دۆخی پەروەردە و کێشەی مامۆستا و قوتابیان لە کوردستانی خۆرهەڵات/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ

0
393

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت وتووێژێکە لەسەر مژاری “دۆخی پەروەردە و کێشەی مامۆستا و قوتابیان لە کوردستانی خۆرهەڵات” کە لە ڕێکەوتی ٢٠ و ٢١ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی لە گەورەژووری ڕاوێژ لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتیی تلێگرام لەگەڵ مامۆستا جەلال جەماڵی، مامۆستای پێشووی قوتابخانە و چالاکی سیاسی و بە پێشکەشکاریی نیشتمان قاسمی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕاوێژ ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: سەرەتا تکایە خۆتان بۆ ئەندامانی گەورەژووری ڕاوێژ بناسێنن

جەلال جەماڵی
جەلال جەماڵی

جەماڵی: جەلال جەماڵی ـم  لە دایک بووی سەردەشت سەربە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  و دوای تەواو کردنی خوێندن لە قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندیی و هتد، لەو شارەو  وەرگرتنی دیپڵۆم بۆ درێژەدان بە خوێندن، چوومە سەڵماس، واتا “تەربیەت معەلیم ” و پاشان چەند ساڵیش لە گوندەکانی سەردەشت مامۆستا بووم و هەنووکەش بەهۆی کێشە وگرفتە سیاسی وفکرییەکانەوە لە وڵاتی ئاڵمان دەژیم .

ڕاوێژ: ئێوە خۆتان مامۆستا بوون، دەکرێ بۆمان باس بکەن کە ناخۆشترنی ئەو شتانەی کە وەک مامۆستایەک لە قوتابخانەدا دەتانبینی چی بوون؟

نیشتمان قاسمی
نیشتمان قاسمی

جەماڵی: سرووشتیە بۆ مامۆستایانی کوردو خاوەن هەستی نەتەوایەتی ونیشتمانپەروەر، کارکردن له ناو حوکمەتێکی داسپێندراوو وسیستەمێکی نەشیاو بۆ ڕاهێنان و پەروەردەرکردن ئەویش بە زمانێکی بێگانە و دەست نیشان کردنی هێڵی سوور بۆ زمانی زکماگی،  زەقترین و ناخۆشترین بوار بوو،    سەرەڕای ئەوانەش هاوکاربوون لەگەڵ بەرپرسانی بێ ئەزموون و نالێهاتوو و گوێ لەمست کە کەمترین بایەخ بە پەرروەردەو کێشەکۆمەڵاتیەکان دەدەن یەکێکی تر لە گرفتەکانە.

ڕاوێژ: بە گشتی سیستەمی پەروەردەی ئێران لە کوردستان و ناوچە کەمینەنشینەکان بەدوای چیدا دەگەڕێ و ئامانجی چیە؟

جەماڵی: کەمڕەنگ کردنی هەستی نەتەوایەتی و ئەستاندنی مافە ڕەواکان لە سەردەمی منداڵی قوتابیەک ڕا بە کەڵک وەرگرتن لە  شێوەگەلی جۆراوجۆر و سەمپاشیی فیکری و پڕوپاگەندەیی. پڕۆپاگەندەی تایبەت، هەروەها سەپاندنی سیاسەتە خوازراوەکانیان بۆ لەناوبردن و سەرکوت کردنی هەرجۆر فکرێکی نەتەوەیی و ڕەوا و هەق ویستانە.

ڕاوێژ: یەکێک لە کێشەکانی ئێمەی کورد لە سیستەمی پەروەردەی ئێران، نەخوێندن بە زمانی زگماکی، پێتان وایە چۆنە ئەو مافە تا ئێستاش نەهاتۆتە دی؟

جەماڵی: بەر لە هەموو شت، بوونی حکومەتێکی داگیرکەر و داسەپاو کە کەمترین بایەخ نادات بە ماڤەکانی نەتەوەی کورد و باقی میللەتانی ژێردەستی و نەبوونی یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستی  ئەحزابە کوردیەکان بۆ خەباتێکی بەربڵاوی هەمەلایەنە دژی ڕژیم و پێداگری و چالاکیی خەڵکی ناوخۆ بۆ وەدەست هێنانی مافە ڕەواکان و ئامانجەکان و هەمیش تاڕادەیەک هەست بە بێ دەرەتانی و بێ ئاتاجیی خەڵک کە ئەوەشیان دەگەڕێتەوە سەر کەمکاری و بێ مشووریی حیزبەسیاسیەکانی ڕۆژهەڵات.

ڕاوێژ: مامۆستا با بچێنە سەر باسی بینای قوتابخانەکان، دۆخی بینای قوتابخانەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات چٶنە؟ تا چەند ئاسایشی قوتابی تێیدا دابین کراوە؟

جەماڵی: قوتابی کاتێک دەچێتە قوتابخانە پێویستە هەست بە بوونی دۆخێکی ئارام و تەژی لە عاتیفە و فەزایەکی ڕەخساوی ڕوحی و دەرونی بکات، بەپێچەوانە لە کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی لە گوندەکان، قوتابخانەکان لەوپەڕی بێ ئیمکاناتی دان و زۆربەیان خانووە قوڕینەو دارەڕاکانی ناو گوندن کە بەشی هەرەزۆریان بێ کەڵک و هیندێکیشان بەهۆی دڵسۆزی لادێیەکان بۆ منداڵان و ویستی ڕاهێنانیان، شانیان داوەتە ژێر ئەرک و بۆشایی و کەم تەرخەمی ڕژیمیان و تاڕادەیەک قەرەبوویان کردۆتەوە، بەڵام لەڕاستیدا وڵامدەری سەرما وسەهۆڵبەندان و بورانی زستان وپاییز نین و زۆرجار تا ماوەیەک لەبەر بێ سووتەمەنی و ئاودزبوونی کەلێن وقوژبنەکانیان ناچاربوون پشوو بدەن و ئەگەریش لە چەند گوندێک قوتابخانەیەکی نوێ سازکراوە هەر بەشێوەی کامپۆزیت و پێش ساختەیە کە تەنیا وڵامدەری هۆڵێکە و هیچ تێبینیەک بۆ گرتنی کێشەی دەنگ و قاوقیژە سرووشتیەکانی منداڵان نەکراوەو لە بواری سیستەمی ساردوگەرمیش بۆ خۆر تابڵێی ناسک و بۆ سەرماش کێشەیەکی وەک ڕووداوی شیناوێ دەێتە گۆڕێ کە خەسارێکی قەرەبوونەکراوەیە.

ڕاوێژ: نەخوێندن بە زمانی زگماکی چ زیانێکی بۆ قوتابیان به دواوەیە؟

جەماڵی: ڕاستیەکی تاڵ لەنێو کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە کە بەشی هەرە زۆری مناڵەکانمان وەک ڕێواسی کوێستانن، بۆخۆیان پێدەگەن یانی زیاتر پەروەردە وەردەگرن هەتا پەروەردە بکرێن !! دوان و ڕاهێنانی منداڵ لە سەرەتاوە بەزمانێکی غەیری زمانی زگماکی، تووشی زیانێکی قەرەبوونەکراوە دەکات. بەرەبەرە دەبێتە هۆی فەرامۆشی و لەناوچوونی زمانی دایکی کە پێویستە ناسنامەی هەر مرۆڤێک لەسەر ئەوە دابڕێژرێت. بەداخەوە باوەڕێکی هەڵە لەلایان هێندێک دایک وباب بۆتە باو کە لە ڕاوێژ بەزمانی زگماکی لەگەڵ منداڵ خۆ دەبوێرن، بەو پاساوەی کە دەیانهەوێ لەداهاتوودا کێشەی فێربوونی زمانی داسەپاوی فارسیان نەبێت!! ئەوە بۆچوونێکی هەڵەیە، چۆن بەپێی ڕاگەیاندراوی فەڕمیی یۆنسکۆ هەرکەسێک توانای نووسین وخوێندنی بەزمانی زگماکی نەبێت ئەوا نەخوێندەوارەو  وەک دەزانن ساڵی 2008 ڕۆژی دووی ڕەشەمێ واتا 21 فێوریە وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لەلایان ڕێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناودێرکراوە بەڵام لە ناو سیستەمی گەندەڵی ڕژیم، نە ئیزنی گردبوونەوەی جۆراوجۆر و مەکۆگەلی کۆمەڵایەتی بەهەڵسووڕاون وچالاکانی مەدەنی  نادەن  کە ئەوەش لەمپەرێکی گەورەیه بۆ کەسانی تینووی فێربوونی نووسین وخوێندنەوەی زمانی دایکی وهەروەها زوڵمێکی یەکجارزۆرە که لە نەتەوەیەکی نزیک پازدە میلیۆنی بەناو کوردی ڕۆژهەڵات دەکرێ.

ڕاوێژ: پەیوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی لە سیستەمی پەروەردەی ئێراندا چۆنە؟

جەماڵی: قوتابی، هەنجارەکان له مەدرەسە دەناسێ، لەگەڵ پرەنسیپە کۆمەڵایەتیەکان شارەزا دەبێت و دەتوانێ ڕۆڵی خۆی لە کۆمەڵگادا بدۆزێتەوە و خۆی تەیاربکات بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەرکەکان و هەڵسەنگاندنی تواناکانی. لەوڵاتانی پێشکەوتوو، کارگێڕان و بەرپرسانی قوتابخانەکان، لەکاتی تۆمارکردن و ناونوسینی قوتابیەکان چەند کورتە نامیلکە لە بواری ڕوحی و دەروونی و لەش ساخی و هەڵسووکەوتی بنەماڵەکانیان، کۆدەکەنەوە ودەخرێنە بەردەستی مامۆستایان تا بتوانن بەکەڵک وەرگرتن لە ڕەوشی دەروونی و دەرەکیی قوتابیەکە بە شێوازێکی فرەڕەهەندی و گوونجاو، پەروەردەی بکات. قوتابی دەتوانێ لە ڕێگای مامۆستاکەیەوە زیاتر کۆمەڵگا بناسێ و کەم و کوڕییەکان جوانتر شیکاری بکات و تواناکانی باشتر گەشە پێبدات و باوەڕبەخۆبوونی زیاترببێت، بەڵام لە سیستەمی پەروەردەی ئێراندا ئەو ڕەوشە بەدی ناکرێت و شتێکی بەناوی سەقام و جێگیریی مامۆستاکان، بوونی نییه کە یەکێکە لە هەرە کەییرەکانی پێویست بۆ تێڕادیتنی قوتابیەک لە مامۆستاکەی و بگرە هەل و دەرفەتی ئەوەش ناڕەخسێت کە بتوانێ متمانەی خوێندکارەکەشی بەدەست بێنێ.

ڕاوێژ: مامۆستایەکی کورد، جیا لە کێشەی مووچە و مانگانە و هەژاری و دەستکورتی، چ کێشەگەلێکی تری هەیە؟

جەماڵی:  مامۆستایانی کورد، زیاترلە هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا لە ژێر هوورک بینیی ڕژیم دان و هەمووکات داڵغەو دڵەراوکەی زەختە نەهێنیەکانیان لەسەرە و زۆربەشیان لەگەڵ عەزابی دەروونیان بەرەوڕوون کە ناتوانن و ئیزنی ئەوەیان نییە کە بە زمانی کوردی وانە بڵێنەوە و نازانن بە چ زمانێک مناڵێکی حەوت تا دە دوازدە ساڵانە تێبگەیێنن کە نووسراوەی ناو پەڕتووکەکانی بەردەستیان ژهروای نەیارانی میللەتی کوردن دەخواردیان دەدرێن.

ڕاوێژ: حەز دەکەم بزانم ئەگەر قوتابیەک بە شێوەی درووستی سیستەمی پەروەردەی ئێران بچتە پێش، لە دوای وەرگرتنی دیپڵۆم چ چەشنە کەسایەتییەکی لێ دەردەچێ؟

جەماڵی: لەگەڵ ڕێزم لەڕاستیدا ئەوپرسیارە بەدروستی دانەڕێژراوە بەڵام ئەگەر مەبەستتان وەرگرتنی دیپڵۆم لە ڕووی پێوەرەکانی کۆماره ئیسلامیە !؟ ئەوە وەڵامەکەی زۆر دژوار و بەربڵاونییە چۆن بە دڵنیاییەوە بایی توورێک لەو دوازدە ساڵەدا فێرنەبووەو ئەگەریش هەڵکەووتیەک هەیە ئەوا دەگمەنن چۆن تەنیا ویست و داخوازیی ڕژیم ، نزیک کردنەوەی قوتابخانەکان لە حەوزە ئاخوندییەکانە و چاندنی تۆوی فاشیستیی ئێرانی و پان ئێرانیستی، بۆ گرینگە ئەگینا بواری عیلمیەوە شتێکی بەرچاو فێرنابن و بگرە جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ وڵاتانی برێمە و مالدیڤ نییە.

ڕاوێژ: لە پەروەردەی ئێراندا زۆر جار کەسایەتیگەلێکی خیاڵی بۆ قوتابی ساز کراوە وەک پترۆس لە هولەند ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە هەموو هولەند یەک کەس ئەو چیرۆکە نازانێ، پێتان وایە ساز کردنی کەسایەتیی بێ بنەما لە پەروەردەی ئێران بە چ ئامانجێکە؟ بۆ ئامادە نین کەسی وەک فەرهادی کورد بناسێنن؟

جەماڵی: فارسە فاشیستەکان لەمێژە بۆیان دەرکەوتووه کە لە بواری مێژووییشەوە لە کزیدان و شتێکی ئەوتۆو مێژوویەکی واقعی جێگای شانازیان نییه و تەنیا خەریکی داستان بێژی و ڕەوایەتی درۆن و دەشزانن کەمێژووی میللەتی کورد تەژییە لە قارەمانەتی و سەرچاوەی جوانی و ئەوین و مرۆڤایەتی و نیشتمانپەروەرییە و هەر بۆیەش بە هەموو شێوەیەک خۆ لە مێژووی میللەتێک نادەن کە تەنانەت کاتی ژێردەستیشدا خاوەن سەروەرین لەهەموو بوارێکدا.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت