ئاوڕێک لە نوێترین پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان

0
239

بابەتی بەردەستتان، یەکێکی‌تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی تلێگرام کە لە ڕێکەوتی ٨ و ٩ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٠١٦) لەگەڵ بەڕێز ئەسکەندەر جەعفەری، چالاکڤانی مافی مرۆڤ و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان و بە پێشکەش‌کاریی هەڵمەت مەعرووفی، ڕۆژنامەوان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕاوێژ،  لەسەر مژاری (ئاوڕێک لە نوێترین پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان) ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: لە ماوەی ٢ مانگی ڕابردوودا بەتایبەتی، ڕێژەی دەستبەسەر کرانی خەڵکی مەدەنی زێدە بووە، دەکرێ ئەگەر ئامارتان لەبەر دەستە باسێک لە ئامارەکان بکەن؟

ئەسکەندەر جەعفەری
ئەسکەندەر جەعفەری

جەعفەری: به وردی هیچ ئامارێک له پێشێلکاریی مافی مرۆڤی کوردستان له لایەن ئێرانەوه نیه. ئەگەر باس له بانگهێشتن و دەست به سەرکران و لێپرسینەوه بکەین، دەتوانین بڵێین زیاتر له ۵۰ کەس لەم ماوەیه کورتەدا گیراون یان بانگهیشت یان تەهدید کراون‌. ئەگەر باس له خۆکووژی بکەین، که زۆربەی دەگەڕێتەوە سەر حکوومەت و فەرهەنگسازی بۆی، دەتوانین بڵێین زیاتر له ۱۰ کەس خۆیان کووشتووه. ڕەنگه هەندێک کەس بڵێن ئەمه مژارێکی سیاسی نیه. بەڵام من به پێچەوانەوە پێم سیاسیه. چوونکه کەسیک نانی شەوی نیه، حکوومەت برسی کردووه، کەسیک خێزانی دەکووژێ، فەرهەنگسازیی لایەنێکی حکوومی تێیدا کاریگەر بووه. بەڵام به گشتی دەتوانم بڵێم، دوو مانگی ڕابردوو کۆلکە زێڕینەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ له ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو له سەردەمی ڕووحانیدا.

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

چوونکه لەم ماوەیەدا زیاتر له ۵۰ چالاکوانی کورد ڕووبەڕووی گووشار بوونەتەوه، که له سەردەمی ڕووحانیدا بێ وێنەیە.

ڕاوێژ:هۆکاری زێدەتر بوونی دەست بەسەر کردنەکان لەو ماوەیەدا بۆ چی دەگەڕێننەوە؟زۆرترن خەڵک بە کام هۆکار دەستبەسەر کراون؟

جەعفەری: ڕەنگه هۆکارێکی جمووجۆڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ. حدکا پرۆژەی ڕاسانی ڕایگەیاند، حدک وینەی پێشمەرگەکانی له ناوخۆ بڵاوکردەوه، پاک ئدعای کرد که هێرشی سەر کارمەند و بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ لە کرماشان کاری ئەوان بووه، ئەندامانی ناوخۆی کۆمەڵه چالاکی جۆراوجۆریان کرد که هەرچەند له چاوی ڕاگەیاندن دوور بئ، بەڵام ئێمه لێی ئاگادارین و بێ گوومان کۆماری ئیسلامیش لێی ئاگاداره، پژاک ئدعای کرد که چەند گریلای له شەڕ لەگەڵ سپای پاسداراندا شەهید بوونه. بەم چالاکیانەش ڕژیم هەم دەیه‍ەوێ چالاکوانان تەسفیه بکات و یان له وڵات وەدەرکەون یانیش دەیانگرێ. هەروەها بەشێکیشی شەڕێکی ڕەوانیه لە دژی چالاکوانان و خەڵکی سڤیلی ڕۆژهەڵات‌. لێره پێم خۆش نیه مەدحی هیچ حیزبێک بدەم ‌و ڕەخنه له هیچ حیزبێک بگرم.

ڕاوێژ: لەو دەستبەسەر کرانانەدا بە پێی زانیارییەکانی ئێوە، مۆڵەتی یاسایی هەبووە؟ یان ئەوەی کە وەزارەتی ئیتلاعات بەپێی حەزی خۆی و بێ لەبەرچاوگرتنی یاسا و ئیزنی دادوەری خەڵک دەستبەسەر دەکات؟

جەعفەری: نه تەنیا وەزارەتی ئیتلاعات بەڵکوو حەفازەتی ئیتلاعاتی سپا، حەفازەتی ئیتلاعاتی هێزەکانی ئنتزامی و ئەڕتەشیش دەستی لەو گرتنانەدا هەیه. له زۆربەی هەرە زۆر و نزیک به تەواوی  ئەو گیراوانه نایاسایی بوون. بەو واتایه که حکوومەت دەیهەوێ چالاکوانی ناوخۆ نائومێد بکات لەوەی که دەرگایەکیان جگە له ولایەتی موتڵەقەی فەقیه‍ نیه‌. بەڵام دوای شکەنجه له ژێر هەڕەشەدا، بەشێک له چالاکوانان دان به وتەکانی ئەو ڕێکخراوەی تەناهی یان لەشکەری دادەنێن که ئەوانی گرتووه. بەڵام کۆماری ئیسلامی، بەمدواییه گەڵاڵەیەکی دا بە مەجلس و مەجلسیش پەسەندی کرد، که به پێی‌ ەو گەڵاڵەیه، ئەو ئۆرگانانه دەتوانن له هەر کاتێکدا که به پێویستی بزانن، لە ژێر ناوی پاراستنی تەناهیدا خەڵک بگرن. بەو شێوەیە ڕەنگێکی یاسایی به گرتن و لێپرسینەوەکان دەدات.

ڕاوێژ: زۆرێک لە دەستبەسەر کراوان وەک سامان قادرپوور و “سەحەر فەیزی”، کچی مستەفا  لە شاری سەقز تا ئێستا و دوای دەستبەسەر بوونیشیان هیچ هەواڵێکیان لێ نەزاندراوە، دەنگی ئەوانە چەند بە ناوەندە نێونەتەوەییەکان ڕاگەیێندراوە؟

جەعفەری: به داخەوه چوونکه تا ئێستا کورد خاوەنی دەوڵەت نەبووه، زۆر دەنگی له ئاستی ناودەوڵەتی ناچێ. بەڵام به خۆشیەوه چەند ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی، له هەوڵەکانیاندا بۆ گەیاندنی ئەو دەنگه به کۆمەڵگای ناودەوڵەتی چالاکن. هەروەها ناتوانین یارمەتیی چەند دۆستێکی کوردیش لەمبارەیەوه بێ تەئسیر ببینین که له سەردەمی دووکتور قاسملوویەوه تا ئێستا هەر یارمەتیدەر بوونه. سەرەڕای ئەمەش هیندێک ناوەندی مەجازیی مافی مرۆڤی هەن که له هیچ جێگا تۆمار نەکراون بەڵام تەنیا له خزمەت حیزبه سیاسیەکاندان و ئەمەش بایەخی کارەکەی کەم کردووه. بەڵام ناهومید نیین و هەر ئەوەی که کەیسی سیاسیی کوردەکان له وڵاتانی ئەوروپایی له باشترین کەیسەکانه، دەسکەوتی گەیاندنی زانیاریی ورد و ڕاست سەبارەت به ڕەوشی مافی مرۆڤە له ڕۆژهەڵاتی کوردستان به ئاستی ناودەوڵەتیە.

ڕاوێژ: ئێران لە دوای چین و بەپێی ڕاپۆرتە نێونەتەوەییەکانیش هێشتا پلەی دووهەمی لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی هەیە، زانیاری لەسەر لەسێدارەدانەکانی ئەو دواییانە چین؟

جەعفەری: مەخابن زۆر ناوەندی چالاکی مافی مرۆڤ و سایتەکان هەن که زانیاریی درۆ بڵاو دەکەنەوه. سەرەڕای ئەمەش که وا نیشان دەدەن سەربەخۆن و زانیاریی وردیان هەیه، بەڵام له ماوەی ڕابردوودا ناوی چەند کەسیک بڵاو کرایەوه که گوایه لە زیندان له ڕەوشێکی خراپدان. له حاڵێکدا که ئەمان چەند ساڵه له سێداره دراون و‌ و پێم ڕاگەیاندن. دەمهەوێ ئەمه‌ ‌بڵێم که له ئێران و ‌چین، چوونکه ئامارێکی ڕاست سەبارەت به لە سێدارەدان له لایەن کۆماری ئیسلامیەوه ڕاناگەیەندرێ، چالاکوانانیش تووشی هەڵه دەبن. بەڵام به گشتی له ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەیان کەس به بەڵگه له ئێران له سێداره دراون که ژمارەیان له سەرەتای ساڵی‌ ڕۆژییەوه، کەمتر له ۵۰ کەس نیه. هەبوونی پله له ئاستی جیهاندا بۆ له سێدارەدانیش، پیشان دەدات که ئەو حکوومەته تا‌ چ ئاستێک له ڕێگای جۆراوجۆرەوه فشار دەخاته‌ سەر خەڵکی خۆی.

ڕاوێژ: ناوەندی مافی مرۆڤ لە ناوخۆ و دەرەوە زۆرن وکەم نین، کەمیش نین ڕۆژنامەنووسی ئەو بارە و ماڵپەڕی ئەم بوارە، کەچی دەنگی کورد زۆر بە کەمی دەگاتە گوێی جیهان، هۆکارەکان بەڕای ئێوە چێن هەر نەبوونی دەوڵەتە یان هۆکاری تریشی هەیە؟

جەعفەری: حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا له ناو حیزبه سیاسیەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و ڕۆژهەڵاتدا نفووزیی‌ نیه، بەڵکوو ئەم مژاره، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش له خۆ دەگرێ. هەم دەتواندرێ به بڵاوکردنەوەی ‌زانیاریی هەڵه، بایەخ و ئیعتباری ئەم ڕێکخراوانه کەم بکرێ، هەم حکوومەت دەنگێکی موسبەت له دژی ئەو‌ ڕێکخراوانه به دەست بێنێ. بەم دواییانه تەقریبەن‌ تەواوی ماڵپەڕەکان باسیان له دانانی وەسیقه بۆ چەند‌ کەسێک له شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، که به تەواوی درۆ بوو و ئەو کەسانه هەر بۆ کاتژمێرێکیش نەگیراون. هەروەها بەرژەوەندیی حکوومەتەکانیش کاریگەریی‌ کردۆته سەر دەنگی ئەو ڕێکخراوانه. چوونکه زۆربەی وڵاتان حازر نین بۆ بەدواداچوونی مافی‌ کورد، پەیوەندی خۆیان لەگەڵ ئێران تێک بدەن.

ڕاوێژ: باسی پەرەسەندنی ڕێژەی لەسێدارەدانتان کرد، ڕاپۆرتێکی ناونەتەوەیی دەڵێ لە ئێران لە مانگەکانی ڕەمەزان، سەرەتای ساڵ واتا نەورۆز و لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، ڕێژەی لە سێدارەدا دادەبەزێ، ئایا ئەوە بە نیشانەی ئەوەیە کە ئێران کەڵکی سیاسی لە لەسێدارەدان وەردەگرێ؟

جەعفەری: پێم وایه ئێران ئەو کاره بۆ ڕاکێشانی سەرنجی وڵاته ئیسلامیەکان ئەنجام دەدات. بۆ ئەوەی که پێیان ئیسبات بکات له مانگی ڕەمەزاندا که لای ئیسلامیەکان پیرۆزه، خەڵک ناکووژن تەنانەت ئەگەر به ووتەی خۆیان موحارب بن‌ واته لە دژی خواش شەڕیان کردبێ. چوونکه دینی ئیسلام، ڕشتنی خوێنی لەم مانگه به باش نەزانیوه. هەروەها نموونەیەکی تری ئەم هەوڵەی حکوومەت، دەستدرێژی سەر کچانه بەر له لەسێدارەدان. چوونکه چەند مەرجەعێک ڕایانگەیاند بوو که ڕەگەزی مێیینه ئەگەر به کچێنی بمێنێتەوه و بکووژرێ، دەچێته بەهەشت هەرچەند کاری باشیشی نەکردبێ. دەمهەوێ بڵێم کۆماری ئیسلامی بەو هەوڵانه دەیهەوێ سەرنجی کۆمەڵگاکانی ئیسلامی بۆ لای خۆی ڕابکێشێ.

ڕاوێژ: ئەگەر بکرێ بە گشتی ئاماژەیەک بە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بدەن.

جەعفەری: هەر وکوو دوێنێش باسمان کرد، دۆخی مافی مرۆڤ له ڕۆژهەڵاتی کوردستان له چەند مانگی ڕابردوودا زۆر خراپتر له پێش دەورەی گەییشتن به ڕێکەوتنی ناوەکی و بەرجام‌ بوو. پێشتر ئێران تەواوی هەوڵەکانی بۆ گەییشتن به ڕێکەوتنی ناوەکی چڕ کردبۆوه و بگره له سێدارەدانیشی تا ئاستێک ڕاگرتبوو. بەڵام دوای ئەو قۆناغه، قۆناغه زێڕینەکەی ڕووحانی دەستی پێکرد که هاوکات بوو لەگەڵ مانگرتنی کەسانیک وەکوو محەمەدسدیق کەبوودوەند، محەمەد عەبدووڵاهی، ئەیووب ئەسەدی و … هەروەها ترساندن و تەهدیدی چالاکوانان له لایەن ئۆرگانەکانی تەناهی حکوومەتدا. لەو کاتەوه که بەرجام‌ دەستی پێکرد، کۆماری ئیسلامی پێی نایه ئەو قۆناغەوه که دەبێ له سەر ڕەوشی مافی مرۆڤیش، هەوڵ بدات لابیگەری بکات. بۆ وێنه هەوڵ دەدات دەنگی وڵاتانی کاریگەر وەکوو ئۆتریش له ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە دەست بێنێ بۆ ئەوەی که زیاتر بتوانێ خەڵک سەرکووت بکا.

ڕاوێژ: دەستدرێژی کردن بۆ سەر ئافرەتان لە کوردستان لە لایەن جاش و بەکرێگیراوانی ڕژیم و هەروەها بەکارهێنانی هەڕەشە بۆ دەستدرێژی کردن بۆ سەر بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی بۆ وەرگرتنی دان پێدانان و ئیعتراف، لە ئێران چەندە بوونی هەیە؟

جەعفەری: به داخەوه کۆمەڵگای کوردی زۆری ترس هەیه که ڕەگەزی مێیینه دووچاری ‌زیندان و گرتن و لێپرسینەوه بێ‌. ڕاسته ئەم مەترسیەش هەیه و له زیندان تا ئێستا به بەڵگه لامانه که دەستدرێژی کراوەته سەر زیندانیانی مێییه، بەڵام زۆربەی بنەماڵەکانی گیراوان، ئەگەر کووڕیان گیرابێ، شانازی دەکەن. بەڵام که کچیان گیرا، دەیشارنەوه. زۆر ڕاسته که کارێکی وەحشیانەیه و له زیندان دەستدرێژیان کراوەته سەر. بەڵام دەبێ‌ هاوکاری بکرێ بۆ ئەوەی‌ لایەنه ناودەوڵەتیەکان لێی ئاگادار‌ بکرێنەوه‌. ئێمه گەلێکین که تینووی ئازادین. بۆ ئەو ئازادیەش له شیری دایکمان خۆش نابین. جا بۆیه پێویسته بنەماڵەکان زۆرتر ئاگادار بن. ئەگەر کەسێک بڵێ شتێکی وا بوونی نیه، دەبێ بڵێم زۆر سەفیهانه فکری کردووه که چالاکوانانی دژبەری حکوومەت، درۆیان دروست کردووه. چوونکه هەر وەک دەشزانین، ئێران تەنیا چەکێ که بتوانێ دژ به ژنان له زیندان به کاربێنێ، تەهدید به دەستدرێژیه. جا پێویسته وەکوو زۆر ئامارێکی که له بەر دەستماندایه، ئەگەر مژارێکی لەم چەشنه ڕووی دا، هاوکاریی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بکرێ و زانیارییه درووستەکانیان پێ بدرێ.

ڕاوێژ: لە ماوەی ڕابردوودا “تاوانی سیاسی” بۆ یەکەم جار لە ئێران پێناسە کرا، ئەو پێناسەیە چٶن هەڵدەسەنگێنن و تا چەند توانیوێتی دۆخی زیندانیانی سیاسی بگۆڕێ؟

جەعفەری: ئێران له لایەکەوه دەڵێت گرتووی سیاسیمان نیه‌. له لایەکی تریشەوه گەڵاڵەی تاوانی سیاسی‌ ڕادەستی مەجلس دەکات. زیندانی سیاسی بۆی نیه سەبارەت به تاوانەکەی، لەگەڵ زیندانیانی تر بدوێ. دەبێ بەشی (توابین) واته تۆبەکراوەکان، زۆرتر چالاک بێ و زیندانیان سیخوریی یەکتر بکەن بۆ ‌پێدانی مورەخەسی. زیندانیانی سیاسیی که تاوانی هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نیشتمانیان له سەره، ناتوانن بچنه مورەخەسی و … ئەمانه دەقی ڕاست و درووستی گەڵاڵەکەیە که به هۆی ئەوەی که ڕانەگەیێندرا، به داخەوه هەم زۆربەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و هەم زۆربەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لێی بێ ئاگان که به شێوەیەکی جدی کاریگەری له سەر ژیانی زیندانیان دروست دەکات. چوونکه تەواوی ئەو خاڵانه ئاماژەن به ڕێگەپێدانی دەزگای دادی ئێران بۆ ئەوەی که بتوانێ ئاسانتر، چالاکوانه سیاسیەکان به موحارب بناسینێ.

ڕاوێژ: تا چەند ئاگاداری دۆخی ، محەممەد نەزەری، عوسمان مستەفاپوور، والی درودی، عومەر ئیمامی، خالید فەرەیدوونی و عومەر فەقێ‌پوور و کەریم مەعروف عەزیز هەیە کە بۆ نموونە محەممەد نەزەری ٢٣ ساڵە لە زیندان ماوەتەوە و والی دروودی و عومەر ئیمامی ٢٠  ساڵ و خالید فەرەیدوونی و عومەر فەقێ‌پوور کە ١٧ ساڵە لە زیندانەکانی ڕژیم دان؟

جەعفەری: محەمەد نەزەری لەگەڵ کینەی بازجوویانی ئیتلاعات ڕووبەروو بۆوه. پێیان ڕاگەیاندبوو که ئەگەر حەبسیشت تەواو بکەی، کارێک دەکەین که نەتوانی بگەڕێیەوە ناو کۆمەڵگا. عوسمان موستەفاپووریش دەبێ ۱۰ ساڵ زیادی له زیندان بمێنێ. تەنیا به هۆی ئەوەی که داوای لێبووردنی بۆ عەلی خامنەیی نەنووسیوه‌. تەقریبەن‌ تەواوی ئەو ‌‌زیندانیانه دەتوانین بڵێین ڕەوشیێکی هاوشێوەیان هەیه. کەریم مەعرووف عەزیز دەبوایه سەرەتەتای ساڵی ڕۆژی لەگەڵ زیندانیانی ئێرانی له عێراق گۆڕدرابایەوه. بەڵام هەر به هۆکاری نادیار وەدوا کەوتووه. والی دروودیش هەر وا جێگای تەحسینه که دوای پێدانی مورەخەسیش، گەڕایەوه زیندان و‌ ئاماده نەبوو وڵات به جێ بێڵێ. هەر وەکوو محەمەدسدیق کەبوودوەند که پێمانی ڕاگەیاند من نامهەوێ بۆ ئازادی هەڵێم. دەمهەوێ بۆ ‌ئازادی، قووربانی بدەم و بە دەستی بێنم. ڕەنگه چەند زانیاریەکمان هەبێ و‌ نەیڵێین چوونکه ڕاستەوخۆ کاریگەریی‌ له سەر دۆسیەکانیان هەیه.

ڕاوێژ: هاوڕێیەک سکاڵا لە ماڵپەڕەکەتان دەکا کە بۆچی گرنگی نادەن بە کاری ژینگە و هەواڵی ئەو ئاگرکەوتنەوانە بڵاو ناکەنەوە؟ ئەگەر وڵامێکتان بۆیان هەیە بفەرموون.

جەعفەری: ئێمه تا ئەو ئاستەی که بۆمان کراوه و برادەران بۆیان ناردووین یان بۆیان پشتراست کردووین، هەوڵمانداوه ئەو هەواڵانەش بگوازینەوه. بەڵام ناشکرێ هەر ماڵپەڕێک هەر شتێکی دانا، ئێمەش دانێین. چوونکه حەتمەن دەبێ پشتڕاستی بکەینەوه و دوایی داینێین‌. شەڕی زووتر بڵاوکردنەوە نیه. شەڕمان شەڕی بڵاوکردنەوەی ڕاستیەکانه. هەر له سەر ئەم مەسەلەیه‌ نموونەتان بۆ دێنمەوه که سێ ساڵ بەر له ئێستا ماڵپەڕێک ڕایگەیاند که دارستانێکی نزیک چغاکەبوود له کرماشان تووشی ئاگرکەوتنەوه بووه. بەڵام که پێوەندیمان به هاورێیان کرد، بۆمان وەدەرکەوت که شتێکی وا ڕووی نەداوه. مەرج نیه شتی به ڕواڵەت له دژی کۆماری ئیسلامی حەتمەن بڵاو بکەینەوه. دەبێ به هوشیاری کار له سەر ڕاستی بکەین.

ڕاوێژ: بەشێک لە مافخورایی کورد دەگەڕێتەوە بۆ مافی خوێندن بە زمانی زگماکی، هەندێک کەس پرۆپاگەندای ئەوە دەکەن کە ئێستا لە زانکۆی سنە بەشی زمانی کوردی هەیە و لە قوتابخانەکانیش لە پارێزگای سنە دوو کاتژمێر لە ساڵدا وانەی زمانی کوردی هەیە، بە گشطی دۆخی زمانی کوردی لە ئێران و ئەو مافە بنەڕەتییە لە ئێستادا و بەتایبەتی دوای هاتنی ڕوحانی بە کلیلە زێڕەکەیەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

جەعفەری: کاتێک منی کورد نەتوانم له ئیلام کۆڤارێک به کەلهوری چاپ بکەم، با له زانکۆ دەرسی کوردیش بدرێ. هەرچەنده ئەو دەرسه به شێوەی هەڵبژادەیه و ناکرێ وەکوو ئامار پشتی پێ ببەستین. تەنیا لەو کاته دەتواندرێ پشتی پێ ببەسترێ که به شێوەی ئیجاری بێ. هەروەها کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش ئیعترافی به کوردبوونی کەلهورەکان یان کوردەکانی خواروو نەکردووه. تەنیا سۆرانی بۆ وانەوتنەوه له زانکۆ داناوه‌. واتا حەشیمەتی یەکەم کوردی ڕۆژهەلات که کەلهوره، له کوردبوون له ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیەوه بێ بەشه. هەر بۆ ئەم مەبەسته له ڕێگای نفووزیەکانی کاری له ناو حیزبه کوردیەکانیشدا کردووه‌. بۆ ئەوەی که حیزبەکان، ناوچەیی بمێننەوه.  که ئاوڕ له‌ مێژووی کۆماری ئیسلامی بدەین، هەوڵی داوه زاراوەکانیش له دژی یەکتر به کار بێنێ‌. بۆ وێنه بگووترێ فڵان زاراوه نابێ له ناو فڵان حیزب به کار بهێنرێ چوونکه حەشیمەتی زۆرمان لەم زاراوەیەیه و ‌دووبەرەکی دروست ببێ. حیزەکان ناتوانن زمان پێک بێنن و کاری ئەوان نیه‌. کاری چالاکوانی کورد، کارکردن بۆ زاراوەکانه به بێ جیاوازی. جا به گشتی له بوونی ڕاگەیاندنەکان، دۆخی زمان لەو قوناغه تێپەڕ بووه که‌ له ناو بچێ، بەڵام هێشتا مەترسی له سەره‌.

ڕاوێژ : وەک ڕای شەخسی خۆتان کە ڕۆژنامەوانێکی چالاکن و بەردەوام هەواڵ و زانیاری ڕادەگوازن، تا چەند پێتان وایە لەو سیستەمە و لە یاساکانیدا گۆڕانکاری دەتواندرێ بکرێ؟ ئایا دەکرێ بۆ گۆڕانکاریی لەو سیستەمە یان گۆڕینی کەسەکان، دڵمان بە باش بوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەلآت خۆش بکەین؟

جەعفەری: کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا و ‌تەنیا باوەڕی به گۆڕینی کەسەکانه.  بنگەی ئەم حکوومەته له سەر ئۆمەتی ئیسلامی دانراوه. بۆی فەرق ‌ناکات کێ سۆسیالیسته، دژبەرییه، کێ ناسیونالیسته، دژبەرییه و کێ سێکۆلاره، هەر دژبەرییه. جا که وابوو ئەم حکوومەته تەنیا باوەڕی وایه که گۆڕانکاری واتا گۆڕانی کەسەکان. به کورتی‌ که باوەڕمان به گۆڕان له چوارچێوەی‌ ئەم سیستمەدا هەبێ، واتا نکۆڵیمان له مافه نەتەوایەتیەکانمان کردووه. هەرچەند بتوانین هێندیک خەڵکیش هەڵخەڵەتێنین.‌

ڕاوێژ: ئازار هێندە زۆرە نازانم بە کام لا ڕابگەم، ئازارێکی مەزنی کورد، کۆڵبەرانن، ئەو کەسانەی کە بە تاوانی قاچاغچیەتی دەکوژرێن بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان کۆڵبەرن و کرێکارن و بار بۆ خەڵک ڕادەگوازن، دەکرێ باس لە ئامارەکانی ئەو دواییانەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرەکان بکەن؟

جەعفەری: به لانی کەمەوه تا ئەو‌ ئاستەی بۆ ئێمه پشتڕاست کراوەتەوه، له ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا زیاتر له ۱۵ کەس ‌کوژراوه و به لانی کەم ۳۰ کەس بریندار بووه. دەست به سەر بەشێکی گەوره له بارەکانی کۆڵبەراندا گیراوه و لانی کەم ۵۰۰ سەر ئەسبی کۆڵبەران له ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان به تەقەی هێزەکانی حکوومەتی ئێران کوژراون. ئەگەر کردنەوەی دۆسیەش له سەر کۆڵبەره بریندارەکان و ‌وەرگرتنی جەریمه‌ له ‌بنەماڵەی کۆڵبەرە کووژراوەکان ‌حساب کەین، تەواوی خەڵکی ناوچه سنووریەکان زوڵمی لێدەکرێ و دەتوانن له دادگای لاهای له دژی دەسەڵاتێک که نه مافی کار و‌ ژیانیان بۆ دابین دەکات و نه ئیزن دەدات کۆڵبەری بکەن، سکاڵا تۆمار بکەن‌ که به داخەوه ئەویش تا ئەم کاته بۆ کورد نەکراوه.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت