حوسێن پەناهی: دەیان كادری كۆمەڵە و دیموكرات لەم هەرێمی كوردستاندا شەهید كران

0
914

ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی عەرەبی بڵاوی کردووەتەوە، کە سوپای پاسدارانی ئێران بنکەیەکی سەربازیی گەورە لە پارێزگای سلێمانی دادەمەزرێنێت

باس نیوز له‌ زمانی ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بڵاوی کردووەتەوە، بنکە سەربازییەکەی سوپای پاسداران دەکەوێتە نزیک چیای سوورێن لە شاری سەید سادق لە پارێزگای سلێمانی و ئێستاش فڕۆکە جەنگییە ئێرانییەکان بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە. سەرکردەیەکی کورد، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، کە سوپای ئێرانی لە ڕۆژی 7ـمارسی 2016ـەوە دەستی بە دروستکردنی بنکە سەربازییەکە کردووە.

بۆ زیاتر تیشکخستنە سەر ئەو باسە لە گەڵ رێزدار ڕەفیق حوسێن پەناهی ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ئەمنییەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران چاوپێکەوتنێکمان کردووە، سرنجتان بۆ شیکاری و شرۆڤەی ئەو پرسە ڕادەکێشین.

ڕۆژی کورد: بەڕێز رەفیق حوسێن پەناهی ئێوە وەک بەرپرسێکی ئاسایش و تەناهی کۆمەڵە بێ گومان زانیاری وردترتان بە دەستەوەیە تا چەند ئاگاداری ئەو دەستتێوەردانە سەربازییانەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەن و چۆن لە  هەستیار بوونی ئەو هەڵوێستەی دەسەڵاتی ئێران دەروانن؟

ڕەفیق حوسێن پەناهی
ڕەفیق حوسێن پەناهی

حوسێن پەناهی: بێگۆمان ئێمە ئاگاداری زۆربەی هەرە زۆری جم و جۆڵە سەربازییە نهێنیی و ئاشكراكانی كۆماری ئیسلامی لە سنوورەكانی پەیوەست بە كوردستان بەتایبەتیتر هەین، دیارە ئەمە تازە نییە كۆماری ئیسلامی نەك هەر دەستێوەردانی سەربازی بەڵكوو لە ڕۆیی سیاسیشەوە خۆتێهەڵقووتانی لەهەرێمی كوردستان و لەهەندێك وڵات لە ناوچەكەدا كردووە، لەم بارەشەوە مەبەستی كۆماری ئیسلامی هیچ كات ئاشتیخۆازانە و دۆستانە نەبووە بەڵكوو بە ئاشكرا پاڵپشتی گرووپە ترۆریستیەكانی كردووە لەم ناوچەیەدا، تا ئەو جێگایەی كە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ باشوور كوردستان، وەكوو دەزانن ئێران پانتاییەكی زۆری لە سنوور لە نێوان خۆی و كوردستانی باشووردا هەیە، لەم كاتە دا كە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە زۆر بە خێرایی دەچنە پێشەوە و پرسی كورد بۆتە ڕۆژەڤی جیهانی و لە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆییدا قەراریی گرتوووە، لە لایەك كوردی ڕۆژئاوا خەریكی درووست كردنی كیانێكی نیوە سەربە خۆن و نزیكن لە بە گەیشتن بە مافەكانیان ، كوردی باكوور لە ململانی ڕۆژانەدایە بۆ ئەوەی مافی خۆی بە دەستبێنێ كە پێم وایە تازە رێگای گەڕانەوە نییە و كورد بە ئاواتەكانی دەگات كە هیوادارم لە رێگای ئاشتیانەوە بە ئاواتی خۆیان بگەن ، لە كوردستانی باشوور مەسئلەی سەربەخۆیی لە لایەك و سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە و شانازیی كردنی لە لایەن وڵاتانی دیموكرات و ئازادی جیهانەوە كوردی وەكوو یەك نەتەوەی ئاشتیخۆاز لەم ناوچەیە ناساندووە ، كۆی ئەم گۆڕانكاریانە لە لایەك و لە لایەكیترەوە بارودۆخی ژیانی خەڵك لە ئێران كە ڕۆژ بە ڕۆژ گرانی و بێكاری و هەژاری پەرە دەستێنێ و ڕۆژانە شاهیدی خۆكوژێی دەیان لاو دەبین لە شارەكانی ئێران و كوردستان و كۆمەڵێك هۆكاری دیكە وایكردووە كە كوردی ڕۆژهەڵاتی جۆڵاندووە و خەرێكی و خۆ كەوتووە چ لە نێو خۆی وڵات و چ لە دەرەوەی سنوورەكان كە مەبەستی حیزبەكانە كە خەباتێكی گشتگیر و فەراوان لە دژی كۆماری ئێسلامی بە مەبەستی ڕزگار بوونی نەتەوەی كورد لە ژێر چەپۆكی كۆماری ئیسلامی دەر بێنن و ڕزگاریان بێ ، جا لێرەدایە كۆی ئەم جم و جۆڵانەی كوردی ڕۆژهەڵات بە گشتی لە هەموو بووارەكانی خەباتدا  ئێرانی هەراسان كردووە و ترساوە بۆیە دەستی كردووە بە دانانی بنكە و بارەگای و هەڕەشە كردن لە ئەحزابی كوردی، ئەم جم و جۆڵە سەربازییانەی ئەم ڕۆژ و حەوتووەكانی رابردوو لە راستای هەمان سیاسەتە كە لە سەرەوە باسم كرد .

ڕۆژی کورد: کۆمەڵە بەشێکی زۆری ئەندام و چالاکی سیاسی لە پارێزگای سولەیمانیەیە، بەڵگە نەویستە یەکێک لە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشکردنە سەر حیزب و رێکخراوەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵە لەو هەرێمەیە ئێوە پلانتان بۆ بەرپەرچدانەوەی ترۆریزمی  کۆماری ئیسلامی چیە ؟

حوسێن پەناهی: ئێمە وەكوو كۆمەڵە لە یەك ساڵی رابردووەوە بە دوای دانانی بۆمب لە بارەگاكانمان لە هەرێمی كوردستان بە ئاشكرا بانگەوازی خۆمان بە گوێ هەموو دۆستان و خەڵكی كورد لە لایەك وهەموو جیهان گەیاند، لە پەیوەندی لە گەڵ توندوتۆڵ تر بوونی پیلانی ڕژیم،  ئێمە خۆمان هەموو ئامادەكاریكی باشمان كردووە و هەرێمی كوردستانیش بۆ خۆیان ئاگادارن و ئێمەش لە هەموو كۆڕۆ كۆبوونەوەیەكدا ئاگادار كردوونەتەوە .

ڕۆژی کورد: کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێک کە لە هێزی خۆی بۆ کەڵک وەرگرتن لە مێتۆدی ترۆر و رەشەکوژی بەردەوام لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی کەڵکی وەرگرتووە ئایا دانانی بنکە و بارەگای نیزامی لە خاک و لە ژێر سەروەری وڵاتێکی دیکە کە باشووری کوردستانە نابێتە بەستەرێک بۆ ئەوەی گیانی کادر و پیشمەرگە لە مەترسییەکی جییدیتردا بێ ؟

حوسێن پەناهی: دانانی بنكە و بارەگا و پایەگا لە سنوورەكان و بە گشتی بڕینی سنوورەكان و هاتنە ناوەوەش بۆ نێو خاكی وڵاتی دراواسێ هیچ شتێكی تازە نییە و مێژووی تاڵمان وە بیر دێنێتەوە كە دەیان كادری كۆمەڵە و دیموكرات لەم هەرێمی كوردستانەدا شەهید كران بە ئاشكرا لەشكركێشی كرا بۆ سەر حیزبەكان و خۆمپارە بارانی بارەگاكانی كۆمەڵە كراوە لەو ساڵانەدا لە لایەن ئێرانەوە / كەوابوو ئەو جم و جۆڵانە تازە نییە تەنیا ئەوە نەبێ كە بارودۆخی ئێستای ناوچەكە و هەڵسانەوە و جم وجۆڵی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستانی ڕۆژهەڵات دەسەڵاتدارانی كۆماری ترساندووە بۆیە ماوەیەكە لەم سنوورانەدا دەستی كردووە بە نوێژەن كردنەوەی پایەگاكان و دانانی پایەگای تازە لە هەندێك شوێنی حەساس كە پێشووتر شوێنی جم و جۆڵی پێشمەرگەكانی كۆمەڵە بوون بە مەبەستی ریكخستن و چالاكی كردن لە كوردستانی ڕۆژهەڵات .

ڕۆژی کورد: دەستتێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە پرس و بابەتەکانی سیاسی هەرێمی کوردستان کە زۆر جار لە زاری وتەبێژەکانی کۆماری ئیسلامی بە فەرمی راگەیاندراوە کە ئەوان بۆیان هەیە دەستێوەردانی باشووری کوردستان بکەن لە لایان دەسەڵاتی کوردییەوە پارچەکردارێکی شیاوی خۆی ئەنجام نەدراوە لە هەمان کاتیشدا گرینگی بە پاراستنی گیانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی کۆماری ئیسلامی وەک بابەتێکی بەلێنیدرواو خۆی وەروو نەخستووە هەموو ئەو بابەتانە ئاماژەن بۆ مەترسییەکی زیاتر کۆمەڵە لەو بواردەوە چ بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەلێ ؟

حوسێن پەناهی: لێرەدا دەبێ ئەوە بزانین هەرێمی كوردستان ئێستا لە بە درێژایی زیاتر لە 1600 كیلۆمتر لە شەڕدایە لە دژی داعش و بەشێكی زۆری ئینرژی مرۆیی و هتد .. خۆی تەرخان كردووە بۆ ئەم شەڕە نەخۆازراوە كە بە سەر كوردستانی باشووردا سەپاوە ، بۆیە ئەمە وای كردووە كە هەرێمی كوردستان وەكوو ساڵانی رابردوو هەیمەنەی تەواووی بە سەر هەموو بابەتە سیاسی و سەربازیی و ئەمنییەتیەكاندا نەمابێ بۆیە لەم كاتەدا كۆماری ئیسلامی لەم دۆخە نالەبارەی هەرێمی كەڵك وەر دەگرێ بۆ زیاتر دەخالەت كردنی لە هەرێمی كوردستان لە سەر هەموو بابەتەكان ، ئێمە وەكوو كۆمەڵە هەۆڵمان داوە لە پێشتدا لەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمیدا یاریدەر و هاو پشت و مەسئول بین ، ئێمە نزیك بە یەك ساڵ لە كەركووك پێشمەرگەمان بوونیان هەبوو و لە سەرجەم شەڕەكانیشدا دەستی باڵایان هەبوو لە رێنوێنی و زانیاری گەیاندن و تەنانەت لە رۆیی فكریشەوە بە پیشنیارەكانمان لە لایەن ریبەری كۆمەڵە وە هەۆڵمان داوە دلسۆز و خەم خۆر و پاڵپشتیان بین ، لە هەمانكاتیشدا لەو جێگایانەی كە هەستمان كردووە كە ئێران بە دەخالەتی قازان ناگەێنی كە بە دڵنیایەوە نەیشیگەیاندووە مەسئولی هەرێمی ئاگادار بكەینەوە و بە نیسبەتی خۆمان و كوردی ڕۆژهەڵات لە رۆیی ئەمنییەتیەوە هۆشداری جددیمان داوە و بە ئاشكرا داوامان لە بەر پرسانی هەرێمی كوردستان كردووە كە ئاگایان لە كوردی ڕۆژهەڵات بێ و ئەوانیش پارێزەری گیان و بنەكەی و بارەگاكانمان لە هەرێمی كوردستاندا بن .

ڕۆژی کورد: بنکە و بارەگاکانی کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان و ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵە پێویست دەکا رێنمایی کۆمەلێک یاسا و رێسای ئەمنییەتی زیاتر بکەن بۆ ئەو مەبەستە دانانی ناوەندێکی ئەمنییەتی لە نێو لایەنەکانی کۆمەڵە و حیزبی دێمۆکرات کە پێویستییەکی هەنووکەین ئایا کارێکی بۆ کراوە یان دەکرێ ئەوە گرینگی پێبدرێ ؟

حوسێن پەناهی: ئێمە زۆر بە خۆشحاڵیەوە هاوكاریكی باشمان لە رۆیی ئەمنییەوە لە گەڵ سەرجەم لایەنەكانی كوردی ڕۆژهەڵاتدا هەییە و ڕۆژانە ئیرتبابتمان هەییە و ئاڵۆگۆڕی زانیاریمان هەییە ، لەم ساڵانەی دوایدا ئەو هاوكاری و پەیوەندیانە خزمەتێكی باشی بە هەموومان گەیاندووە كە هیوادارم لە دەوری داهاتوودا ئاستی لێك نزیك بوون و هاوكاری كۆی حیزبە كوردیەكانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی لەم دۆخە هەستیارەدا بەرەو پێشڕەوییكی خێراتر و گەۆرەتر بڕوات .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.