کازیوە ئەنامەقی: بەشداری کردن لە پرسێکی گرینگ وەک خەباتی چەکداری پێویستی بە هەڵسەنگاندن و بڕیاری خودی تاک هەیە

0
1058

ژنان بەشێکی گرنگن لە مێژووی کورد و بزاڤی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد، بۆ تاووتوێ کردنی پرسی خەباتی چەکداری، ڕۆژی کورد وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز كازیوه‌ ئه‌نامه‌قی، ده‌روونناس و وته‌بێژی پارتی فێمنیستی كوردستان ئەنجام داوە.

ڕۆژی کورد: چۆن بەرگریی چەکداری کورد لە ئامانجەکانی شیدەکەنەوە؟

کازیوە ئەنامەقی
کازیوە ئەنامەقی

ئەنامەقی: دەکرێ لە دوو ڕەهەندەوە بەرگری چەکداری هەڵسەنگێنین:

۱- شەڕی چەکداری لەناو کورددا دیاردەیەکی نوێ نییە و بەدرێژایی خەباتی کورد، شەڕی چەکداری بووە. نکۆڵی لێ ناکرێ کە هەمیشە وەک چاوترسێک وابووە بۆ دەسهەڵاتی ناوەندی بەڵام هێزەکەی لەو ئاستەدا نەبووە کە بتوانێ ئامانجی خۆی کە بریتییە لە سەربەخۆیی، بپێکێ. بەشی برگری نیزامی کوردی پڕچەک نییە و هەروەها بە چەکی مۆدێڕن و قورسیش تەیار نییە. شەڕی چەکداری پێویستی بە چەکی قورسە و تەنیا بە چەنددانە تفەنگ و نارنجۆک ناکرێ شەڕ دژی دەسهەڵاتێک بکرێ کە باشترین چەک و چۆڵی سەردەمی لەبەر دەستە. هێزی پێشمەرگەی کوردی لە هیچ پارچەیەکی کوردستان ئەم ئامادەباشییە بەهێزە چەکدارییەی نییە و تەنیا پشت بە هێز و ئیرادەی هێزی مرۆیی و پێشمەرگە دەبستێ کە ئەمەش بەداخەوە دەرئەنجامێکی ئۆتۆی بۆ کورد نییە.

۲- ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەرگاکانی چالاکی و خەباتی مەدەنی داخستووە. بەداخەوە جیهانیش دەنگی فیشەکی گوللـە دەبیستێ و لا دەکاتەوە بزانێت چ خەبەرە. دەنگی ڕەوای خەباتی مەدەنی ئەو جۆرەی دەبێ ببیسترێ، نەبیستراوە. هاوکات ڕژیمیش لە شکل گرتنی خەباتێکی ناتوندوتیژ لە شارەکان زۆر زیاتر لە شەڕی چەکداری لە شاخ دەترسێ و بە توندی سەرکوتی ڕێبەرانی بیلقۆوەی ئەو جۆرە خەباتەی کردووە. خەڵکیش  هێشتا بەوشێوەیە کە پێویستە نەهاتوونە مەیدانی خەباتی مەدەنییەوە. هەڵبەت ئەمە هەر ڕوودەدا بەڵام سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامی ڕەوتەکەی زۆر هێواش کردۆتەوە.

لە لایەکەوە کەڵکاژۆی ئیسلاحتەڵەبانی کورد لە چەمکی خەباتی مەدەنی و بەلاڕێ بردنیدا جۆرێک ناشیرینی، بێ متمانەیی، نیگەرانی و دڕدۆنگی لە ناوخەڵکدا پێکهێناوە. ئیسلاحتەڵەبان دەستێک لە ئۆپۆزیسیۆنیان وا خەڵەتاندەوە کە پێیان وایە ڕێگای خەباتی مەدەنی تەنیا لە دەروازەی ئیسلاح تەڵەبانەوە تێپەڕ دەبێ، لە حاڵێکدا ئەگەر ئەو دەستە لە ئۆپۆزیسیۆن لەو ماوەی ئەم سی و چەند ساڵەدا لە ناو کۆمەڵگای خۆی ژیابا، بێگومان بە فڕوفێڵی ئیسلاح تەڵەبان جوان ئاشنا دەبوو و دەیزانی ئەم جەماعەتە چەندە ناراست و هەلپەرستن. ڕێبەرانی بیلقوە و ڕاستەقینەی خەباتی مەدەنی هەزینەی قورسیان داوە و ئیسلاحتەلەبان بەس ئامادەن بۆ خۆحەشاردان لە پشت هەزینەکانی ئەوان و کەڵکی پلە و پۆستی خۆیان وەرگرتن. پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە دەسکەوتی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات واتای خاوەن پۆستی دەوڵەتی بوونی فڵانە ئیسلاح تەلەب نیە. نابێ بهێڵین بایەخی خەبات تا ئەو ڕادە نزم بکرێتەوە.

هاوکات لەگەڵ تەواوی ئەم کێشانەش سەرکوتی خەباتی مەدەنی بۆتە بیانوویەک بۆ شەرعییەت دان بە شەڕ، بەڵام دیار نیە خەڵک چەندە ئامادەی هەزینەی شەڕ بن. گومان لەوەدا نیە خەڵکی ڕۆژهەڵات تا سەر ئێسقان لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ناڕازین، بەڵام نیگەرانییان لە بوون بە سووریایەکی تر و کەوتنە ناو ئاگری شەڕی شیعە و سوننی لە ناوچەکەدا و پەرەسەندنی نائەمنی و دزەی داعش ناکرێ لەپشت گوێ بخرێت. ئایا خەڵک ئامادەی ئەو هەزینە هەن؟ ئەگەر بێتوو خەڵک پشتوانی لە بەرگری چەکداری نەکەن شکستێکی زۆر زۆر مەترسیدار بەڕێوە دەبێ. شکستێک کە زۆر لە سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ترسناکترە.

ڕۆژی کورد: بەرگریی چەکداری بۆ داکۆکیکردن لە سەروەرییەکانی کورد  نرخ وتێچووی مەعنەوی زۆر پڕبایەخی داوە، شەهید بوونی پێشمەرگە بەرینترین قورسایی پەژارەی بە سەر شانی ژنی کوردەوە بووە، بەو حاڵەشەوە لە بەشداری کردنی بەتایبەتی بەرگری چەکداری نەپرینگاونەتەوە، هۆکاری ئەو فاکتەرە دەرهەستە بۆ چی دەگەرێتەوە؟

ئەنامەقی: گەلی کورد هەر لەگەڵ لەدایکبوونی مێشکی بە هەستی نەتەویی گۆش دەکرێ و بەهیوای ڕۆژێکش پەروەردە دەکرێ کە وڵاتی سەربەخۆی هەبێ و لەژێر ئاڵای وڵاتی خۆی درێژە بە ژیان بدات. زۆربەی تاکی کورد بەم سایکۆلۆژییەوە دەڕوانێتە ژیان، هەربۆیە بەرەوام لە ئامادەباشی بەرگری کردندا دەژی و ژنی کوردیش ژیانی هەر لەسەر ئەم بنەمایەیە.

نکووڵی لەوە ناکرێ کە گیان بەخت کردنی لاوانی کورد ئازارێکی زۆری بۆ ژنان و دایکانی کورد هەیە. ژنانی کورد و نەتەوەی کورد بە گشتی وەک هەموو مرۆڤی ئەم دنیایە خوازیاری ژیانێکی ئاسوودە و پر لە ئاشتی و ئەمنیەت و ڕەوابوونی مافەکانیانن. بۆ وەدی هێنانی ئەو ژیان و مافەش باشترین ڕێگا، خەباتی مەدەنی ناتوندوتیژ و کەم هەزینەیە. کوردی ڕۆژهەڵات ئەزموونی زۆر تاڵی لە بەرگری چەکداری بوە و ژیان و هێزی زۆری لەدەست داوە و بەداخەوەش تا ئیمرۆ نەگەیشتۆتە ئامانج. پێویستە ئەوەمان لەبیرنەچی دەست بردن بۆ چەک هەمیشە لەسەر ناچاری بوە، نە هەڵبژاردنێکی دلخواز. هیوادارین گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگاتە ئەو ئاستە لە یەکگرتوویی و باوەرمەندی کە بە لێشاو و بێ ترس بەشداری چالاکیە مەدەنیەکان بن. ئەگەر خەڵکانێکی زۆر بەشداری چالاکی مەدەنی بن، دنیا ناچارە لابکاتەوە لە کوردی ڕۆژهەڵات و گوێ بداتە داخوازیەکانمان. لەو حاڵەتەدا بێگومان هەزینەکان کەمتر دەبن لە چاو ئەو هەموو ئازار و پەژارەی لەدەست چوونی باشترین و ئازاترین ڕۆڵەکانمان لە بەرگری چەکداریدا.

ڕۆژی کورد: ئاماژەکانی دیار، بەرگرییەکی چەکداری جیددیتر دەنوێنن ئەو بەرگرییە ڕەوایە؟ ئایا ڕێکارێکە بۆ لێکگرێدانەوەی خەباتی شاخ و شەقام؟

ئەنامەقی: هزری تاکێک یان گرووپێک ڕەوایی یان ناڕەوایی نادا بە تاکتیکی خەبات. وەڵامی ئەم پرسیارە کات دیاری دەکات و دەرئەنجامەکانی خەبات.

کێشەیەکی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە بۆ هەر ئاپشێنی شەڕ وەک تاکە ڕێگا چارەی دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بزاندرێ؟ شەڕ کردن بەو سادەییانە نیە. تەنانەت ئەگەر گشت حزبەکان یەک بگرن و چەکی قورس و پێشکەوتووش ئامادە بکرێ (خودی ئەمە کارێکی ئاسان نیە و وابەستەیی ئابووری و کۆڵێک کێشەی سیاسی تری لێدەکەوێتەوە) ئایا بیروڕای گشتی خەڵک پشتیوانی لە نەهامەتەکان و ئاسەوارەکانی شەڕ و نائەمنی دەکات لەم قۆناغە هەستیارەدا کە تێرۆریزمی ئایینی ڕۆژگاری خەڵکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی ڕەش کردوە و ترسی پەرەسەندنی داعش و شەری شیعە و سونی زۆر ترسێکی جیدییە؟  هەروەها دوابەدوای هەر بەرگریەکی چەکداری، گوشارەکانی ڕژیم بۆسەر خەڵک زیاتر دەبێ و درگاکانی خەباتی مەدەنی زیاتر دادەخرێ. با واقع بین بین. لەو حاڵەتەدا چۆن دەکرێ باسی لێکگرێدانی دووخەبات بکەین کە دانێکیان وەک بیانوو بۆ سەرکوتی زیاتری ئەوی تر بەکار دەهێندرێ؟ باشترە کوردی ڕۆژهەڵات بۆ هەڵبژاردنی هەرکام لەو خەباتانە سەرەتا خۆی یەکلایی بکاتەوە و بە یەکگرتوویی پێ بخاتە هەر مەیدانێک کە هەڵیدەبژێرێت. تا شەپۆلێکی یەکگرتوو ڕێک نەکەوێت، هەر هەوڵێکی تاکە حیزبی دوای ماوەیەک دەنیشێتەوە و بێ ئاکام دەمێنێت.

ڕۆژی کورد: فاکتەری لاوازی ئیرادەی یەکڕیزی لە نێو لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێویستی پێکەوە گرێدانی بەرگری چەکدارییان ئیمکانی کردەیی هەیە ؟

ئەنامەقی: نەک هەر بۆ بەرگری چەکداری بەڵکوو بۆ هەر چەشنە خەباتێکی سیاسی-مەدەنیش تەنیا ڕێکار ئەوەیە کە کورد بە تاک و بە حیزب و گرووپیەوە واز لە ڕکابەری و شەڕی دەسهەڵات بێنن و کاریزما بۆ پارتەکانی خۆیان دروست نەکەن. هەروەها بەرژەوەندی نەتەوەیی نەکەن بە قوربانی بەرژەوەندی حیزبی. هەوڵ بدەن هاوپەیمانی بەهێز و دۆستی نێونەتەوەیی بۆخۆیان بەشێوەی هاوبەش دروست بکەن و بەرەیەکی یەکگرتووی کورد پێک بێنن هەر نەبێ تەنیا بۆ بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موو پارته‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌ یه‌ك خاڵدا هاوبه‌شن له‌گه‌ڵ یه‌كدی كه‌ ئه‌ویش بوونی یه‌ك دوژمنی هاوبه‌شه‌ به‌نێوی كۆماری ئیسلامی ئێران. به‌ڵام كه‌ی ئه‌م یه‌كگرتنه‌ و ئەم دابین کردنی ستراتێژییەکی گشتگیره‌ (چ شەڕ بێت یا نەبێ) ڕاده‌گه‌یندرێ پێویستی به‌ گەشەی فەرهەنگی سیاسی، ئازایەتی ولاخستنی نەریتە سیاسییە کۆن و هەڵەکان، و هەروەها قۆستنەوەی ده‌رفه‌تی سیاسی گوونجاو هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌

ڕۆژی کورد: دەتوانن ئەگەر ڕاسپاردەیەکتان بۆ توێژی ژنانی خۆرهەڵاتی کوردستان هەیە و پێتان وایە دەبێ بەشداری لە بەرگری چەکداری هەنووکەیی بکەن بیفەرموون.

ئەنامەقی: ئێمە وەکوو پارتی فێمنیستی کوردستان هانی هیچ تاکێک نادەین کە کارێک دەست بداتێ کە خۆی خوازیاری نییە، و لە بەرامبەریشدا ڕێگری لە هیچ کەس ناکەین کە بەدوای خواستەکانییەوە بچێ. بەشداری کردن لە پرسێکی ئاوا گرینگ پێویستی بە هەڵسەنگاندن و بڕیاری خودی تاک هەیە و هیچی دی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت