وتوویژی گەورە ژووری راوێژ لەگەڵ هاوار بازیان لەسەر بە جیهانی کردنی کاولکارییەکانی ڕژیم لە ڕۆژهەلات

0
1118

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، یەکێکی‌تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورە ژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی تلێگرامە کە لە ڕێکەوتی ١٤ و ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٠١٦) لەگەڵ بەڕێز هاوار بازیان، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی و بە پێشکەش‌کاری هادی عارفی، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی  لەسەر مژاری (چۆنایەتی بەجیهانی کردن و کەڵک وەرگرتن لە کاولکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی ڕۆژهەڵآت) ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: کاک هاوار بۆ مەسەلەی بە جیهانی کردنی ئەو کاولکاریانە و ڕاکێشانی ڕای گشتی لەبنەڕەتدا دەبێ چ بکەین؟ ئاخۆ لەم دۆخەدا کە هەموو وڵاتان شەڕ و وێرانیان تێدایە ئەوە مومکینە؟

هاوار بازیان
هاوار بازیان

بازیان: سپاس بۆ ئێوە و بەشداربووان! ڕاستییەکەی کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو ڕێژیمانەیە کە لە ئاستی تاوانە ناوەخۆیی و هەرێمییەکاندا بەرپرسیارێتی هەڵناگرێ و بەکورتی بۆی گرینگ نییە دنیا چۆن دەڕوانێتە تاران، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە هەر ناتونین هیچ بکەین! دەتوانین ناوەندەکانی مرۆیی، مافەکانی مرۆڤ و سەرجەم ئەوانەی بە جۆرێک باس لە مافەکانی مەدەنی دەکەن ئاگادار بکەینەوە ، هەڵبەت بە بەڵگە و وردکایی شتەکان .

ڕاوێژ:هەموو دنیا و وڵاتانی جیران، ئێران وەکوو گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم دەناسێنن، بەڵام قەت نابیندرێ هەڵوێستێکی ئەوەندە توند بگرن کە ئێران ناچار بە کشانەوە لە کاولکاری و دەستێوەردان و کاری تیرۆریستی بکات  بەڕای ئێوە هۆکاری ئەوە چییە؟

بازیان: ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بنج و بنچینەی لەسەر تیرۆرە، بۆیە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ بەرەنگاریی ئێران واتە ڕاگەیاندنی شەڕە دژی ئەو ڕیژیمە! هەربۆیە وڵاتانی دراوسێ کە ئەوانیش کێشەی خۆیان هەیە، توانای کۆنترۆڵی ئێران  و تیرۆریزمی دەوڵەتی فارسیان نییە، ئێمە چاوەڕێ بین کااام وڵاتی دراوسێ دژی ئێران بی؟ تورکیا سەرقاڵی باکوور و ڕۆژئاوا و یەکێتی ئوروپایە و لەبابەت کوردەوە هەمیشە دەستی ئێرانی کوشیوە  سووریا؟ کە هەموومان دەزانین ئێران ڕایگرتووە عێراق؟ ڕۆژئاوا لەبارەی دەوڵەتی عێراقەوە یەکەمجار پرس بە تاران دەکات بەکورتی، ئێران بەرهەمی تیرۆرە و سەرکردایەتیی تیرۆری مۆدێرن دەکات و وایکردووە لە ناچەکەدا بەزبری توندوتیژی و تۆقاندن بۆ تێکدان، هەمووان ژێردەستە بکا .

هادی عارفی
هادی عارفی

ڕاوێژ: کاک هاوار لە ئێستادا حدکا وەک دیارە دەستی کردووە بە چالاکیی سەربازی و چەندین تێکهەڵچوون ڕووی داوە، بەڵام ئەحزابی دیکە پرسی ئەمنی باشوور یان گوونجاونەبوونی دەرفەت دەکەنە بیانوو کە بەشێوەی تماشاچیەک،زیاتر نین، ئەو بانگەشەیەی ئەوان هەتا چەندە مەنتقییە؟

بازیان: پرسیارێکی جوان و بەجێیە. حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لای من ۳ بەشن: بەشێک کە بێ هێز و لاوازن و چاوەڕێ ناکرێ شۆڕشیان پێ گەرم بکرێتەوە و ژمارەی ئەوانە ۱٠ ـ۱٥ حیزب دەبن.  بەشی دووهەم و کۆمەڵەکان، تا ڕادەیەکی زۆر ئامادەگیان نییە بۆ هەڵایساندنەوەی شۆڕش، جگە لەوەی کەوتوونەتە بەر کاریگەریی یەکێتی نیشتمانی. ئەوان پێیان وایە ئەوەی حدکا دەیکات هەندێک یەکلایەنەیە و پرسیان پێ نەکراوە، بەڵام لە ڕاستیدا کۆمەڵەکان چاوەڕێ نەبوون حدکا وا بکەوێتە بەر باس بۆیە  لانیکەم تا ئێستا لە شۆکێکی سیاسیدا ماونەتەوە، بەڵگەشم لێدوانە دژبەرەکان و هەروەها جووڵە بەپەلەکانی کۆمەڵەکانە بۆ پێکهێنانی بەرە یان بە وتەی خۆیان “پلاتفۆڕم”. لە ئەنجامدا: هێزەکانی دیکە لە ئاست بەرپرسیارەتیدا نین و ڕەخنەیەکیش حدکا دەگرێتەوە کە هاوئاهەنگیی پێویستی لەگەڵ لایەنەکانی تردا نەبووە .

ڕاوێژ: پێتانوایە دواجار تێکەڵ بەو ڕەوتە دەبن یان هەروا لەو دۆخەی کە ئێستادا هەن دەمێننەوە؟

بازیان: پێموایە ناچارن تێکەڵ بن، چوونکە دەبێ بوونی خۆیان بسەلمێنن و ئەو دەرفەتەش بە مێژوو و ڕکابەرەکەی خۆی هەمان حیزبی دیموکرات نەدات کە دواتر منەتی سیاسی لەسەر بکات. بە ڕای من کۆمەڵەی عەبدوڵڵا موهتەدی مەیلی زیاتری بۆ تێکەڵبوون بەو جووڵەی دیموکرات هەیە و خێراتر لە هەر هێزێکی تر بەدەنگ دیموکراتەوە دەچی .

ڕاوێژ: هەڵوێستی حدک چۆن دەبینن؟ ئایا پێتوایە ئەوانیش دێنە سەر خەت؟

بازیان: حدک نیگەرانە لەوەی هاتنە سەرخەتی خێرا و بێ بەرنامەی پێشتری لەگەڵ حدکا وا لێک بدرێتەوە کە بەرامبەر حدکا بەجۆرێک شیرینکاریی سیاسی دەکا، هەرچەندە حدک هەر ئێستەش لە سنوورەکانە و تۆپەکانی ئێران بەرەو ئەوانیش هاتن. پێموایە حدک و حدکا  ئاگایان لێکتری هەیە و لەسەر یەک خەتن  .

ڕاوێژ: کاک خالید عەزیزی لەو ڕۆژانەدا، لە کۆبوونەەەیەکی تەشکیلاتیدا باسی کردووە دەبێ کۆماری ئیسلامی ناچار بکەین چیدیکە پرسی کورد نەخاتە پەراوێزەوە، بە بڕوای ئێوە ئەو ناچار کردنەی کاک خالید باسی دەکا، چۆناوچۆنە؟ ئەو ناچار کردنە دەبێ چی بێت؟ واتە هەنگاوە كردەییەکان چین؟  بە بڕوای ئێوە هەمان گوشاری هاوبەشی شاخ و شاری حدک و حدکایە؟

بازیان: خالید عەزیزی و دیموکراتەکان بە ورد و درشتی ئەو پەیامەیان قبووڵ کردووە کە دەبێ شۆڕشی چەکداری دەست پێبکەن و جۆرەکانی دیکەی شۆڕش بخرێنە خانەی دووەم و سێیەم، ئەویش بە حوکمی ئەوەی دوژمنەکەیان زمانی قەڵەم و شەقام و NGO نازانێ  بەڵێ خالید عەزیزیش هاتەوە سەر ڕێگەی واقعی کە زمانی چەک ڕێگە بۆ مێزی گفتوگۆ خۆش دەکات .

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک: ڕه خنەیەکی یەکجار زۆر هەیە که ئەو سیستمەی ڕاسانەوه هەڵەیه و هەروەها بەداخەوه له هیندێک جێ ئەوەیان به ئاشکرایی ڕاگەیاندووه که هیچ پێشوەچونێک نابینن و هیشتاش بۆی ناچن که سەرکەوتنێک هەبێ، باشه چۆن وەها دەکرێ، کاتێک بەڕاشکاوی کارەکەیان پێ هەڵەیه؟

بازیان: پێموانییە هیچ هێزێک بەڕەسمی بوێریی ڕەتکردنەوەی ئەو خەباتە چەکدارییەی بە دژی کۆماری ئیسلامی هەبێ، ئەگەر دەنگێکی ناشازهەیە، نابی بخرێتە سەر شانی هەموو حیزبەکان.

ڕاوێژ: پاش دەستپێکی ڕاسانی نوێ لە ڕۆژهەڵات، پ ک ک بە شێوەیەکی فەرمی و لە ئاستی سەرکردایەتیی خۆیدا هیچ هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرای نەگرتووە. بە ڕای ئێوە هۆکاری چییە و پێگەی پ ک ک لەم قۆناغەی ڕۆژهەڵاتدا چۆن دەبینن؟

بازیان: دیارە پارتی کرێکاران نیمچە پشتگیرییەکی لەو جووڵە سەربازییە کردووە و کوردانی باکووریش بۆ ئەو مەبەستە چالاکی و بەیانیەیان دا، بەڵام ڕاستە کە پ.ک.ک هێشتا دەنگی نییە! پێموایە ئەوان پارتی دیموکرات بە سوودمەندی جووڵانەوەی ئێستای ڕۆژهەڵات دەبینن و هەر بۆیەش بەپارێزەوە بەرەو پیلی حدکا دێن، ئەگینا بەخۆشییەوە پ.ک.ک لە خەتە و تەنانەت ئاگادارم لەم ڕۆژانە سەردانی دیموکراتیان کردووە لە کۆیە.

ڕاوێژ: زۆرجار لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی ڕۆژهەڵاتدا، هەڵوێستی حیزبەکانی باشوور لە دوو جەمسەری یەکێتی/پارتی کۆ دەبێتەوە. زۆر جاریش خەڵک لەسەر ئەو بڕوایەیە کە هەڵوێستی جەمسەری پارتی، کوردانەتر و نیشتمانیانەتر بووە. ئەم بابەتە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بازیان: ئەگەر فۆرمۆلبەندییەکی خێرا بکەین، ئێستا دوو بەرە درووست بووە. بەرەی ئێران، یەکێتی و پ.ک.ک لەبەرامبەر بەرەی تورکیا، پارتی کە دیموکراتیش کەوتووەتە ئەو بەرەیەوە (رەنگه نەخوازراو). پارتی دیموکرات زیاتر خۆی بەرپرس دەزانێ لە پرسە نەتەوەیییەکان، هەرچەندە نابێ  هەندێک ڕووداوی نابەرپرسانەی مێژوویی پارتی بەرامبەر کوردانی ڕۆژهەڵات فەرامۆش بکەین. لە کاتێکدا یەکێتی و زۆنی سەوز وەک ڕووگەی سیاسی سەیری تاران دەکا.  بەگشتی ئێستا پارتی زیاتر و بەهێزتر لە مەیدانەکەدا دیارە و بەشێکی زۆری دەنگی دلێری کوردانی ڕۆژهەڵات ڕەنگە بۆ ئەو هەڵوێستەی پارتی بگەڕێتەوە کە جارێ بەرامبەر ئێران وەستاوە، هیوادارم تاکتیک نەبی.

ڕاوێژ: باشه بەڕێزم پرسیارێک سەبارەت بەو وڵامەی پێشووتان، دەکرێ بڵێن بە لەبەرچاو گرتنی پێوەندیی نێوان پ ک ک و ئێران، تا چەندە دەکرێت ڕێکەوتن یان هاوکاریی نێوان دیمۆکرات و پ ک ک جێگیر و دڵخۆشکەر بێت؟

بازیان: نەک پ.ک.ک، بەڵکوو هەموو هێزەکانی دیکەش پەیوەندیان لەگەڵ ئێراندا هەیە، هەر ئەمڕۆ کە بارزانی وڵامی سەردار سەلامی دایەوە، گفتوگۆکانی گواستنەوەی نەوتی کوردستان بە ئێراندا هەبوون! پرسەکە ئەوەیە هێزەکانی ڕۆژهەڵات چەندە تووند و مکوڕ دەبن لەسەر ویستەکانی خۆیان و بەخۆشییەوە پ.ک.ک ئەو پەیامەی وەرگرتووە کە هەڵە دەکات ئەگەر گرەوی لاوازکردنی دیموکرات لەگەڵ ئێراندا بکات، پاش تێکهەڵچوونەکەی دوایی نێوانیان کە بەداخەوە شەهیدێکی دیموکراتیشی لێکەوتەوە و پارتی کرێکاران و دۆستانی هەرگیز چاوەڕێی ئەو بەگژداچوونەوەی ڕۆژهەڵاتییەکان و ڕای گشتیان نەدەکرد. بۆیە پێموایە ئێران و پ.ک.ک وازیان لە پرۆژەی دروستکردنی ئیماراتی قەندیل هێناوە.

ڕاوێژ: دەگوترێت ڕێژیمی ئێران، بەستێنی چالاکیی گرووپگەلی بناژۆخوازی دینی وەکوو قاعدە و داعش و …تاد، لە ڕۆژهەڵات ئامادە دەکات و لەپێناو شکاندنی هزری خەباتی نەتەوەیی هاوکاریان دەکات. بەبڕوای ئێوە ئاستی ئەم سیاسەتەی ئێران تا چ ڕادەیەکە و چەندە ئامانجی خۆی پێکاوە؟

بازیان: کۆماری ئیسلامی تا ٥ ساڵ لەمەوبەریش هەر خەریکی خنکاندنی خواستە نەتەوەیییەکانی کورد بەدەست هێزە ڕادیکاڵ و توندئاژۆکان بوو، پرۆژەیەک کە هەڵە دەرچوو پاش ئەوەی بینی ئەوەی دەیکات یەکەم جار زیان بە شیعەگرایی خۆی دەگەیەنێ و دواتریش بە هاتنی داعشی سوننە، ئێران دەستی لە پەروەردەکردنی سوننەی توندڕەو ڕاگرت! ئەوانەش کە ئێستە لە زیندانەکانی ئێراندان و ۲٠ کەسێکی کوردن و بە ئێعدامیانی عەقیدەتی ناسراون، بەرهەمی سەقەتی ئەو شەڕە تایبەتەی کۆماری ئیسلامی بوو. بەکورتی: ئێران خۆی دەرگیری شەڕێکی ڕاستەقینەی سوننەی داعشە کردووە، بۆیە مەیلی نییە خۆی سەرقاڵی داعشی دەستکرد و خۆماڵیش بکا .

ڕاوێژ: بابەتێک کە بەردەوام چینی ئایینیی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات، چۆنیەتیی بەشداری لە خەباتی نەتەوەییە، یان چۆنیەتیی ڕێکەوتن لەگەڵ حیزبە سیکۆلارەکانە. پرسیار لێره دایه که به بڕوای ئێوە حیزب و ڕێکخراوە و دەستە ئایینییەکانی ڕۆژهەڵات وەکوو ئیخوان ـ مەکتەب قورئان و … لەم قۆناغە نوێیەدا چ هەڵوێستێکیان دەبێت یان دەبێت چۆن بجووڵێنەوە؟

بازیان: ڕێکخراوە ئاینییەکان لە هەموو وڵاتان، دەچنە ناو بەرگریی کۆمەڵایەتی و خۆیان حەشار دەدەن تا گۆڕانکارییەکان یەکلا دەبنەوە، کە سەیری ئیخوان دەکەی، تا شۆڕشی مەیدان تەحریر یەکلا نەبۆوە، مورسی دەنگ و ڕەنگی نەبوو! لە کوردستانی ئێرانیش هەروابوو، کاک ئەحمەدی موفتیزادە کە شەخسەن وەک کەسێکی ئایینی لام بەڕێزە، بەڵام لە شۆڕشی ئێراندا ڕۆڵێکی باشی بۆ کورد نەبینی. بۆیە لە ئێستادا ئەو هێزانە شتێکی کردارییان پێناکرێ و چاوەڕێی قۆناخی دواترن، بەڵام چەند حزبێکی ئایینی ڕۆژهەڵاتی هەن کە وەک ئاگادارم هاوسۆزیان بۆ دیموکرات پێشانداوە .

ڕاوێژ: تکایه ده کری ئه و حیزبانه ی که باستان لی کرد بیانناسینن؟

بازیان: هەردوو شاخەی خەباتی نەتەوەیی و خەباتی ئیسلامی ، یەکێتی زانایانی ئاینی کوردستانی ئێران.

ڕاوێژ: بە ڕای ئێوە حیزبە ئیسلامییەکانی باشوور چۆن لەگەڵ ڕاسانی ڕۆژهەڵات مامەڵە دەکەن؟  چونکوو دەزانین زۆرجار لەگەڵ سیاسەتەکانی ئێران لە کوردستان هاوتەریب و هاوڕان.

بازیان: پارتی  و یەکێتی وایانکرد کە هێزە ئیسلامییەکانیش ببن بە دوو بەش! یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی کە بەرەی پارتین لای کوردی ڕۆژهەڵاتن و لانیکەم وەک ساڵانی پێشوو دژ نین. هەروەها کۆمەڵی ئیسلامی کە بە بنەڕەت، ئێستە نەیاری پارتییە، بەڵام ماوەیەک پرۆژەی مافی سەربەخۆیی هەڵگرتووە، ئەویش ئەمڕۆ لەسەر زاری شوان قەڵادزەیی کە بەرپرسێکی باڵایانە ڕایگەیاند دژی هەڕەشەکانی ئێرانن. پێموایە هێزە ئیسلامییەکان ناتوانن وەک جاران بەناوی ئایین، مافی کورد چەواشە بکەن .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت