تاووتوێ کردنی وتەی بارزانی لە سەردانی بۆ بەغدا/وتووێژی تایبەتیی ڕۆژی کورد

0
854

ڕۆژی کورد:

دوای چەندین ساڵ جارێكیتر سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی بە یاوەریی شاندێكی باڵای ھەرێم سەردانی بەغدایان كرد. سەرۆکی هەرێم لەمەڕ سەردانەکەی ڕایانگەیاند: “ئامانجی سەرەكی چارەسەركردنی كێشەكانی ھەرێمە لەگەڵ بەغدا و باسكردن لە پرسی سەربەخۆیی كوردستان”.

دوای دانیشتنەكانی شاندی ھەرێم و بەغدا، سەرۆكی ھەرێم كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ساز كرد .. سه‌باره‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆيى كوردستان، بارزانى ڕايگه‌ياند: “حكومه‌تى هه‌رێم داواى سه‌ربه‌خۆيى كردووه‌، نه‌ك جيابوونه‌وه‌ و ئه‌وه‌ بابه‌تێكى دياريكراوه‌ و مافى خه‌ڵكى كوردستانه‌”…. پرسی سەربەخۆیی ھەرێمی كورستان و ڕێفراندۆم ئەو پرسەی خەلكی كوردستان زۆر لە مێژە سەرەڕای قەیرانی ئابوریی وڵات داوای دەكەن و ھێشتا نەخراوەتە بواری دەنگدانەوە… ئەو پرسەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە زۆربەی دیدارەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئوروپاییش باسی كردووە…. دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی و كۆتایی ھێنان بە ڕێكەوتنامەی سایكس-پیكۆ… بەڵام بارزانی لە قسەكانیدا دەڵێ :ئێمە باسی جیا بوونەوە ناكەین …

سەبارەت بەم قسەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی باشوور، شارەزایەكی سیاسیەتی نێودەوڵەتی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ، تایبەت بە ڕۆژی كورد دەڵێ: “ئەم جۆرە لێدوانە، جۆرێكە لە گەڕانەوە بۆ بەغدا و ئەوە دەدرەخات كە كوردستان جارێكی تر وەك پارێزگایەكی عێراق سەیر دەكرێ و لە ڕاستیدا جۆرێک دابەزینی كوردستانە بۆ بەغدا… ڕەنگە لە حاڵەتیكیشدا ڕێكەوتنێكی نھێنی لە نێوان شاندی ھەردوو لا بۆ ئەم پرسە  كرابێ بەڵام گرینگ ئەوەیە کە ئەم سەردانەی سەرۆكی ھەرێم بۆ بەغدا گورزێكی گەورە بوو بۆ پەیكەری دەوڵەتی كوردی”.

ئیبراھیم عەباس نوسەر و ڕۆژنامەوان لەو بڕوایە دایە سەردانەكەی بارزانی لەم كات و ساتەدا گونجاو نەبووە نە بۆ حیزبەكەی نە بۆ خەڵكی كوردستان و لەو بڕاویەدایە ئەم سەردانە لە ژێر گوشاری ئەمریكادا بووە. دەربارەی ئەو بابەتەش كە بۆ سەرۆكی ھەرێم دەڵی نامانهەوێ لە ئێراق جیا بینەوە لای وایە تەنیا مەبەست ڕاگرتنی دلی عەبادی و عێراقیەكان بووە و دەڵێ: “بارزانی خۆشی باش دەزانێت تا لە عێراق جیا نەبینەوە ناکرێت باس لە سەربەخۆیی بکرێت. ئیتر بەكارهيێنانی دەستەواژەی سەربەخۆیی مافی خەڵکی کوردستانە، جگە لە وشەیەکی بریقەدار بۆ ناو ڕاگەیاندنەکان هیچ نموونەیەکی دیدەیی و کردەیی نیە”

سەبارەت بەم قسەی بارزانی ھیچ كام لە ڕاگەیاندنەكانی كوردستان بەدواداچونیان بۆ نەكرد، ئەوەش ڕەنگە بە ھۆی ئەوە بێ خەڵكەكە لەم كات و ساتەدا بیر لە پرسی سەربەخۆیی نەكاتەوە، بە گیرفانی بەتاڵ و دەستی بە كڵاوەكەی خۆی دەگرێ بۆ ئەوەی با نەیبا ..

سالار تاوەگۆزی، مامۆستای زانكۆ لەو بڕاویەدایە ئێستا ھەرێم نغرۆی قەیرانە و كاتەكە ھیچ لەبار نیە بۆ باسكردنی دەوڵەتی كوردی و دەڵێ: “پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی، پەیوەندی بەھەمو تاكێكی كوردەوە ھەیە و ناكرێ تەنیا باسی تاكێك یان حزبێك لە كوردستان بێت”..ئەم مامۆستای زانكۆیە ھەروەھا دەڵێ: “جارێ وادەی سەرۆکایەتیی بارزانی بەسەرچووە بۆیە ناکرێت بڕیار لەسەر سەربەخۆیی یان جیابوونەوە بدات، چونکە هەر بڕیارێک بدات گۆڕان و کۆمەڵ پێیەوە پەیوەست نابن، قسەکەشی لەبەغدا مانای وایە کە پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی دوادەکەوێت و کاتی ماوە..”.

فوئاد زیندانی كە چالاكوانێكی مەدەنیە، دەربارەی ئەم پرسەی ڕۆژی كورد دەڵێ: “مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ماوەیەکی زۆرە باسی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەکات، بەڵام ئەو بانگەشەیە نەبووە بە پڕاکتیک، چونکە دەوڵەت بەستێن سازی ژێرخانی ئابووری و سیاسی دەوێت، سەردانی بارزانیش بۆ بەغداد خەڵکی کوردستانی بێ هیوا کرد، چونکە ئەگەری هەیە هەرێمی کوردستان وەک چەند پارێزگایەک لەلایەن بەغداوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. دەستەواژەی سەربەخۆیی زۆر واتا دەگەیەنێ لامەرکەزیەتیش دەگەینێ بەڵام لێرەدا کە دەڵێ سەربەخۆیی بە بێ تێگەیشتن لەگەڵ بەغدا ناکرێ، بێگومان هەرێمی کوردستان تا لە چوارچێوەی عیڕاقدا بێت دەبێ تێگەیشتنی لەگەڵ بەغدا هەبێ، ئەگەر فیدراڵی ببێتە کۆنفیدراڵی دیسان بەمانای جیابوونەوە نایەت بەڵکو شێوەیەکە لە شێوەکانی سەربەخۆیی”

 

پرسی دەوڵەتی كوردی، خەونێكی چەندی ساڵەی كورد، ئەو نەتەوەی كە تاكوو ئێستا دەوڵەتی نیە… مافی ھەر كوردێكە باسی بكات… چاودێری سیاسیی ڕۆژھەلاتی كوردستان، كاوە ئاھەنگەری سەبارەت بەم قسەی سەرۆكی ھەرێم دەڵێ: “ڕەنگە ئەم قسەی مەسعود بارزانی ئەوە بگەینێت كە كورد دەبێ خۆی بڕیار لەسەر پرسەكە بدات كە ئایا دەیھەوێ سەربەخۆ بێت یا نا و بێگومان بۆ ئەم پرسەش دەبێ لێكتگەیشتن و هاوئاهەنگی لە نێوان ھەمو پێكھاتەكانی ئێراق ھەبێ.. لەم بارودۆخەش كە سەرۆكی ھەرێم سەردانی بەغدای كردووە دیارە بە گوێرەی ھەواڵەكان، مەبەستی تەنیا چارەسەریی كێشەكانی خۆیان بووە و ھاوكاریی زیاتر لەگەڵ یەكتر بە تایبەت بۆ پرسی شەڕ لە ناوچەكە و ڕوبەڕووبونەوە و ئەم وڵامەشی كە وتویەتی مەبەست جیابوونەوە نیە، ئەوە دەگەینێ کە ھەرێم وەك جاران دەمێنێتەوە و ھیچ ھەواڵێك لە دەوڵەتی كوردی نیە چونكە كاتێ باسی سەربەخۆیی دەكەی مانای ئەوەیە تەواو دەبێ لە بەغدا جیا ببێتەوە..”.

ئەوەی پەیوەستە بە باسكردنی سەربەخۆیی كورد لەگەڵ بەغدا، لە ڕاستیدا ئەم دەستەواژەیەش جگەلە گوشاری ئەمریکاو یەکێتیی ئەوروپا هیچی تر نییە كە دەڵێن ئەگەر سەربەخۆییتان دەوێت بڕۆن بەغدا ڕازی بکەن، بۆ ئەوەی بەهۆی سەربەخۆییەوە شەڕێکی تر لە عێراق نەدات ڕوو!.

ڕوونیشە شوڤینیە عەڕەبەکان هەرگیز ئەم مافە بەکورد نادەن و ئەمەش  ڕێک وەکو واژۆ نەکردنی گورگە بۆ حەرام کردنی گۆشتی پەز.

 

 

 

 

.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت