وتووێژی تایبەتیی ڕۆژی کورد لەگەڵ هونەرمەندی نیگارکێشی سێ ڕەهەندی، تاهیر قەرەخان

0
892

سێ ڕەهەندی، واتا جیا لە درێژایی و پانایی، بەرزاییشی لەگەڵ بێ،. بەرزایی ئەو ڕەهەندەیە کە نیگار لە ڕاستەقینە نزیک دەکاتەوە و زۆرتر وەک وێنە دەبیندرێ، ئەگەر هونەرمەندەکە وەک تاهیر قەرەخان شارەزا و لێهاتوو بێ، نیگارەکە وەک ڕاستەقینە و شتێکی زیندوو دەکەوێتە بەرچاوان، ئەو تایبەتمەندییەش حەز و چێژێکی زۆر ئاوێتە لەگەڵ سەرسووڕمان و جارجاریش باوەڕنەکردن لە بینەردا پێکدێنێ. تاهیر قەرەخان، هونەرمەندی نیگارکێشی لاوی کورد و چالاکی سیاسیی دانیشتووی هەندەران، یەکێک لەو هونەرمەندانەیە کە بە نیگارە سێ ڕەهەندییەکانی خۆی، لایەنگرێکی هونەریی بەرچاوی بۆخۆی پێکهێناوە، بەتایبەتی کە قەرەخان کوڕێکی کراوە و ڕووخۆش و سوحبەتچیە، ئەو لایەنگرییە زێدەتریش بووە. وێنەکانی زۆرتر لە ژینگە ئیلهامیان وەرگرتووە، یەکێک لە بەرهەمەکانی زەردەواڵەیەکە، کە لێی ورد دەبیەوە، هەست دەکەی زیندوویە و هاکا پێیوەدای، یەکێکی تریان شووشەی کانادایە، یەکسەر گازەکەی لە ناو دەمی بینەر دەخزێ و حەز دەکەی ئێستا بیخۆیەوە.

ڕۆژی کورد وەک مەکۆیەکی کوردی کە هەوڵی داوە لە هەر قوژبن و شوێنێکی کوردستان و جیهان، لێهاتوویی و کارامەیی و حەزێکی کوردی ببینێ، وتووێژی لەگەڵ بکات و بیانناسێت و بیانناسێنێت، هەوڵی داوە ئەمجارە جیاواز لە پێشوو نەک لە باری سیاسییەوە بەڵکوو لە باری هونەرەکەیەوە لەگەڵ بەڕێز تاهیر قەرەخان بێتە گۆ و دیمانەیەکمان لەگەڵیان پێکهێناوە کە لێرەدا سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین.

پێویستە بگوترێ هەوڵمان داوە بەرهەمەکانی بەڕێزیان بە شێوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بۆ ئێوەی ئازیز ئامادە بکەین کە لەم وتووێژەدا دەیبینن.

ڕۆژی کورد:  سەرەتا ئەگەر بکرێ خۆتان بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد بناسێنن.

قەرەخان: من تاهیر قەرەخان، خەڵکی شاری نەغەدە، تەمەنم ٢٩ ساڵە.

ڕۆژی کورد:  بەر لەوەی بچینە سەر باس لە کارەکانتان و بەرهەمە هونەرییەکانتان حەز دەکەین بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد باسی خودی هونەرەکەتان واتا  “نیگارکێشیی سێ ڕەهەندی” بکەن. ئەو لقە لە هونەر چیە و مێژووەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە و پێگەی ئەو هونەرە لە ئاستی جیهاندا چێە؟

قەرەخان: وێنەی سێ ڕەهەندی شێوازێکی نوێ لە دنیای نیگارکێشیە کە دەتوانێ سەرنجی بینەر بۆلای خۆی ڕابکێشێت، وێنەی سێ ڕەهەندی، یەکەم جار مونالیزا کێشاویەتەوە بەڵام هێندێک لە کارناسان لەسەر ئەو بڕوایەن کە یەکەم جار لێۆناردۆ داوینچی وێنەی سێ سێ ڕەهەندی کێشاوەتەوە.

وێنەی سێ ڕەهەندی تەنیا لە ڕەهەندێکەوە مانا و شکڵی ڕاستەقینەی خۆی نیشان دەدات و ئەگەر لە ڕەهەندێکی دیکە جیا لە ڕەهەندی خۆی بۆی نەڕوانی، هیچ مانایەکی نیە، ئێستا لە جیهاندا شێوازێکی  نوێتر بە ناوی “ئانامۆرفیک” هاتووە کە سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە کە لە هێندێک لەو وێنانە کە بە شێوەی گرتە لەبەر دەستتان دا هەیە، کەڵکم لەو شێوازە وەرگرتووە و دەتوانن بیبینن.

ڕۆژی کورد: کاک تاهیر جەنابت لە کەیەوە دەستت کردووە بەو هونەرە؟ مامۆستاتان کێ بووە؟

قەرەخان: من لە منداڵیەوە هۆگریم بە وێنەکێشان هەبوو و هەمووکات لە قوتابخانە لە وانە هونەر نومرەی باشم دێناوە، بواری خوێندنیشم کە نەقشەکێشیی بینا و خانووبەرە بوو پەیوەندی بە وێنەکێشان و لێزانییەکانی تایبەت بە وێنە کێشانەوە هەبوو.

من هیچ مامۆستایەکم نەبووە، بەڵام لە ١٥تەمەنی  ساڵیەوە لای وەستایەکی ئازەری زمان کارم کردووە و بە شەراکەت تابڵۆکانمان دەفرۆشت. سەرەتا سرووشتم دەکێشاوە و کارم قەڵەم ڕەنگی و ڕەنگی ڕۆنی بوو، لەو ماوەیە کە لە نزیک کۆیەی حاجی قادر دەژیام و پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بووم، ناونووسیم لە سەنتەری گەنجانی کۆیە کرد کە دواتر دوای بینینی کارەکانم منیان وەکوو مامۆستا هەڵبژارد و نزیک دوو مانگ لەو سەنتەرە مامۆستای نیگارکێشان بووم بەڵام ماوەی چوار ساڵە شێوازەکەم گۆڕیوە بۆ وێنەی سێ ڕەهەندی.

ڕۆژی کورد: بەڕێزتان لە کارەکانتاندا ئیلهام لە چێ وەردەگرن؟ سرووشت، کوردایەتی، حەزی شەخسی یان چی؟

قەرەخان: بە هۆکاری ئەوەیکە ناتوانم کارەکانم پەیوەندی بدەمەوە بە کورد، بۆیە بەداخەوە کارەکەم پەیوەندی بە کوردایەتیەوە نیە، زیاتر لە کەژ و هەوای بارانی یان کاتێک تەنیا دەبم ، حەز دەکەم وێنە بکێشمەوە، بەڵام هیوادارم ڕۆژێک بتوانم لە شێوازی سێ ڕەهەندی دا کە لە ناو هونەرمەندانی کورد باوی نیە، پلەیەکی باش بۆخۆم مسۆگەر بکەم.

ڕۆژی کورد: ئەگەر بکرێ بە کورتی باس لە کۆی بەرهەمەکانتان بکەن و بینناسێنن؟

قەرەخان: بەرهەمەکانم پێکهاتوون لە سێ ڕەهەندی، و ئانامۆرفیک و ڕئالیسم دراوینگ(کێشانەوەی ڕاستەقینە)

ڕۆژی کورد: تا ئێستا هیچ پێشانگایەکتان داناوە؟ ئەگەر نا، هۆکار چێە؟

قەرەخان: بەداخەوە چوون ماوەیەکی کەمە لە ئوروپا دەژیم، ئەو ماوەیە سەرقاڵی خوێندنی زمان بوومە و دواتر بە هۆی کار کردنەوە کەمتر ئەو دەرفەتەم هەبووە کە بەشێوەیەکی گشتی و بەردەوام پەرە بە کارەکانم بدەم، بەڵام لە شاری ئۆسڵۆ و کۆنگسبێرگ توانیومە لە ڕێوڕەسمە کولتورییەکا دا وێنەکانم بخەمە بەر دیدی خەڵک و چەند تابڵۆیەکیان لێ بفرۆشم. بە نیازم لە داهاتوویەکی نیزیکیش دا لە شاری ئۆسڵۆ پێشانگایەک بکەمەوە.

ڕۆژی کورد: با بگەڕێینەوە سەر خودی بواری هونەریتان، جیاوازیی ئەو شێوە نیگارکێشیە لەگەڵ نیگارکێشیی ئاسایی چێە؟

قەرەخان: هەموو شێوازێکی نیگارکێشی لایەنگری خۆی هەیە بەڵام ئەو شێوازە بە هۆی ئەوەیکە سەرنجی خەڵک بۆلای خۆی ڕادەکێشێت و جۆرێک هونەری کێشانەوەی تێدا بەرچاوە لەلایەن کۆمەڵگاوە باشتر وەردەگیرێت.

ڕۆژی کورد: کاک تاهیر زۆر جار بینیومە بینەرانی کارەکانتان کە کارەکە دەبینن وادەزانن وێنەیە نەک نیگار، بەڕاستی ڕەهەندی سێهەم بەخشین بە نیگار چەند زەحمەتە؟

قەرەخان: سێ ڕەهەندیی تێکەڵ بە ڕئالیسم دراوینگ، کارێک دەکات کە بینەر هەست بە ڕاستەقینە بوونی نیگارەکە بکات، یەکێک لە سەرەکیترین تەرفەندی ئەو کارە کە دەچێتە چوارچێوەی ئەو شێوازە لە کار،ئەوەیە کە نیگارەکە لە ڕاستی نزیک بێت، جۆرێک وێنەی سێ ڕەهەندی هەیە کە زیاتر کار لەسەر پێرسپێکتیڤ دەکات، لێرەدا پێویست ناکات وێنەکە تێکەڵ بە ڕئالیسم دراوینگ بکرێت.

ڕۆژی کورد: جیا لە بەڕێزتان لە ناو کوردستان بە گشتی هەر چوارپارچەکەی، هونەرمەندی تری بەرچاومان هەیە لەو بوارەدا کار بکات؟ 

قەرەخان: لە بواری سێ ڕەهەندیەوە ئەو کەسانەی کە کاری هونەری دەکەن و دەیانناسم، نەمبینیوە بەڵام هەر وەک چۆن من هێندێک جار وەک ئاڵوگۆڕی و حەزی خۆم، بە شێوازێکی تر نیگارکێشی دەکەم، جارجاریش بینیومەهەندێک هونەرمەندی نیگارکێشی کورد وێنەی سێ ڕەهەندیان کێشاوەتەوە.

ڕۆژی کورد: لە کۆتاییدا ئەگەر بابەتێک یان خاڵێک هەیە کە پێویست بە ئاماژە دەکا بفەرموون.

قەرەخان: زۆر سۆپاس بۆ ئێوە وەکوو ناوەندی ڕۆژی کورد و سوپاسی خوێنەرانیش دەکەم کە کاتی خۆیان داناوە بۆ خوێندنەوەی ئەو وتووێژە، هیوای سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات دەخوازم.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت