وتووێژی ژووری ڕۆژەڤ لە تێلێگرام لەبارەی نەتەوە و نەتەوەبوونی کورد

0
1181

خوێنەری هێژا، بابەتی بەردەستت، وتووێژێکی تایبەتی ژووری ڕۆژەڤ لە تێلێگرامە لەبارەی نەتەوە و نەتەوەبوونی کورد.

لەم وتووێژەدا، میوانداریەتی بەڕێز عەبدوڵا ڕەسووڵی، چالاکی سیاسی و نووسەری کورد کرابوو. بەڕێز ئێقباڵ شادی، ئەرکی پێشکەشکاریی ئەم وتووێژەی وە ئەستۆ گرتبوو.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

ڕۆژەڤ: ئەمشەو لە درێژەی چالاکییەکانماندا لەگەڵ مامۆستا عەبدوڵا ڕەسووڵی وتووێژێکی تایبەتمان ڕێک خستووە. مامۆستا گیان تکایە سەرەتا مژارەکە بۆ هاوڕێیان بڵێن کە لەو بارەوە پرسیارەکانیان بنێرن. مژاری ئەمشەو نەتەوە و نەتەوەبوونی کورد ــە.

ڕەسوولی: من عەبدوڵڵا رەسووڵی خەڵکی شاری سنەم، شانزە ساڵە لە هەرێمی کوردستانم و ئەندامی حدکام. خاوەنی بڕوانامەی فەوق دیپلوم حەسابداری و لیسانس کۆمەڵناسیم. تا ئێستا مێژووی شارستانیەت ویل دورانت و سەرمایەی کارل مارکس و چەندین کتێبم وەرگێڕاوە و چاپ کراوە. جیا لەوەش کتێبی دایرەالمعارف ناسیونالیسمم وەرگێڕاوە کە بەم زووانە چاپ دەکرێت. سەبارەت بە بابەتەکە بەم پرسیارەوە دەست پێدەکەم نەتەوە چییە؟ بە چ کەسانێک دەڵێن نەتەوەیەک؟ روانگەکانی تێرامان لەبارەی نەتەوە چییە؟ ئایا ئێمەی کوردیش نەتەوەین؟یەکەم روانگەی کۆن بۆ پێناسە کردنی نەتەوە هەمان پێناسەی ستالینە کە دەڵێت کۆمەڵێک خەڵکن کە خاوەنی خاک، زمان، ئایین، کولتور و…. هاوبەشن.

ئەم پێناسە  روانگەیەکی هەمیشەییە، بەو مانا لەو باوەڕەیە نەتەوە لە هەموو قوناغە مێژووییەکان هەبووە، واتە کات و ساتێکی دیاریکراو بوونی نییە بۆ ئەوەی بڵێن نەتەوە لەو ساتەوە دروست بووە. لەبەرامبەر دا روانگەی مۆدێڕن بوونی هەیە کە دەڵێت نەتەوە دوای شۆڕشی فەرەنسا دروست بووە. هەر یەک لەم روانگانە هۆکار و بەڵگەی تایبەت بە خۆیان هەیە، هەمیشەگەراکان لەو باوەڕەن کە نەتەوە لە پرۆسەیەکی مێژووی دروست دەبێت و دەتوانێت خۆی پێناسە بکات، بەڵام مۆدێڕنگەراکان دەڵێن ئەگەر  کۆمەڵێک خەڵک خاوەنی هەموو  ئەو هۆکارانەش بێت کە ستالین دەڵێت بەڵام ئەگەر دەوڵەتی نەبێت نەتەوە نییە.هاوڕێیان تا ئێرە روانگەی گشتی رێبازەکانمان خستەڕوو، لە نێو رێبازەکانیش روانگەی جیاواز بوونی هەیە،بۆ نموونە لە نێو هەمیشەگەراکان زاناگەلێک بوونیان هەیە نەتەوە بە کۆمەڵگایەکی خەیاڵی دەزانن،کەسانێک بوونیان هەیە کە سەر بە رێبازی ستالینن و هەمان پێناسەیان لا پەسەندە. لە نێو مۆدێڕنەکانیش روانگەی جیاواز هەیە و بۆ نمونە کەسانێک لەو باوەڕەن دەوڵەت نەتەوە دروست دەکا نەک نەتەوە دەوڵەت دروست بکا.

ڕۆژەڤ:مامۆستا کام یەک لەو ڕوانگانە لە گەڵ سەردەمی ئەمڕۆ دا گونجاوترە؟ بۆ چی؟

ڕەسوولی: هیچ روانگەیەک بوونی نییە لە نەکرێت لە ئێستادا بەکاری بینێ. بۆ نمونە ئەگەر بتەوێت ناسیۆنالیزم و نەتەوەی ئێرانی هەڵوەشێنیتەوە مۆدێڕنگەرایی یارمەتیدەرە، بەڵام ئەگەر باوەڕت بە نەتەوەبوونی ئێران هەبێت  هەمیشەگەرایی باشترو بەکەڵکە.

ڕۆژەڤ: ئایا زمان فەکتۆری سەرەکییبۆ پێناسەی نەتەوە نییە؟

ڕەسوولی: زمان گرنگە، بەڵام ئەگەر خاکی هاوبەش نەبێت زمانیش لاواز دەبێت، بۆیە هۆکارەکان تەواو کەری یەکترن بۆ نمونە ئاشوریەکانی هەرێمی کوردستان بە هۆی پرژ و بڵاوی هەرچەندە زمانیان هاوبەشە دیسان ناتوانن نەتەوە بن.

ڕۆژەڤ: تکایە مامۆستا لە ڕوانگای پۆست مۆدێرنیشەوە نەتەوە پێناسە بکەن.

ڕەسوولی: من هەوڵم دا بابەتیکی گشتی باس بکەم، بۆیە پۆست مۆدێڕنم باس نەکرد، لە لای پۆست مۆدێڕن کاتێک باسی وتار  دەکرێت. ئەو خەڵکانەی کە لەسەر بنەما کۆنەکان خاوەنی وتارێکی هاوبەش بن و ئەو وتارە لە دەسەڵاتی نەتەوەیی  خۆی پێشان بدا ئەوا ئەو خەڵکە نەتەوەن. ئەمەش پێناسەیەکی گشتی چۆن پۆست مۆدێڕنەکانیش روانگەی جیاوازیان هەیە و گشتگیر نین.

ڕۆژەڤ: ئایا ئامانجی ناسیونالیسم گەیشتن بە فاشیسمە؟ واتا هەر ناسیۆنالیسمێک فاشیسمی لێدەکەوێتەوە؟

ڕەسوولی: خودی ئەم پرسیارە جۆرێک وتاری هێژمونی خوازی و ترساندنی پێوە دیارە بۆ سەرکوتکردنی نەتەوە ژێردەستەکان کە چەندین ساڵە بووەتە دروشمی داگیرکەران، بەڵام لە راستیدا خاڵێکی جیاوازی زۆر ناسک بوونی هەیە ئەویش لێرە خۆی بە دەر دەخا.ناسیۆنالیزم باسی جیاوازی من و فارسێک دەکا و هەوڵ بۆ جیابوونەوە دەدا، بەڵام فاشیزم هەوڵ بۆ خۆ زاڵکردن بەسەر نەتەوەیەکی دیکە دەدا بۆیە کاتێک فاشیزم دەست پێدەکا ناسیۆنالیزم کۆتایی دێت و  لە ناسیۆنالیزم رەگێکی جیاوازبوون و دروستکردنی شوناس هەیە بەڵام لە فاشیزم شوناسی لایەک دەسڕێتەوە.

ڕۆژەڤ: کاک عەبدوڵڵا بەپێی روانگەی مودێڕنگەراکان کورد هێشتا نەبووەتە نەتەوە، کە وایە روانگەی مودێڕنگەراکان بە لە سۆنگەیەکەو بە زەرەری کوردە بەڵام لە سۆنگەیەکەوە بە قازانجیەتی چۆن هاندەرێکە بۆ بە دەوڵەت بوونی، کورد وەکوو خۆی هیچ پێناسەیەکی بۆ نەتەوە و نەتەویی بوونی خۆی هەیە؟

ڕەسوولی: ئەگەر ورد بین دەتوانین بیسەلمێنین کوردیش لە روانگەی مۆدێڕنگەراکانەوە بووەتە نەتەوە کە لە بەشی نەتەوەبوونی کورد بە وردی باسی دەکەم و لێرە تەنها دەتوانم بڵێم کۆماری کوردستان ئێمەی کردە نەتەوە.

ڕۆژەڤ: پرسیاری هاوڕێیەک: کارتێکەری  ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە باشوولە سەر سێ پارچەکەی تری کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟؟

ڕەسوولی: بەشێوەیەکی ئەرێنی دەبینم، بە هەموو لایەنە خراپەکانی لانیکەم راگەیاندن توانی لە بوار دەروونی و زمانەوە کوردی چوار پارچە بە یەکتر ببەستێتەوە

ڕۆژەڤ: باستان لە ڕوانگەی مودێڕن گەراکان کرد کە گوایا هەر نەتەوەیەک دەوڵەتی نەبێت نەتەوە نییە ؛ لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ڕێکخراوی نەتەوە بێدەوڵەتەکان چییە ؟ گەلۆ ڕێکخراوێکی مودێڕن نییە؟

ڕەسوولی: سەیر بکەن هاوڕێ ئەوە روانگەیەکە کە وا باس دەکا بەڵام خۆ هەمیشەگەراکانیش هەن و ئەو نەتەوانەش وەک کورد بە شێوەی هەمیشەگەرا خۆیان پێاسە دەکەن بۆیە گرنگ ئەوەیە ئێمە چۆن سەیر دەکەین و دەمانەوێت چی بڵێن.

ڕۆژەڤ: لە باسی ستالینی نەتەوە دا باسی ئایین کراوە ئایین دەتوانێ پێوەر بێت بۆ نەتەوە یا بنیاد نەر بێت ؟ ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە.

ڕەسوولی: هەم دەتوانێت کاریگەر بێت وەک ئیسرائیل و هەمیش تێکدەر وەک ئیسلام  و عەرەب و تەنانەت مەزهەبیش وایە وەک سونی بۆ تورکەکان بۆیە ناتوانین بڵێن بە تەواوی خراپە یا چاکە،گرنگ ئەوەیە ئێمە ئایین چۆن سەیر دەکەین و دەمانەوێت چی پێ بکەین ئامرازی کۆکەرەوە بێت یا تێکدەر بۆ جولەکە ئامرازی کۆکەرەوەیە و بۆ کورد تێکدەرە.

ڕۆژەڤ: بەڕەهەندی ئێوە نەتەوەی کورد، کە ژێردەستی داگیر کەرانە چە ئایدۆلوژی بیروڕای بۆ ئازاد بوونی باشە؟ئایا دێموکراسی؟ سوسیالیسم؟ سوسیال دموکرات؟؟ ناسیونالیسم یا ئایدولوژی تر؟؟؟

ڕەسوولی: هاوڕێ گیان با شتێک بڵێم هیچ سوسیالیست یا کۆمۆنیست یا ئایینی لە جیهاندا نیە ناسیونالیست نەبێت، لێنین رەگی ناسیۆنالیستی تێدایە. بەڵام پێویسته ئەوەش بزانین کە سوسیالیزم یا دیموکراسی پەیوەندی بە بابەتی ناوخۆوە هەیە و ناسیۆنالیزم بابەتێکە بۆ جیاکردنەوە لەویتر، بۆیە هەموویان پێویستن و ناتوانین هیچیان رەت یا فەرز بکەین. ناسیونالیزم بۆ جیابوونەوە لە تورک و فارس و …سوسیال دیموکراتیک، بۆ کەم کردنەوەی چەوساندنەوەی چینایەتی و فکری. دیمۆکراسی بۆ پاراستنی ئازادی و رێگەگرتن لە دیکتاتوری. بۆیە ئەوانەمان هەموو پێویستە.

ڕۆژەڤ: مامۆستا پێوەندی نێوان دەوڵەت و نەتەوە چۆنە ئایا ئەمانە پێویستن بۆ یەکدی یا نە دەتوانن بێ یەکیش هەبوونیان بێت؟ ئەو فاکتەرانەی وا دەکەن دەوڵەت بۆ نەتەوە پێویست بنوێنێت چین .

ڕەسوولی: دەوڵەت ئامرازی پاراستنی نەتەوە و بەهێزکردنی شوناسە بۆیە دەوڵەت دوای سەربەخۆیی ئەوەندەی ئامرازە ئامانج نییە. بۆیە پێویستە بڵێن نەتەوەیەک ئامرازی پاراستنی نەبێت چۆن خۆی دەپارێزێت. تەنها حاڵەتێک بوونی هەیە ئەویش کۆمەڵگای کۆمۆنیستییە کە دەوڵەت نییە، دوای ئەو نەتەوەش مانای نییە بۆیە ئەوانە تەواوکەری و پارێزەری یەکترن

ڕۆژەڤ: هەر چەند لەوانەیە پێوەندی بە باسەکەشەوە نەبێت نێوی سووسیال دموکراتیکتان برد دەتوانن شرۆڤەیکی بچووکی کەن؟

ڕەسوولی: بە چاوان سیستمێکی فکرییە کە هەوڵ دەدات لەگەڵ لەنێوبردنی چەوساندنەوەی چینایەتی ئازادی و دیموکراسی دابین بکا. بە مانایەک چەوساندنەوەی چینایەتی لە نێو دەبا یا زۆر کەمی دەکاتەوە دیموکراسی دابین دەکا و رێگە لە دیکتاتوری دەگرێت

ڕۆژەڤ: لە ناساندنی نەتەوە دا فەرمووتان کە مێژوو و ئایین و زمان و خاک کاریگەرن لە درووستبوونی نەتەوە دا ئایا ئێرادەی هاوبەشی پێکەوە بوونی هەتاهەتایی ناتوانێت یەکێک لە هۆکارەکانی درووست بوونی نەتەوە بێت؟وە ڕینان پێی وایە خاڵی بەهێزی درووست بوونی نەتەوەیە؟

ڕەسوولی: بەشێک لە زانایان لەو باوەڕەن نەتەوە کۆمەڵگایەکی خەیاڵییە  و ئەو زانایانەش هەمیشە گەران، لە روانگەی ئەوانەوە ویستی پێکەوە بوون کاریگەری زۆری هەیە بۆ ئەوە کۆمەڵێک خەڵک خۆیان بە نەتەوە بزانن، ئیستدلالی ئەوان ئەوەیە کەئەندامان نەتەوە گشتیان یەکتر ناناسن و تەنها هەستێکی هاوبەشە کە نەتەوە دروست دەکا.

ڕۆژەڤ: دیسان لە ناساندنی نەتەوە دا ئاماژە بە ئابووری هاوبەش نەکرا پێتان وا نیە هەبوونی ئابووری هاوبەش و دەتوانێت پاڵنەر بێت بۆ پێکهاتنی نەتەوە ؟ لە حاڵیکدا هەبوونی ئابووری هاوبەش دەتوانێت پاڵنەرێکی بەهێز بێت بۆ پێکەوە بوون؟

ڕەسوولی: پێویستە ئاگادار بین ئابووری هاوبەش بە چ مانایەکە ئایاقەتیس بوونی ئابوورییە لەفەزایەکی جوگرافی یا بە مانای فورمی ئابورییە، ئەوەی گرنگە هەر دووی ئەوانە بە پێی کات و سات دەگۆڕن. بەڵام پێویستە ئەوە بزانین سەد ساڵ پێس ئێستا ئابووری ڕۆڵی گرنگی هەبوو بەڵام ئێستا ئابووری جیهانی بووە و تەنها خۆی لە مارکە جیا دەکاتەوە بۆیە لە راستیدا گرنگە، بەڵام گرنگی پێشووی نییە.

ڕۆژەڤ: مامۆستا زمان تا چەند کاریگەرە لە پێکهاتنی نەتەوە ؟ چۆنە هێندێک نەتەوە با ئەوەی کە زمانی هاوبەشیان هەیە دیسان  خۆیان پێ یەک نەتەوە نیە؟وەک ئیرلەندیەکان و سکاتلەندیەکان لە گەڵ ئینگلیسەکان؟

ڕ ەسوولی: ئەو پێوەرانە کە باس دەکرێن بە پێی نەتەوەکان جیاواز دەبێت. سەیر بکە لای عەرەب گرنگە و چەندین دەوڵەتی بۆ نەتەوەیەک دروست کردووە، بەڵام لە ئیسرائیل گرنگ نەبووە، لە ئەیرلەند مەزهەب زمانی لاواز کردووە. لە ئێران تەنها زمانی فارسییە کە بە هۆکاری یەکتر بەستنەوەی دەزانن و بە نیسبەت کورد بە هەموو کەموکۆڕییەکان گرنگترین هۆکاری نەتەوە بوونیەتی.

ڕۆژەڤ: مامۆستا با بێینە سەر باسی خۆمان یایا کورد نەتەوەیە ؟ بۆ نەتەوەیە هۆکارەکانی زۆر بوونی ئایین لە ناو نەتەوەی کورد دا چیە؟

ڕەسوولی: بەڵێ نەتەوەیە، بەڵام بە پێی رێبازهکان چلۆن دەتوانین بیسەلمێنین، بە پێی هەمیشەگەراکان ئێمە زۆربەی هۆکارەکانمان هەیە و نەتەوەین بە پێی مۆدێڕنگەراکان کە دەڵێن دەوڵەت پێویستە. ئێمە دوای حکومەتی شیخ مەحمود و بە تایبەتی دوای کۆمار بووینە نەتەوە، چۆن دەوڵەتمان بنیات نا. بۆیە بەڵێ بە پێی هەموو ریبازەکان نەتەوەین

ڕۆژەڤ: هۆکاری پێکنەهاتنی دەوڵەتی نەتەوە لە لایەن کوردەوە کە یەکێک لە ئاماژەکانی نەتەوەیە بۆ چی دەگەڕێتەوە ؟ ئایا هۆکاری دەرەکی و دەستێوەردانی داگیرکەران تەنیا هۆکارە یا هۆکاری ناوخۆیی و مەسایلی تریش هۆکارن بۆ ئەو مەسەلە؟

ڕەسوولی: پێشتر گوتم ئێمە پێکمان هێناوە  و ئێستە لە قوناغی بنیاتنانەوەین، هۆکارەکانی روخانیشی هەم ناوخۆییە و هەم دەرەکی و هەمیش مێژووییە.

ڕۆژەڤ: ڕەگەز واتە بوونی خوێنی هاوبەش دەتوانێت سەلمێنەری نەتەوە بێت؟ یا نە مەسەلەیەکی خەیاڵیە چوون هێنانەوەی بەڵگەی مێژووی بۆ سەلماندنی ڕەگەز کارێکی زۆر زەحمەتە

ڕەسوولی: نەژاد بە مانا خوێنیەکەی و بەو شێوازی هیتلەر زەقی کردەوە هیچ بایەخێکی زانستی نییە و رۆلی لە نەتەوە نییە چۆن هیچ نەژادێکی پاک بوونی نیە، بۆیە باسکردنی خوێن و نەژاد زۆرتر بەرەو نەژادپەرەستیمان دەبا نەک ناسیونالیزم و پێناسەی نەتەوە.

ڕۆژەڤ: هۆکاری دژایەتیی بڕێ پارت و لایەن لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟ گەلۆ کاتی خۆی بگات و سەربەخۆیی ڕابگەیەنرێت وەکوو خەونی لەمێژینەی گەلی کورد، ئەو پارت و لایەنانەش خاوەندارییەتی لەو دەستکەوتە ناکەن؟ هەبوونی دەوڵەتێکی  نەتەوەیی چ خەسارێکی بۆ کورد دەبێت کە بەو چەشنە دژایەتیی سەربەخۆیی دەکەن ؟

ڕەسوولی: ئەو پارتانە توانایی دەربازبوونی ئەو کێشانەیان نییە کە دوای سەربەخۆبوون دروست دەبێت. بۆ نموونە لە کوردستان چۆن رەفتار لەگەل تورکمان یا مەسیحی دەکرێت، لەو باوەڕەن دەبێ دەوڵەتی نەتەوەیی چەوسێنەر بێت بەڵام نازانن دیموکراسی مافی کەمایەتیێەکان دەپارێزێت، کێشەیەکی دیکەش هەڵە خوێندنەوەی واقیع و خواست و لێکدانەوەی ئایدیۆلۆژیا بۆ کێشەی کورد و خەونی کۆمەڵگای کۆمونیستی و …..بوونی ئەمانە رەوتی مێژوو دیاری دەکا بەڵام مەلەکردن بە پێچەوانە رووبار تەنها لەنێوچوونی بە دواوەیە و سیاسەتی ئەو حیزبانەش پێچەوانەی خواستی کوردە و ….

ڕۆژەڤ: پێتان وایە لە ئێستادا کام ڕەوتانە لە کوردستان لە چوارچێوەی ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان جێیان دەبێتەوە ؟

ڕەسوولی: ئەگەر نەمەوێت باسی حیزبەکان خۆرهەڵات بکەم کە ناسیونالیزمی شەرمنن، هیچ لایەنێک بە تەواوی ناسیونالیست نییە و تاکی ناسیونالیست هەیە وەک سەرۆک هەرێم، لەبەر ئەوەی هەر یەک لە لایەنەکان ئەوەندە خاڵی لاوازیان هەیە کە ناسیونایستی لاواز کردووە وەک  سیستەم لایان.

ڕۆژەڤ: کە باس لە خەباتی نەتەوایەتی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان دەکرێت هێندێک لایەن نەگونجاو بوونی کات بە هۆکاری دەست نەبردن بۆ خەبات و بە تایبەت خەباتی چەکداری دەکەنە بیانوو ئەم بیانوە تا چەند ڕاستە؟ مەگەر دەکرێت کات بۆ دابین کردنی ماف دابنرێت ؟ ئەسڵەن ئەم مەسەلە مەسەلەیەکی لۆژیکیە یا نە پاساوە بۆ شتی تر؟

ڕەسوولی: بەڵێ راستە بەڵام ئەویش بە پێی کات و سات دەگۆڕێت بۆ نمونە لە دووهەزار راست بوو زیانی زۆر بوو بەڵام ئێستا جیاوازە و پێویستە هەنگاو بنریت و پارچەکانیتر نەکرێنە قوربانی ئەگەر هەنگاو نەنرێت رەنگە عەرەبەکان چییان کرد بە فەلەستین واش بکرێت بە پارچەکانیتر بە تایبەت خۆرهەڵات.

ڕۆژەڤ: خەباتی نەتەوەیی یان هەمان ناسیۆنالیستی لە کەیەوە لە کوردستان دەستی پێکردووە؟ بۆچی تاوەکوو ئێستا هیچ دەستکەوتێکی لەو چەشنەمان نەبووە و ئەگەر هەشمانبووە کاتی بووە؟

ڕەسوولی: شەهید دکتۆر قاسملو دەڵێت سمکۆ شکاک باوکی ناسیۆنالیستی کوردە، ئەگەریش تا ئێستا نەتیجە نەبووە هۆکاری ناوخۆ و دەرەکی و مێژوویی و کۆمەڵایەتییە، بەڵام هەندێ ئەنجام مەعنەویش هەبووە بۆ نمونە ناسیۆنالیستی کورد لە ئێستا بە هێزتر لە پەنجا ساڵ پێشترە.

ڕۆژەڤ: پێتان وانیە کە کوردستانیش دەتوانێ حکوومەتێکی کۆمۆنیست یان سوسیالیستی هەبێت ؟سەدان ساڵە خەباتی ناسیۆنالیستی دەکرێت و دەستکەوتمان نەدیوە ؛ بۆچی خەباتەکەمان نەکەینە خەباتێکی دیکە جگە لە ناسیۆنالیزم ؟! بۆ کوردستان وەڵامدەر دەبێت؟

ڕەسوولی: با بپرسم کام نەتەوە هەبووە کۆمۆنیست یا سوسیالیستی نەهێناوەتە خزمەتی ناسیونال یست و مافی نەتەوەی خۆ بە زەقی چین و کوبا دەبینین، جیا لەوەش دوێنێ شەو گوتم کۆمۆنیست و سوسیالیست بۆ کەمکردنەوەی چەوساندنەوەی چینایەتییە بەڵام چارەسەری چەوساندنەوەی نەتەوەیی لە چی دایە؟

ڕۆژەڤ: باس لە دەستکەوتی خەباتی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستی دەکرێت ؛ بە هەزاران شەهید دراوە لەو پێناوەدا و تەنیا دەستکەوتی مەعنەویمان بووە ؛ ئەگەر تێچوو و دەستکەوتەکان هەڵسەنگێنین؛ قازانجمان کردووە یان وەکوو خەسارمان بەر کەوتووە؟

ڕەسوولی: واقعیەت ئەوەیە کە بەشی زۆری ناسیۆنالیستی کورد پەرچەکرداری بووە دەستکەوتمان زۆر بووە چۆن لەو فورمەش نەتەوەی خۆمان لە لەنێوچوون پاراستووە.

ڕۆژەڤ: ئێستا و لەم سەردەمەدا چ ڕیگا چارەیەک بە باش دەزانن بۆ ڕزگار بوون کە خەباتی پەرچەکرداری و دەست پێ کردنی ڕروتێکی تازەی مودێڕنی باشی نەتەوایەتی بۆ کورد؟

ڕەسوولی: خەباتێک کە ئەمڕۆ ئێمە پێویستمانە خەباتێکی فرەرەهەندی ئازایانەیە کە لە ماڵ، بەندیخانە، شاخ، رۆژنامە، سەرشەقام و کۆڵان و… پێک دێت بە مانایەک دەبێ هەموومان ببینە خەباتکار بۆ رزگاری ئەگەر وەها نەبێت ئەنجامەکە درەنگ دەستەبەر دەبێت.

ڕۆژەڤ: پێتان وایە حکوومەتێکی دێموکرات و سووسیالیست و بەبێ ڕچاوکردنی ناسیۆنالیزم، مافی نەتەوایەتییش دابین ناکات ؟ واتە بەگشتی ناسیۆنالیزم لە کاکڵی حکوومەتەکەدا بوونی نەبێت.

ڕەسوولی: ئەگەر حکوومەت هەوڵ بۆ پاراستنی شوناس و بە هێزکردنی نەدا ئەوا ناسیۆنالیزم بوونی نابێت، بۆیە حکوومەت دەبێت رەچاوی ناسیۆنالیزم سوسیالیزم و دیموکراسی بکات.

ڕۆژەڤ: پاراستنی نەتەوە لە لەناوچوون و ئەوەی کە سەدان ساڵە لەجێگای خۆمان ماوینەتەوە و بەرەو پێش نەچووینە دەسکەوتە؟ سەرنەکەوتنی دوژمن، سەرکەوتنی ئێمەیە کە هێشتا بندەستین؟

ڕەسوولی: دەبێت ئەوە بزانین شوناسی ئێرانی بە شێوەیەک پێناسە کراوە کە بەهێزبوونی کورد یەکسانە بە نەمانی تەواوی ئەو، بۆیە کێشەکە بەستراوە بە هێزی سیاسی و مەعنەوی و فەرهەنگیێەوە کە لەم زۆرانە کێ لە دواییدا پشتی لە خاک دەماڵیت.

ڕۆژەڤ: باستان لە خەباتی فرەڕەهەندی کرد، تا ئێستا لە کوردستان لە چ بازەیەکی زەمانیدا  ئەو خەباتە فرە ڕەهەندە بووە ؟ بۆچی هەمووان دبێژن خەباتی فرە ڕەهەندی و قەتیش ئەو ڕەهەندانە پێکەوە گرێ نادرێنەوە؟ نوسخەکەی پێچراوە بەس ئەو شتەی تێدا نووسراوە بوونی نییە .

ڕەسوولی: دەست پێکردنی خەباتی فرەرەهەند بە نوسخە نابێت دەبێت کۆمەڵگا ئامادەیی هەبێ ئەگەر زەمینە رەخساو نەبێ شکست دێنێت، لە ئێستاش قوناغی یەکەمی ئەو فورمە دەستی پێکردووە و دەبێ بەرفراوانتری بکەین.

ڕۆژەڤ: حکوومەتی داهاتووی ئێرانی فدراڵ ، دەتوانێ حکوومەتێکی نوسیۆنالیست بێت ؟ ناسیۆنالیزم لە حکوومەتێکی فدراڵی و فرەنەتەوە بە فاشیزم ناکێشرێت ؟ دیسانەوە کێشە دروست نابێت ؟ چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ هەر لە ناوەندە و هەر پان فارسیزمەکان دیسانەوە خاوەندارییەتیی لێ دەکەنەوە و هەمان ئاش و هەمان کاسە.

ڕەسوولی: بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەگەر حکوومەتی ئێستەی ئێران بروخێت دەبی بروخیتیش، ئێرانێکی فیدراڵ بوونی نابێ، رەنگە کوردستانیکی فیدراڵ بوونی هەبێت، بۆیە نامەوێ ئەو دروشمانە شی بکەمەوە، چۆن ئێران پارچە پارچە دەبێت و شوناسی ئێرانی بوونی نامێنێت، جا بوونی خودی ئێران دەبێتە کارتۆنی و لە نێو دەچێت. باشتر وایە بیر لەوە بکەینەوە دوای روخان ئێران چی دەکەین بۆ سەربەخۆیی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت