سەلاح وێردیی: هونەر یەکێکە لە ڕێگاکانی خزمەت کردن بە گەل و نیشتمان/وتووێژ

0
1778

من سەلاح وێردی، کوڕی شەهید قادر وێردی کوڕی مەلا ڕەحیم وێردی ـم و لە ۲۲ـی سەرماوەزی ۱۳۵۰ی هەتاوی لە غەریبی و لەشاری بەغدا چاوم بەدونیا هەڵهێناوە و هەر لە قوتابخانەی سەرەتاییەوە خولیای موزیک و گۆرانی بووم. لە هەموو قۆناغەکانی ژیانم لەگەڵم هاتووەو لەگەڵم گەورەبووە و سەرەتا بە گۆرانی گوتن و لاسایی کردنەوەی هونەرمەندان دەستم پێکرد، لە کۆڕوکۆبونەوەی قوتابخانەو دۆستاندا گۆرانیم دەگوت. ساڵی ۱۹۹۱ـی زایینی، خولیایی

شەهید قادر وێردی
شەهید قادر وێردی

موزیک وای لێکردم کە ئامێرێکی ساز بۆخۆم دروست بکەم.

هەر بەو ئامێرە دەستم پێکردو لە گەڵی بەردەوام بووم تا ساڵی ۱۳۷۵ـی هەتاوی بڕیارم دا بچمە ناو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕات. بۆ دەورە ناردیانم بۆ بنکەی دەفتەری سیاسی بۆ فێرگەی سیاسی نیزامی. لەوێ لەگەڵ کۆڕی هونەر زیاتر ئاشنا بووم و لەڕاستیدا مێژوی ژیانی هونەریی من لەوێڕا دەستی پێکرد، لە ڕێوڕەسمی کۆتایی دەورەکەمان کە دەورەی ۱۰۰ بوو، بە گۆرانییەک بەشداریم کرد کە ئەوە یەکەم جارم بوو لەسەر ستێج و بە موزیکەوە گۆرانی بڵێم.

photo_2016-09-01_01-22-14
سەلاح وێردی

ئەوە بوو بە وەرچەرخانێکی گەورە لەژیانی هونەریم، پاش تەواوبوونی دەورە، درام بە بنکەی نەخۆشخانەی ئازادی و دوای ماوەیەکی کورت لە ڕێی هاوڕێی خۆشەویست، مامۆستا باقی ڕەسوڵی، چومە قوتابخانەی ئازادیی ئەو کات و لەوێ بوومە مامۆستاو دەستم بە وانەوتنەوە کرد، لەوێشەوە بەردەوام هاتوچووی کۆڕی هونەریم دەکرد، ئیدی لەگەڵ هەموو هونەرمەندانی کۆڕی هونەری ئاشنابووم لەوانە”

هونەرمەند عیسمەت عەڕەب زادە، هونەرمەند کەریم سروش، هونەرمەند کورش داد میهر، هونەرمەند احمد ئازەر پیرە، هونەرمەند سمکۆ گەردی ، هونەرمەند عومەر گەردی ، هونەرمەند سەید حەسەن کۆساری. کە بەش بەحاڵی خۆم سودێکی زۆرم لە ئەزمونی ئەو هونەرمەندانە وەرگرت، هەموویان مامۆستاو ڕێنوێنی من بوون لە موزیک و گۆرانی دا، لێرەوە حورمەتی بێ بڕانەوەم لە خزمەت تەک تەکیان هەیە وچاویان ماچ دەکەم .

لەگەڵ ئەو خۆشەویستانە لە کارکردن بەردەوام بووم، لە سەرجەم بەرهەمەکانی کۆڕی هونەری، لە بۆنە نیشتیمانی و حیزبییەکاندا، بە موزیک و بەگۆرانی  بەشدار دەبووم، وێڕای کارەکانی کۆڕی هونەری، لە قوتابخانەش وانەکانی سروودم دەگوتەوە. لە تەلەفزیۆنی نەورۆزی ئەوکات کە تەنیا چەند ڕۆژێک لە نەورۆزاندا کاری دەکرد، ساڵانە چەند بەرهەمێکم بۆ منداڵانی قوتابخانەکەمان تۆمار کردووە. سەرەتا بە ئامێری ساز دەستم پێکرد، پاشان بەهۆی photo_2016-09-01_01-22-17هونەرمەند ئاسۆ سەییاد کە ژەنیاری عود بوو حەزم چووە ئامێری عود، دوای هەوڵێکی زۆر فێری ئامێری عود بووم.

لە ساڵانی خزمەت کردنم لەکۆڕی هونەریی لەگەڵ زۆر هونەرمەندی خۆشەویست ئاشنابووم و کارمان بەیەکەوە کردووە، لەوانە: هونەرمەند بهرۆز لوتفی، هونەرمەند چیا هیجری، هونەرمەند شێرکۆ مەریوانی و زۆر هونەرمەندی خۆشەویستی تر کە زۆر بەداخەوە دەردی پیری ناوەکانیانی لەبیر بردوومەوە، هەر لە ڕێی کارەکانمان لە کۆڕی هونەری لەگەڵ زۆر هونەرمەندی باشوری کوردستان ئاشنا بووم کە ئەلهەق سودی زۆریشم لە ئەزموونی ئەوانیش وەرگرتووە.

بەو شێوەیە بەردەوام بووم تا ساڵی ۱۳٨۵ـی هەتاوی، دوای دەست لەکار کێشانەوەم لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕات، شوێنی ژیانم گواستەوە بۆ ناوچەی بازیان لە پارێزگای سلێمانیی، پاشان بۆ شاری چەمچەماڵی خۆشەویست، لەوێ لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندانی ئەوشارە ئاشنابوم بەتایبەتی برای هونەرمەندم کاک هەرێم کاکەیی، دیسان درێژەم بە کاری هونەریم دا و بوومە ئەندام لە “تیپی موزیکی یاران” سەر بە کۆمەڵەی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتیی یارسان کەphoto_2016-09-01_01-22-11 تا ئەم ساتەش هەر بەردەوامم.

هیوام وایە خزمەتێکی بچووکی هونەر و گەل و نیشتیمانەکەم کردبێت. ئەگەر تەمەن بوارم بدات پێم خۆشە خزمەتی زیاتر بەهونەری کوردی بکەم.

ڕۆژی کورد: مامۆستا سەلاح وێردیی زۆر سپاس لەوەی کە کاتی خۆتان دا بە ئێمە و بۆ هەموو موزیک زانێک ئەمە یەکەم پرسیارمان بووە! موزیک لە لای بەڕێزتان چییە و چ مانایەک دەبەخشێت بۆ ئێوە؟

سەلاح وێردی: زۆر سپاس بۆ ئێوەش. بۆ وەڵامی پرسیارەکەت هونەر چی دەگەیەنێ لای من؟ هونەر یەکێکە لە ڕێگاکانی خزمەت کردن بەگەل و نیشتیمان. بۆمن هونەر واتە ژیان! چونکە من لەگەڵ هونەر، تان و پۆمان بە یەکەوە چندراوە.

رۆژی کورد: ئێوە وەک کەسێک کە ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ موزیک و گۆرانیدا دەژین و دەبینین هەر ڕۆژە بەڵایەک بەسەر نەتەوەکەماندا دێت! ڕۆژێک ئەنفاڵ، ڕۆژێک کۆڕەو، ڕۆژێک شیمایی، ڕۆژێک داعەش و ….هتد، کە بە دڵنیایەوە کاریگەریی زۆر نیگەتیڤی لەسەر کلتووری نەتەوەکەمان وبەتایبەتیی موزیک دەبێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا موزیکی ئێمە ئەگەر لە موزیکی داگیرکەرانی کوردستان ئاستەکەی بەرزتر نەبێت نزمتریش نییە! بەڕای ئێوە هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

سەلاح وێردیی: بەدڵنیاییەوە هەموو ئەوانەی کە بەڕێزت ئاماژەت پێدان، کاریگەریی خراپیان لەسەر موزیکی ئێمە داناوە. شتێکی دیکەش کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هونەری کوردیی داناوە تێکەڵ بوونی هونەری بێگانە و داگیرکەرەکانە ، بەڵام بەڕای من ئەوەی هونەری کوردیی ڕاگرتووە، ڕەسەنایەتیی هونەری کوردی و هەوڵ و تێکۆشان و ماندووبونی هەزاران هونەرمەند و کەسانی دڵسۆزی ئەم نەتەوەیەیە کە هونەری کوردییان لەفەوتان ڕزگار کردووە.

ڕۆژی کورد: بەڕێزتان بە حوکمی ئەوەی خولیای موزیک بوونە و وەک خۆتان دەڵێن تان و پۆتان پێکەوە گڕێ دراوە. بمانهەوێ و نەمانهەوێ هونەرەکەشمان ـمەبەستم موزیکەـ بڕێک پرش و بڵاوی پێوە دیارە و بۆ وێنە ئەو هونەرمەندە کوردانەی لە ئێران دەژین کاریگەریی کلتووری فارسیان لەسەرە و ئەوانەی تریش کە لە باقی پارچەکانی تری کوردستانی داگیرکراو دەژین، کاریگەری فەرهەنگی داگیرکەریان تا ڕادەیەک پێوە دیارە، ئێمەی کورد، بەتایبەتی موزیکزانەکانمان دەبێ چی بکەن کە موزیکێکی تەواو ڕەسەنی کوردیمان هەبێ و بەو موزیکەوە بناسرێین؟

سەلاح وێردی: ئەوە زۆر ڕاستە، پێویستە سەرەتا متمانەمان بەخۆمان هەبێت و ئەو گۆرانی و ئاوازە ڕەسەنانە کە هونەری کوردیی شانازیان پێوە دەکات پارێزگارییان لێ بکرێت و ئەو بەرهەمە نوێیانەی کە تۆمار دەکرێن لەلایەن کەسانی پسپۆر و شارەزاوە هەڵبسەنگێندرێن، هەروەها نوسینەوەی زانستییانەی ئەو مەقامە ڕەسەنانەی کە مەقامی کوردین بە مەبەستی وتنەوەیان لە زانکۆ و پەیمانگە موزیکییەکاندا بۆ ئاشنابوونی نەوەکانی دواتر بە ڕەسەنایەتی و پارێزگاری کردنی، وەک لاوک و حەیران و گەلۆ و قەتار و خاوکەر و خورشیدی و ئەڵاوەیسی و تادوایی..

نەوەکانی پێش ئێمە خزمەتێکی زۆری هونەری کوردییان کردووە ئێمەش لە قەدەر خۆمان درێغی ناکەین، هیوام وایە نەوەکانی دوای ئێمەش بتوانن بەردەوامی پێبدەن.

ڕۆژی کورد: موزیکی ئێمە بەوە ناسراوە کە تێکەڵێک لە ئاواز و هۆنراوە یان هەمان ساز و ئاوازە، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەینە موزیکی ئەمڕۆ و بەتایبەتی موزیکی ڕۆژئاوا دەوری موزیک و ژەنیار یەکجار زۆرترە لەو کەسە کە گۆرانییەک دەڵێت. بەڕای ئێوە ناکرێ یان کاتی ئەوە نەهاتووە موزیکی ئێمەش بەرەو ئەو شێوە موزیکە هەنگاو هەڵبگرێت؟

سەلاح وێردیی: لەڕاستیدا لەو باروە ئێمەی موزیسیەن تۆزێک خەمساردین و هەمووکات خۆمان فیدای ئاواز و هۆنراوەو گۆارنیبێژ کردووە، دەنا لەهەموو وڵاتان موزیک بەتەنیاش چێژ و جوانیی خۆی هەیە و نەک کاتی هاتووە بەڵکوو درەنگیشە، خۆزگە لەلای ئێمەش دەبووە کلتوور و خەڵک بۆ کۆنسێرتێکی موزیک ئامادە بوایە، بەڵام بەداخەوە ئەوە پرسێکی کەلتورییەو کاتی دەوێت تا ببێ بە نەریت. ئێستا دەتوانم بڵێم موزیک گوێگری خۆی هەیە بەڵام لەئاستێکی کەمدا بەداخەوە.

ڕۆژی کورد: باسی ژەنیار و گۆرانیبیژ هاتە ئاراوە! دەبینین کاتێک کلیپێک یان کونسێرتێک بۆ کەسێکی گۆرانیبیژ ساز دەکرێت، زۆرترین ئەرک دەکەوێتە سەر شانی ژەنیارەکان بەڵام کەمترین پاداش بۆ ژەنیارە! ئێمە دەبێ چی بکەین کە ژەنیاریش بە قەت گۆرانیبیژ بەرچاو بکەوێت و ڕێزی هەبێت؟ ئایا ئەمەش هەر وەک لە وڵامی پرسیاری پێشووتاندا ئاماژەتان پێکرد دەبێ بە فەرهەنگسازی بکرێت؟

سەلاح وێردیی: بەڵێ بەدڵنیاییەوە دەبێ ئەمەش بەفەرهەنگسازی بکرێت. بەڵام کێشەیەکی ترمان هەیە! ئەویش نەبونی یاسایەکە بۆ پاراستنی مافی بەرهەمهێنەر، جا چ موزیک چ گۆرانی. ئەگەر یاساکە هەبێت هەرکەسەو مافی خۆی وەردەگرێت. هیوام وایە ڕۆژێک ئێمەش ببینە خاوەن یاسایەکی تایبەت بە کارە هونەرییەکان بۆ پاراستنی مافی هەموان.

ڕۆژی کورد: مامۆستا سەلاح وێردیی لەو زیاتر ماندووتان ناکەین و زۆر سپاستان دەکەین کە کاتی خۆتان دا بە ئێمە. لە کۆتاییدا چ هەیە کە ئێمە نەمانپرسیوە و بەڕێزتان دەتانەوێت باسی بکەن بفەرموون؟

سەلاحی وێردیی: هیچی دیکەم نیە جگە لە حورمەتی بێ پایانم، سوپاسی ماڵپەڕەکەتان و بەڕێزت دەکەم بۆ ئەم بەسەر کردنەوەیە، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ بەئاوات دەخوازم.

ڕۆژی کورد: دیسانەوە سپاس

photo_2016-09-01_01-22-03

photo_2016-09-01_01-21-59

photo_2016-09-01_01-21-55

photo_2016-09-01_01-21-51

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت