مامەند ڕۆژە: ئۆپەراسیۆنى موسڵ ڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر ئێران دەبێت

0
1807

بۆ تاووتوێ کردنی شەڕی موسڵ و لێکەوتە و پاشەڕۆژی ئەو شەڕە، ناوەندی ڕۆژی کورد، وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز مامەند ڕۆژە چاوەدێر و چالاکی سیاسیی کورد ئەنجامداوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: بە ڕای ئێوە، پێویستی و حەوجێی بەشداری کردنی کورد لە شەڕی موسڵ دا چی بوو؟ ئایا کورد دەبوا پشکداری ئەو شەڕە بێ؟

مامەند ڕۆژە
مامەند ڕۆژە

ڕۆژە: موسڵ لە سێ لاوە بە ناوچە کوردستانییەکان دەورەدراوە. هەروەها لە کۆندا بە هەموو کوردستانیان دەگوت ویلایەتى موسڵ. دوو لە سەر سێ  بەشی دانیشتوانى ویلایەتى مووسڵ کوردن. لەوە واوەتریش کورد پێویستە دۆکتۆرینێکى بۆ ئاسایشی نەتەوەیی خۆى هەبێت. ئەگەر مووسڵ لە کۆنترۆڵى ستراتیژی کورددا نەبێ، ئەوە دەبێ چاوەڕێی ئەوە بکا هەمیشە لەوێوە هەڕەشەى ئەمنى بۆ هەناردە بکرێت. لە کۆندا بەعس لە موسڵەوە سەرپەرشتى پرۆسەى داگیرکارى و کاولکاریى کوردستانى دەکرد. لە سەردەمى مالیکى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى دیجلە، کاتێک کێشەى تیرۆریان تاڕادەیەک لەکۆڵ بۆوە، لە موسڵەوە لەشکریان ڕەوانەى کوردستان کرد. دواجاریش کاتێک داعش موسڵى گرت، خەلاقەتى تێدا ڕاگەیاند، فەرمانى یەکەم هێرشی بۆ سەر کوردستان دەرکرد. ئەوەتا دەبینین موسڵ چەند بۆ ئاسایشی هەرێمى کوردستان سەرچاوەى هەڕەشەیە! لەبەر ئەوە پێویستە کورد بەشدارى تێدا بکا و کۆنترۆڵى ستراتیژى چواردەوری شارەکەش بەدەست کوردەوە بێت.

ڕۆژی کورد: یەکلایی بوونەوەی شەڕی و موسڵ و ئازادکرانی، چ کاریگەرییەکی لەسەر هاوکێشەکانی ناوچە دەبێ؟

ڕۆژە: رزگاربوونى کۆتایی ئەم تەنگژەیە نییە، بەڵکوو بۆخۆى دەبێتە سەرەتایەکى نوێ و گەلێک قەیرانى جیاوازى لێدەکەوێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە تەنگژەى موسڵدا گەلێک هۆکارى خۆجێی، هەرێمى و سەروهەرێمى ئامێتەبوون، دواى ڕزگارکردنى شارەکە، ئەم هۆکارانە بەریەک دەکەون. بۆ نموونە کورد، تورکمان (سوننە – شیعە)، عەڕەب (سوننە – شیعە)، سوریانى، کوردى ئێزدى، کوردى کاکەیی، کوردى شیعە، کوردى سوننە هەر هەموویان لەسەر موسڵ قسەیان پێیە. یاخود ئێران لەڕێی حەشدى شەعبییەوە دەیهەوێ شارەکە کۆنترۆڵ بکات. تورکیاش لەولا دەیهەوێ لەڕێی حەشدى وەتەنییەوە هەژمونى بەسەر شارەکەوە هەبێت. سعودیش ئەجێندایەکى تازەى پێیە. ئەمەریکا شتێکى جیاواز و ئەوروپاش جیاوازتر و ڕووسیاش تازە خەریکە باسی موسڵ دەکات. بۆیە تەنگژە گەورەکە دواى نەمانى داعش دەسپێدەکات.

ڕۆژی کورد: کاریگەریی ئەو شەڕە لەسەر کۆماری ئیسلامی چی دەبن؟ مەبەست دوای ئازادبوونیەتی.

ڕۆژە: ئۆپەراسیۆنى موسڵ ڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر ئێران دەبێت، چونکە ئێران دەیهەوێ لەڕێی دەستگرتن بەسەر موسڵدا سنوورەکانى سوریا – ئێراق کۆنترڵ بکات. کاتێک هێزە هەرێمییەکانى دیکە بێنە ناو دۆسیەی موسڵەوە، ئەوە لەگەڵ ئێران بەریەک دەگەون. بۆ نمونە هەر ئێستا بەریەک کەوتن لەنێوان ئێران – سعودى هەیە، لەنێوان ئێران – تورکیا خەریکە تەشەنە دەکا و بۆى هەیە بەریەک کەوتنى گەورەش لەنێوان ئەمەریکا و ئێران و تەنانەت ئەمەریکا – تورکیاش بهێنێتە کایەوە. بۆیە لە موسڵدا تەنگژە گەورەکە کە تەنگژەى هەرێمییە دەتەقێتەوە و ئەوسا هێزە هەرێمییەکان زیاتر ئاوڕ لە ناوخۆى ئێران دەدەنەوە!

ڕۆژی کورد: بەڕای ئێوە کورد پێش مەرجی بووە بۆ چوونە ناو ئەو شەڕە؟ دەستکەوتی کورد بەڕای ئێوە لەو شەڕەدا چی دەبێ؟

ڕۆژە: کورد پێشتر ستراتیژییەتى خۆى بۆ ئۆپەراسیۆنى موسڵ دیاریکردووە. بۆ ئەم مەبەستەش دوو ڕێکەوتنى گرنگى فەرمى لەگەڵ ئەمەریکا و یەکیشی لەگەڵ بەغداد واژۆکردووە. هەندێک دەسکەوتى ماددى و چەکوچۆڵى هەبووە. بەڵام تەگەرەى سەرەکى بۆ کورد ئەوەیە هێشتا ئەو پرسە بەلایەکدا نەکەوتووە کە داخۆ ئەو ناوچە کوردنشینانەى کورد ڕزگاری کردون بەفەرمى بەدەست کوردەوە دەبن یان نا؟ ئەمە ئەگەرى ئەوەى لێدەکرێ زنجیرەیەک تەنگژەى دیکەى لێبکەوێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت