وتووێژێکی دەگمەن و تایبەتی لەسەر دەور و پێگەی موسیقیی کوردی لەگەڵ مامۆستا ئەفشین مەعرووفی

0
330

بابەتی بەردەستتان، یەکێکی‌تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی تلێگرام کە لە ڕێکەوتی ٦ و ٧ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٠١٦) لەگەڵ بەڕێز ئەفشین مەعرووفی، ژەنیار و مامۆستای مووزیکی کوردی و بە پێشکەش‌کاریی خاتوو نیشتیمان قاسمی، چالاکی سیاسی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕاوێژ، لەسەر مژاری (ئاوڕێک لە سەر دەور و پێگەی مووسیقی کوردی) ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: بەر لە چوونە سەر باسی موسیقی کوردی ئەگەر دەکرێ هونەرمان بە گشتی بۆ پێناسە بکەن؟

مەعرووفی: هونەر لەڕاستیدا زمانێکە کە مرۆڤ بۆ دەربڕینی هەستی، خوڵقاندی. زمان خاوەنی نووسین و لەفزی قسە پێکردنە. مووزیکیش خاوەنی نووسینە و ئەلفباکەی نۆتە و لەسەر پێنج خەت، دەنووسرێ. گۆرانیبێژ لەفزەکان دەڵێتەوە. شتێکی کە زمانی مووزیک لە هەموو زمانەکانی تر بەزیادەوە هەیەتی، ئەویش ژەنینە بە ئامێر. کەوابێ مووزیک زمانێکە بۆ دەربڕینی هەست. سەرەتاکانی خوڵقانی،  بۆ دەربڕینی ئەشق بۆ خواوەند‌ (کە سەرچاوەگیراوە لە ئایینی زەردەشت و ئەوەڵ کەسانێک بوون کە مووزیکیان بەکار هێنا بۆ عیرفان) یان بۆ دەربڕینی هەستی ئەوینداری و قارەمانێتی و هتد. بە درێژایی مێژوو، مووزیک  هاوڕێی هەستی مرۆڤ بووە. تۆ لەوانەیە نەتوانی بە وشە کەسێکی غەیری زمانی خۆت تێبگەیێنی لە هەستێکی کە هەتە، بەڵام بە ئامێر یان بە گۆرانی تێیدەگەیێنی.

مووزیک لە ڕێگەی گوێچکەکانەوە دەگاتە مێشک و کارتێکەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر خانەکانی مێشک و هەست دەبزوێنێ. ئێمەی کورد لە هەڵپەڕکێ یان لە بۆنە ئایینێکانمان دا ئەو شتە زۆر هەست پێدەکەین و هەستمان دەبزێوێ.

ڕاوێژ: دەوری موسیقی لەسەر ژیانی مرۆڤەکان چیە؟

مەعرووفی: مێلۆدێکانی مووزیک بە پێی فاسلە و ئیرتعاش و تۆنالییە و تۆنەکان و ئۆکتاوەکان، هەریەک کارتێکەری خۆیان لەسەر مرۆڤ هەیە. مووزیکی خێرا دەبێتە هۆی بزاوتنی لەش و مووزیکی ئارام هۆکاری ئارامی و تێفکرینە. بۆ کاریگەری بەربڵاوی مووزیک بە شێوەی زانستی دەکرێ باسی نەخۆشخانە دەروونیەکان بکەم کە ئەوڕۆکە مووزیک دەرمانی، وەکوو زانستێکی نوێ، چارەسەری کێشەکانی دەروونی دەکات.

لە وڵاتانی ئەورووپایی، لەزۆربەی چێشت خانەکان، سەر لەبەیانی، بۆ ڕاکێشانی کڕیار و خەڵکان، مووزیکێکی دڵبزوێن دادەنێن و کاتی داخستن، بێ ئەوەی هیچ باسی داخستنی شوێن بکەن، مووزیکێکی بێ هەست بڵاو دەکەنەوە و لە ڕێگەی مووزیک هاتن و ڕۆییشتنی کڕیار بە دەستەوە دەگرن. هەروەها خۆشمان کە لەژیانی تاکە کەسیمان دا، لەکاتی خۆشی و ناخۆشی دا، پەنا بۆ مووزیک دەبەین. بۆ زانینی بەنرخی مووزیک، مووزیک لەژیانتان حەزف بکەن، ئەوکات دەزانن چە ن پێویستە.

ڕاوێژ:  موسیقی جیا لە بەشی جیاوازی، بە ناوی نەتەوەکانیشەوە دابەشکراوە، بۆ نموونە دەڵێین موسیقیی کوردی، دەکرێ بڵێن تایبەتمەندیی موسیقیی کوردی چیە کە بۆ نموونە لە موسیقیی تورکی یان ئێرانی جیا دەکاتەوە؟

مەعرووفی: هەر وڵاتەی خاوەنی مووزیکی خۆیەتی و وەک زمان و پۆشاک، جیای دەکاتەوە لە نەتەوەکانی تر.

هەڵبەت پێشتر دەبێ ئەوە بڵێم کە مووزیکی کوردی، هاوشێوەی ڕەنگاوڕەنگی لیباس و پۆشینمان، ڕەنگاوڕەنگە و هەر ناوچەی کوردوستان خاوەنی مووزیکی خۆیەتی. مووزیکی کرماشان و موکریان جیاوازن، مووزیکی سنە و هەورامان و خوراسان و بادینی و هتد، هەموو پێکەوە جیاوازن.(هەڵبەت هەموو لەیەک سەرچاوەن، بەڵام لە بواری شکانەوەی ڕیتم و تەنانەت ئامێرەکانی بەکار هێنراو لە مووزیکی هەر ناوچە دا و هتد، جیاوازن). تایبەتمەندێکانی مووزیکی کوردی زۆرن. بۆ نموونە لاوک و حەیران هەر لەنێو کورددا بوونیان هەیە، گۆرانی یان لاوژە هەر لەنێو کورددا بوونی هەیە و گۆرانیبێژانی شایی و هەڵپەڕکێ، هۆنەرە بیداهەکانن و زۆر خاڵی تر. جگە لەوانە باسی ڕیتمە، کورد خاوەنی ڕیتمی تایبەت بەخۆیەتی. بۆ نموونە ڕیتمی گەڕیان بە شێوەی حەوت لەسەر هەشت، هەر لە نێو کورد دا هەیە و مێلۆدی کوردییەکان پڕ بەو چوارچێوە ڕیتمەن. تەنانەت لەنەزەر ئامێرە سەرەکییەکانیش لەگەڵ نەتەوەکانی تر جیاوازین. بۆ نموونە فارسەکان زیاتر کەڵک لە تار وەردەگرن و بۆ مووزیکی فارسی بەهێز ترین ئامێرە. بەڵام لە کورد دا (هاوشێوەی سەمفۆنێکانی ڕۆژئاوا کە تێیان دا ئامێری کێشی وەک ویۆڵۆن یان کلارینت زیاتر حاکمە) ئامێرە کشێشێکانی وەک سوورنا (زۆڕنا) یان شمشاڵ و کەمانچە سەرەکی ترن. کەواتا لەشێوەی هەڵبژاردنی ئامێریشەوە جیاوازیمان هەیە. لە مووزیکی کوردی دا بیداهەنەوازی یان خۆژەنی زۆرە و ڕیتم و مێلۆدێکانی جێی مانۆڕیان زۆرە، بەڵام لە کەمتر مووزیکی وڵاتێکی تر دا ئەو شتە دەبیندرێ. بە شێوەی گشتی تایبەتمەندییەکان زۆرن و من وەک ژەنیارێک، بۆم جێی سەر سووڕمانە کە بەو هەموو تایبەتمەندییەوە، خەڵکانی ئێمە گوێ لە موبیکی وڵاتانی تر دەگرن.

ڕاوێژ: موسیقیی کوردی لە ئاستی ئێراندا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

مەعرووفی: سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم کە مووسیقی کوردی پێویستی بەوە نییە خۆ بەهیچ نەتەوەیێکی تر هەڵاوەسێ، مووزیکی کوردی بەدەسەڵات ترین و حاکم ترین مووزیکی ئێرانە. لە باری غەنا و دەوڵەمەندییەوە بە جەسارەتەوە دەتوانین بڵەین دەوڵەمەند ترین وڵاتە. بەڕای من شتێک بە نێوی مووزیکی فارسی نییە و گەر هەشبێ، ئەوا دەبێ لە گۆرانی کافە و کابارەئییەکانی دەورانی شاە دا لێی بگەڕێی. تەمەنی ئەو مووزیکە ناگاتە سێسەدساڵ، کەچی مووزیکی کوردی تەمەنی سێ هەزار ساڵەی سەلمێندراوی هەیە، بەڕای من بڵێن مووزیکی کوردی باشترە تا بڵێن مووزیکی ئێرانی.

بۆ نموونە مووزیکی ئێران بە کارەکانی کەسێکی وەک م.شەهرام نازری دەناسرێ، ئەوە لەکاتێک دایە کە تەنیا شێعرەکان فارسی و مووزیکەکە کوردی خالیسە کارەکانی شەجەریان، بەهۆی ئەوەیکە زۆر بەی ژەنیارەکان و ئاهەنگسازەکانی کوردن، ئەویش دەکرێ بڵەین جگە لە مەقام و ئاوازەکانی ڕەدیفی  نەبێ، باقێکەی هەمووی بنەماکەی کوردییە. هەڵبەت بنەمای تەحریرش هەر لە ناخی کەسانێکی وەک م.سەید عەلی ئەسغەری کوردوستانی یەوە شیاوترە تا کەسانی تر، یان ڕیتمی کوردییە، لە تورکییەش هەڵبەت بەهۆی کەسانێکی وەک ئیبڕاهیم تاتلێسەسەوە تووشی ئەو کارەساتە بووین. لە کول دا مووزیکی کوردی ئەوەندە گەورەیە کە هەروڵاتێکی بێت، دەتوانێ بەشی حۆی لێ هەڵگرێ و تا کاتێک ئاکادێمی کوردیمان نەبێ و ئاڕشیوێکی گەورە، ئەو ڕەوتە هەر درێژەی دەبێ.

ڕاوێژ: دۆخی هونەرمەندان و بە تایبەت هونەرمەندانی مووزیک لە ئێران ئێستا چۆنە؟

مەعرووفی: هەست دەکەم ئەو پرسیارە پێویستی بە شیکردنەوەیێکی زۆر نەبێ. چون ڕۆژ نییە کۆنسێرتی هونەرمەندان تێک نەچێ. ژەنیاری ژن مافی ژەنیاریان نییە و لە ساڵی ڕابردوودا چەن کۆنسێرت بەو هۆکارە، لە کاتی بەڕێوەچووندا شێوێندران. ژنان  کە بە هیچ شێوەیێک مافی گۆرانی وتنیان نییە لە کۆنسێرتی گشتی دا، ژیانی هونەرمەندان بە کاری هونەری دابین نابێ، بۆ وەرگرتنی جەوازی کۆنسێرت دەبێ حەوت خانی ڕووستەم ببڕی. پێش بەڕێوەچوون چاودێری لەسەر شێعرەکان و بەتازەگی لەسەر ڕیتمەکانیش دەکرێ (هەڵبەت بۆ هونەرمەندانی خاوەن پێگە لە نێو خەڵک دا)

سەرە ڕای هەموو ئەوانەش زۆر جار هێرش دەکرێتە سەر هۆنەرمەندان و بە موتریب نیویان دەبەن، هەڵبەت من ڕام وایە کە ئەوەندە مەجالەی کە هەشە جێگەی شوکرە، چون لە ئایینی ئیسلامدا مووزیک حەرامە و بە دەنگی شەیتان پێناسە دەکرێ و حەدیسی زۆرمان هەیە کە بێ ڕێزی بە هۆنەرمەند دەکا. بەڵام بە پێچەوانەوە لە زۆربەی وڵاتانی دوونیا ئەو حاڵەتە نییە و هونەرمەندان خاوەنی پێگەن و بەڕێزترین بەشی کۆمەڵگان و حکوومەت پشتگیری سەرەکییە و تەنانەت هونەرمەندانی ئێمە زۆریان چوون بۆ ئەو وڵاتانە و بێ هیچ کۆت  و بەندێک کار دەکەن.

ڕاوێژ: با کەمێک پرسیارەکە وردتر بکەینەوە، باسی ڕیتم، دەگوترێ ئەوەی موسیقیی کوردی لە چاو موسیقیی زۆربەی نەتەوەکان، بەرزتر دەکا، ڕیتمە، دەکرێ بۆمان شیبکەنەوە؟

مەعرووفی: ئەو پرسیارە پێشتر تا ڕادەیێک وڵام داوەو کوتم کە بۆ نموونە ڕیتمی گەڕیان بە شێوەی حەوت لەسەر هەشت، هەر لە کورد دا بوونی هەیە، ڕیتمەکانی جێگەی مانۆڕن بۆ ئامێرەکان. هەر بۆ هەڵپەرین دەیان تێمپۆ و ڕیتمی شکاوەمان هەر لە ناوچەی سنە هەیە، لە ناوچە کانی تریش هەر بەو شێوەیە، بۆ مووزیکی عیرفان، ڕیتممان هەیە.

بۆ شینگێڕی….

بۆ هەڵپەڕکێ….

بۆ بۆنە ئایینێکانی وەکوو مەولوودی و مۆرەیان مور لە ئیلام و کرماشان چەندین ڕیتمی تایبەتمان هەیە. ڕیتمەکانی وەک حەوت لەسەر هەشت، دە لەسەر هەشت، پێنج لەسەر هەشت و هتد، هۆی جیاوازیمانن لەگەڵ گەلانی تر بۆ ئەوەی هەموان لێم تێبگەن نموونەیێکی سادە دێنمەوە. زۆربەی ئێمە ڕۆینە دەزانین و داخوا پێی هەڵپەڕیبین، ئەو ڕیتمە زۆر تایبەتە لە کورددا و هەزاران شێعر و مێلۆدی وڵاتانی تری لەسەر دابەزێنی، هەر ناتەواو دەبێ و مۆری کوردی هەر بەسەرە وەیە، شارەزایی مووزیکی زۆر پێویست نییە و هەرکەس ڕیتمی ڕۆینە گوێبیس بێ، دەزانێ کە موڵکی کوردە.

ڕاوێژ: با بچینە سەر دەور و ئەرکی کۆمەڵایەتیی موسیقی، موسیقی تا چەند دەتوانێ وەک دەنگی ناڕەازیی کۆمەڵگا دەوری هەبێ؟ یان تا چەند دەتوانێ ببێتە دەنگی کۆمەڵگا؟

مەعرووفی: بە دڵنیاییەوە تا ڕادەیەکی زۆر، بۆنموونە ڕەش پێستەکانی ئامریکا کەڵکیان لەو شێوە مووزیکە وەرگرت، مووزیکی ڕەپ یان ناڕەزایەتییان بونیاد نا، مووزیکی ڕەپ لەو دوایییانەدا هاتە نێو مووزیکی کورد و کورد تازەگی کەڵک لەو شێوە مووزیکە وەردەگرێ بەڵام کەسانێک وەک ناسری ڕەزازی یان خوالێخۆش بوو حەمە جەزا تا ڕادەیێک لە ڕێگای مووزیک ناڕەزایەتی گەلیان دەگەیاند، هەڵبەت زۆر بەی هەر زۆری کارەکانیان شۆڕش گێڕی بوون، دەنگی ناڕەزایەتی کورد، زیاتر لە دەمی شاعیران بووە تا گۆرانی بێژان.

ڕاوێژ: مووزیکی کوردی چۆن و له کوێ ڕا سەرچاوەی گرتووه و هه ڕوها ها لقەکانی مووزیکی کوردی، کامانه ن؟

مەعرووفی: لە ویژەنامەی فاسکێ کێی فەڕەنسی دا باسێک لەمبارەوە، بە پێی لێکۆڵینەوە ئەنجامدرا، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانە، مێزۆپۆتامیا، کە وڵاتی کوردە کانە، سەرچاوەی شارستانێتی و مووزیکی جیهانە. مووزیک لە کورد دا زۆر کۆنە، بۆ نموونە لە کتێبی سەرەنجامی یارسانەکاندا باس لەوە دەکرێ، کە کاتێک خوا ئادەمی خەلق کرد، ڕووح نەدەچوو ناو جەستەی ئادەم، دوای چل ڕۆژ دیسان خوا ئەمر بە بنیامین دەکات کە ڕووح بخاتە لەشی ئادەم و بێنیامین ئەو کارە بە گۆرانی دەکات و ئەمجار ڕووح دەچێتە لەشی ئادەمەوە، بۆ دیتنەوەی سەرچاوەی مووزیکی کوردی دەبێ لە ئایینی زەردەشت و یارسان دا بگەڕێین. هەڵبەت خوڵقانی مووزیکی کوردی، سەرەتا لە ئەفسانەکان دا دەستی پێکردووە. ئەفسانەکان لە قالبی حەیران و لاوک دا وتراون، هەڵبەت بۆ زانیاریتان لە کورددا، بەو شێوە مەقاماتە، مەقامی دیوانی دەکوترێ. زۆربەی زۆری مەقامە دیوانیەکان یان ئایینین یان حیماسی(شۆڕشگێڕی)، بەناوبانگ ترین کەسیش لە وتنەوەی مەقامات ی دیوانی دا، کەوەیس ئاغایە. کەواتا سەرچاوەی خووڵقانی لە ئەفسانەکانی کوردی دایە و بۆ مێژوویەکەی لە ئایینی یارسان و زەردەشت دا دەبێ لێی بگەڕێین، بۆ لقەکانی مووزیکی کوردیش لە ئاوازە دیوانیەکان، دوو شێوە پەیدا بوو .

قارەمانی و ئەوینداری.

وەک خەج و سیامەند، زەنبیل فرۆش و ئاس و حەسەن. کە ڕۆمانتیک و قارەمانێتی تێیان دا دەدیترێ. جوورێکی تر، کە لە موکریان و سۆرانی نشینەکان پێی دەڵێن گۆرانی و لە نێو بادینیەکان دا پێی دەڵێن لاوژە، گۆرانی یان لاوژە، ڕیتمێکە و ڕیتمەکەشی قەتارە، بە پێی لێکۆڵینەوەی زمان ناسان، قەتار لە گاتار یان گاتا ڕا هاتووە و سەرچاوەی ئەو ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە سەر ئایینی زەردەشت، ئەوەی تر چەمەرییە کە بۆ بەخاک سپاردن، بە ئامێری زوڕنا و دەهۆڵ بەڕێوە دەچێت. ئەوەی تر هۆرەیە کە ووشەیەکی زەردەشتییە و تایبەتە بە ناوچەکانی کەلهوڕنشین و لە ئیلام و کرماشان بوونی هەیە و ئەویش بۆ بۆنە ئایینیەکان کەڵکی لێوەردەگیرێ و ئامێری دەف و تەنبوور بەکار دەهێنن. دواتر مەولوودی خوانیمان هەیە کە دوای ئیسلام قالبی ئیسلامی بەخۆیەوە گرت و مەلا باتدێیی، سۆفی و عارف، بۆ میلادی پێغەمبەری ئیسلام بەکاریان هێنا. شێوەیەکی تر، مور یان مۆرەیە کە ئەویش تایبەتە بە ئیلام و کرماشان، بۆ یادبوودی گەورە پیاوان کەڵکی لێ وەردەگیرێ.

ڕاوێژ: هەندێک هونەرمەند ویستوویانە سەبک و شێوەی نوێ بێننە ناو موزیکی کوردیی، بەڵام سەرکەوتوونەبوونە. هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

مەعرووفی: ئەوە شتێکی ئاساییە و ناکرێ بڵێین سەرکەوتوو نەبوون، وڵاتان کارتێکەرییان دەبێ لە مووزیکی یەکتردا، زۆر سەبک هاتوونە ناو مووزیکی کوردی، مامۆستا قادر دیلان یەکەم کەس بوو کە ئەو کارە ی کرد، سەبکی پاپی هێنا ناو مووزیکی کوردی. دواتر هومەر دزەیی، دواتر میکائیل، هەروەها دۆستی خۆشەویستم م.فەرید فەرەج پووری زۆری کەڵک لە مووزیک و سەبکی یۆنانی وەرگرتووە. وەک ژەنیاریش کامکارەکان هەوەڵ کەسان بوون کە ئەو کارەیان کرد لەو سەبکانەی کە هاتوونە ناو مووزیکی کورد دەکرێ باسی هەندێکیان بکەین، وەک ڕەپ، تا ڕادەیەک هاتووە و هاوردە کراوە هەڵبەت لە بواری ڕەپ دا زۆر بەهێز نین و زیاتر چاولێکەری دەکەین، بەڕای من هاتنی ئەو مووزیکانە بۆ چەن هۆکار دەگەڕێتەوە، هەندێ گۆرانی بێژ مێلۆدی وڵاتانی تر دەهێنن و هۆنراوەی کوردیان بۆ دادەنێن وێڕای مێلۆدیکە، گەر وریا نەبین ئەوە زۆر تایبەتمەندی تری ئەو گەلانەش هاوردە دەکرێن دەبێ زانایانە بکرێ، وەکوو م. ماملێ کە ڕەنگی کوردی دەدایە مێلۆدی ئازەری و زۆر جار عەڕەبی و دواتر هەستت نەدەکرد کە ئەوانە ئی نەتەوەی ترن زۆر جاریش، هونەرمەندان ناتوانن مێلۆدی تازە بخوڵقێنن یان سەبک درووست بکەن دەستەو دامێنی وڵاتانی تر دەبن ئەو هاوردە کردنە تا کاتێک مووزیکی کوردی، بناغە بێت و هەروەها هەموو مێلۆدیەک هاوردە نەکەین و جوان بژێریان بکەن، ئەو هیچ گرفتی نیە بەڵام ئێمە مووزیکی وڵاتانێک دەهێنین، کە لاوازن و تەنانەت خۆمان مایەی دەوڵەمەندی ئەوانین وەکوو تورکییە و فارسی.

ڕاوێژ: باسێکی گرنگ لە باس لەسەر هونەر و هەنەرمەند، باسی بەڵێندەری یان تەعەهوودە، هونەرمەند چ ئەرکێکی لە هەمبەر نەتەوەکەی لەسەر شانە؟ ئایا دەکرێ بڵێین هونەرمەند تەنیا لەهەمبەر هونەر بەرپرسیارە نەک خەڵک و نیشتمان؟

مەعرووفی: هونەر، بەڵێنییە. هونەرمەند میرات داری مێلۆدیەکانی نەتەوەیێکە کە بە درێژایی هەزاران ساڵ خوڵقاون، بەڕای من هونەرمەندان لە مووزیک دا، دەبێ زیاترین تەعەهودیان هەبێ هەڵبەت هونەرمەند مافیشی هەیە و دەبێ کۆمەڵگا بیان پارێزێ بە دڵنیاییەوە هونەرمەند سەرەتا بەرپرسیاری خەڵک و نیشتیمانە، دواتر ئی هونەر، وەکوو وتم میرات دارە و ئەمانەت دار و دەبێ بە باشترین شێوە بیپارێزێ و بۆ ناساندن و پتەو بوونی پێگەی مووزیکی گەلەکەی تێبکۆشێ.

ڕاوێژ: بندەستی، بێبەشی و بێ دەرەتانی چەندە کاریگەری لەسەر لاوازبوونی هونەرری کوردی هەبووە بە ڕای ئێوە؟

مەعرووفی: ئاسەوارەکانی نەبوونی بندەستی و بێبەشی بە ڕووخساری مووزیکی ئێمەوە دیارە بەو هەموو لق و دەوڵەمەندییە، هێستاش هەر دەبێ حەول بدەین بۆ ناساندنی لە کاتێک دا کە شایەنی ئەوەین  گەلانی تر خۆیان بێن و لێکۆڵینەوەمان لەسەر بکەن بەو هۆیانەیە کە خاوەنی ئاکادێمیای مووزیکی خۆمان نین، کەچی هەموو وڵاتێک خاوەن ئاکادێمیایە، هێستاکەش ئاڕشیوی تایبەت بە مووزیکی خۆمان نییە زۆر مێلۆدی و مەقاماتمان فەوتان و بۆ گەلانی تر پێناسە کران و لێیان دزین ئەوانە هەموو ئیشی بندەستی وبێدەرەتانین تا وەها بێدەرەتانیش بین و بێ ئاکادێمی و ئەوە هەر دزیمان لێدەکرێ و وێڕای خاک و هتد مووزیکیشمان زەوت و تاڵان دەکرێ.

ڕاوێژ: بە داخەوە لە هەندێک ناوچەی کوردستان هەندێک کەس زۆر خراپ لە بەند حاڵی بوونە و وەکوو کەرەسەیەک بۆ شەڕە دندۆکەی نێوان خۆیان کەڵکی لێوەردەگرن و هەندێک کەس تەنانەت لە کووچە و کۆڵانیشدا بە یەک دەگەن بەم شێوەیە بەیەکدا هەڵدەدەن. من ناوی دەنێم دیاردە، دەبێ چی بکرێت بەند بگەڕێتەوە بۆ ئەو شێوەی کە پێشتر هەبووە؟ واتا وەکوو چۆن پێشتر وەسفی جوانی کێژێک یان سروشتی دەکرد.

مەعرووفی: سەرەتا دەبێ بەندبێژ پێناسە و شی بکەینەوە، بەندبێژ، هۆنەر و شاعیرە بیداهەکانن کە بەشێوەی خۆوێژی، جوانیەکان تەسویر دەکەن، بەندبێژان تا ڕادەیەکی زۆر، هۆی مانەوەی هەڵپەڕکێن بەند بێژان خاوەنی ڕێز بوون لە کۆمەڵگادا  و کەسانێکی زۆر دەوڵەمەند بوون لە باری زانیاری بەڵام من ئەوەی ئێستا بە بەندبێژی نازانم هیچ هەستێکی جوانی شاعیرانە لە بەندەکان دا نابینم لە باری دەنگیشەوە گەر خۆمانە بێژم، شتێک لە مایەی زیڕە و گوڕان دایە شتێک کە من لێرە دا پێم کارەساتە، ئەوەیە کە گۆرانێکان و ئاوازەکان دەشێوێنن. من زۆر جار بیستوومە کە بۆ نموونە، گۆرانی (کین ئەم) شوان پەروەر بۆ هەڵپەڕکێ بەکار دەهێنن، حیماسە و گۆرانی هەڵپەڕکێ تێکەڵ دەبن، یان گۆرانی دەچمە سەر کانێ مرادانی ماملێ، کە پێویستە بە تێمپۆی نزم و دەنگی ئارام بکوترێتەوە، خێرای دەکەن ئەو شێواندنانە کارەساتن. بۆ لابردنی ئەو دیاردە قێزەونە، دەبێ خەڵکی گوێگر و گۆرانی بێژان ئاگادار بکەینەوە و گۆرانیبێژ زانیاری هەبێ سەبارەت بە گۆرانی بە ڕای من گۆرانی بێژانی کوردی، نەخوێندەوارترین هونەرمەندانی جیهانن، دوای وڵاتانی وەکوو ئەفغانستان، تەنانەت دەستگاکانی مووزیک ناناسن. مێژووی مووزیک ناناسن تۆنە کان ناناسن و لە ڕێی گۆرانی لایان داوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت