سەعید باغی: ئەوەی کە ئێستا لە بەرانبەر ژینگە و سرووشتی کوردستان دەکرێت ژینۆساندێکی ڕاستەوخۆیە

0
1090

لە مێژووی کورددا، ڕژیمگەلی داگیرکەری کوردستان، هەر هەموویان بەپانەوە لە هەمبەر کوردستان یەک سیاسەتیان هەبووە، ژینۆساید و قڕان و تاڵان، ئەو ژینۆسایدە هەر خەڵک و ئاکنجییەکانی کوردستانی نەگرۆتەوە بەڵکوو دوژمن زۆر جار بەر لە خاڵک، خاک و ژینگەکەی کردۆتە ئامانج چون باش دەزانن خەڵک بە خاک و ژینگەوە دەژی و بوونی هەیە، باش دەزانن دایکی کوردستان دایکێکی دلۆڤان و ب ڕەحمە و بوونی ئەو گەورەییەی خاک و چیا و دەشت و کەژ و کۆیەکەیەتی کوردی وەها بوێر، نەترس و چاوزیت ڕاگرتووە، هەر بۆیەش کۆماری ئیسلامی و ڕژیمەکانی بەرێ بەر لەوەی خەنجەر لە تاکی کورد هەکێشن، سینگی دایکی هێژای وڵات شەقار شەقار دەکەن، ئەمساڵیش لە سەرەتای بەهارەوە هەمدیسان دەستی ڕەشی پیلان و زارۆکەکانی ئەهریمەن، پێدەشت و نواڵ و زنوێر و چیا و دارستانەکانی کوردستانیان دا بەر هێرشی شەوپەرستانەی خۆیان و ڕۆژ نیە لەگەڵ پێکانی هەر کۆڵبەرێک و لەسێدارەدانی هەر ڕۆڵەیەکی باشی ئەم نیشتمانە، دوو سێ چوار هەواڵی ئاگرتێبەردان لە جەستەی ناسکی دایکی نیشتمان نەبیستین، لێ ڕۆڵە نەترس و هەستیار و بەجەرگەکانی کوردستان خەمی دایکیان هەر لە کۆڵەو بە دەستی بەتاڵ و بریندار و سووتاوەوە ڕووبەڕووی ئاگر دەبنەوە، ژیان دەخەنە پرێسکەیەک و لە کۆڵیانی دەدەن و بەرەو ئاگر بۆ پاراستنی دایکی وڵات تاو دەدەن چون ئەوان باش دەزانن “دیسا ل مە فەرمانە”، ڕۆژی کورد بۆ شرۆڤەی چڕتر و باشتری ئەو باسە، وتووێژێکی لەگەڵ بەرپرسی ماڵپەڕی ژینگەوان و چالاکی ژینگەپارێز، سەعید باغی، پێکهێناوە کە لێرەدا سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین.

ڕۆژی کورد: تا ئێستا و لە ماوەی ٤ مانگی ڕابردوودا، چەند ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ڕووی داوە؟

سەعید باغی
سەعید باغی

باغی: ئەوەی کە لەو ماوەیە لەلایەن هەواڵنێرانی ژینگەوان بە دەستی ئێمە گەیشتووە لە ماڵپەری ژینگەوان تۆمار کراوە ۲٨۳حاڵەت لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان ڕوویداوە کە دڵنیام لەوە زیاترە. بە داخەوە لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان وەک ناوچەی لورسان، ئیلام…و هەروەها لە ناوچەی ورمێ و ماکۆ… بە هۆی ئەوەی کە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکان زۆر کەم بە میدیایی دەکرێت و زۆر جار ناوندە حکومەتیەکان ئیزنی ئەوە نادەن کە لە میدیاکان باس بکرێ، هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە کە چالاکانی ژینگەپارێزی ناتوانن ئامارێکی ڕێک و درووست، بەتایبەت لەسەر ئەو ناوچانە بە دەست بێنن.

ڕۆژی کورد: زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان لە کام شوێنی کوردستانن؟

باغی: زۆربەی هەرە زۆری ئاگرکەوتنەوەکان لە ناوچە سنووریەکان ڕوویداوە. لەوانە دەتوانم ئاماژە بە پارێزگای کرماشان، پاوە، مەریوان بکەم، واتە سەرجەم ئەو ناوچانەی کە سەر بەو شارانەن. بەڵام لە ڕووی ڕێژەی سۆتاندنەوە پارێزگای کرماشان لە ناوچەکانیتر زیاتر بووە. نمونەی هەرە بەر چاویشی ئاگری ناوچەی گێڵانغەرب و بان سەیران ـە کە تا ئێستا زیاتر لە ۱٥۰۰هێکتار لە دارستان و لێڕەوارەکانی ئەو ناوچە سووتاوەو هێشتاش کۆنتڕۆڵ نەکراوەو ڕێژەکە ڕوو لە زیاد بوونیشە، یەکێکی تر لەو ئاگرکەوتنەوانە ئاگر تێبەردانی دەرەشار بوو کە بۆ ماوەی یەک حەوتوو بەردەوام بوو.

ڕۆژی کورد: ئاماری ئاگرکەوتنەوەی ئەمساڵ لە بەراورد لەگەڵ ساڵ ڕابردوو لەو وەرزەدا چەندە؟

باغی:  لە ڕووی ژمارەوە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، ڕەنگە تا ئێستا بیست تا سی حاڵەت زیاتر بێت بەڵام لە ڕووی ڕێژەی سووتاندن و خەسارو زیانەوە  جیاوازییەکی زۆریان هەیە، بەتایبەت لە ماوەی بیست ڕۆژی ڕابردوودا کە ئاگرکەوتنەوەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ڕۆژی وا بووە کە زیاتر لە دە ناوچەی جیاجیا لە کوردستان هاوکات ئاگری تێبەردراوە، هەروەک ئاگادارن لە ماوەی دۆینێ و ئەمڕۆ زیاتر لە ۳۰حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تەنیا لە شارەکانی مەریوان، سنە، کرماشان ڕوویداوە.

ڕۆژی کورد: هۆکار یان هۆکارگەلی سەرەکیی ئەو  ئاگرکەوتنەوانە بە پێی زانیاریی ئێوە چین؟

باغی:  بە باوەڕی من دەتوانین ئاگرکەوتنەوەکان بە سێ بەش دابەشی بکەین.

 بەشی یەکەم مانۆڕە نیزامیەکانن: کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا ڕژیم بە شێوەیەکی بەرین لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەتایبەت ناوچە سنووریەکان بە بیانووی ئەمنیەتی ڕۆژانە بەڕێوەیان دەبات بەپێی ئەو زانیاریانەی وەدەست ئێمە کەوتووە زۆرترین ڕێژەی سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان لە ئەنجامی بەڕێوەبردنی مانۆڕە نیزامیەکان بووە.

هۆکاری دووهەم دەستە شاراوەکانن: دەستە شاراوەکانی پشت ئاگرکەوتنەوەکان کە من لەو بارەوە بەپێی ئەو زانیارییانە کە ڕۆژانە لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان دەستمان دەگات دەتوانم بڵێم زۆربەی هەرە زۆر ئەم حاڵەتانە دەگەرێتەوە بۆ هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران کە لە ناوچەکانی جێگیر کراون، هاوکات بوونی ئاگرکەوتنەوەکان، بە هانانەچوونی ناوندەکانی حکومەت لە کاتی پێویست، دابین نەکردنی کەرستە و …دەخەری ئەو ڕاستیەیە.

بەشی سێهەم: کە بە باوەری من ڕێژەیەکەی زۆر کەم دەگرێتەوە کەمتر خەمی هاووڵاتیانە لە کاتی چوونە دەرەوە بۆ سەیران بەسەربردنی کاتی خۆیان لە شوێنە گەشتیاریەکان یان دارستانەکان ڕوودەدات.

ڕۆژی کورد: پێتان وایە بەر بڵاویی ئاگرکەوتنەوەکان هەم لە ڕووی ڕێژە و هەم لە ڕووی پانتایی جوغرافیایی لە چاو ساڵانی پێشوو چێە؟

باغی: ئەوەی کە لە ماوەی چەند ساڵی پێشوو تا ئێستا ڕوویداوە بە باوەڕی ئێمە ناکرێت لەگەڵ ساڵانی پێشوو بەراورد بکرێت، ئەوەی کە ئێستا لە بەرانبەر ژینگە و سرووشتی کوردستان دەکرێت ژینۆساندێکی ڕاستەوخۆیە هەر وەک ئاماژەم پێدا تاکە بیانووی هێزەکانی حکومەت، ئەمنیەتی ناوچەکەیە کە لە ڕاستیدا کوردستانیان کردووە بە پادگانێکی نیزامی، هەروەک ئاگادارن هەر ڕۆژە ناوچەیەکی کوردستان تۆپباران دەکەن کە نمونەی هەرە بەرچاوی تۆپبارانی ئەمڕۆی ناوچەی تەنگەی حاجییان لە گێڵانغەرب بووە، بەتایبەت لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوو کە هێزکانی حدکا هاتووچۆی شار و گوندەکانی کوردستان دەکات دۆخەکە زۆر جیاوازتر بووە، بەرپرسانی حکومەت خۆیان بە ڕاشکاوی ڕۆژانە باسی دەکەن و دەڵێن ناوچە شاخاویەکان و دارستانەکان بوونەتە شوێنی حەشارگەی هێزە نەیارەکان کە مەبەستیان هێزی پێشمەرگەی کوردستانە.

ڕۆژی کورد: تا ئێستا ئەرکی چالاکانی ژینگەپارێز لە کوژاندنەوەی ئاگرەکان چۆن دەنرخێنن؟

باغی: ئەوەی لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان ئەنجوومەنە ژینگەپارێزیەکان و چالاکانی ئەو بوارە کردیان دەتوانم بڵێم شۆڕشێکی ژینگەیی بوو نەک هەر تەنیا لە پرسی ئاگرکەوتنەوەکان بەڵکوو لە زۆر بواریتر وەک بەڕێوەبردنی دەیان دەورەی پەروەردەیی، گرنتی سمینار و بەڕێوە بردنی دەیان هەڵمەت چاندنی نەمام و خاوێن کردنەوە، لە پێوندی لەگەڵ ئاگرکەوتنەوەکانیش ئەوەی کە تا ئێستا کراوەو دیتوومانە تەنیا خەڵک بووە کە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا بەشداری کردووە گەر بەشدارییەک بووبێت لەلایەن ناوندەکانی حکومەتەوە کەمترین بەشداری بووە، زۆر جاریش پێشهاتووە کە لە کاتی کۆژانەوەی ئاگرکەوتنەوەکان پێشیان بە خەڵک گرتووە.

ڕۆژی کورد: وەک من ئاگادار بم، گوشارێکی زۆر لە سەر چالاکانی ئەو بوارە و بەتایبەتیی لەسەر ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان لە لایەن ڕژیمەوە زۆرە، هۆکاری ئەو گوشارانە بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

باغی: ئەوەی ڕاستی بێ ئەو گوشارانە شتێکی تازە نییە کە لەلایەن ڕژیمەوە لە چالاکانی ژینگەپارێزی دەکرێت،  لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە سەر پرسی کانی بڵ ئەوەمان بینی، ئەو گوشارانە لە سەر زۆربەی ئەنجومەنەکان هەیە، ڕەنگە ئەنجومەنی سەوزی چیا بە هۆی ئەو جێگەوپێگەیە کە لە نێو خەڵکدا هەیەتی گوشاریشی لەسەر زیاتر بێت، هەڵبەت ڕژیم لە سەرجەم ئەو ڕێکخراوانە کە خەڵک لە دەوریان کۆ دەبێتەوە دەترسێت، تەنانەت زۆر جار لە ڕێگای نەفەراتی خۆیەوە بشێوی و ئاژاوە دەخاتە نێو ئەنجومەنەکانەوە بۆ ئەوەی نەتوانن کارو چالاکییەکانیان بە باشی بەڕێوە ببەن، تەنانەت زۆر جار لە ناو خەڵکی ناوچەکە دەست دەدەنە بڵاو کردنەوە پڕوپاگەندە لە دژی ڕێکخراوەکان بۆ ئەوەی لە ناو خەڵک لاوازیان بکەن کە بە خۆشحاڵییەوە تا ئێستا نەک هەر سەرکەوتوو نەبوون بەڵکو ڕێژەی پێشوازیەکان لە ئەنجومەنەکان زیاتریشی کردووە.

ڕۆژی کورد: مخابن تا ئێشتاش لە شار و شوێنەکانی تری کوردستان ناوەندی وەک “چیا” پێکنەهاتووە، لاتان وایە پێویستە بیر لە ناوەندێکی ئەوتۆ بکرێتەوە؟

باغی: ئەوەی کە ئەنجومەنی سەوزی چیا لە کوردستان و تەنانەت لە سەر ئاستی ئێرانیش یەکێ لە چالاکتەرین ڕێکخراوەکانە شتێکی حاشا هەڵنەگرە و ئەنجومەنی سەوزی چیا بە هۆی ئەوەی کە لە ئێستا و لە ڕابردووشدا خاوەنی زۆرترین کەسانی شارەزا و دڵسۆز لە بواری ژینگە و ژینگەپارێزیدا بووە و لە کوردستان بە تایبەت لە مەریوان و ناوچەکانی دەورووبەری خاوەن پێگەیەکی تایبەتیە لە نێو خەڵکدا، هەر ئەوەش دوو هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی ئەو ڕێکخراوەیە،  لە پیوندی لەگەڵ ئەوەی کە ئایا ئێمە پێویستمان بە ڕێکخراویەکی هاوشێوە هەیە یان نا! دەتوانم بڵێم کە ئێستا لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان ڕێکخراوی کارا و خاوەن کەسانێکی بە ئەزموون و دڵسۆز بوونی هەیە و ڕۆڵی تایبەتی خۆیان بەپێی توانای خۆیان گێڕاوە و کاریگەری خۆیان هەبووە.

ڕۆژی کورد: ئێوە وەک ماڵپەڕی ژینگەوان تا ئێستا هەوڵتان داوە هەواڵەکانی ئەو بوارە ڕاگوازن بۆ ناوەندە ناونەتەوەییەکان؟ پێتان وا هەیە پێویستە لەو بارەوە لە دەرەوەی وڵات چالاکیەک بکرێت؟

باغی: لە پێوەندی لەگەڵ ناوندە ناونەتەوەییەکان، ئێمە تا ئێستا نەماتوانیوە لە پێوندیەکەی ڕاستەوخۆدا باسی ئەو کارەساتە ژینگەییانە بکەین، هەرچەند لەو بارەوە بە پێی توانا هەوڵیشمان داوە، تاکە ڕێکخراوێک لە دەرەوە کە ئێمە چەند جار پێوەندیمان پێوە گرتوون “ڕێکخراوی ماڤی مرۆڤی کوردستان”ـە و چەندین جار ئەندامانی کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستانمان سەبارەت بە کارەساتە ژینگەییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بەتایبەت مەسەلەی ئاگرکەوتنەوەکان ئاگادار کردۆتەوە، چەند جاریش لەگەڵ میدیا کوردیەکان ئەو پرسەمان باس کردووه کە بەداخەوە میدیای کوردی لەو بارەوە زۆر کەمترخەم بووەو کەمترین باسیان لە بارەوە کردووە، بەدڵنیاییەوە چالاکی لە دنیای دەرەوە لەبارەی هەر پرسێکەوە کاریگەری زۆر چاکی لێدەکەوێتەوە، ئێمە دەتوانین وەکوو دنیای سیاسەت، دیپلۆماسیی ژینگەییمان هەبێت و بەدڵنیاییەوە سوودی باشی بەدواوە دەبێت، چونکە ژینگەی جیهان هەمووی گرێدراوە بە یەکەوە و کاریگەریی لەسەر هەموو جیهان دادەنێت؛ بۆیە ئەگەر کاری لەسەر بکرێت کاریگەری خۆی دەبێت.

ڕۆژی کورد: وێڕای سپاس و پێزانین لەوەی کە کاتی خۆتان بەخشی بە ئێمە، ئەگەر لە کۆتاییدا قسەیەکتان هەیە بفەرموون.

باغی: سەرەڕای ئەوەی کە لە سەرجەم وڵاتانی دنیا پرسی ژینگە وەک پرسێکی ئاشتی پێکەوە ژیان باسی لێوە دەکرێت، دەبینین لە وەاتی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا  هەروەک چۆن ڕۆژانە بە دەیان کەس لە ڕۆڵەکانی کورد لە لایەن ئەو دەسەڵاتەوە حوکمی سێدارەیان بەسەردا دەسەپێ و ڕۆژانە شایەتی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکۆمەت لە خەڵکی کوردستانین بە هەمان شێوە ئەو شتە بەسەر ژینگە و سرووشت و گیان لەبەرانی کوردستاندا بەڕێوە چووە، لە ئەساسدا ڕژیم کەمترین ئیمکاناتیشی بۆ ئەو بوارە جێبەجێ نەکردووە و زۆربەی هەرە زۆری بوودجەی حکومەت لە ڕێگای وەدەست هێنانی کەرەستەی نیزامیدا خەرج دەکرێت.

لە کۆتاییدا زۆر سپاسی ناوندی هەواڵدری ڕۆژی کورد دەکەم بۆ ئەم دەرفەتە کە بە منتان دا و سپاسی لەناخی دڵی خۆشم لە چالاکوانانی ژینگەپارێز لە ناوخۆی کوردستان دەکەم کە بوێرانە ژیانیان دەخەنە ناو توێی ئاگرەوە و شەڕی مان و نەمان بۆ ژینگەی کوردستان دەکەن، شەڕێک کە بەربەرەکانیە لەگەڵ ژینۆسایدی ژینگەی کوردستان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت