خۆدۆڕاندنی کەلتووری و نامۆبوون لە خۆ لە ناو تاکی کورد/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ شوعەیب دانش پەژوو

0
657

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، وتووێژێکی چڕی گەورەژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی تلێگرام کە لەسەر مژاری “خۆدۆڕاندنی کەلتووری و نامۆبوون لە خۆ لە ناو تاکی کورد، لەگەڵ شوعەیب دانش پەژوو، چالاکی سیاسی و بە پێشکەشکاریی، هەڵمەت مەعرووفی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گەورەژووری ڕاوێژ لە ڕێکەوتی 15 و 16ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی، ئەنجام دراوە

ڕاوێژ: کاک شوعەیب بۆ ئەوەی کە خوێنەر و ئەندامان باشتر تێبگەن باسەکەمان لەسەر چیە، تکایە سەرەتا پێناسەیەک لە “خۆدۆڕاندنی کەلتووری” یان “نامۆبوون لە خۆ” بکەن” و ئەگەر بکرێ بە نموونە شی بکەنەوە.

شوعەیب دانش پەژوو
شوعەیب دانش پەژوو

دانش پەژوو: لەخۆ نامۆبوون یەکێک لە چەمکە گرنگەکانی نێو مێژووی هزری مرۆڤ بووە و فەیلەسووف و بیرمەندانی گەورە لەسەر ئەم چەمکە تیۆریان داڕشتووە و توێژینەوەی جۆراوجۆریان کردووە.بەجۆرێک کە دەیسەلمێنن لەخۆنامۆ بوون لەسەر هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی مرۆڤ کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە.بۆیە بەپێویستی ئەزانم ئەم چەمکە لە ڕوانگەی دوو بیرمەندی جیاوازەوە لێک بدەمەوە.مارکس و مانهایم .مارکس بڕوای وایە کە بوونی مرۆڤ بە کار یان بەرهەمەوە مانا دەگرێت.واتە بەرهەمی مرۆڤ دەتوانێت هەستی ئەو مرۆڤە دیاری بکات، بەڵام لە جیهانی ئەمڕۆ کە سیستەمی سەرمایەداری لەسەری زاڵ بووە، مرۆڤ لەو بوونە دوور کەوتۆتەوە.لە سیستەمی سەرمایەداری مرۆڤ کاڵا یان مەتایەک دروست دەکات کە بە دەستی خۆی ناگاتەوە و خودی تاک بەرهەمهێنەر نییە بەڵکوو بۆ ئەویدی (دیگری) کار دەکات، بۆیە بەرهەمی مرۆڤ لە سووژەبوونەوە دەڕواتە نێو ئۆبژەبوون.واتە هێڵی

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

نێوان مرۆڤ و بەرهەم دەپچڕێت. بەم شێوازەیە کە مرۆڤ دوچاری نەخۆشیی لەخۆ نامۆبوون دەبێت. بۆ نموونە وەرزێڕێک کە لەسەر زەوی کار دەکات و زەحمەت دەکێشێت بەڵام بەرهەمەکەی بەناوی کۆمپانیا و خاوەن کۆمپانیاکان دەدرێتە بازاڕ.لێرەدایە کە پێوەندی نێوان وەرزێڕ و بەرهەم بێ مانا دەبێت. ئەمە نموونەیەکی بچووک و کورت بوو.

مانهایم لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە دەڕوانێتە ئەم چەمکە.بەبڕوای مانهایم، مرۆڤ بە شێوەیەکی سرووشتی ئازاد و پاکە، بەڵام لە نێوکۆمەڵگادا بەند دەکرێت و ناپاک دەبێت.مرۆڤی کۆمەڵگای مۆدێڕن لەنێو سیستەمی بورۆکراتدا سەرگەردان دەبێت.بەبڕوای مانهایم مرۆڤ چەند بایەخ(ارزش)ی هەیە کە ئەم بایەخانە لەنێو سیستەمی بورۆکراتدا ڕەچاو ناکرێت و وردە وردە تاک لە بایەخە بنەڕەتییەکانی خۆی دوور دەبێتەوە و لەئاکامدا شوناسی خۆی ون دەکات.لێرەدا تاک دەیەوێت شوناسێکی نوێ بۆخۆی دەستنیشان بکات، بۆیە هەوڵ ئەدات بایەخەکانی بێگانە بکاتە سەرچاوە، بەڵام خاڵی تراژیک ئەوەیە کە بەبڕوای مانهایم مرۆڤ ئیدی ناتوانێت هیچ شوناسێک بۆ خۆی دەستەبەر بکات و سەرگەردانتر دەبێت.

بۆ ئەم بۆچوونە دەتوانین نموونەی جلوبەرگی کارمەندەکان بکەین.کارمەندێکی کورد یان …بە جلوبەرگی خۆیەوە ناتوانێت بڕواتە سەر کار، بەڵکوو ناچارکراوە بە جلوبەرگی دابینکراوەوە لەسەر کار ئامادە بێت. لێرەیشدا ئەو مرۆڤە خۆی وەکوو تاکێکی ئازاد نابینێت بەڵکوو کەرستەیەکی کاتییە لە سستەمێکی بورۆکراتی بێگانە.لەخۆ نامۆبوون بە زمانێکی سادە و ساکار: واتە دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە بایەخە فەرهەنگی و مێژووییەکانی خۆی.بایەخگەلێک کە بوون و شوناس دەبەخشێتە تاک.کاتێک مرۆڤ نەتوانێت بنەڕەتی بایەخەکانی خۆی ببینێتەوە، هەوڵ ئەدات بایەخی دیکە بکاتە جێنشین بەڵام هەرچییەک دەکات ناتوانێت یان لانیکەم دڵخۆش نییە و بەجۆرێک هەست بە پووچی و بێ مانایی دەکات.

ڕاوێژ: چی وایکردووە تاکی کورد خۆی بە کەم بزانێ و لە باری کەلتوورییەوە بۆ نموونە فارسی پێ لە خۆی گەورەتر و خاوەن کەلتوورتر بێ و لە هەمبەری خۆی بە کەم بزانێ لە حاڵێکدا نە فارس هێندە گەورەیە و نە کورد هێندە کەم؟

دانش پەژوو: کاتێک دێینە سەر باسی تاکی کورد پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەین.لە هەنگاوی یەکەمدا سیستەمی دەسەڵات کاتێک کە لە ناوەندێک کۆبکرێتەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ پێشەکیی ئەو ڕەوتە ئامادە دەبێت.لە سەردەمی ڕەزاخانی پەهلەوییەوە دەسەڵات چڕ دەکرێتەوە ناوەند واتە تاران.حکومەت هەوڵ دەدات میللەتێک و زمانێک بەفەرمی دیاری بکات کە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتە بپارێزێت و پەرەی پێبدات.بۆیە زمانی فارسی و نەتەوەی فارس بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان دەکرێت.سەرمایە لە تاران کۆ دەبێتەوە، بازاڕی کار ، ناوەندی مۆد و ….ئەم کارە کاتێک درێژەی هەیە، دەبێتە ـ الگو ـ (ڕێچکە) بۆ نەتەوەکانی دیکە کە خاوەنی ئەو بازاڕ و …نین.لێرەدایە کە تاکی نافارس هەوڵ دەدات خۆی لە بایەخەکانی تاران نزیک بکاتەوە. ئەمە سەرەتای لەخۆ نامۆبوونی مرۆڤە غەیری فارسەکانە.

ڕاوێژ: ئاماژەتان بەوەدا کە “کاتێک مرۆڤ نەتوانێت بنەڕەتی بایەخەکانی خۆی ببینێتەوە، هەوڵ ئەدات بایەخی دیکە بکاتە جێنشین بەڵام هەرچییەک دەکات ناتوانێت یان لانیکەم دڵخۆش نییە و بەجۆرێک هەست بە پووچی و بێ مانایی دەکات”، بەڵام خۆ مرۆڤی کورد زۆر بایەخی هەیە کە دڵی پێیان خۆش بێت هەم لە بواری ئەدەبییەوە، هەم کەلتووری و هەم سیاسی و …تاد، کەواتە پێتوان وانیە کە نامۆبوون لە خۆ یان خۆدۆڕاندنی کەلتووری و نەریتیی تاک و کۆمەڵگای کورد، لە جێیەکی ترەوە سەرچاوە دەگرێ؟

دانش پەژوو: هەموو نەتەوەکانی جیهان خاوەنی بایەخی تایبەت بە خۆیانن و بێگومان نەتەوەیکورد خاوەندی بایەخی جۆراوجۆرە. بەڵام کێشە ئەوەیە کە تاکی کورد بە شێوەیەکی گشتی ئەو بایەخانەی ون کردووە یان بە بێ بایەخیان ئەزانێت.گرنگرتین هۆکار بۆ ئەم قەیرانە پرسی میدیایە.دەسەڵات لە ئێران بە دەستی کوردەوە نییە، بۆیە خاوەن میدیا نییە.بەردەوام لە میدیای ناکوردییەوە گەورە دەبێت.میدیای ناکوردی بۆ تاکی کورد چیی هەیە؟  یان تاکی کورد دەشکێتەوە و بچووک دەکرێتەوە.، وەکوو نموونە فیلمەکانی نێو سینەمای ئێران کە کورد هەمیشە ڕۆڵی تاکێکی کێوی و سوننەتی و …دەگێڕێت، یان بایەخەکانی تاکی کورد ڕەچاو ناکرێت لەو میدیایەدا، بۆ نموونە کوا لە میدیای ئێراندا فەرهەنگ و ئەدەبیات و مێژوو و …ی کورد دەبینین.؟ ئەم ڕەوتە لە لایەن دەسەڵاتەوە وادەکات کە لە پڕۆسەیەکی نەرمدا تاکی کورد لە بنەماکانی نەتەوەی خۆی دوور بکەوێتەوە.

ڕاوێژ: وەک کوتتان، مێژوویەکی دوور لە پشت ئەو خۆدۆڕاندنە کەلتوورییە و لەخۆ نامۆبوونەی تاکی کرد هەیە، ئامانج لەو سیاسەتە کە تەنانەت دوای ڕووخانی شاهەنشاهیش هەروەک خۆی مایەوە، چیە؟

دانش پەژوو: هەرچەند دوو فۆرمی جیاواز لە نێوان شایەنشاهی و کۆماری ئیسلامی هەیە بەڵام هەردووکیان لە یەک خاڵدا هاوبەشن.هەردووکیان دەسەڵاتێکی ناوەندگەرێتی بەڕێوە دەبەن.هەردووکیان لەسەر نەتەوەی فارس و زمانی فارس وەکوو مرۆڤی سەرتر و زمانی سەرتر هاوڕان.بۆیە هەردوو دەسەڵات دەیانەوێت ئەو ناوەندگەرێتییە درێژە بدەن تاکوو بتوانن قازانجی خۆیان بپارێزن و لەو لایشەوە کەوانەیەک بۆ تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکە بکەنەوە. بەجۆرێک کە تەمەنی مانەوەی خۆیان درێژ بکەنەوە و دڵنیا بن.بە بڕوای من چۆنیەتیی کردەوەی دوو حکوومەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت کورد و نەتەوەکانی دیکە هیچ جیاوازییەکیان نییە.

ڕاوێژ: باستان لە دەوری گرنگی میدیا کرد، بەڵێ میدیای ئێران بە گشتی نەتەوە کەمینەکان دەکاتە گاڵتەجاڕی خۆی یان کاناڵە ئوستانییەکان جلی کوردی و بەلووچی و ئەم و ئەو بە جلی شوان و گاوان نێشان دەدەن و زۆر بابەتی تر، بەڵام باسێکی گرنگ لەمبارەوە پەروەردەیە، پێتان وا نیە پەروەردەی ئێران لەمبارەوە دەورێکی گرنگ دەگێڕێ تا تاکی کورد بە خۆ بەکەمزان و بێ مێژوو و ڕەسەنایەتی نێشان بدات؟

دانش پەژوو: بە وتەی جان ستوارت میل، گرنگترین بناغەی کۆمەڵگا هەمان نەهادی پەروەردەیە.بەبڕوای ئەو سیستەمی پەروەردەیە کە تاکی داهاتوو دیاری دەکات و چارەنووسی دواڕۆژ دەستنیشان دەکات.دیسان لێرەیشدا سیستەمی پەروەردە لە ئێراندا پەیڕەوی سیاسەتی سەرەوەیە.واتە هیچ سەربەحۆییەکی نییە.کەوایە سیستەمی پەروەردە درێژەدەری سیاسەتی ناوەندە.بۆیە کورد و نەتەوەکانی دیکە کە خاوەنی پێگەی دەسەڵاتی پەروەردە نین ناتوانن لە هەمبەر ئەو ڕەوتە بوەستنەوە.منداڵێکی کورد یان عەرەب و …ناچارە بە زمانی بێگانە بخوێنێت، مەزهەبی بێگانە فێر ببێت، کولتووری بێگانە دەبینێت و …لەم بەستێنەدا بەگشتی یەک جۆر تاک پەروەردە دەبێت.تاکێک کە هەموو بوونی خۆی لە بەڕێوەبردن و دەستخستنی بایەخە فێرکراوەکانی نەتەوەی باڵادەست هەوڵ بدات. بەم شێوازەیە کە تاکی غەیرەفارس بوونی خۆی ون دەکات و بایەخی نەتەوەی فارس دەکاتە پێڕەوی ژیانی.سەرگەردانیی منداڵی کورد لە قوتابخانەوە دەستپێدەکات.

ڕاوێژ: تاکی کورد هەمیشە لە قسەکاندا باس لە گەورەیی خۆی دەکات، باس لە قارەمانەتی، بەرزی موزیکی، شۆڕەسوارێتی و بەرزی شاعیران و بەیت و لاوک و حەیرانی، بەڵام بەو حاڵەشەوە بۆ نموونە کە دەگاتە فارس یان تورک و عەڕەبێک، خۆی بە کەم دەزانێ، چ بکەین و چ بکرێت بو دەرمانی ئەو خۆ بەکەم زانینە؟

دانش پەژوو: نەتەوەی کورد خاوەنی مێژوویەکی پڕسەروەری و ڕەنگاوڕەنگە لە شانازیی مۆزیک و ئەدەبیات و ….بەڵام بۆچی تاکی کورد لە هەمبەر ئەویدی ئەو پاشخانەی خۆی بە کەم دەزانێت؟ لێرەدا گەورەترین هۆکار ئەوەیە کە تاکی ئەمڕۆ خۆی لە بەرانبەر دەزگایەکی ڕاگەیاندنی گشتیی بێگانە دەبینێت کە لەو دەزگایە بە هیچ جۆرێک شوناسی خۆی یان پاشخانی خۆی نابینێتەوە، بۆیە وردە وردە بەو قەناعەتە دەگات کە من وەکوو تاکێکی کورد لەم بەستێنەدا نیم بەڵکوو شوناسێک بەرهەم دێت کە نیشانەی کوردی پێوە دیار نییە.لە وەها میکانیزمێکە کە تاکی کورد هەست بە کەمبوون یان ژێردەست بوونی خۆی و مێژووی دەکات.

ئێستا ڕێکار چییە؟ گرنگترین ڕێکار بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم ڕەوتە توێنەرە، ڕێگای زیندووکردنەوە و پەرەپێدان و ناساندنی دووبارەی بایەخەکانی شوناسی کوردییە کە خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەندە.ئەم کارەیش پێویستی بە سیستەمی پەروەردە، سیستەمی ڕاگەیاندن و …هەیە.بەڵام لە ئێستای ڕۆژهەڵاتدا دەتوانین دوو سۆنگە بخەینە بەرباس. یەکیان ناوەندە ناحوکمییەکانی ناوخۆیە و دووەمیان حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانە کە هەموو توانایان لەو پێناوە داناوە.

ڕاوێژ: تا ئێستا زۆر بە کەمی ئاوڕ لەو پرسە دراوەتەوە، من پێموایە بەر لە ئازادکردنی کوردستان دەبێ تاکی کورد ئازاد بکەین، بەڕای بەڕێزت ئەرکی ڕووناکبیر و نووسەران لەمبارەوە چیە؟ کەمکارییەکان لەمبارەوە چین؟

دانش پەژوو: لە مێژووی هزر و ئەندێشەی مرۆڤدا بەردەوام لەسەر خاڵێک تەرکیز کراوەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە گۆڕانکاری لەئاستی ناوەڕاست و خوارەوەی کۆمەڵگا دروست نابێت مەگەر پێشتر لە چینی سەرەوەی کۆمەڵگا کاری لەسەر کرابێت.بۆیە ئەرکی ڕووناکبیران و نووسەران و …ی کوردستان لە هەموو تاکێکی کۆمەڵگا زیاترە و دەبێت زۆر هەستیارانە و جیددی لەگەڵ ئەو ئەرکە هەڵسوکەوت بکەن.بەڵام وەکوو ئێوە ئاماژەتان پێدا تا ئێستا بەپێی پێویست ئەوەمان نەدیتووە.

ڕووناکبیر لە ڕێگای ورووژاندن و بەرهەمهێنانی هزری نوێ لە لایەکەوە و بەکارهێنان و ڕەنگدانەوەی ئەو هزرە نوێیە لە بەرهەمی نووسەرانی کورد لە لایەکی دیکەوە ڕێکاری وەگەڕخستنەوەی ئەو ئەرکەیە.

ڕاوێژ: ئەو شوناسە کوردییە کە باسی دەکەن و دەبێ زیندوو بکرێتەوە یان پەرەی پێبدرێ چیە؟ تاک و کۆمەڵگای کوردی لەمبارەوە چی هەیە بۆ شانازی؟

دانش پەژوو: کاتێک ئاوڕ لە مێژوو دەدەینەوە دەبینین کە نەتەوەی کورد خاوەنی ئەدەبیات، زمان، هونەر، مۆسیقا و تەنانەت ئایینی کوردییە و لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە کە خاوەنی مێژوویەکی خەباتگێڕانەیە لەهەمبەر هێزی داگیرکارەوە.ئەبێ ئەو پرسیارە بکەین کە نەتەوەکانی دیکە چیان هەیە کە منی کورد نیمە؟  کەوایە نەتەوەی کورد ئەگەر زیاتری نەبێت هیچی کەمتر لە نەتەوەکانی دیکە نییە و هۆکارێکی عەقڵانیی نییە کە تاک خۆی بە کەمتر لە تاکی نەتەوەیەکی دیکە بزانێت، بەڵکوو ئەو خۆبەکەمزانینە بەرهەمی پڕۆسەیەکی درێژخایەنی بێگانەیە و تاکی کورد بە هەڵە تێگەیشتووە.

ڕاوێژ: تایبەتمەندییەکانی تاکی لەخۆنامۆ بوو یان خۆدۆڕاوی کەلتووری چیە و چۆن بزانین کورد بەو دەردەوە گرفتارە یان نا؟

دانش پەژوو: نیشانەکانی تاکی لەخۆنامۆبوو لە چەند ڕەهەند دەکرێت ئاماژەیان پێبکەین، لە ڕوانگەی دەروونناسانەوە ئەو تاکە حاڵەتی تووڕە، تەنیا و گۆشەگیر و …لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانەوە ئەو تاکە لە سەرگەردانییەکی فۆرمی ژیان بەسەر دەبات واتە شێوازێکی ئاسایی و خۆش ناتوانێت بۆ خۆی دابین بکات، بەڵکوو لە نێو فۆرمە بێگانەکاندا دەسووڕێتەوە.گەر بمەوێ نیشانە ڕوونەکانی تاکی لەخۆنامۆبوو بڵێین دەتوانین ئاماژە بە هەندێک خاڵی ساکار بکەین.بۆ نموونە نووسین بە زمانی دیکە، تابلۆی دووکانی نووسراو بە فارسی، گوێدانی مۆسیقای ڕۆژئاوایی بەبێ ئەوەی لێی تێبگات، پۆشینی جلوبەرگێکی ناکوردی لە ڕێوڕەسمێکی کوردی وەکوو زەماوەند و جەژنی نەورۆز و …و دەیان نیشانەی دیکە

ڕاوێژ: ئایا خۆدۆڕاویی کەلتووری یان نامۆبوون لە شوناس تایبەت بە ڕەگەزە یان پەیوەندی بە ڕەگەزەوە هەیە؟ بۆ نموونە من لە کاتی مامۆستایەتی خۆمدا دەمبینی کچان زۆرتر حەزیان بە گۆرانی فارسیە، کچان زۆرتر حەز بە شووکردن لەگەڵ فارسان یان جلی ئەوان یان قسەکردن بە فارسیەکی بێ لەهجە دەکرد، دەکرێ بڵێین ئەو پەیوەندیە ڕاستە؟

دانش پەژوو: قسەی ئێوە ڕاستە و ئەو لەخۆنامۆبوونە لەنێو کچان ڕێژەیەکی زیاتری هەیە بەڵام پێوەندیی بە ڕەگەزی نرینە یان مێیینە نییە، هۆکاری ئەو ڕێژەیەی ژنانی لەخۆنامۆبوو بۆ هەندێک لایەنی دیکە دەگەڕێتەوە.ژنی کورد لە زۆر بوارەوە دەچەوسێتەوە بۆیە تاکی ژن دەیەوێت بەجۆرێکی دیکە و لەڕێگایەکی دیکەوە ئەو خەسارە قەرەبوو بکاتەوە.لەلایەکی دیکەیشەوە ئەوەمان لەبیر بێت کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سیستەمی سەرمایەداری و میدیای سەرمایەداری بە کەرستەکردنی ژن وەکوو کاڵایەکی جینسییە، لە چۆنیەتیی ڕازاندنەوەی لەشی ژنان تا چۆنیەتیی جلوبەرگ.ژنان لە نێو سیستەمی سەرمایەداری و میدیای دەسەڵاتی تۆتالیتر زۆر زیاتر لەبەردەم مەترسیدان.زیاتربوونی ئەو ڕێژەیەی کە ئاماژەتان پێدا بۆ ئەو دوو هۆکارە دەگەڕێتەوە.

ڕاوێژ: نەبوونی دەڵەتی کوردی و کیانی خۆیی و خۆماڵی، چەندە کاریگەرە لەسەر ئەو بێ شوناسی و لەخۆناموو بوونە؟

دانش پەژوو: پێشتر ئاماژەم بەو خاڵە دا کە حوکوومەتەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵەکانیان لەپێناو ئەو ئامانجەیان لە ڕێگای دەسەڵاتەوە جێبەجێ کردووە و دەکەن، کەوایە بوونی دەوڵەتی کوردی یەکەم هەنگاو و کاریگەرترین فاکتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانەیە.دەوڵەتی کوردی دەتوانێت سیستەمی پەروەردە چاک بکاتەوە، دەتوانێت میدیای ڕاستەقینەی کوردی بە شوناسی کوردی زیندوو بکاتەوە و ….هەموو ئەو ڕێکارانە پێویستیان بە پاڵپشتێکی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسی هەیە و بێگومان دەوڵەتی کوردی دەتوانێت گەورەترین پاڵپشت بێت.

ڕاوێژ: حیزبە کوردییەکان چەند بە تاوانبار و سووچدار دەزانن لە پەرسەندنی ئەو دیاردە دەروونیەی کۆمەڵگای کوردی؟

دانش پەژوو: بەڕای من حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان گرنگترین پێگەی کاریگەر لەسەر ئەو ڤەیرانە بوون، بەو واتایە کە تەنها ئاڵتێرناتیڤ لەهەمبەر دەسەڵاتی ناوەندی بوون، ئەگەر ئێستا لە ئاستێکدا نیشانەکانی شوناسی کوردی دەبینین، بەرهەمی خەباتی هەمە لایەنەی حیزبەکانە.هەرچەند کەموکوڕیشیان بووە و هەیە و دەکرا زۆر لەوە زیاتر و کاریگەرتر بن.ئەوەیش دەکرێت کاری لەسەر بکرێت بەڵام بەگشتی حیزبەکان نەتەنیا بە تاوانبار نازانم بەڵکوو بە هەڤیازی ئەو ڕەوتە دەزانم.

ڕاوێژ: بە سەرنجدان بە نەبوونی دەرفەتی میدیایی و سیستەمی پەروەردە  و تەنانەت گۆڤاری ئازد و لەلایەکی تریشەوە هەوڵی سیستماتیک دەوڵەتی دەوڵەمەند و بەهێزی دژەکورد، چالاکانی ناوخۆ بۆ بەرهەڵست بوون لە هەمبەر ئەو دیاردەیە چیان لە دەست دێ؟ ڕێکار چین؟

دانش پەژوو: لەو دۆخەدا، چالاکانی ناوخۆ تەنها لە یەک ڕێگاوە دەتوانن هەوڵ بدەن یان باشتر بڵێم تەنها یەک دەرفەتیان ڵەبەر دەستە ئەویش چالاکی لە ڕێگای ناوەندە فەرهەنگی و هونەرییەکانە.ئەو ناوەندگەلە دەتوانن بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵ بدەن، بۆ نموونە بەڕێوەبردنی خولی فێرکارییەکان وەکوو خولی زمانی کوردی، فەلسەفە، مێژوو، هونەر، ژینگەپارێزی و …حکومەتی کۆماری ئیسلامی تەنها ئەو دەرفەتی بۆ چالاکانی ناوخۆ هێشتۆتەوە.

ڕاوێژ: کاک شوعەیب ئەو خۆدۆڕاندنە هێندەی من بە ئەزموونی مەیدانیی خۆم بینیبم هەر خەڵکی ئاسایی ناگرێتەوە، زۆر جار هۆکاری شکست هێنانی دان و ستانە سیاسیەکانی کورد و داگیرکەریش ئەو هەست بە خۆکەزانینە بووە، سیاسیەکان کورد چاو لێکە بۆ نموونە کوردانی باشوور کە دێنە ئێران خۆیان دەچنە پارلمان، نزمترین کەس پێشوازیان لێدەکا، کە فارس و عەڕەب دەچنە لای کورد دەڵێی بەرەکەت بەسەرماندا باریوە، بەڕای ئێوە دەردێک لەو ئاستەدا چۆن دەکرێ پێشی بگیرێ و چۆن دەکرێ دەرمان بکرێ؟ هیوایەک بە دەرمانی هەیە؟

دانش پەژوو: خاڵێکی بەجێ و گرنگە.خەڵکی ئاسایی لە نێو سیستەمی حاکم پەروەردە دەبن، کاتێک کە سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی لە ئاستی سەرەوە نەتوانێت پێگەی خۆی بپارێزێت و خاڵە پێویستەکان لە پێوەندییەکانیان ڕەچاو نەکەن، بێگومان ئەمە دەبێتە هەوێنی کردەوەی هاوشێوەی تاکی ژێردەستی ئەو دەسەڵاتە.بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی لە باشوور زۆرجار پرێستیژی خۆیان نەپاراستووە، بۆیە کاتێک تاکێکی ئەو کۆمەڵگا دەبینێت لە ئاستی سەرەوەی دەسەڵاتیش کورد لە خوەرترەوەیە، ئەویش وردە وردە بەو قەناعەتە دەگات کە ژێردەستە.

ڕاوێژ: کاریگەری نەرێنیی ئەو لەخۆنامۆیی و خۆدۆڕاویی کەلتوورییە لەسەر خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی چیە؟

دانش پەژوو: لەخۆنامۆبوون کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر خەبات هەیە، دەبێ بپرسین کێ لە خەباتدا بەشداری دەکات؟ ئایا تاکێکی لەخۆنامۆ لەو ڕیزانەدا هەیە؟ ڕوونە کە تاکێکی دوچار بەو خۆبەکەم زانینە، خەباتی سیاسی وەکوو بایەخی نەتەوەیی ئەژمار ناکات و بەشداریش نابێت.پشتیوانی و بەشداری لە خەبات پێویستی بەوە هەیە تاک پێش هەمووشتێک خەبات وەکوو بایەخ بزانێت.گەر پێچەوانە بێت ئیدی پشتیوان نابێت.کەوایە تاکی لەخۆنامۆ هیچ هۆکارێک بۆ بەشداریکردن و پشتیوانی لە خەبات نابینێت.

ڕاوێژ: کاک شوعەیب هونەر لێرەدا هیچ دەورێکی هەیە؟ هونەرمەند بە گشتی، دەتوانن کاریگەرییان هەبێ یان پرسەکە تەنیا سیاسی و دەروونناسیە؟

دانش پەژوو: لە پرسیاری دیکەدا ئاماژەم بەو خاڵە کرد کە پێگەی هونەر ئەوەیە کە هزری نوێی کوردی بە شوناسی کوردییەوە بگوازێتەوە نێو ڕەهەندەکانی خۆی.هزر و ئەندێشەی شوناسی کوردی لە ڕێگای هونەرەوە دەڕواتە نێو قووڵایی کۆمەڵگاوە و هەموو چینەکان دەگرێتەوە.کاتێک نەتەوەی کورد خاوەندی سەدان گۆرانیبێژی ژن و پیاو لە سەبکە جیاوازەکان بێت و خاوەنی سینەمای بەهێز و خاوەنی نووسەری جیاواز و چالاک بێت و دەیان بابەتی دیکە…ئیدی تاکی کورد پێویستی بەوە نییە پەنا بباتە هونەری نەتەوەی بێگانە.بۆیە هونەر پردێکی گرنگی نێوان ئەندێشە و کۆمەڵگایە.

ڕاوێژ: چۆنە کرماشان و ئیلام و تاڕادەیەکیش سنە، زیاتر تووشی  لە ئەو دەردەبوون ئایا لە کرماشان هیوای بووژانەوە هەیە؟

دانش پەژوو: چەند هۆکاری هەیە، کرماشان و ئیلام لە باری جوگرافییەوە لە پەراوێزی ڕۆژەهەڵاتن و بە ناوچە ناکوردییەکان نزیکترن.سەرەڕای ئەوەیش کۆماری ئیسلامی هەوڵی چڕوپڕی لەم دوو پارێزگایە لەم سەدەیە داوە.هۆکاری دیکەیش ئەوەیە کە خەبات لەو دوو پارێزگایە بەپێی پێویست نییە و هەندێک لە ڕەوتی خەبات دابڕاون کە لێرەدا کاریگەریی حیزبی سیاسی ڕوونتر دەبێتەوە.بەڵام لەپاش ڕووداوەکانی ساڵی 88 لە ئێران و کوژرانی کیانووش ئاسا لاوی کرماشانی و لەم دواییەیشدا دەوری نوێی چالاکی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لەو دوو پارێزگایە بەڵێندەری هیوای بووژانەوەی دووبارەن.

ڕاوێژ: لە نێوان خۆدۆڕاندنی کەلتووری و ئابووریدا چ پەیوەندێک هەیە کە بەتایبەتی لەناو کورددا کەسانی دەوڵەمەندتر کە خۆیان بە باکلاستر دەزانن زیاتر لەو ڕووەوە تێوەگلاون؟ وشەی فارسی و زمانی تر و جلی تر و خۆدوورخستنەوە لە نەریتی خۆیی، بۆ لەواندا زۆرترە تا چینی هەژار یان مامناوەند؟

دانش پەژوو: خاوەن دەسەڵاتی ئابووری دەتوانێت دەستی بگاتە ناوەندی سیستەمی سەرمایەداری، شێواز و فورمی ژیانی سەرمایەدار ڕاستەوخۆ لە دڵی سیستەمی سەرمایەداری هەڵدەقوڵێت.بۆیە زۆر ئاساییە کە تاکی خاوەن دەسەڵاتی ئابووری ساناتر دوچاری ئەو قەیرانە دەبێت.مارکس گوتەنی سەرمایەداری مرۆڤ دەکاتە (شیٔ)، واتە ڵە بایەخە سەرەکییەکەی مرۆڤبوونەوە دوور دەکەوێتەوە، کەوایە دوورکەوتنەوە لە بایەخە نەتەوەییەکانیش بابەتێکی سەیر نییە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت