستەی خۆی بە خاکی نێشتمان ئەسپارد

0
856

به‌ره‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ ٥ی گه‌لاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، خاڵۆ حوسێن کۆکەن، پیرەپیاوە ڕیش چەرمووە دڵ گەشەکەی کوردستان و ئەوینداری ئازادی و تامەزرۆی سەربەستی، له‌ ته‌مه‌نی ٨٥ ساڵیدا دڵە بیگەردەکەی لە لێدان وێستا. ناوەندی ڕۆژی کورد بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم کوردستانیان و نیشتمانپەروەران و بەتایبەتی خزم و کەس و ناسیاوەکانی خاڵۆ حوسێن دەکات. ڕوحی ئارام و ئاواتەکانی بەرز. هەر بەم بۆنەشەوە بە پێویستی دەزانین چاوێک بە ژیان و ناسنامەی حوسێن شۆڕەسواری کورددا بخشێنین.

 خاڵۆ حوسێن کۆکەن یان حسەینی کۆکەن یان حسێنی کۆکەن یان بە وتەی خۆی “شۆڕە سوار”، ( لە دایک بووی ٢٨ی ئەیلوولی ١٩٣٠، دڕۆ ڵە، نزیک شاری پاوە، پارێزگای کرماشان ) ناسرو بە فەرهادی سانی، کەسایەتی کوردە کە بە ھۆی ھەڵکۆڵینی کێوێک بە قاچێکەوە بۆ ماوەی نزیکەی ٢٠ ساڵ بە قوڵینگێکەوە ناسراوە و نازناوی فەرھادی دووەمی پێدراوە.

خاڵۆ حوسێن بە تەنیا قاچێك و بە قوڵینگێكی زۆر سادە، كارێكی ناوازەی ئەنجامداوە، سەرەڕای كونكردنی كێوەكە، 7 ژووریشی لە نێو كێوەكەدا دروستكردووە. هەر لەوێدا گۆڕێكیشی بۆ خۆی هەڵكۆڵیوە بۆ ئەوەی شاكارەكەی ون نەبێت.

خالۆ حوسێن کۆکەن لە نزیک شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان بە دنیا ھاتووە. بە ھۆی ئەوەی لە ڕاودا فیشەکی تاپڕ لە دەستی دەردەچێ و بەر قاچی دەکەوێ، قاچێکی دەبڕنەوە. لە شەڕی نێوان ئێران و عێراق (١٩٨٠ -١٩٨٨) کاتێک لە لایەن سوپای عێراق گوندەکەیان بۆردمان دەکرێ، ماڵەکەی دەسووتێ و ھاوسەرەکەی و سێ کوڕی گیان لە دەست دەدەن. خۆی دەڵێ:

لە سەرەتای شەڕی عێراق – ئێران ماڵەکەم سووتا، پێش ئەوە ژنەکەم و سێ کوڕم مردن، ئیتر ئەو رووداوانە بە تەواوی کاریان لە من کرد و بوونە ھۆی ئەوەی حەز بە دوورەپەرێزی بکەم لە خەڵک.

دوای ئەمە ڕوو دەکاتە دەڤەری مەیگۆرێ و نزیکەی ٢٠ ساڵە بە قوڵینگێکەوە خەریکی داتاشینی بەشێک لە کێوی مێگەورەیە و تا ئێستا ١١ ژور و حەمامێکی لێ دروست کردووە، ھەر ژوورێکیش ١٣ تاقی گەورە و سێ پەنجەرەی ھەیە. لە یەکێک لە ژوورەکان، قەبرێکی تایبەتی ھەڵکۆڵیوە و تا لەوێش بنێژرێ

ئێستا ئەو شوێنەی خاڵە حوسێن بۆتە شوێنێکی گەشتیاریی و خەڵکێکی زۆر لە ناوە و دەوەری کوردستانی ئێران سەردانی دەکەن. ئەویش بە چاندنی دارو درەخت ھێندەی دیکە شوێنەکەی ڕازاندۆتەوە.

داھاتی گەشتیاریی شوێنەکەی خاڵە حوسێن لە سەر داوای خۆی تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی مزگەوت کە تا ئێستا چوار مزگەوتی لە شارەکانی کوردستانی ئێران پێ دروست کراوە و مزگەوتی پێنجەم بەڕێوەیە.

خاڵۆ حوسێنی کۆکەن 7 مانگ پێش لە ماڵەکەی خۆیدا توشی ڕووداوێک هات کە بەهۆیەوە ڕانی ڕاستی شکا، هاوکات هەر ئەو ڕۆژە نەشتەرگەریی بۆ ئەنجام درا.

خاڵۆ بەپێی پێشنیار و ڕاسپاردەی یەکێک لە ناسیاوەکانی و بە مەبەستی بەکوردی وبۆ کورد مانەوەی شوێنەکەی و پاراستنی لە داگیرکەری فارس و تورک و بۆ ئەوەی سبەی ڕۆژ ئەوان شوێنەکە بە ناوی خۆیان نەکەن و شاکارەکە و شانازییەکەی هەر بۆ کورد بمێنێتەوە، لە ناو خانووەکەیدا گۆڕێکی بۆ خۆی هەڵکەندووە و وەسیتی کردووە هە رلەو گۆرەدا بینێژن.

خاڵۆ حوسێن و هەستی نەتەوایەتی:

لایەنێکی بەرچاو لە ژیانی خاڵۆ حوسێن، هەستی نەتەوایەتیەتی، هەستێک کە لە ناو دڵی داگیرکەردا بە ڕاشکاوانە و ڕوو لە کاربەدەستانی ڕژیمیش دەیکوتەوە، وێنەی ڕێبەرانی کورد، پێشەوا و قاسملوو و شەڕەفکەندی هەمێشە لە لای بوو، ڕاشکاوانە دەیکوت دێموکراتم و دەشیکوت بە نیاز بووە نهومی دووهەم بۆ ڕێبەرانی دێموکرات ساز بکات کەچی قوڵینگەکەیان لێ ئەستاندووە. خاڵۆ حوسێن دەیکوت سێ کەنیشکن هەن جاشی خومەینی و خۆشم هەموو ئیران دەزانێ دێموکراتم. ئەو هەستە چڕە نەتەوەییەی خاڵۆ حوسێن لە لایەکەوە خۆشەویستی خەڵک و لە لایەکەوە ڕقی ڕژیمی بۆ بەدیاری هێنابوو، بە جۆرێک کە هیچ کات ئیزن نەدرا تابلۆیەکیش بۆ شوێنە گەشتیارییەکەی خاڵۆ حوسێن دابندرێ بەڵام ئەویندارانی نیشتمان دڵە گەرمەکەی خاڵۆیان دەبینیەوە و تەنانەت لە بەشەکانی تری نیشتمانیش بەرەو لای دەچوون و سەردانیان دەکرد.

خاڵۆ حوسێن و خێرخوازی:

سەردانکەرانی خاڵۆ حوسێن و ئاشقانی دڵە کوردەکە و شاکارەکەی، بە دانی شیرینی و بڕە پارەیەک، دەست خۆشی و خۆشی خۆیان لە هەبوونی خاڵۆ حوسێنو شاکارەکەی ڕآدەگەیاند، بەڵام خاڵۆ حوسێن بەشێک لەو برە پارەی لە خۆی و ژیان و پیداویستییەکانی تەرخان دەکرد و خەرج دەکر و ئەوەی تری لە کاری خێرخوازیدا تەرخان دەکرد کە دەکرێ لە کارەکانی ئاماژە بە درست کردنی مزگەوت بکەین. خاڵۆ حوسێن بە گشتی پێنج مزگەوتی لە شارە جیاوازەکانی کوردستان بینا کردووە.

تا ئەمڕۆ شێعر و ھونراوەکانی زۆر بە باڵای خاڵۆ حسەین ووتیاوە کە ئە یەکێک لەوانەیە:

بەڵێ وتراوە زۆر جار بیستراوە – سەنگ تاشێک ھەیە فەرھادی ناوە

کاتێک زانیمان ئەو فەرھاد کێیە – ئەویش وەک مەجنوون عاشقی لەیلێ یە

لەبەر عەشقیەتی قوڵەنگ بە دەستە – چوونکە کوژراوی دوو چاوی مەستە

فەرھاد بۆ شیرین بێستونی شکاند – خوێنی جگەری لە چاو دە تکاند

تۆ عاشقی چی بویت مامە حوسەین گیان؟ – رازێنەرەوەی شاخی کوردستان

ئەی پیری دلێر فیدای دەستت بم – باڵاگەردانی قوڵەنگ و ھەستت بم

زیدوت کردەوە مێژووی کوردستان – رۆستەم حەدی کوا بۆت بێتە مەیدان

شەرمەزاری تۆن ھەموو دلێران – خەریک وەسفی تۆن ھەموو شاعیران

بشکێت قەڵەمی سەرجەم شاعیران – گەر وەست نەکەن تا ئاخر زەمان

غەریب بە فیدای قوڵەنگ و دەستت – شاعیران سەرپاک بە فیدای ھەستت

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت