یەکگرتوویی کوردی خۆرهەڵات و کۆسپەکانی/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ مەجید حەقی

0
805

خوێنەری هێژا:

ئەو باسە چڕوپڕەی لەبەر دەستتە، وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی تلێگرام کە لەسەر مژاری “یەکگرتوویی کوردی خۆرهەڵات و کۆسپەکانی” و بە ئاوڕدانەوە لە لادان و لێکترازانی حیزبەکان لەگەڵ بەڕێز مەجید حەقی، نووسەر و چاوەدێری سیاسی و بە پێشکەشکاریی هەڵمەت مەعرووفی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گەورەژووری ڕاوێژ لە ڕێکەوتی 6 و 7ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: جەنابت لە تەمەنێکی کەمەوە پێشمەرگە و ئەندامی حدکا بوون، ئێستاش لە ڕێگای نووسین و دانانی سمینار و خەسارناسی هەر بەردەوامن،  هەرچەند دەبا سەرەتا باسمان کدبا بەڵام چون زۆر ناسراون نەمانپرسی بەڵام ئێرە گەنجیشی زۆر تێدا تکایە جارێ با بچینە سەر باسی خۆتان، تکایە بۆمان باس بکەن مەجید حەقی کێیە؟ جا دەچیەن سەر پرسیارەکانی تر.

مەجید حەقی
مەجید حەقی

حەقی: سڵاو لە ئێوە خۆشەویستان من مەجید حەقی تەمەنم45 ساڵە. لە تەمەنی ١٢ ساڵیەوە پێوەندم بە تەشکیلاتی حیزب کرد، لە تەمەنی پانزدە سالەوە بە هۆی ئاشکرابوونی چالاکیەکانمان، بووم بە پێشمەرگە و لە ساڵی ١٩٩٠ واتە دوای سێ ساڵ پێشمەرگایەتی بەهۆی ئەوەی حەزم لە خوێندن بوو بڕیارم دا دەرکەومە دەرێ و لەسەر ئیزنی مەلبەنی شیمال و بە یارمەتی ماڵی پێشمەرگەکان هاتمە تورکیا و لە ساڵی ١٩٩٢ لە فینلاندم. لێرە جیا لە

چالاکیەکانی سیاسی، فەرهەنگی و ڕێکخراوەیی خەریکی خوێندن بووم، ئەندازیاری چاپم وەرگرتووە و هەروەها کارناسی ئەرشەدی (فوق لیسانس) سەنعەتی ارتباطات و فەوقی لیسانسی مدیریتم وەرگرتووە. ئێستا خوێندکاری دۆکتۆرا لە بواری ڕێبەری ستراتێژیک دام و هەروەها بەرێوەبەری ئاکادێمی کۆمەڵگای ئاشتی و گەشەپێدانم کە کۆرسی مەجازی لە ڕێگای ئینترنێتەوە لە بواری ڕێکخراوەیی ومدیریت ڕێک دەخەین. ئەگەر پرسیاری تریشتان هەبێت لە خزمەتم. دوو مناڵم هەن کە ئەرکی دایکێتی و باوکێتیان بە ئەستۆی خۆمە.

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

ڕاوێژ: بەو ناسنامەیە لە خەبات و پێشینەیە کە هەتانە، خەباتی کورد لە خۆرهەڵات ئەگەر خەسارناسی بکەین، بۆ درێژەدانی ڕێگا کەموکوڕییەکان چین؟ مەبەست ئەوانەی هەرە بەرچاون.

حەقی: ئێمە کۆمەلگایەکی فرەرەنگین بە کولتوور، ئایین، زاراوە، و پێگەی ئابووری جیاوازەوە، ئەو جیاوازیە دەتوانێت لە باشترین حاڵەتی خۆیدا جوانترین دەوڵەمەندی بۆ کۆمەڵگامان بێت و دەکرێت ببێتە هێزێکی بەهینەیی و ئۆپتیمال بۆ بەریوەبردنی خەباتێکی دێموکراتیک. بەڵام بە هۆی کولتووری ناسازمان و قبووڵ نەکردنی فرەرەنگی نەمانتوانیوە شێوەیەکی مدیریتی فرەکولتووری و فرەرەنگ دامەزرێنین کە هەموو تواناکان بە کار ببردرێن، کەموکۆریەکی دیکەی ئێمە نەبوونی فەرهەنگی پەروەردەی ڕێکخراوەییە، واتە ڕێکخراوەکانی ئێمە خاوەنی فەرهەنگێکی سیستماتیک نین بۆ پەروەردە و بەرێوەبررنی هەموو تواناکان. ئێمە تا ئێستا خەباتی یەک ڕهند و تک بعدیمان بەرێوە بردووە، هەموو بوارەکانی کۆمەلگا وەک خەباتی ژنان، خەباتی ئاکادێمیک، خەباتی ئابووری، خەباتی سەندیکا، خەباتی بازاریەکان، خەبات بۆ بەرهەهمێنانی خۆجێی، وێک گرێدانی خەبات لە دەرەوەی وەلات و ناوخۆی وڵاتمان بەرێوەمان نەبردووە.

ئەوانە هەموو ئەو کەموکۆری و خەسارانەی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی کێشە ناوخۆییەکانی خۆمانن و بەڵام هەر بەهۆی کێشە ناوخۆییەکان نەمانتوانیوە بەکاریان بهێنین یان زۆر کەم ئاگامان لێ بووە یەکێک لە کێشەکانی ناو خۆی خۆمان نەبوونی وێک گەیشتوویی واتە هم بستگی کۆمەڵایەتی و سیاسیە، بوونی چەندین ئینشعاب و کێشەکانی پێوەندیدار بە دەسەڵاتی تەشکیلاتی بووتە هۆی ئەوەی کە هێزێکی زۆرمان بە فیرۆ بڕوات. کێشەیەکی دیکە من ناوی دادەنێم کێشەی “ورشکستگی اخلاقی” یان ئیفلاسی ئەخڵاقی. ئێمە بۆ نموونە چەندین کۆمەڵەمان هەن، دوو دێموکراتمان هەن، کۆمەڵەکان هیچکامیان یەکتریان وەک ناوی خۆیان و ناسنامەیان قەبوول نیە بەڵام دوو دێموکراتیان قەبووڵە، دێموکراتەکانیش بە هەمان شێوە، ئەمە لەلایەک نیشانەی ئانارشیزمی سیاسیە لە لایەکی دیکەوە نیشانەی بحرانی ئەخڵاقی لە ناو خەباتی ئێمەدایە بۆیە نەمانتوانیوە دوای نزیک لە دەساڵ لە جیابوونەوەکانی ساڵی ٢٠٠٦ خۆمان لەو قەیرانە ڕزگار بکەین

پرسێکی دیکەی ئێمە ئەوەیە کە ئێمە حیزب و تەشکیلاتمان گرینگتر لە کۆکردنەوەه هێزەکان و بەرێوەبەری هێزەکانی دەرەوەی حیزبەکان بینیوە و لە ئاکاماد بەشێکی زۆر لە تواناکانی کۆمەڵگا بە دەستنەخوراوی و بەفێروو چووە. هۆ زۆرن بەڵام بۆ ئەمشەو با ئەوەندە بێت.

ڕاوێژ: ئەگەر بکرێ یەکگرتوویی پێناسە بکەن. ئایا یەکگرتوویی بە واتای بوونی ستراتژی و تاکتیکی هاوبەشە؟ بوون بە یەک هێزە؟ بوونی یەک ناوەندی بڕیاردانی هاوبەشە؟ یان چی؟

 حەقی: پرسی یەکگرتوویی، تەنیا پرسی دوێنێ نیە. پرسی ئەمرۆ و داهاتووە.  ئەمرۆ زیاتر لە لە دوێنێ و سبەینێ زیاتر لە هەمووجارێ پێویستی کۆمەلگای کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. پێویستی هاورێزی، هاودڵی و هاوئامانجی نەتەوایەتیمانە. یەکگرتوویی تەنیا پێوەندی بە پیاوان یان تەنیا پرسی ژنان نیە، یەکگرتوویی پرسی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا، پرسی ژنان، لاوان، کوران، کچان و پیاوانە. با ئەوەش بڵێین لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاردا پیاوان بەرپرسی سەرەکی خوڵقاندنی پرۆسەی یەکگرتوویی و کۆتایی بە دابەشینی کۆمەڵگان. یەکگرتن و هەوڵدان بۆ یەکگرتن ئەرکێکی مرۆڤی، ئەخڵاقی و نەتەوەیی هەر تاکێکی کورد بە هەموو بیرورا و ئایدیۆلۆجیەوەیە. هەرکام لە ئێمە چ ژن و چ پیاو دەبێ ئەرکی خۆمان لە پێناو یەکگرتوویی نەتەوایەتی و کردەوەیی جێبەجێ بکەین و تەنیا لە خەڵکانی دیکە داوای یەکگرتوویی نەکەین.

باسی یەکگرتوویی و چەندبەرەکی و پڕژوبڵاوی کورد تەنیا دیاردەیەکی ئەو سەردەمە و سەدساڵی ڕابردوو نیە، بەڵکوو دیاردەیەکی سەدان ساڵەیە کە، یەکێک لە هۆیە هەرەسەرەکیەکانی ژێردەستی و پارچەپارچە بوونی کوردانە. ئەحمەدی خانی چیرۆکی مەم و زیندا زۆر بە جوانی پڕشوبڵاوی کوردان دەخاتە بەر زمان و ئەو دەردە بە نەیاری سەرەکی کورد دەزانێت:

گەر دێ ھەبوا مە ئیتیفاقەک              ڤێگرا بکرا مە ئینقیادەک

روم و عەرەب و عەجەم تەمامی        ھەمیا ژ مە تا دکر غولامی

تەکمیل دکر مە دین و دەولەت                       تەحلیل دکر مە عیلم و حیکمەت

پەیامی حەزرەتی خانی پەیامێکە، کە سنووری ئایدیۆلۆژی و سنوورە دەستکردەکان ناناسێت، پەیامێکە بۆ هەموو مرۆڤێکی کورد لە هەرکوێێکی ئەو گۆزەی زەوی هەبێت. لە هەلومەرجی ئەمرۆدا پرسی یەکگرتوویی گرینگیەیکی تایبەتی هەیە. کۆنگرەی پانزدەهەمی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دروشمی ” کۆنگرەی هەوڵدان بۆ یەکڕیزی لە پێناو سەرکەوتندا” هەڵبژارد. دروشمێک کە دەتوانێت دەسپێکی پرۆسەی یەکگرتنەوە و یەکگرتوویی نەتەوایەتی بێت. یەکگرتنەوە و یەکگرتوویی دوو زاراوەی بێ ناوەرۆک نین. کاتێک باسی ئەو دوو زاراوەیە دەکەین و داوا لە هێز و لایەنەکان و تاکەکانی کورد دەکەین بۆ یەکگرتوویی، خۆمان بەر لە هەمووکەس بەرپرسین  بۆ جێبەجێ بوونی ئەو داوایە. ئەمە بە واتای ئەوەیە کە دەبێ لە ئاستی تاک و ڕێکخراودا هەول بدەین بۆ وەدیهێنانی بەرژەوەندیە گشتی و هاوبەشەکان و پەرەپێدان بە بایەخە هاوبەشەکان.

ئێمە هەموو جارێ لە کۆبوونەوە، بۆنە و جەژنەکان، لە سەری ساڵ و کاتی یەکتر بینین داوا لە هەموو کەس دەکەین بۆ ئەوەی یەک بگرن و لە پێناو بەرژەوەندیەکانی نەتەوایەتیدا خەبات بکەن. خۆمان هەمووجارێ قارەمانی یەکگرتوویی و یەکگرتوویی خوازین و کەمۆکۆریەک لە هەڵسوکەوتی خۆمان نابینین بۆ یەکگرتوویی. ئەوەی گرنگە ئەوە بزانین کە نابێ ڕوانینی ئێمە بە دروشم و داواکان ڕوانینێکی ڕووەکی (ظاهری) و گوزەرا و تەنیا لە چوارچێوەی گفتگۆکانی ناو کۆبوونەوەکان دا بێت. دروشمی وا پێویستیەکی قووڵ و سەرەکیترین پێویستی خەباتی نەتەوایەتیمان لە هەلومەرجی ئێستادایە کە پێویستە بەکردەوە ڕۆشنبیران، حیزب و ڕێکخراوەکان و تاکەکاکانی ناوکۆمەڵگا لە پێناوی ئەو یەکگرتنەوەیە هەنگاو بنێن و سەنتەری خەباتی سەرەکی خۆیان بکەنە پرسی یەکگرتوویی نەتەوایەتی. هەوڵدان بۆ لابردنی دووبەرەکی و دژایەتی پێویستی بەوە هەیە کە ئاستی وشیاری نەتەوایەتی خۆمان بە ڕادەیەک بەرز کەین کە بتوانین تێگەیشتووییەکی هاوبەشمان هەبێت لە پرس و بایەخە هاوبەشەکاندا. لە باسی ئەمردا هەوڵ دەدەم بە کورتی باس لە کۆسپەکانی سەر ڕێگای یەکگرتوویی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەم و هەندێک پێشنیاریش لە پێناو یەکگرتوویی نەتەوایەتی پیشکەش بکەم. بەو هیوایە دوای ناسینی کسپەکانی سەررێگای یەکگرتوویمان بەهەموومانەوە هەوڵی جیددی بدەین بە نەهێشتنیان و خەبات بکەین لە پێناوی یەکگرتوویی ئامانجدار و سەرکەوتووانە.

کەوابوو واتای یەکگرتوویی نەتەوایەتی یەکیەتی نەتەوایەتی گرینگترین هۆیەکانی سەرکەوتنی هەر نەتەوەیەک و بەرەوپێش چوونی ئەونەتەوەیە. یەکیەتی بە واتای پێوەندی واتاداری نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا واتە بە واتای نەتەوە، حیزب و ڕێکخراوەکان و پێکهێنەرانی ئەو نەتەوەیەیە. بۆ نەتەوەکانی خاوەن دەڵەت بە واتای یەکیەتی نێوان دەوڵەت و نەتەوەیە بۆ ئێمە وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت بە واتای یەکیەتی نێوان ڕێکخراوەکان و پێکهێنەرانی کۆمەڵگا لە پێناو گەیشتن بە سەروەری نەتەوایەتی و ڕزگاری هەتاهەتاییە.

ڕاوێژ: لە ئێستادا یەکگرتوویی نێوان هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان چۆن دەبینن؟

حەقی: هەموو ‌هێزەکانی کوردستان ئیدعای یەکگرتوویی خوازی دەکەن، هەموویان دروشمی یەکگرتوویی خوازانەیان هەیە، بەڵام بەکردەوە هێزەکانی کوردستان زۆر دوورن لە یەکگرتوویی و هاوکاری بە کردەوە هۆی ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ سەر لێگەر و چالشەکانی خوارەوە کە بە کورتی عەرزتان دەکەم:

  1. ئیفلاسی ئەخڵاقی و نەبوونی یەکگرتوویی
  2. نەبوونی تێگەیشتنی هاوبەش لە یەکگرتوویی
  3. بیری ڕەها (مطلق اندیشی)
  4. عەشیرەگەری و تایفەگەری
  5. حیزبەکان گەورەتر لە نەتەوەن
  6. a. لە ناو حیزبەکاندا ناوچەگەرایی
  7. b. باندبازی و دەسەڵاتخوازی
  8. c. گەندەڵی سیاسی و تەشکیلاتی
  9. قەیرانی ناسنامە (دروشم، کردەوە و قەوارەی تەشکیلاتی)
  10. قەیرانی ڕێکخراوەیی
  11. خۆسەپاندن و خۆناوەند دیتن
  12. نەبوونی پەروەردەی نەتەوەیی
  13. جیاوازی زایەندی (جێندەری) لە کارو ڕێبەری دا
  14. ئینشعاب و لێکترازانەکان و نەگەران بە دوای ڕیشەی لێکترازانەکان
  15. کێشە شەخسیەکان
  16. پرسی نەسڵەکانی ناو جۆڵانەوە
  17. قەیرانی بڕوا

ڕاوێژ: پێتان وا نیە پێش مەرجی یەکگرتوویی، یەکگرتنەوەیە؟ ئەو لەت بوون و دابڕان و جیابوونەوانە، کۆسپی سەرەکیی یەکگرتوویی نین؟

حەقی: لەت بوون و دابڕان بەشێک لە پرۆسەی پڕشوبڵاوی کوردەکان بە گشتیە لەگەڵ ئەمەش کۆمەڵگایەک کە پۆلاریزە بووە زۆر بە ئاسانی لە هەمبەر لێگەر و چالشەکاندا بەجیاتی گەران بە دوای چارەسەریەکان، هەڵاتن لە چارەسەریەکان هەڵدەبژێرێت کەوابوو بەڵێ دابڕان و جیابوونەوەکان یەکێک لە هۆیەگریگەکانی نەبوونی یەکگرتووییە بەڵام ئەو هۆیانەی کە دابڕان و جیابوونەوە پێک دێن، گرینگترین جیابوونەوەکان ئەنجامی هەندێک هۆن کە ئێمە خۆمان لێنەداوە و نەمانتوانیوە بە جوانی باسی بکەین و ڕیشەیابی بکەین هەرکردەوەیەک ئەنجامه هەندێک هۆن کە دەبێ هۆیەکانی بزانین.

ڕاوێژ: بەڕای ئێوە بێ یەکگرتوویی لە نێوان حیزبەکان، خەڵک دەتوانن یەکگرتوو بن؟

حەقی: خەڵکی کوردستان خەڵکیکی سیاسین بە فەرهەنگی خێڵەکی و عەشیرەییەوە، بەو واتایە کە بە هۆی گریدراوەیی خیلەکی، خزم خزمێنی و ناوچەگەرایی بە سەر حیزبەکاندا دابەش کراون، یەکگرتوویی حیزبەکان ىیگومان دەبێتە دینامیکی یەکگرتوویی نەتەوایەتی

ڕاوێژ: ئەگەر بکرێ ئەو خاڵەمان بۆ شی بکەنەوە  کە فەرموونان: “حیزبەکان گەورەتر لە نەتەوەن” ئەگەر بکرێ بە نموونەش.

حەقی: لە پرۆسەی لێکدابرانەکاندا، ئەوەی کە لە هەموو شتێک گرینگتر بوو قازانج و بەرژەوەندی گرووپی، جناحی و ناوچەیی بوو. لە پێوەندی لە گەڵ پرسە نەتەوایەتیەکاندا، حیزبەکان بەرژەوەندی نەتەوایەتی لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خۆیانەوە شێ دەکەنەوە نەک پێچەوانە، بۆیە بە کردەوە بەرژەوەندی حیزبەکان لە بەرژەوەندی نەتەوایەتی گەورەتر دەبێت و ئەمەش لەمپەری سەرکیە لە بەرامبەر یەکگرتوویی و هاوکاری بەکردەوەدا.

ڕاوێژ: پرژ و بڵاویی حیزبەکان تا ئێستا چ زیانێکی بۆ سەر خەباتی ناوخۆ و بۆ سەر پەسیو و ناچالاک بوونی خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنی هەبووە؟

حەقی: لە ڕووی بەرێوەبەری و ڕێبەریەوە، یەکێک لە گەورەترین و بەرچاوترین زیانەکان لەکیس چوونی هیز و ئێنێرژیەکی زۆری خەبات بۆ دژایەتی لە گەڵ یەکتر و “خونسا”کردنی “پلانەکانی یەکتر” دژی یەکتر بووە. ئەو لێکدابراوانە بووتەهۆی ئەوەی کە کۆمەڵگا ببێتە ئەنباری ئێنێرژی نەرێنی و بەوە جەوی بێ بڕوایی و قەیرانی بڕوا لە ناو کۆمەڵگادا بخوڵقێت، ئاسەواری ئەو لە هەموو بوارەکانی کار، پیوەندیەکانی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسیەوە بگرە تا کارو چالاکی ئابووری دەبیندرێت.

ڕاوێژ: لە ئێستادا حدکا دەستی کردووە بە خەباتی چەکداری ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەندێ حیزب و لایەن بە ئاشکرا لە ڕێبەرییەوە بگرە تا ئەندامی ئوروپاش نەک لەگەڵی نین بەڵکوو بە دژی وەستاونەوە. ئایا یەکگرتوویی لە دۆخێکی ئەوتۆدا دەکرێ؟

حەقی: من پێموایە هەڵەیە ئەگەر هەموو “تمرکزی” خەباتی حیزبی دێموکرات لە ڕاسانەوەدا لە خەباتی چەکداری ببینین. حدکا شی کردنەوەیەکی هەمەلایەنانە لە پێوەندی لە گەڵ فەلسەفەی ڕاسانەوە و قۆناغی ڕاسانەوە قەرزاری خەڵکی کوردستان و حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانیە لەو پیوەندیەدا ڕۆلی ڕاگەیاندنی حیزبی زۆر لاواز و یەک لایانە بووە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە نەتوانرێت لە پیوەندی لە گەڵ پرسە هاوبەشەکاندا هەڵوێستی هاوبەش هەبێت.

دکتۆر سەعید لە کۆنگرەی نۆهەمدا پێشنیاریکی بەجێی کرد: لێگەرێن با هەرکەس بە قەرای توانا  وئیمکاناتی خۆی بەشداری لە خەبات دا بکات و ڕێز لەو بەشداریە بگیرێت”. لەکاتی وادا ئێمە دەتوانین یەکگرتووییەک لە سەر بنەمای تواناکان و ئامانجە هاوبەشەکان دابنێین.

ڕاوێژ: لە درێژەی پرسیاری پێشوو، بۆ ئەوەی کە یەکگرتوویی ساز بێ پێتان وایە دەبێ حدکا لە خەباتی چەکداری پاشگەز بێتەوە یان ئەو حیزب و لایەنانە لە هەڵوێستی خۆیان دابەزن؟

حەقی: ڕۆلێ ڕێبەری جۆڵانەوە ئەرکێکی قورس دەخاتە ئەستۆی حیزبی دیموکرات، حدکا وێرای درێژە پیدان بە ڕەوتی ڕاسانەوە دەبێ ڕاسانەوەیەکی سیاسی و دیپلۆماتیکیش دەست پێ بکات، بۆ ئەوەی هێز و تواناکان لە دەوری دروشمەکانی ڕاسانەوە کۆ بکرێنەوە. لەو پێوەندیەدا من پێموایە پێویستە کاری زیاتر بکرێت. نە تەنیا واز لە ڕاسانەوە نەهێنرێت بەڵکوو فراوانتر و قووڵتر بکرێت و هاوکات هاوکاری هێز و لایەنەکان بکرێت بۆ دۆزینەوەی هاوبەشیەکان.

ڕاوێژ: باستان لە قەوارەی تواناکان کرد و ئاماژەتان بە قسەیەکی شەهید دوکتور سەعید لەمبارەوە دا، ئایا مەبەستتان ئەوەیە کە هەموو حیزبەکان، توانای ئەو چەشنە لە خەبات و گەڕانەوەی بەرین بۆ ناوخۆیان نیە؟

حەقی: نە هەموو حیزب و ڕیکخراوەکان توانای هیزی چەکداریان هەیە، نە بڕوا و نەش پێویستە. ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان سەرەرای هەموو کەموکۆریەکانی جێگای سەرنجە: یەک هێزی چەکداری یەکگرتوو و بە فەرماندەییەکی هاوبەش و ناوەندی دەتوانێت کاریگەتر لەوە بێت کە چەندین هێزی چەکداری بە ئامانجی سیاسی جیاوازەوە لە کوردستان هەبن. ئەوانی دیکە دەتوانن لە بوارەکانی دیکەدا هاوکاری بکەن.

ڕاوێژ: یەکگرتوویی و یەکگرتنەوە ٢ لایەنەیە، مادام نابێ واز لە ڕاسانەوە بهێندرێت و لایەنەکانی تریش ئامادە نەبن پەیوەست بن، چ چارەیەکی تر دەبێ؟ واتا دەبێ چ بکرێ کە حەتمەن پەیوەست بن؟

حەقی: یەکەم شت ئەوەیە ئێمە چٶن ڕاسانەوە شی بکەینەوە، بەشێوەیەک کە هەموو کەس خۆی تێدا ببینێتەوە؟ ئەوە ئەرکی سەرەکی حدکا یە، دەبێ ڕاسانەوە وەک پرۆژەیەکی نەتەوایەتی و قۆناغێکی نوێ بە وردی شی بکرێتەوە، بایەخەکانی باس بکرێت و خەڵک تەنیا ڕاسانەوە لە هێزی پێشمەرگە و چەکداردا نەبینێت. ڕاسانەوە نابێت “تک بعدی” بێت

ڕاوێژ: باسی ڕۆژئاوای وکردستانتان کرد، بەڵام لەوێ بە دیکتاتۆرییەت بۆتە یەک هێز، هێزی تر لە پشتەوەی سنوورن و لە هەمان کاتێشدا ئەو تەک هێزیە بۆتە هۆکاری هاتنە ئارای باسی پەیوەندیی یەپەگە و ئێران و حیزبووڵا و لە هەمان کاتیشدا ئەوەتا لە کۆبانێ ناچار پێشمەرگەی باشوور چوو، کەواتە دیسانیش ئەو تاکگەراییە باش نیە و ناچارین بە پلۆرالیزم، وانیە بەڕای ئێوەش؟

حەقی: دەبێ ئێمە “ارزش گذاری” بکەین لەو پێوەندیەدا، لە کاتی شەردا دێموکراسی و پلۆرالیزم شتێکی بێ واتایە بۆ نەتەوەیەک کە جاری هیچێ لە سەر عەرزی واقعدا نیە. هیزەکانی سیاسی ڕۆژاوا هەموو لەوێ چالاکی سیاسی – رێکخراوەیی دەکەن بەڵام ڕێگا نادرێ هێزی چەکداریان هەبێت. بوونی چەند هێزی چەکداری ئاستی ڕیسکی شەری ناوخۆیی بەرزتر دەکاتەوە کە لەو هەلومەرجەدا کورد هیج پێویستیەکی پێی نیە هەروەها پێمخۆشە ئەزموونی ساڵی ١٣٦٣ تا ٦٧ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وەبیرمان بهێنمەوە کە بەشەکی دەگەرایەوە سەر پرسی بوونی چەندین هێزی چەکدار بە ئامانجی جیاوازی سیاسیەوە.

ڕاوێژ: کەوایە بەڕای ئێوە باشتر نیە لە جیاتی هەبوونی هێزی سەر بە یەک حیزب، هێزێک لە هەموویان پێکبێ وەک ئەوەی کە دێموکرات و کۆمەڵە کردوویانە لە خۆرهەڵات؟

حەقی: پلۆرالیزمی سیاسی پێویستە، بەڵام کورد پێویستی بە پلۆرالیزمی چەکداری نیە لە ڕاستیدا ئەگەر بمانهەوێ سەرکەوین، دەبێ خاوەنی هێزێکی چەکداری هاوبەش، لە ژێر فەرماندەییەکی هاوبەش بین، کە دوور بێ لە سیاسەتی حیزبی. حیزبە سیاسیەکان با سیاسەت بکەن و هیزە خەباتکارەکانی چەکداریش خەباتی چەکداری بەرێوە بەرن بەبێ ئەوەی حیزبایەتی بکەن. لەو پیوەندیەدا من دووساڵ لەمەوبەر وتارێکم نووسی لە ژیر ناوی پیویستی “کۆنفرانسی ڕۆژهەڵات” و خالە سەرەکیەکانی ئەو کۆنفرانسەم پێشنیار کردو پێموایە ئەو خاڵانەی لەوێ باس کران، ئێستاش دەتوانن ببنە بنەمای کاری هاوبەش و بەها هاوبەشەکان.

ڕاوێژ: کاک مەجید ئەو ڕێگەنەدان بە هێزی حیزب و لایەنەکانی تر بۆ ئەوەی هەبن و بەشدار بن، پێتان وا نیە خۆی سەرچاوەی نایەکگرتوویی و تەنانەت شەڕی براکوژییە؟ خۆ هەموو حیزبەکانیش بێ هێز نین، با ڕاشکاوانە بڵێم لە سبەی ڕۆژهەڵاتدا چۆن ئیزن و ڕێگە بە پارتی ئازادی نادەی کە لە لایەن لایەنێکیشەوە پڕچەک کراوە؟

حەقی: من پێموایە بۆ ئەوەی لە قەیرانەی داهاتوودا ڕزگارمان بێت، هەوجەیە هێزی چەکداری هاوبەشمان هەبێت با بلێن پێشمەرگەی نشتیمانی، ئەوکات پارتی ئازادی، حدکا، حدک، کۆمەڵەکان و هتد دەتوانن بە قەرای هیزی ماددی و سیاسیان بەشداری لە شکڵدانی هێزێکی وادا بن و پێکەوە خەبات بکەن، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە سیاسەتکردندا بە جیاتی بیرلەوەی کە چٶن هێزی چەکداری خۆمان وەک “کیش’ لە بەرامبەر یەکتر بەکار بەرین، بیر لەوە بکەیەنەوە چٶن سیاسەتێکی خزمەتگوزارانە و خەلكیتر هەڵبژیرین و جێی پەسەند و ڕاکشانی خەڵک بین.  ئێمە بە بڕوای من پێویستە ئەلف و بێی خەباتی نەتەوایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێی پیویستیەکانی ئەمرۆ و سبەینێ دارێژین چونکە ئەزموونی ڕابردوو سەرکەوتوو نەبووە.

ڕاوێژ: نیشتەجێ بوون لە کوردستانی باشوور، چەندە لەمپەرە بۆ یەکگرتوویی حیزبەکانی خۆرهەڵات؟

حەقی: مرۆڤ بەرهەمی ژینگەیە، ژینگەی باشووری کوردستان بەداخەوە ژینگەیەکی تەندوروست نەبووە. هەم ڕژیم کاری زۆری کردووە بۆ خوڵقاندنی دووبەرەکی و هەم بەرژەوەندیەکانی حیزبەکانی باشوور بووتە هۆی ئەوەی نەتوانین پێکەوە بژین. ئێمە دەمانتوانی سەرکەوتووتر بین، بەمەرجێ خۆمان زوو لە گەڵ هەلومەرجی باشووردا بگونجاندایە و بۆ نموونە دەستمان بکردایە بە پەروەردەیەکی سیستماتیک و خۆ ئامادەکردن بۆ قۆناغەکانی دواتر.

ڕاوێژ: نیشتەجێ بوون لە کوردستانی باشوور بە ڕای خاوەن ڕایان وایکردووە کە حیزبەکانی خۆرهەڵات و بەتایبەتیی لایەنە جیابووەکان بۆ وەرگرتنی هێز و مەشرووعیەت، بەسەر حیزبەکانی باشوور و باکوردا دابەش بوون، ئەوە تا چەند ڕاستە و ئەگەر ڕاستە چ زیانێک بە یەکگرتوویی دەگەیێنێت؟

حەقی: کێشەی سەرەکی ئێمە لە ژینگەی باشووری کوردستان، بەهێز بوونی هەست و فەرهەنگی خێلەکی، ناوچەگەرایی و عەشیرەیی و لاواز بوونی فەرهەنگی نەتەوایەتی و نەتەوە ویستی بووە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوە کە بەرژەوەندیە بچووکەکان ئەوەندە گەورە بکرێن کە بەرژەوەندی باڵای نەتەوایەتی نەبیندرێت و ئێمە تووشی قەیرانی بڕوا بین کۆماری ئیسلامی زۆر زیرەکانە و بە خەرجێکی کەمەوە توانی لە ڕێگای خوڵقاندنی نیازی “کاذب” و بێ جێ لە ناو کۆمەلگادا، ڕێبەرایەتی حیزبەکان بەتایبەت حیزبی دێموکرات بەرەو لێکترازان و لێکدابران ڕێبەری بکات و بە هۆی نەبوونی فەرهەنگ و ستراتێژی “بەرێوەبەری قەیرانەکان” بەجیات چارەسەری کێشەکان تووشێ لێکدابران بووین.

ڕاوێژ: ڕێکاری یەکگرتوویی لە کوردستانی خۆرهەڵات چیە؟ واتا چ پلان و بەرنامەیەکی کورت مەودا یان مامناوەند مەودا هەیە؟

حەقی: لە پرۆسەی لێکدابرانەکاندا، ئەوەی کە لە هەموو شتێک گرینگتر بوو قازانج و بەرژەوەندی گرووپی، جناحی و ناوچەیی بوو.  لە پێوەندی لە گەڵ پرسە نەتەوایەتیەکاندا، حیزبەکان بەرژەوەندی نەتەوایەتی لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خۆیانەوە شی دەکەنەوە نەک پێچەوانە، بۆیە بە کردەوە بەرژەوەندی حیزبەکان لە بەرژەوەندی نەتەوایەتی گەورەتر دەبێت و ئەمەش لەمپەری سەرکیە لە بەرامبەر یەکگرتوویی و هاوکاری بەکردەوەدا. یەکگرتوویی پێویست بە ئامادەکردنی زەمینەو جێبەجێ کردنی هەندێک هەنگاو دەکات کە بە شێوەی خوارەوە پێشنیار دەکەم:

  1. هەوڵدان بۆ وێکگەیشتنی کۆمەڵایەتی
  2. پێکهاتن لە سەر بایەخە هاوبەشەکان (حداقل)
  3. شی کردنەوەی هاوبەشی یەکگرتوویی نەتەوایەتی
  4. دیاری کردنی ستراتێژی نەتەوایەتی
  5. “محور” قەرار گرتنی پرسی نەتەوایەتی
  6. پرسی بەها هاوبەشەکان و خۆپاراستن لە هۆیەکانی کێشەخوڵقێنەر
  7. جێبەجێ کردنی ڕەوتی یەکگرتوویی و کۆتایی هێنان بە ڕەوتی لێکترازان
  8. هاوسازی قەوارە و دروشمە سیاسیەکان
  9. بەشداریی لانی کەمی ڕێژەیی ژنان لە بەرێوەبەری و بریارداندا
  10. هاوبەشی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا
  11. هاوخەباتی کۆمەڵگای مەدەنی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات و هاوکاری هەموو لایەنەکان
  12. ناسینی پیلانەکانی نەیارانی گەلی کورد و بەرزکردنەوەی هۆشیاری هاوبەش بۆ خۆپاراستن لە پیلانەکانی دوژمن
  13. گەشە پێدانی هەستی بڕوای کۆمەڵایەتی و سیاسی
  14. پێکهێنانی زەمینەی بەشداری گشتی لە کار و چالاکیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا
  15. گەشەپیدانی ڕێبەری هاوبەش

ڕاوێژ: لە وڵامی یەک دوو پرسیاردا باستان لە تووش بوون بە “قەیرانی بڕوا” کرد، دەکرێ بۆمان شیبکەنەوە؟ خۆ هەموو حیزبەکان لایان وایە لەسەر ڕێچکە و ڕێبازی خۆیانن و تەنانەت کۆمەڵەش لە 2000 بەولاوە بەرەو نەتەوەیی بوون هاتووە.

حەقی: قەیرانی بڕوا یا “بحران اعتماد” دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و جەهانگیرە کە لە ساڵی ٢٠٠١یەوە بە شێوەیەکی خێرا هەموو جیهانی تەنیوەتەوە. کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و پارچە پارچە وەک جەستەیەکی نەخۆش ەچێت کە بچووکترین ڤایرۆس دەتوانێت نەخۆشیەکەی قووڵتر بکات. یەکێک لە کێشەکانی ناو ڕیزەکانی خەباتی کوردستان بوونی قەیرانی بڕوایە، بە شێویەیەک کە سەرەرای ئەوەی کە هەموو لایەک باس لە نیازپاکی خۆی دەکات، هەمیشە لە نیازی لایەنی بەرامبەر بەگومانن.

کێشەکە تەنیا لە هەڵبژاردەی دروشمی سیاسی نیە، پرسەکە لە دیاردەیەکە کە کەمتر کار بۆ نەمانی دەکرێت. ئەمرۆ دەبینن لە کوردستانیش کەمتر خەڵک بڕوای بەیەکتر دەکەن و هەمیشە لە هەموو گفتگۆکاندا وابیردەکەینەوە کە لایەنی بەرامبەر دەیهەوێ کڵاوامان لە سەر دابنێت، ئەمە واتە قەیرانی بڕوا (بحران اعتماد).

ڕاوێژ: هاوڕێیان داوا دەکەن ئەو چەمکە واتا “خوڵقاندنی نیازی بێ جێ لە ناو کۆمەلگادا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ” زیاتر شی بکرێتەوە، تکایە.

حەقی: سەردەمانێک کە ئێمە لە قەندیل بووین: شتێک بە ناوی جیاوازی چینایەتی نەبوو، هەموو پێشمەرگە و خەباتکارێک هاوسان و وەک یەک بوون، جیاوازی داهات لە پێشمەرگەوە تا سکرتێر ئەوپەرەکەی ١٠ هیندە بووە. ئێستا نیازەکانی ماددی، ماددی گەرایی، کێشە کۆمەڵایەتیەکان، ژیانی بورژوازی مەسنۆعی و مەسرەفگەرایی ڕووی کردووە بە ڕێبەرایەتی حیزبەکان و بە پێی ئەو بۆ ناو ئەندامان و لایەنگران و پێشمەرگەکانیشدا، ئەوە ئەو نیازانەن کە مرۆڤ لە خەتی سەرەکی خەبات بەلارێ دا دەبەن و نیازی سەرەکی کە بریتی بێت لە خۆپێگەیاندن و بەرەوپێش چوون لاواز دەکەن. هەمووی ئەوانە بەرهەمی تەبلیغات و شەڕی نەرمی کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکی کوردستان و ڕێبەری جووڵانەوەی کوردستانن.

ڕاوێژ: کوتتان کە خەباتی ئێمە تا ئێستا تەک ڕەهەندی بووە بەڵام حیزبەکان ڕێکخراوی لاوان و ژنان و خوێندکارانیان هەیە و دەشڵێن چالاکیان هەیە، ئایا ئەوە خەباتی فرەڕەهەندی نیە؟

حەقی: هەموو ڕێکخراوەکانی سەربە حیزبەکان تەنیا یەک ئامانجیان هەیە: پەروەردەی کادر بۆ حیزبی خۆیان، ئەوان لە پێوەندی لە گەڵ پرسی لاوان، پەروەردەی لاوان، ژنان و کارێکی ئەوتۆیان نەکردووە پرۆژەیەکی ئەوتۆیان جێبەجێ نەکردووە یا تەنانەت دانەڕشتووە کە پیوەندی بە ژیانی لاوانەوە هەبێت. من ساڵهایە لە گەڵ یەکیەتی ژنان و لاوان کار دەکەم و لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو کێشانە هەم. بەداخەوە خاوەنی پرۆژە و بەرنامەی تایبەت بە پرسی لاوان یان ژنان نین بۆیە نەمانتوانیوە لاوی زۆر بۆ ڕێبەری حیزب و ژنی بەرچاو بۆ ڕێبەرایەتی کۆمەڵگا پەروەردە بکەین. ئەوانە ڕێکخراوی “یدک”ـن.

ڕاوێژ: حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە زۆربەی هەرە زۆریان بەرنامەیان نەتەوەییە، دیسانیش پێک ناکۆکن و ئەوەتا ناکرێ بەرەیەک پێکبێنن، لەو ناوە پ کاکاش بۆتە سەرباری پرسەکە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە پ کاکا لە ئێستادا بەرنامەیەکی نەتەوەیی نیە، ئێوە ئەوەی بە خەسار دەزانن یان نا؟

حەقی: بەرنامەی نەتەوەیی بە بێ بڕوای نەتەوەیی ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، یەکێک لە قەیرانەکانی حیزبەکانی کوردستان – ڕۆژهەڵاتی کوردستان، قەیرانی ناسنامەیە، ئەوان بەرنامەی سیاسیان باس لە دابەشکردنی دەسەڵات لە گەڵ ناوەند بە شێوەی ڕێژەیی و فیدرالی دەکەن، بەڵام سیستەمی بەرێوەبەریان سیستەمی تمرکرزگەرای بەهێزە،ئەم جیاوازیە دەبێتە هۆی کێشە گەلێکی زۆر کە دەتوانێت ناوی “تشنج” ڕەفتار بوترێت.

پ.ک.ک سەرەرای هەموو کەمووکۆریەکانیەوە لە ڕوانگە بەرنامەی سیاسی و ساختاری تەشکیلاتیەوە زۆر وێکچوونی هەیە و هۆی سەرکەوتنی لە مەیدانی عەمەلیشدا ئەوەیە. لەوبوارەدا من هیوادارم بەبێ تاوانبارکردن بە لایەنگری، کاتی ئەوەمان هەبێت ڕۆژێک بە وردی باسی ئەو مەسەلەیە بکرێت.

ڕاوێژ: شەوی ڕابردوو باسی یەکگرتوویی هێزتان کرد بەڵام پ کاکا بەپێچەوانەی حیزبەکان خۆی چەندین هێزی هەیە، ژنان بە جیا و کۆدار و پژاکیش بە جیا و لەوانەیە لە داهاتوودا هێزی هەورامان و کەلهوور و کرمانج و …تاد، دابنێ، پێتان وایە ئەوە خەسارێکی زۆر نیە و دژ نیە بە یەکگرتوویی؟

حەقی: ئەگەر ئیجازەم بدەن با نموونەیەکی ڕێژەیی (مقایسەای) بهێنمەوە: سەردەمانێک حیزبەکانی لێنینیستی، مائۆئیستی و بە ئیزمەکانی دیەکشەوە لە کوردستان و ئێران هەبوون. ئەوان هەرکات لە شورەوی یان چین باران بباریایە، لە وڵاتی خۆمان چەتریان دەگرت. ئەوانە حیزبی ئایدیۆلۆژیک بوون. پرۆژەی سیاسی پکک  وئایدیۆلۆژیەکەی دەکرێ وەک حەرەکەتی مائۆئستەکان یان خود لێنینیستەکان بزاندرێت، حیزبی ئایدیۆلۆژی لە هەر چوارپارچەی کوردستان دامەزراوە کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژیەوە گرێدراو بە بەرێز ئۆجەلانن، ئەگەر ئەم ڕاستیە قەبوول بکەین، پیم وایە دەتوانین خاڵی هاوبەشی زۆر لە گەڵیان بدۆزینەوە، بەڵام ئەوەش دەبێ لەبەرچاو بگرین کە حیزبە ئایدیۆلۆژیەکان هەمیشە ڕەها و موتلەقگەران و خۆیان ناوەندی جیهان دەبینن مەگەر کاتێک کە زۆر لاواز بن.

لە پێوەندی لە گەڵ پرسیارەکەتان، پکک پێم وایە لە ڕێگای هێزدارکرندی بەشە جیاوازەکانی کوردستان بە باشترین شێوە لە تواناکان و پۆتانسیەلەکان کەڵک وەردەگرێت بەڵام لە پێناو ئایدیۆلۆژیەک کە بە دڵی ئێمە نیە و زۆر ناتوانێت خزمەتی بەرەوپێش چوون بکات، ئەمە ئەزموونێکی بەهیزە بۆ ئێمە لە ڕۆژهەڵات کە بناخەی خەباتی خۆمان سەر لە نوێ و بە خوێندنەوەیەکی نوێیەوە ئەنجام بدەین، بزاڤی گاندی، ئەفریقای باشووری و ئەمریکای لاتینیش هەمان شێوەی بەکار هێناو سەرکەوتوو بوو.

ئێمە دەتوانین نموونە سەرکەوتووەکان وەک ئەزموون بەکار بهێنین بۆ بەهێزبوونی خۆمان. کێشەکە لەوەدانیە کە پکک چ دەکات، پرسەکە لەوەدایە ئێمە چ دەبێ بیکەین بەڵام ئەنجامی نادەین.

ڕاوێژ: بوونی ئایدیۆلۆژیی داخراو کە کەسی تر قەبووڵ ناکا، یەکێک لە خەسارە گەورەکانی بزاڤی کورد نیە؟ خەسارێک کە براکوژیی کێلەشینی لێکەوتەوە و لە هەمان کاتیشدا دەیهەوێ هەموو کوردستان ڕاوەستێ تا باکوور ئازاد دەبێ و لە سەربەخۆیی خوازییەوە ئێستا باسی خۆسەریی دێموکراتیک یان هەمان خودموختاری دەکات؟

حەقی: هیچ ئایدیۆلۆژیەک کراوە نیە، هەموویان خۆیان بە سەنتری جیهان دەناسن چونکە خۆیان تاقە چارەسەرین، بەڵام خەباتی نەتەوایەتی ئەگەر خاوەنی یان ئایدیۆلۆژی یان پەروەردەیەکی سیستماتیک و خاوەن بەرێوەبەریەکی پەروەردەکراو و بە ستراتێژیک نەبێت ناتوانێت سەرکەوتوو بێت. ساڵی ١٣٦٠ بەدواوە حیزب بە ڕێبەری قاسملوو زانکۆ دواتر فێرگەی سیاسی نیزامی دانا کە بە پێی سەردەم بەداخەوە لە ڕەسالەتە سەرەکیەکەی دوور کەوتەوە، بۆیە ئێمە نەمانتوانیوە هەموو پۆتانسیەلەکان بەکار بهێنین.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک: له‌و ناکۆکی و یه‌کنه‌گرتووییه‌دا کام لایه‌ن له‌ حیزبه‌کان تاوانبار ترن هۆکاری خۆ دور گرتن و له‌ مپه‌ر دروست کردن بۆ یه‌کگرتن لای ئه‌وان چییه‌؟ چونکه‌ حیزب ده‌بێ ڕابه‌رایه‌تی گه‌ل بکات و گه‌ل متمانه‌ به‌ حیزب و ڕابه‌ری خۆی بکات ئایا هیچ ئه‌رکێک ناکه‌ویته‌ سه‌رشانی هاونیشتمانیان کام حیزب له‌  زۆرترین کار و هه‌وڵدانی ڕاستی هه‌یه‌ بۆ دۆخی ئێستای ڕۆژهه‌ڵات

حەقی: بۆ ئەوەی کە مرۆڤ تاوانبار دەستنیشان بکات، دەبی بۆخۆی بەتەواوی بێ لایەن بێت، من بێلایەن نیم بۆیە ناتوانم دیاری بکەم کێ تاوانبارە. هەموومان هەموو ڕێبەرانی حیزبەکان بە ڕادەی بەرپرسایەتیان تاوانبارن. چونکە بەشی هەرەزۆری کێشەکانمان کێشەی شەخسی و ئێگۆیزمە، ئێمە ئەگەر خۆمان لە ئێگۆیزم ڕزگار بکەین دەتوانین خاڵی هاوبەش بدۆزینەوە کێشەکان چارەسەر بکەین.

ئەمرۆ لە شوێنێک بووم کە دوو کەس چوارساڵ بوو کێشەیان هەبوو، من تەنیا بە هێنانە نموونەی “هاوبەشی انرژی منفی و زبڵدانی پر لە بۆن” توانیم ئەو دۆستانە ئاگاداری ئەو ئێگۆیە بکەم کە نەیدەهێشت ئەوانە پێکەوە بدوێن. پێموایە ئێنیرژی مەنفیەک کە لەدەوری خۆمان دروست کردووە یەکێک لە هۆیەکانی سەرەکین. ئێمە کاتێک دوو لایەنی کێشەین، بۆ چارەسەری کێشەکان پێویستمان بە مێنتۆر، لایەنی سێهەم هەیە کە هاوکارمان بێت بۆ دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانمان، دەبێ لەسەرەتا بەبڕیار بین بۆ ئەوەی بتوانین پێک بێن و سەرەتا لە سەر تەواویەت دواتر برۆینە جوزئئیات. لە مدیریتی کێشەکان لە کوردستاندا بە پێچەونای ئەمە جووڵاوەتەوە.

ڕاوێژ: با بچێنەوە سەر پرسی لێک ترازانی حیزبەکان، ئێوە چەند بە یەکگرتوویی حیزبەکان لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا گەشبینن؟

حەقی: کاتی خۆی لە شەری یەکی کەنداودا وەزیری دەرەوەی تونێس وتی “دەبێ ڕدێنی خۆمان بترایشن دەنا پێمان دەتراشن”، ئەگەر بۆخۆمان یەکنەگرین ناچارمان دەکەن یەکگرینەوە. من لە داهاتوویەکی نە چەندان دوور لەوانەیە پێنج تا ١٠ ساڵی داهاتوو بە دڵنیاییەوە بەباوەرم بە یەکگرتنەوەی دووبارە. پێویستمان بەوە هەیە نەوەیەکی نوێ بێتە سەرکار بۆ ئەوەی کێشەکۆنەکان بەشێک نەبن لە چارەسەریەکان بەڵکوو بەشێک بن لە مێژوو و ئەزموون بن بۆ داهاتوو.

ڕاوێژ: ئەو بێ لایەنییە یان بوونی لایەنی سێیەمە بەڕای من زۆر گرنگە، هۆکاری سەرنەکەوتوویی هەوڵی کەمپەینەکانیش هەر ئەوە بوو، من خۆم لە پێکهێنەرانی کەمپەینی یەکی بەفرانبار بووم بەڵام بەداخەوە هەر کەس بۆ لایەکی دەکێشا و کەسی بێ لایەن نەبوو کە ئەوەش لە ئەنجامدا مەرگی کەمپەینی بەدواوە بوو. بەڵام بەڕای ئێوە لایەنی سێیەم دەتوانێ کێ بێ بۆ نموونە بۆ پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان؟

حەقی: لایەنی سێهەم دەتوانێت کەسانێکی شارەزا لە بوارەکانی بەرێوەبەری، بەرنامەرێژی، ستراتێژیک سیاسی و حقووقی بێت کە بتوانن لە دەرەوەی سنووری بەرژەوەندیەکانی تەشکیلاتی پێکەوە پرۆژەیەک دابرێژن و ئەوکات ئەوانە بۆ پێکهێنان لە کەناری یەکتر دابنێن. ئەوانە پێویست ناکات کوردی ڕۆژهەڵات بن یا خود تەنانەت گەر کوردی ڕۆژهەڵاتیش بن دەتوانن لە کەسانێک بن کە لانی کەم لەلایەن هەردوو بەشی بۆ نموونە دێموکراتەوە جێگای ڕێز و بڕوا بن.

گرینگترین شت لەو پێوەندیەدا دیاری کردنی پێوانەیەکی هاوبەشە، پیوانەی هاوبەش بە دروشم و هەست و احساس نابێت دەبێ تعریف کرابێت، پرسیار بۆ هەردوو لایەن  ناردرابێت و لەرووی ئەو پرسیارانەدا پلانێک دابرێژرێت کە هەرردوو لای کێشەکان خۆیان تێدا ببیننەوە.

ڕاوێژ: تا چەند لاتان وایە گەڕانەوە بۆ قەندیل و کێلەشین و بە گشتی بۆ چیاکان، پێشەکیەکی پێویستە بۆ یەکگرتنەوە و یەکڕیزی؟

حەقی: گەرانەوە بۆ قەندیل و کێلەشین دەبنە هۆی ئەوەی کە سەرنجی ئێمە لە سەر کێشەکانی خۆمان بەرەو خەباتی خۆمان کۆ کەیەنوە ئەوکات لەوانەیە یەکگرتنەوە بۆ ماوەیەک بەتەواوی لەبیرمان بچێت، بەڵام پێویستیەکەی درەنگ یا زوو دەردەکەوێت، ئێمە ئەگەر خاوەن پرۆژەی یەکگرتنەوە نەبین کە بەداخەوە نین، ناتوانین نە تەنیا لە قەندیل بەڵکوو لە مەهاباد و کرمانشانیش یەک بگرینەوە، پێویستمان بە پرۆژە و بڕیاری سیاسی هەیە، چونکە تا ئێستا بڕیاری سیاسی پێویست نەدراوە.

ڕاوێژ: ئەوەی کە ئێوە شەوی ڕابردوو باستان کرد، وەک پێکهاتنی هێز یان ئەرتەش یان چەکداری هاوبەشی ئەو حیزبانەی کە پێشمەرگەیان هەیە، زۆرتر لەئێستادا وەک ئیدئال و خەون دەچێ، ئەگەر ئەوە جێ بە جێ نەبێ کە بە دووری دەزانم ببێ، ڕێگاچار و پێشنیاری ترتان چیە؟

حەقی: پلاتفۆرمی هاوبەش دەتوانێت لەو هەلومەرجەدا باشترین ڕێگا و عەمەلیترین ڕێگا بێت، پلاتفۆرمی هاوبەش دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە لانی کەم ئاڵوگۆری زانیاری بکرێت لە پیوەندی لە گەڵ حەرەکەتی چەکداری و پلانی هاوبەش دابرێژرێت بۆ داهاتوو و هەروەها تاقیگەیەکی باشە بۆ پێکهێنانی بەرە و هێزی چەکداری هاوبەش لەو ڕێگایەدا دەکرێ سیاسەتی هاوبەش و نزیک بەیەک دابرێژرێت

ڕاوێژ: مەبەستتان لە پڕۆژە و بڕیاری سیاسیی پێویست  چیە؟ دەکرێ باسەکەمان باشتر بۆ بکەنەوە؟

حەقی: دەزانن لە کۆنگرەی پانزدەهەمی حدکا دا دروشمی یەکگرتووی لە پێناو سەرکەوتن دراو، بەڵام ئەو دروشمە تەنیا دروشم مایەوە و هیچ بریارێکی سیاسی کە بۆ نموونە ڕێبەری حیزب ئەرکدار بکات بۆ لابردنی هەموو لەمپەرەکانی بەردەم یەکگرتنەوە دەرنەکرد. کۆنگرەی شانزدەهەمی حدکش بە هەمان شێوە، دروشمی یەکگرتنەوەی قەبووڵی کردووە بەڵام پێشمەرجی یەکگرتنەوەکان لە دەرەوەی چوارچیوە پەسەندکراوەکانن، واتە بەرژەوەندی “من” دەبێ بپارێزرێت چونکە یەکگرتنەوە دەبێ لە چوارچێوەی بەرژەوەندی من وەک تاک یان گرووپ و بەشە حیزب دا بێت.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک: حیزبی سێیه م  به نێوی  حیزبی دیمۆکراتی  ڕۆژهه ڵات  ئه توانێ چاره سه ڕ  بێت بۆ یه کگرتنه وه؟

حەقی: کێشەی سەرەکی ئێمە فرە حیزبیەکی نا پێویستە، کوردستان پیویستی بە چەندین حیزب ناکات، یەک یان دوو حیزب لە قۆناغی خەباتی ڕزگاری خوزانەدا چاکتر دەتوانێت خزمەت بکات تا چەندین حیزبی بچووک و لێکدابراو. حیزبی دێموکراتی سێهەم ئەگەر لە هەردوو بەشی حیزبی دێموکراتی ئێستا پێک بێت و نەتیجەی سێهەم بدات ئەوا باسێکی دیکەیە کە من لایەنگری ئەوەم، واتە حیزبێک کە وەڵامی پرسیارەکانی پیوەندیدار بە دابراونەکان، ئینشعاب و دابەشکردنی دەسەڵات بە پێی ناسنامەی سیاسی بداتەوە  و هەروەها بتواێت پرسی یەکسانی و دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات لە هەموو ئاستەکاندا چارەسەر بکات.

ئایدیالی من ئەوەیە کە حیزبی دێموکراتی داهاتوو حیزبێک بێت کە وەڵامی پێویستی ئەمرۆی کۆمەڵگا بداتەوە و هەموو کەس و هەموو چین و توێژی کۆمەڵگاخۆی لە بریارەکانیدا ببینێتەو.ە ئێمە پێویستمان بە یەکگرتووییەکی فرەرەنگ هەیە، فرەرەنگی و فرەچەشنی خۆمان دەتوانین بکەیەن بناغەی یەکگرتنەوەیەکی نوێ و نوێگەرا.

ڕاوێژ: هەڵبەت من ئەو تێبینیەشم هەیە کاک مەجید، مادام تۆ ناوی دەنێی ڕۆژهەڵات دەبێ درووشم و ستراتژی و تاکتیکیشت بگۆڕی، واتا ئەو کات تۆ سەربەخۆییخوازی نەک فیدراڵی خواز کە من نازانم جەنابت چەند لەگەڵ گۆڕینی ئەو درووشمە هەن؟

حەقی:  ئەوانە هەموو قەراردادین، ئێمە دوو حاڵەت زیاتر مان نیە: ئەگەر بڵێین ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتە کوردستانێکی کە ڕۆژهەڵاتیشێ هەیە ئەگەر بڵێین کوردستانی ڕۆژهەڵات شتێکە کە وەک کۆریای باشوور و باکوور دەبێتە هۆی جیابوونەوەیەکی کۆمەڵایەتی یەکجار قووڵ. ئەگەر بشلێین کوردستانی ئێران ئەوا واتە کوردستانێک کە هی ئێرانە نەک هی کوردان، بۆیە لەوبواردا من زۆرتر لایەنگری ئالترناتیڤی یەکەمم. لە سەردەمی شێخ مەحموودیشدا باسی ڕۆژهەڵات و باشوور کراوە و شتێکی تازە نیە، بەڵام دەتوانین ویرای وتنی ڕۆژهەڵات داوای ڕێگاچارەسەری فیدراڵی بکەین، بەڵام فیدرالیەکی شی کراوە و تاریف کراو، بەتایبەت بە هۆی ئەوەی کە ئێمە تێکەڵاوی نەتەوایەتیمان لە گەڵ بۆ نوموونە ئازەریەکان زۆرە.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک کە کەمێکیش لە باسەکە دوورە بەڵام حەزی کرد لە بەڕیزتانی بپرسین: .هێزی شاخ (پێشمه‌رگه‌) ده‌بێ چ بكات تا شار  بێته‌ سه‌ر شەقام؟

حەقی: ڕاستیەکەی ئەوە شارە دەبێ زۆر چالاک بێت کە شاخ بتوانێت هاوکاری بێت، پێشمەرگە پشتیوانی خەباتی هەمەلایەنەیە، نەک تاقانە خەباتکار، من پێمووایە ئەوانە هەردووکیان واتە پێشمەرگە و خەباتکارانی ناوشار بە هەموو بەشەکانیەوە دەتوانن پشتگری یەکتر بن، و خەباتیان بە یەکەوە بەستراوە بێت.

کاتێک خەباتی ناوشار لە ئەفریقای باشووری بەرەولووتکە گەیشت، تازە هێزی چەکدار خۆی ئامادە دەکرد بۆ خەباتی چەکداری و ڕزگاری یەکجاری بۆیە ئاپارتاید لە ئەفریقا خێراتر کۆتایی پێهات و بەهۆی ڕێبەری هاوبەشەوە هێزی چەکداری زیادەرەوی نەکرد.

ڕاوێژ: باس لە یەکگرتنەوەی حیزبەکان و لەتەکانیان باسێکی گەرمە و خەڵکی ماوەیەکی زۆر بە هیوا ببوو بەڵام ئێستا سارد بوونەوە، هیواکان بە لێک دابڕانی تاکتکی سیاسی یەکجار ساردتر بوونەوە، دابەش بون بەسەر ئیسلاح تەڵەب و ڕووخێنەردا، وایکردووە هیوایەک نەمێنێ، پێتان وا هەیە کەسانێکی دژبەر بە یەکگرتنەوە لە حیزبەکاندا بە ئانقەست ئەو تاکتکانە ودرووشمەکان وا لێک دوور دەخەنەوە؟

حەقی: بەداخەوە لە هەردوو بەشی حیزبی دێموکراتدا دژبەرانی یەکگرتنەوە کەم نین و کۆماری ئیسلامیش لەو بوارەدا زۆر سەرمایەگوزاری دەکات کە کایەک بکاتە کێوێ و هەموو هەوڵی خۆی دەدات کە حیزبەکانی کوردستانی لەیەکتر دوور کەونەوە.

من پێموایە ئێستا لە هەمووکات زیاتر ئەرکی ئێمە ئەوەیە هەوڵ بدەین بۆ یەکگرتوویی یەکجاری، ئیسلاح تەڵەبی جورم نیە، ئەوەش یەکێک لە ڕیگا چارەکانە بەڵام لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی دا کات بەفیرۆدانە.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیکە کە لاموایە ئەوەش لە باسەکە کەمێک دوورە بەڵام چار نیە: بۆچی بەدەنەی حیزب بە هەر دوو لایەوە، کاتێک کە دەبینن شەڕی کورسیە نەک شتی تر، نایەنە دەنگ؟ هۆکاری بێدەنگییەکە چیە؟

حەقی: سروشتی ئینسان وایە، دەبینن لە مناڵیەو ەمناڵەکان پێکەوە کێبەرکێ دەکەن و لەسەر بەدەستهێنانی کایە، یان تۆپ و کەرەسەی کایە ڕقابەت دەکەن، لە کاتی کێبەرکێی فووتبال یان وەرزشێک لایەنگرانی وەزشەکە هێرش دەکەنە سەر یەک و تەنانەت خۆیان لە بیر دەچێتەوە، ئەوە بەشێک لە پێویستی و سروشتی مرۆڤە بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ئەو کارە زۆر ئاسانتر دەتوانێت پێویستی خۆدەربرینی ئێمە وەڵام بداتەوە و پێویست ناکات بۆ بەرپرسایەتی قووڵتر بیر بکەیەنوە و هێز بەکار بێنین. ئەسڵێک هەیە بەناوی ئەسلی ٨٠/٢٠، بەو واتایەکە ٢٠لەسەدی کۆمەڵگا ٨٠ لەسەدی کارەکانی کۆمەلگا ئەنجام دەدنە، ٢٠ لەسەدی ڕێکخراوەکان ٨٠ لەسەدی بریار و پرۆسەکانی سیاسی بەرێوە دەبەن و جێبەجێ دەکەن، ئەوانی دیکە پێرەوی دەکەن. کاتێک ئەو ئەسڵە بناسین، دەتوانین “جهتی”کارەکان بگۆرین و ئەو ٨٠ لەسەدەی دیکەش لە پێناو ئامانجەکان بەکار بهێنین، بێگومان ئەمەش کاری زۆری دەووێت. هێزی تمرکزمان زۆر لاوازە و ڕاستیەکەی ئەمە دەمخاتە بیری باسێکی ڕەوانشناسی مرۆڤە “متشنجەکان”. چونکە لەراستیدا ئێمە بەدەست جۆرێک لە “تشنج رفتاری” دەناڵێین.

ڕاوێژ: زۆر جار لە خەڵکی ناوخۆ دەبیستین کە تا حیزبەکان یەک نەگرنەوە ئێمە یارمەتیان ناکەین و دەست لەسەر دەست دا دەنێین، یان کە دەپرسی بۆ وەک ساڵان خەبات ناکەن دەڵێن جا ئەوان ئاوا لێک دابڕاون ئێمەش نایکەین، پێتان وایە ئەوە بیانوویەکە بۆ خۆدزینەوە لە خەبات یان مای ڕەوایانە و حەق بە وانە؟

حەقی: ئەوە هەمان ئەو شتەیە کە لەسەرەوە باسم کرد، خەڵک چاوەروانی دکەەن و حەز دەکەن لە ئایدئالەکان و خۆشترین حالەتەکاندا خەبات بکەن، هەرچەند ئەوە دەکرێ وەک بیانوو ببیندرێت بەڵام بە بڕوای من ئەوە جۆرێک لە “سزای کۆمەڵایەتی” و گشتیە کە خەڵک لە بەرامبەر ئێمە بەکار دەبات، واتە خەڵک بەو شێوەیە کار و کردەوەکانمان سزا دەدات و بەجۆرێک هەڵسوکەوتی جیاوازی خوازمان بایکۆت دەکات. من ئەو هەڵوێستە بە باش دەزانم و دەبێ لەسەر ئەو بنەمایە ئەرکدار بین بۆ ئەوەی ئەو گلەییەی خەڵک نەمێنێت، واتە هەوڵ بدەین بۆ وەڵامدانەوە بە داخوازی خەڵک، بەبێ دروشم و بیانوو هێنانەوە.

ڕاوێژ: بەپێی زانیاریی خودی خۆم و بە ئاگاداری تەواوەوە دەڵێم کە هەندێ ژووری نەهێنیی هەندێ لایەن هەن کە تێیدا ئەندامی پلە بەرزی حیزبەکان لەگەڵ کەسانی تر خەریکی ئاژاوەنانەوەن، بۆ نموونە ئەگەر چاو لێبکەن بۆ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ یان دوای هەر بەشدارییەکی تەلەفزیۆنیی کەسێکی ڕێبەریی لایەنێک، فەیسبووک دەبێتە کڕێوە و دژبەری و لێکدان، ئەوانە چٶن دەکرێ کۆنترۆڵ بکرێ؟

حەقی: کۆنترۆلی پێوەندیەکانی خەڵک شتێکی تەقیریبە نامومکینە، تەنیا ڕیگەی ڕزگاری ئەو شێوە کێشانە سیاسەتی شەفاف و بەرێوەبەری شەفافە، من پێموایە لەوباردا دەبێ هەم کەموکورۆیەکانی خۆمان ببینین و هەم ڕیسکەکانی پێوەندیدار بە جەهانی مەجازی و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بناسین. هەموو دەرمانێکی چاک “ئاسەواری جانبیشی” هەیە، حەز دەکەم وەک داو خاڵ شتێکی پێوەندیدار بە مەسەلەی یەکیەتی و یەکیەتی نەتەوایەتی لە چەند ڕستەدا پێشکەشتان بکەم:

یەکیەتی بە واتای پێوەندی واتاداری نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا واتە بە واتای نەتەوە، حیزب و ڕێکخراوەکان و پێکهێنەرانی ئەو نەتەوەیەیە. بۆ نەتەوەکانی خاوەن دەڵەت بە واتای یەکیەتی نێوان دەوڵەت و نەتەوەیە بۆ ئێمە وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت بە واتای یەکیەتی نێوان ڕێکخراوەکان و پێکهێنەرانی کۆمەڵگا لە پێناو گەیشتن بە سەروەری نەتەوایەتی و ڕزگاری هەتاهەتاییە. گرینگ ئەوە کە تێگەیشتنی ئێمە وەک تاکەکانی ناوکۆمەڵگا لە یەکیەتی نەتەوایەتی چی بێت؟ یەکیەتی بە واتای یەکگرتوویی و هاودڵی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا بە حیزب و ڕێکخراوەکانی سیاسی و مەدەنی و پیشەییەوە بگرە تا دەگاتە تاک و چالاکەکانی ناو کۆمەڵگا. واتە قەبووڵی هاوبەشی لانی کەمی بایەخە هاوبەشەکان. گرنگە کە ڕوانینمان ڕوانینێکی ڕووەکی و گوزەرا نەبێت، چونکەکاتێک باس لە یەکیەتی و یەکگرتوویی دەکرێت باس لە پێویستیەکی قووڵ و فراوانی نەتەوایەتی دەکرێت کە پێویستی تاکەکانیش وەدی دەهێنێت. لەو هەلومەرجەدا زۆر گرنگەسەرنج بدەینە ئەو خاڵە کە: “هاوکاری، هاودڵی،  دەست لە دەستی یەکتر نان و پێکەوە گرێدانی دڵەکانمان بۆ ئامانجی بەرزی نەتەوایەتی، کە لەودا نەتەوەی کورد ڕزگاری یەکجاری بەدەست بێنێت و بتوانێت مافی چارەنووسی خۆی دیاری بکات و پلانی داهاتووی دارێژێت و نەوەکانی داهاتوو ناچار نەبن بۆ ئەو بایەخانەی ئێمە و نەوەکانی ڕابردوو خەباتمان کردووە دووبارە شەهید بدەن، ئەرکێکی قورس و پێویستیەکی هەنۆکەییە.” لە سەر ئەو بنەمایە دەتوانین و دەبێ یەکیەتی کردەوەیی پێک بێنین و هێزی خۆمان بەرەو ئامانجە بەرزەکانمان وەسەر یەک بخەین.

هەموو شۆرشە خەڵکیەکان بەرهەمی وێکگەیشتن و یەکیەتی هێزەکانی خەڵک لە سەر پرسێکی تایبەتە، کە لە ڕێگای یەکیەتی سیاسیەوە شکڵی ماددی بەخۆیەوە دەگرێت و دەبێتە شۆرش. مەرجی یەکیەتی نەتەوایەتی گەشەپیدانی وشیاری نەتەوایەتی و بەرز بوونی ئاستی هێزی تۆلێرانسی هێزە سیاسیەکان لە بەرامبەر کەسانێک کە وەک ئەوان بیر ناکەنەوە. چونکە بوونی جیاوازی و فرەرەنگی سیاسی لە ناو کۆمەڵگادا، بەشێکی جیانەبووە لە تایبەتمەندی ژیانی سیاسیە. بەڵام بە هۆی گرینگی و بوونی بەرژەوەندی باڵای نەتەوایەتی و بەرژەوەندیە هاوبەش و گشتیەکان، دەکرێ لە چوارچێوەی ژیانی هاوبەشدا لە سەر هەندێک خاڵ و پەکێجی هاوبەش وێکگەیشتن و تێگەیشتنی هاوبەش پێک بهێندرێت کە ئەنجامی ئەو گەیشتن بە ئاواتەکانی بەرزی کۆمەلگا لێ دەکەوێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت