عومەر ئیلخانیزادە: هێرش کردنە سەر بارەگاکانی حیزبەکان لە باشوور بۆ ئێران زۆر گران تەواو دەبێ

0
745

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان یەکێک لەو ڕێکخراوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە بەڵگە و پەسندکراوەکانی بە ڕاشکاوی داکۆکی لە خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵاتی دەکا و بەردەوام هێزەکانیان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جموجۆڵ دابوون. ئەو حیزبە لە هەڵوێستە سیاسیەکانییدا لە ساڵانی ڕابردوو دا سوور بووە و درووشمی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە بەرنامەو مانیفستی سیاسیی خۆیدا گونجاندووە.

پێشتریش و بە شوێن جووڵەکانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، وتەبێژانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، داکۆکیان لە بەرگری چەکداری کردووە و هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان هان داوە تا بە یەکەوە کار و چالاکیی پێشمەرگانەیان لە  ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی رێک بخەن. لە ماوەی ڕابردوو دا شاندێکی باڵای بەشداری دەسەڵات لە کوردستانی باشوور سەردانی ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵەیان کردووە  و بە ڕاشکاوی وریایان کردوونەوە کە بۆیان نیە چالاکیەکانیان بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات بگوازنەوە .

لە بەر هەستیار بوونی ئەو پرسە، ڕۆژی کورد پێوەندی بە بەڕێز عومەر ئیلخانیزادە سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ـەوە کرد تا زیاتر لەو بوارەوە ئاگاداری بارودۆخی هەنووکەیی و هەڵوێستی ئەو حیزبە و پەرچەکردارییان لە بەرانبەر هەڕەشەکانی دەسەڵاتی تاران دا، بێ .

ڕۆژی کورد: ئێوە لە ماڵپەرە فەرمییەکانتاندا پشتڕاستتان کردۆتەوە کە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم، پێکهاتوو لە بەڕێزانی یەکێتی نیشتمانی و پارتی دێموکراتی کوردستان، سەردانیان کردوون  و پێیان ڕاگەیاندوون ناتوانن بەرگریی چەکداری لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات بکەن، هەڵوێستی کۆمەڵەتان چۆن بۆ شیکردنەوە؟

 ئیلخانیزادە: ئەو شاندە سەردانی هەموو لایەنەکانی کۆمەڵە و دێمۆکراتیان کردووە. ئێمە پێمانگوتن کە نیگەرانیی ئەوان و گوشارەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەزانین و بە ڕەسمی دەناسین. تا ئێستاش حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بەرپرسانە جوڵاونەتەوە و بەرژەوەندیی خەڵک و حکومەتی هەرێمیان لەبەرچاو گرتوە و بۆ ئەو مەبەستە زۆ سنوور و قۆرغیان قبوڵ کردوە، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی باشوور هەر لە ئێمەیان دەوێ خۆڕاگر بین و جووڵە نەکەین، تەنانەت لە شەڕ دژی داعشیش لەبەر ئێران یارمەتی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتیان ڕەتکردەوە. ئەی بۆ ئێران بە ئاشکرا لە سنورەکانی هەرێم بە دژی کورد، حەشدی شەعبی بەهێز دەکات، ئێران هەموو پلانی ئەوەیە ئەم کیانە کوردیە تێکبدات و لە بەرانبەر بەغدا بێ هێزی بکات. ئەی پشتگیری و هاوخەباتی هەرێم بۆ کوردی ڕۆژهەڵات چۆن خۆی دەنوێنێ؟ چ هەماهەنگیەک لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەیە، غەیری ئەوە کە داوامان لێبکەن دەست ڕاگرن؟ بۆیە پێمانوایە حکومەت و حیزبەکانی باشور حەق وایە بە سیاسەتی تا ئێستایاندا بچنەوە، دەنا گوشاری ئێران هەر بەرفراوانتر دەبێ.

ڕۆژی کورد: لە بابەت هەڕەشەکانی حکومەتی ئێران کە پێشووتر لە لایان کاربەدەستانی ئێرانییەوە ڕاگەیاندرابوو، ئایا ئەو شاندە لەو بوارەوە هەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی ئێرانیان بە ئێوە ڕاگەیاند؟ وەڵامی کۆمەڵە لەو بارەوە چیە؟

ئیلخانیزادە: بەڵێ باسیان لە هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم و داخستنی خاڵە سنورییەکان کرد، هەروەها هەڕەشەی ئێران بۆ کردەوەی نیزامی لەسەر بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات. دیارە گوشاری ئێران بۆ سەر هەرێم ڕاستی تێدایە و دەتوانن زیانیان پێبگەیەنن، ئێمە دەتوانین لە بەرانبەر تۆپباران و کردەوەی نیزامی ئێران خۆمان بپارێزین و شوێن بگۆڕین، بەڵام وەها کردەوەگەلێک بۆ ئێران زۆر گران تەواو دەبێ، هەم خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات و هەموو شوێن دژیان دەوەستن، هەم دنیای دەرەوە پەرچەکرداری دەبێ و کۆماری ئیسلامی تێیدا زۆرتر ڕەش دەبێ.

ڕۆژی کورد: لە لێدوان و باسەکانتان لە مەڵپەرە فەرمییەکانتاندا داکۆکی لە بەرگریی چەکداری دەکەن و لە ساڵانی ڕابردووش دا کۆمەلێک چالاکی پیشمەرگانەتان بەڕێوە بردووە وێدەچێ ئێستاش هەر ئەو سیاسەتە درێژە پێبدەن ئەو بەرگرییە ڕەواییەی ئێوە دەتوانێ چ بەربەستێکتان لە باشووری کوردستان لە بەردەم دانێ؟

 ئیلخانیزادە: ئاڵترناتیڤ یپێشمەرگە و بوونی خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونی هە بووە. ڕەنگە بەرفراوان و گشتگیر نەبووبێ، بەڵام کەم و زۆر جووڵەی پێشمەرگە بۆ ناوەوەی ڕۆژهەڵات نەبڕاوەتەوە. نەبوونی پشتی جەبهە، چەقینی حیزبەکانمان لە باشوور، گوشارەکانی ئێران بۆ سەر باشوور و ناهاوئاهەنگی و ناهاوکاریی کردەیی لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، گرفت و بەربەستی سەرەکین بۆ خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵات. بە بڕوای من خەباتی چەکداریی بەرین و جەماوەریی بە بێ گەشەی خەباتی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵات، بە بێ ئامادەکاریی بیرلێکراوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پێکەوە، نە کاتیەتی و نە بە ئاسان دێتە دی. ئەزموونی ئێمە و کردەوەی ئەم ماوەی حیزبی دێمۆکرات بە ڕۆشنی ئەو ڕاستیە دەردەخات. بۆیە دەبێ پێکەوە بۆ ئەم ئەرکە گرینگە هاوکار بین. پێویستە بە سووربوون لەسەر بەرینکردنەوەی هێزی چەکدار و پێویستی چالاکیی پێشمەرگە، پێکەوە ئامادەکاریی سیاسی و نیزامی بۆ بکەین. نابێ هەر گلەیی لە باشور بکەین و ناڕێکی و ناهاوئاهەنگی خۆمان نەبینین یان پشتگوێی بخەین.

ڕۆژی کورد: لە پێوەندی لەگەڵ چالاکیی چەکداریتاندا بە هۆی پاراستنی بەرژوەندیی خەڵکی کوردستانی باشووری تا ئێستا خۆتان سنووردار کردووە، ئەوە لە حالێکدایە کە بزوتنەوەی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵاتی چاوی لە هەوڵ و تێکۆشانتانە بۆ قۆناغی ئێستا، وێکهەڵکردنی بەرژەوەندی لەو دوو بەشە چۆن پێناسە دەکەنەوە ؟

ئیلخانیزادە: وڵامی بەشێک لە پرسیارەکەم لە سەروتر باسکردووە.  لەو بڕوایە دام کە دەبێ پڕۆژەی چالاککردنەوەی پێشمەرگە  کار و ئامادەسازی کردەیی بۆ بکرێ. پێموایە بەهێز بوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە قازانجی باشووریشە کە گوشاری ئێرانیان لەسەر کەمتر دەکات، هەروەتر پێویستە ئەوانیش بتوانن داخوازی خۆیان بۆ خۆتێهەڵقووتانی ئێران دژ  بە کورد و کۆتاییهێنان بەم دەستوەردانانە بە ڕۆشنی باس بکەن. بەهێزبوونی کوردی ڕۆژهەڵات لە زۆر لایەنەوە بە قازانجی هەرێمی کوردستانە. دەکرێ بەو تێڕوانینە پێکەوە بۆ هەموو پرسێک هاوفکری و هاوئاهەنگی بکەین.

ڕۆژی کورد: بۆ پاڵپشتکردنی بەرینتری بەرگری چەکداری پڕۆژەتان بۆ خۆتان و لە ئاستی حیزبەکانی دیکەی خۆرهەڵاتی کوردستان چیە؟

 ئیلخانیزادە: ئێمە ئێستا زۆرترین هەوڵمان ئەوەیە کە دیالۆگ لەمەڕ ستڕاتێژی ئێمە بۆ خەباتی چەکداری لەم قۆناغە و لە ڕۆژهەڵات وەڕێ بخەین، یەکدەنگ و یەک سیاسەت بین لەگەڵ باشوور و باکوور و  بۆ هاندانی خەباتی مەدەنی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوانە بکەین دونیای دەرەوەو بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بە هەندمان وەردەگرن. بێگومان  هەموو ئەوانە خزمەتی گەورە بە بەرفراون کردنی خەباتی پێشمەرگانە دەکات و لەو بوارەدا  ڕێگەمان بۆ هەموارتر دەکات..

ڕۆژی کورد : ڕێزدار عومەر ئیڵخانیزادە سپاس بۆ کات بەخشین و پێدانی زانیارییە بە سوودەکانتان .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت