ئاوڕێکی شێکارییانە لە میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ

0
562

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی تلێگرام کە شەوەکانی 30 و 31ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی لە سەر مژاری “ئاوڕێکی شێکارییانە لە میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی” لەگەڵ بەڕێز هەورام ڕەحیمی، ڕاگەیێندکار و چالاکی سیاسیی کورد و بە پێشکەشکاریی بەڕێز “خاتوو ژوان”، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گەورەژووری ڕاوێژ ، ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ : تکایە سەرەتا خوتان بناسێنن بو هاوڕێیانی ژووری ڕاوێژ .

ڕەحیمی: لەگەڵ سڵاو ڕێز و خۆشەویستی بۆ هەموو هاوڕێیانی گەورەژووری ڕاوێژ لەهەرجێگایەک هەن. هەورام ڕەحیمی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسیم و لە وڵاتی نۆروێژ نیشتەجێم. لە ڕاگەیەندنەکانی ماڵپەری لاوان، گۆڤاری لاوان وتۆڕی میدیایی ڕووداو کارم کردووە و ئێستاش لەخزمەتتان دام.

ڕاویژ: سەرەتا پێناسەیک لە میدیا و چۆنیەتی کاریگەری میدیا لە کۆمەلگادا؟

ڕەحیمی: میدیا بریتییە لە چەند سەرچاوەیەکی وەک ڕۆژنامە، تیڤی، ماڵپەڕی ئێلێکترۆنی، ڕادیۆ و هتد، کە ئەرکی گەیاندنی زانیاریی ڕاست و دروستی لەسەر شانە و لە نێوان دەسەڵات و خەڵک دایە. بە پێی ستانداردی جیهانیی، میدیا بە دەسەڵاتی چوارەم پۆلێن کراوە و لە سێ بەشی کوردستان بەدەرە لەو پێگەیەیە.

میدیا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر ئەقڵیەتی تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە و دەسەڵاتی گۆڕینی ئاراستەی هزری و تەنانەت لە بیچمدانی ئەقڵیەتەکانیشدا بە شێوەی بنەڕەتی دێتە ئەژمار. تاکی کۆمەڵگا لە وردەکاری ڕووداوەکانی ژیانی گۆی زەوی و تەنانەت بوونەوەرە دەستپێڕاگەیشتنە تەکنیکیەکانی دەرەوەی گۆی زەویش بۆ کۆمەڵگا ئاشکرا دەکات. میدیا دەتوانێت خەڵک بەهەڵوێست بکات و لەبەرانبەر دەسەڵاتدا بیانو بوروژێنێت، بە هەمان شێوەش دەتوانێت حکوومەت بورووژێنێت.

ڕاوێژ: بە گشتی، ئێستا دۆخی میدیای کوردی لە کوردستان بە هەر چوار پارچەوە چۆن دەبینن؟

ڕەحیمی: ئەگەرچی سەرجەم ئەزموونی کاری میدیایی لە کوردستان لە ڕەچاوکردنی ستانداردی جیهانیی بەدەر بووە، بەڵام لەم دواییانەدا بەتایبەت لە باشووری کوردستان بەهۆی هەبوونی ئازادی و دیموکراسی، پێی ناوەتە قۆناخی نوێوە.

میدیا لەبەشەکانی کوردستان، بارودۆخی جیاوازیان هەیە. میدیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەی ئازاد بوونی نیەو لەژێر فیلتێری حکوومەت دا کار دەکات.

میدیای ئاسمانیی کوردی جیاوازمان هەیە بەڵام بەگشتی تا ئێستا هیچیان نەیانتوانیوە دوو چەمکی گرینگی وەک پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و دەروونناسی میدیایی ڕەچاو بکەن. سەرەڕای ئەوەش میدیا لە باشووری کوردستان توانیویەتی زانیاریی پڕ باش و گەرم بە جیهان و کوردستانی گەورە بگەیەنێت. میدیا لە کوردستان سێ بەشە، میدیای ئازاد، میدیای حیزبی و میدیای سێبەر، کە هەرکام هەڵگری باس و لێکدانەوەی تایبەتە.

ڕاوێژ: دۆخی میدیا و ڕاگەیاندنی کوردستانی ڕۆژهەڵات چٶن هەڵدەسەنگێنن؟

ڕەحیمی: تیڤی وەک پڕبینەرترین و کاریگەرترین میدیا دێتە ئەژمار کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنووکە لێی بێبەرییە و نەبوونی ئازادی و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێگەی بە هیچ میدیایەک نەداوە کە واتای خۆی هەبێت.

ئەو میدیاگەلەش کە لە چووارچێوەی دەسەڵاتی حکوومەتی تاراندا بەڕێوە دەچێت زۆربەی لەخزمەت حکوومەتدا کار دەکات، واتە بوەتە تریبونی حکوومەت و خەڵکیش دەنگی کپ کراوە، لە دوو سێ ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک میدیا وەک ڕۆژنامەو گۆڤار، مۆڵەتیان وەرگرت و دەستیان دایە ڕووماڵ و بڵاوکردنەوەی بابەتگەلی جیاواز بەدەر لە تەوەرگەلی سیاسی و ئەو ڕۆچنانەی کە دەنگی خەڵکی لێوە بێت. جێی ئاماژەیە هەندێکیان بەهۆی بایەخ نەدان بە هەڕەشەکانی ڕژیم تاڕادەیەک کەوتوونە خانەی دژبەری بەوتەی دەسەڵاتدارنی حکوومەتەوە و هەندێک لەنووسەران و ڕۆژنامەنووسانیش بەو هۆیەوە زیندانی، سێدارەو ڕاکردن لەوڵات بوەتە بەشیان.

ئەو میدیایانەش کە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچن، توانیویانە باشتر خزمەتی میدیایی بکەن، ئەگەرچی وێنە لە میدیادا قسەی یەکەم لە ڕووداو و پێشهاتەکاندادەکات بەڵام  بەهۆی دووری و دەستنەکەوتنیان و هەروەها، نەبوونی تێڕوانین و لێدوانی خەڵکیش بە پێی پێویست، بۆشاییەکی گەورەی میدیایی دروست کردووە. بە گشطی نەبوونی ئازادی بریتییە لە نەبوونی میدیای ئازاد و پرۆفیشناڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

ڕاوێژ: حیزبی بوون چەندە کاریگەری هەبوو لەسەر نەبوونی مدیا و ڕاگەیاندنی بێ لایەنی کوردی دا؟

ڕەحیمی: هەبوونی حیزبی سیاسی، هیچ پەیوەندییەکی بەسەر نەبوونی میدیای ئازادەوە نیە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە حیزبی سیاسیی دژبەر بە ئاشکرا ڕێگەی بە چالاکی لەلایەن حکوومەتەوە پێنەدراوە.

میدیامان هەیە کە زۆربەی ئەندامانی بەڕێوەبەری و ڕۆژنامەنووسی حیزبی و ئایدیای جیاوازیان هەیە، بەڵام ناکرێ خوێندنەوەمان لەسەر ئەوە بێت بو میدیای ئازاد یان پاشکۆ و سێبەر، بەڵکوو ناوەڕۆکی میدیا و خۆراکی فکریی خەڵک و بڵاوکراوەکان پێوەرن بۆ هەڵسەنگاندنی میدیای ئازاد و بەستراوە.

کورستانی داگیرکراو و لەحاڵی شەڕدابوون، هەبوونی فرەحیزبی و نەبوونی ناوەندی پێگەیاندنی کاری میدیایی، وایکردووە کە پێمان وابێ هەموو میدیایەک، میدیای حیزبیە. ڕۆژنامەنووسان بە هەر بیروباوەڕو ئەندامی هەر حیزبێک بن، دەبێ قەڵەمیان ڕەنگدانەوەی حیزبی لە میدیای ئازاد دا نەبێت و ڕاستیی ڕووداوەکان بخاتە بەر دید و گوێی بینەر و بیسەر.

ڕاوێژ: میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی وێدەچێ زۆرتر لە بیری ئەوە دان کە یەکەمی بێ ڕکابەر بن، ئایا ئەوە کاریگەری هەبووە لەسەر بڵاو کردنەوەی هەواڵی بێ بنەما یان گۆڕینی تامی زاری خوێنەر و بینەری کورد؟

ڕەحیمی: بێ شک ئەمە خاڵێکی گرینگە کە لە زۆربەی میدیاکاندا هەیە، واتە ئامانجی یەکەمی میدیا، ڕاکێشانی سەرنجە نەک ڕەچاوکردنی دەروونناسیی ڕێکخراوەیی. هەندێک میدیا سەرەڕای ناستانداردبوونیشی، هەوڵی داوە تەنانەت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی نیوەناڕاست و ناڕاست، تەنیا بەمەبەستی یەکەم سەرچاوەبوونی، درۆی دەرخواردی ئەقڵیەتی خەڵک داوە، بەڵام هەبوونی میدیای زۆر تاڕادەیەک ئەو دیاردەیەی کەمڕەنگ کردۆتەوە. لێرەدا خەڵک نابێ بێدەنگ بن و دەبێ هەڵوێستیان هەبێت، دەنا ڕەوتی درۆکردنی بەئاراستەی خۆیدا دەڕوات.

ڕاوێژ: ئابووری، بەشی هەرە گرنگی میدیاکانە، پێتان وایە نەبوونی داهاتی باش لە ڕێگای ڕێکلامەوە وایکردووە میدیاکان سەر بە دەسەڵاتێکەوە بن جا چ حیزبی و چی تاکە کەسی و ئەوە وایکردبێ کە میدیای کوردی ئاراستەکەی گۆڕابێ؟

ڕەحیمی: بێ گومان بواری ئابووری، کۆڵەکەی سەرەکیە بۆ بەڕێوەبردنی میدیا. هەموو میدیایەک پشکی تایبەتی لەسەر حکوومەت هەیە، بەڵام بەشێ لە میدیاکان بەهۆی بەکارهێنانی ئامرازی نوێی بەشی تەکنیک و بەرفراوانکردنی میدیاکەیان ئەو بوودجەیە بەشیان ناکات و ناچارن پەنا بەرنە بەر ڕێکلام و لەوەش زیاتر کەسانی سەرمایەدار و پارتگەلی سیاسی، هەربۆیە پڕکردنەوەی بۆشایی ئابووریی وەک نیازێک، دەستی لایەن یان کەسایەتیەک وەردەدرێتە میدیاو ئەو میدیایەش ناچار دەبێ بەپێی خواستی لایەنی پشتگیری ئابووریی خۆی بجووڵێتەوەو ئەوەش خەسارێکی مەزنە کە لە سەربەخۆیی میدیا دەرێت.

میدیای واش هەیە کە تاکێکی دەوڵەمەندی لە پشتە بەڵام کاریگەریی ئایدئۆلۆژی ئەو تاکەی پێوە دیار نیە چونکە ویستی ئەو تاکە خزمەتی میدیاییە نەک بەرژەوەندیی تاکە کەسی.

ڕاوێژ: باسێک کە وەک ڕەخنە لە میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی دەگیرێ، شێواندنی زمانە، هەر حیزب و میدیا و ڕاگەیاندنەی ئەدەبیاتێک بە دژی ئەوەی دیکە دێنێتە ئاراوە کە خۆی جیاواز نیشان بدا، ئەوە چۆن دەکرێ چارەسەر بکرێ؟

ڕەحیمی: هەبوونی فرەزاراوەیی و دەوڵەمەندیی زمان ئەگەر کەڵکی باشی لێ وەربگیردرێ ئەوە خزمەتی زمانەوانی و بواری میدیایی دەکات، بەڵام بەداخەوە نەبوونی ناوەندێکی داکۆکیکار لە چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان لە میدیادا بوەتە هۆی درێژەدانی ئەو ڕەوتە. ئەگەر زمان لە جەوهەر و ئاراستەی هەواڵ و زانیاری بۆ بینەر، لایەنی نێگەتیڤی نەبێت، کێشە نیە بەڵام میدیاکان ئەو خاڵە کەمتر ڕەچاو دەکەن، بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی کوردستان، هەنووکە هیچ ڕێگایەک نابینم، ئەگەریش ببێت، چەسپاندنی ئەستەمە، تەنیا دەسەڵاتی سیاسی دەتوانێت ئەو کارە بکات.

ڕاوێژ: بە گشتی نەبوونی میدیایەکی بەهێز بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات، چ زیان و خەسارێکی لێکەوتۆتەوە؟

ڕەحیمی: شێواوی یان با بڵێین شڵەژانی بیرووڕای گشتیی خەڵک، تارمایی تێکەوتن و ناڕوونیی لە سیاسەت و هەڵوێستی حیزبەکان، وازهێنانی خەڵک لە بەدواداچوونی هەواڵ و زانیاری، پەنابردن بە سەرچاوەگەلی لاوەکی و تەنانەت میدیای دەسەڵاتی ناڕەوای دیکتاتۆری، پەراواێزکەوتنی هەندێک پرسی گرینگ و هتد ….

ڕاوێژ: بەڕای ئێوە حکومەت لە هەمبەر میدیا و ڕاگەیاندنیئ ازاددا چ ئەرکێکی لەسەر شانە؟

ڕەحیمی: وەک پێشتر باسم کرد، بواری ئابووری بۆ میدیا گرینگە، هەربۆیە حکوومەت دەبێ بەشە بوودجە میدیاکان بەڕادەیەک بدات کە ناچار نەبن پەنا بۆ لایەنی دووهەم ببەن. حکوومەت دەبێ یاسای تایبەتی لەهەمبەر میدیا هەبێ.

یەکەم: ناوەندی میدیا و ڕۆژنامەنووسان لە هەمبەر مەترسی و هەڕەشەی کوشتن و هەڵوەشانەوە بپارێزێ.

دووهەم: دەبێ ڕێگە بە ئازادیی بەیان بەخەڵک بدات.

سێهەم: سکاڵای خەڵک یان هەر لایەنێک و بە پێجەوانەش هی میدیا بە شێوەی دادپەروەرانە، بەدواداچوونی بۆ بکا.

چوارەم: حکومەت گوشار نەخاتە سەر میدیا و ڕۆژنامەنووس کە ببنە تریبۆنی سیاسەتەکانی خۆی.

پێنجەم: حکوومەت دەبێ ناوەندێکی تایبەت بە بواری پەروەردەی ڕۆژناەنووسی بە پێی ستانداردی جیهانیی بۆ کۆمەڵگا و میدیا دەستەبەر بکات.

ڕاوێژ: ئێستا بەتایبەتی لە کوردستانی باشوور وا نیشان دەدرێ کە ڕۆژنامەنووسی ئازاد یانی کەسێک کە هیچ نەهێنیەک نەپارێزی و بەتایبەتی دژایەتی بکات، بەڵام لە هیچ کوێی جیهان لەژێر ئەو ناوە، ڕۆژنامەوان هەموو شت ناهێنێتە سەر بەڕە و زۆر شت بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەزانێ، بەڕای ئێوە دەبێهێڵێکی سوور هەبێ؟

ڕەحیمی: هەر شتێک بشاردرێتەوە واتە ئەو شتە خراپە، بەڵام ڕۆژنامەنووس لەکاتی کارەکەیدا دەبێ ئەخلاقی ڕۆژنامەنووسی بپارێزێت، بیروباوەڕی خۆی ڕەنگدانەوەی لە کاری میدیاییدا نەبێت، بە بێ ئیزنی هیچ تاک و لایەنێک شتێک بڵاو نەکاتەوە کە زەربە لە کەرامەتیان بگەیەنێت، لێدوانی هەموو لایەنی پەیوەندیدار بە هەواڵ و ڕاپۆتیەوە لەسەر خواستی خۆیان بڵاو بکاتەوە، هەر چەشنە زانیاریەک کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی تێدا نەبێت، (تایبەت بە کوردستان، کورد لە هەلوومەرجێکی هەستیارە و دوژمندارە) نابێ بڵاوی بکاتەوە، لەکاتێکدا ببینێت دەسەڵات مافی خەڵک پێشێل دەکات، بۆی هەیە ئاشکرای بکات و هتد…

ڕاویژ‌: نیشانەکانی میدیای سەربەخۆ چین؟ بۆنموونە میدیاکانی کوردی ، بۆ هەر یێکەی مۆرێکی حیزبیان بەسەردا بڕدراوا، لێرە دا ئەم پرسیارە دێتە پێش کە چۆن میدیای ڕاستو بەجێ هەڵبژێرین؟

ڕەحیمی: سەربەلایەن بوون و لایەنگریی ناساغی خەڵک و ڕکەبەرایەتی حیزبی و باوەڕی سیاسی وایکردووە مۆرک بەسەر هەموو میدیایەکەوە دابنرێت، بەڵام ئێمە بۆ دۆزینەوەی میدیای سەربەخۆ دەبێ ناوەڕۆکی هەواڵ و زانیاریەکانی میدیاکان لەیەک بدەینەوە نەک هەندێک قسەڵۆک… میدیایەک کە هەموو لایەنێکی لە بەرانبەر یەکتر بە بێ جیاوازیی قەرارداو هەڵوێست یان بۆچوونی لایەن نێۆی سانسۆڕ نەکرد و مەیدانی بە جیاوازیی بۆچوون بدات، ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئەو میدیایە ئازادە و ئاراستەی تایبەتیی کەس و هێژموونی لایەنێکی لەسەر نیە، میدیای ئازاد و تریبۆنی لایەن دوو شتی لەیەک جیاوازن کە خەڵک دەتوانێت لەیەکیان جیا بکاتەوە.

ڕاوێژ: بەڕای ئێوە ئەرکی ڕۆژنامەنووسی کورد لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی نەتەوە و وڵاتانی ئازاد و سەربەخۆ چ جیاوازییەکی هەیە؟

ڕەحیمی: کاری میدیایی و ئەرکی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو زۆر جیاوازە، ڕۆژنامەنووسی وڵاتانی ئورووپایی بە پێی دەرتانی دەسەڵاتی سیاسی، هەبوونی ئازادیی دەربڕینی بێ سنوور، کراوەیی ئەقڵیەتی کۆمەڵگا، نەبوونی شەڕ و نائارامیی زۆربەی هەرەزۆری زانیارییەکان بڵاو دەکەنەوە، کەواتە هەلوومەرجی کوردستان ڕێگە بە ڕۆژنامەنووس نادا بە پێی ستانداردی جیهانیی لە بواری میدیادا کاربکات. ڕۆژنامەنووسی کورد لە کوردستان، هەمیشە لە مەترسی دایە و لایەنی پارێزەریشی نیە، ڕۆژنامەنووس جیا لە کارەکەی کە سەرچاوەی داهاتە بۆی، ئەرکێکی نیشتمانیی لەسەر شانە.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک: ئایا زمانی یه‌كگرتوو له‌ ڕاگه‌یاندنی كوردی دا هه‌یه‌؟ ئه‌گەر نییه‌ ده‌بێ چ بكرێت؟

ڕەحیمی: زمانی یەکگرتو لە ڕاگەیاندنی کوردیدا بوونی نیە، کاتێک حکومەتت هەبوو و یەک زاراوەی کرد بە زمانی دیپلۆماسی، زمانی پەروەردە، زمانی هاوبەش، ئەوکات زمانی ڕاگەیاندنیش یەکدەست دەکرێتەوە، بەداخەوە جارێ زۆر بەدووری دەبینم.

ڕاوێژ: لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە دەرەوەش هەن و کەم نین ئەو ماڵپەڕانەی کە بۆ نیشاندانی سەربەخۆیی و بێ لایەنی هەندێک ئەدەبیات وەک”ناوچە کوردنشینەکان” یان “کۆماری ئیسلامیی ئێران” یان “سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران” بە هەمان شێوە ئەدەبیاتی ئێران بە کار دێنن، هەندێک کەسیش دەلێن ئەدەبیاتی ئێمە دەبێ جیاواز بێ، پێتان وایە کام لا ڕاستە؟

ڕەحیمی: گۆڕینی ناو کارێکی نەباشە، بەتایبەت بەکارهێنانی ناوچەی کوردنشین کە بە پێی مێژوو خاکی کوردستان بێت، هیچ ڕاگەیندنێک کە باس لە ڕەچاوکردنی پێوەری جیهانی لە کاری ڕۆژنامەنووسیدا بکات، ناتوانێ ناو بگۆڕێت، بەڵام ڕاگەیاندنی دژبەری حکوومت و ئەو ڕاگەیەندنانەی کە هیچ پێوەرێکیان بۆ گرینگ نیە دەتوانن دژبەرایەتیی خۆیان بەکار بێنن بە مەرجێک زەربە لە ئاسایشی نەتەوەیی نەدەن.

لە کۆتاییدا دەڵێم هێشتا خەڵکیش لە هەمبەر ڕووداوەکان و  ئەرکی میدیاییدا، ئەرکی خۆیان نەناسیوە کە هیوادارم لە داهاتوودا ئەو هەڵوێستەی کە وڵاتی ژاپۆن لە هەمبەر سەربڕینی دووهەم بارمتەگیراوی ژاپۆنی بە دەستی داعش، بە هەڵوێست بن و وەک زۆربەی خەڵکی تۆکیۆ کە لە یەکەم شەوی ڕووداوەکەدا شەمیان هەڵکرد و بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیەکەیان بەدیاریەوە دانیشتن، ئێمەی خەڵکی کوردستانیش لەهەمبەر وڵاتەکەمان بەهەڵووێست بن.

بۆ وەرگرتنی فایلی پی دی ئێفیی ئەو وتووێژە لێرە کرتە بکە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌