حیسام دەست پیش: کۆماری ئیسلامی دەزانێ کە هێزێک کە هێشتا وەک نەیاری فکری و رەفتاری لە پانتای سیاسی کوردستاندا بوونی هەیە، حیزبی دیموکراتە

0
695

رۆژی کورد: لەماوەی چەند رۆژی رابردووا پاش راگەیاندنی دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێ لە شۆڕش لەلایەن حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە، ناوەندە تەبلیغاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک پڕوپاگەندەیەکی بەرین و هەرەشە ئامێزیان بۆسەر ئەو حیزبە دەستپێکردووە.

رۆژی ١٦ی خاکەلێوە ماڵپەڕی “دانا” سەربە سوپای پاسداران هەواڵیکی لەژێر سەدێڕی “زیددی ئینقلاب” بە زەبری چەک قوتابخانەکانیان دادەخست” بڵاو کردەوە، کە تیایدا هەوڵ دراوە کە حیزبە کوردییەکان دژی هەموو چەشنە ئاوەدانکردنەوەیەک لە کوردستاندا بوون.

ماڵپەڕی سوڵدوز خەبەر سەر بە ئیتلاعاتی نەغەدە، رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە لە هەواڵێکی چەواشەکارانەدا شەڕی نەغەدە دەخاتە ئەستۆی حیزبی دیمۆکرات و رۆڵی ئاخوند حەسەنی وەکوو کەسیکی ئاشتیخواز بەرجەستە دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە ماڵپەڕی ” دانا” لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە “زیددی ئینقلاب” لە ساڵی ١٣٦١ مەلایەکیان لە ماڵەکەیی خۆیدا لە شاری سنە کوشتووەو ماڵەکەشیان ئاگر تێبەرداوە.

هەروەها ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوە، هەواڵدەریی فارس هەواڵی چاپ و بڵاوبوونەوەی کتیبێک لەژێر ناوی “حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران”دا بڵاو کردەوە کە لە نووسینی مەحموود نادری و لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوە توێژینەوەی سیاسییەوە بە چاپ گەیشتووە.

لەو هەواڵەدا کە بەشیک لە پیشەکیی ئەو کتێبە خراوەتەڕوو، سەرجەم مێژووی حیزبی دیمۆکرات لە دامەزرانییەوە هەتا ئێستا بە قەڵەمی مەحموود نادری چەواشەکراوە.

هەروەها بڕیارە سێ بەرگ کتێبی “روز شمار وقایع توروریستی در ایران” لەماوەی داهاتوودا لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی “هابیلیان”ـەوە چاپ و بلاو بکرێتەوە کە تیایدا حیزبی دیمۆکرات و کۆمەڵە و هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن بەهۆکاری دەستپێکردنی شەر لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەقەڵەم دراون.

رێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوە فەرماندەری زەمینیی سوپای پاسداران دژکردەوەیەکدا بە بڕیاری نویێ حیزبی دیمۆکراتدا بە هەواڵنێرە حکوومەتییەکانی راگەیاندووە، ئەگەر “زیددی ئینقلاب” پیشڕەوی بکات، خومپارە بارانیان دەکەین.

رۆژی کورد بۆ تاوتوێ کردنی شەپۆلی نوێی هێرشی تەبلیغاتی و چەواشەکارانەی دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕژیمی ئێران، دیمانەیەکی لەگەڵ حیسام دەست پیش، مامۆستای زانکۆ و چاوەدێری سیاسی، پێکهێناوە.

دەقی وتووێژەکە:

حیسام دەست پیش
حیسام دەست پیش

ڕۆژی کورد: هۆکاری وەڕێ خستنی ئەو شەپۆلە تەبلیغاتییە بە دژی حیزبی دێمۆکرات  لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە چیدا دەبینن؟

ئەوەی کە کتێب و نامێلکە سەبارەت بە بزاڤی کوردی و بەتایبەت حیزبی دیموکرات بڵاو دەبێتە لەوە سەرچاوە دەگرێ کە کۆماری ئیسلامی دەزانێ کە هێزێک کە هێشتا وەک نەیاری فکری و ڕەفتاری لە پانتای سیاسی کوردستاندا بوونی هەیە، حیزبی دیموکراتە. ئەم ترسە لە خۆیەوە ساز نەبووە، بەڵکوو سەرچاوە لە مێژوەوە دەگرێ، ئەو مێژوە کە لە کۆماری کوردستانەوە دەست پێدەکا و تاکو ئەمڕۆ درێژەی هەیە. ئەم کارانە نیشاندەدا کە هێشتا ئەم مێژووە و ماناکانی لە کۆمەڵگای کوردیدا زیندووە و هەموو ئەو کێشە و سیاسەتانەی بۆ بێ ماناکردنی ئەم حیزبە و خەباتەکەی کراوە نەیتوانیوە حیزب لە حافزەی نەتەوەی کورد لە خۆرهەڵاتدا بسڕێتەوە. جیا لەم کارە نوسراوانە لەم ساڵانەدا کۆمەڵە سیاسەتێک بوونیان هەبووە، لە تیرۆرە بگرە تاکو ناکۆکی و مەودابەخشینە حیزبی نوێێش وەک تاکتیکێک بەکارهێنراون تاکو حیزبی دیموکرات بۆ هەمیشە بسڕنەوە. بەڵام دیارە لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبوونە.

بەهەرحاڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی دەیکەن وەک پەلەقاژە وایە، چونکە سڕینەوەی مێژوو بەو ساناییە مومکین نیە و هەروەها کە لەم کاتانەدا حیزبی دیموکرات هێزی خۆی داوەتە بەر هەستانەوەی نوێ و لە ئەگەری سەرکەوتن لەم بوارە، ئیتر مەودایەک بۆ ئەم کارانەش نامێنێتەوە و کوردایەتی دەربازی قۆناغێکی نوێ دەبێت.

ڕۆژی کورد: بەبڕوای ئێوە ئەو جۆرە پرۆپاگەندانە لە ئێستادا چ کاریگەرییەکی لەسەر ڕای گشتیی خەڵک لە کوردستان و ئێران دەبێ؟

دەست پیش: ئەم شێوە لە پرۆپاگەندایە ناتوانێ ئەو ئامانجە بپێکێ کە کۆماری ئیسلامی مەبەستییەتی، چونکە یەکەم شێوازەکەی ناسراوە و وەک قسەی سواو وایە کە بەردەوام دووبارە دەبێتە. دووەم کاتێک زوڵم و سەرکوت لە کوردستان بوونی هەبێ، ئەم پەیامانە ناتوانێ بگاتە شوێنێ خۆی. سێیەم پرۆپاگەندای لەم شێوە دەکەوێتە خانەی پرۆپاگەندای گوتاری زاڵ یان دەسەڵاتداری ئێرانەوە کە لە ئێستادا ناتوانن کۆمەڵگای خۆیان ڕازی بکەن، چۆن دەتوانن کۆمەڵگای کوردی بە قەناعەت بگەیێنن.

لەلایەکی ترەوە ئەم پەیامانە دەتوانێ لە هێندێ بواردا کاریگەری هەبێ. یەکەم پێخۆری هێرشکردنە سەر بزاڤی کوردی لە خۆرهەڵات بۆ دەزگا و ناوەندەکانی ڕژیم ئامادە بکات. لە ئاستی دووەمدا یارمەتی هێندێ لە کوردانە بدات کە پاڵیان بە ڕژیمەوە داوە، بەو مانایە کە ئەوانیش لەم پێخۆرانە کەلک وەربگرن. بەو مانایە کە قورسایی خۆیان لای کۆماری ئیسلامی پێ زیاد بکەن.

ڕۆژی کورد: بۆچی هەوڵ دراوە حیزبی دێمۆکرات وەکوو هەڵگیرسێنەری شەڕ لە کوردستان بناسێنن لە ساڵی ٥٧دا؟

دەست پیش: لە پانتای سیاسی ئێران بە کۆماری ئیسلامی و ڕەخنەگرانییەوە گوتارێک خەریکە زاڵ دەبێ کە تێدا بەرەنگاری سەربازی وەک بڤەیەک لێ بکرێت کە دواجار هێز و توانا هەر لە خانەی دەوڵەتی ئێرانیدا بمێنێتەوە. واتا خەریکی سازکردنی گوتارێکن بەو مانایە کە ئەوەی کورد لە بەرگری و بەرەنگاری لە ناسنامەی خۆی دەیکات، هەوڵێكە بۆ لە ناوبردن و خستنە مەترسی کیانی ئێرانی. لێرەوەیە کە ئەم پەیامە زەق دەکەنەوە تاکو بە رای گشتی بڵێن کە دەوڵەت تەنها هێزی شەرعییە کە مافی بەکارهێنانی چەکی هەیە. واتا کورد و دێموکرات شەرعییەتی بەرگرییان نیە. لەلایەکیترەوە بەخشینی ئەو مانایە کە هەر چەشنە جووڵەیەکی سەربازی لەمرۆدا پێ بێ مانا بکەن. بەهەرحاڵ هەوڵێکە کە وامان فێر بکەن کە وەک ئەوان سەیری گۆڕان یان تەغییری سیاسی بکەین کە تێدا بەرگری سەربازی بوونی نەبێ، بەڵکوو وەک رێفۆرخوازەکان لە هەموو مانایەک ئایدیالیستی بمانسڕنەوە.

ڕۆژی کورد: بەڕای ئێوە ئەرکی حیزبەکان و چالاکانی سیاسی لە هەمبەر پیلانی ئەوتۆ دا چیە؟

دەست پیش: پێم وایە لە ئێستادا ئەرکی هەموو لایەک بە دێموکرات و نادێموکراتەوە کە پێویستی هەبوونی بزاڤێکی چالاک لە خۆرهەڵات بهێنە رۆژەڤەوە. بزاڤێک کە ببێت بە خاوەنی مانای خۆی. بە شێوەیەک کە ئیتر مەودا نەدات بە ماناکانی داگیرکەر کە ڕای گشتی کوردستان بخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. بە واتایەکیتر ئێمە جیا لە زیندووکردنەوە تواناکانی کۆمەڵگا لە ڕەهەندی سەربازییەوە، ئەرکی ئەوەمان لە سەر شانە کە خەباتی ماناییش ساز بکەین تاکو کۆمەڵگا ئێمە بەرچاوڕوونی زیاتر لە ناسنامەی خۆی هەبێ. ئەمە تەنها بە حیزب، لایان و کەس ناکرێ، بەڵکوو درکێکی هەمە لایانەی دەوێ. بەو مانایە کە هەموان بزانن کە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ لە ڕیشەی هەموان بدات. بۆیە لە هەنگاوی یەکەم سازکردنی هەلومەرجێکە کە کۆمەڵگای خۆرهەڵات جارێکیتر بە گەرمی ڕوو لە بزاڤی کوردایەتی بکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.