دەوەن مەولوود: موزیکى ئیمە ئەگەر زۆر لە ئاستى موزیکى وڵاتانى ترى ڕۆژهەﻻتى ناوەڕاست بەرزتر نەبێت نزمتر نییە

0
129
دەوەن مەولوود
دەوەن مەولوود

دەوەن مەولوود: گۆرانیبیژ پێویستە بزانێت کە شێوازى دەنگى لەگەڵ چ جۆرە ستایلێک لە ئاواز و گۆرانى دا دەگونجیت

ناوم دەوەن مەولود كوێخا سمايل ـە و لە ڕێکەوتی 30/11/1987، لە شاری كۆیە لە دايك بووم، دەرچووى پەيمانگەى هونەرە جوانەكانى كۆیەم و لە ساڵى 2006 -2007 لە ساڵى 1999 دەستم بە كارى هونەرىی كردووە وەك گۆرانىبێژ، له ساڵی 2005 لەگەڵ كۆمةڵێك لاوى شارى كۆيە گروپى موزيكى (سێوە) مان دامەزراندووە و بۆ ماوەى 4 ساڵ سةرۆكى ئەم گروپە بووم، لة سالى 2009 بەم لاوە ئەندامى كاراى تيپى (باواجى) كۆيەم بۆماوەی 4 ساڵ ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەرى بووم وەك (لێپرسراوی هونەرى و ليپرسراوى دارايي تيپى باواجى)، لە ساڵى 2009 شانازی ئەوەم پێ بەخشراوە وەک مامۆستا لە بەشى موزيك لە پەيمانگەى هونەرەجوانەکانى شەهيد جەعفەر لە كۆیە وانەی مووزیک بڵێمەوە ، ئەندامى كاراى سەنديکای هونەرمەندانى كوردستانم و ئێستا خوێندكارى قۆناغی سێهەمم لە بەشى موزيكى  ئەكاديميای هونەرەجوانەكان لە زانكۆى سەﻻحەدين لە هەولێر.

خاوەنى 2 ئاوازى تۆماركراوم و كارى موزيك و دابەشكردنم بۆ چەند گۆرانيیەك كردووە و وەك ژەنيارى فيۆلۆن بەشداریی زۆربەى چالاکيیەكانى كۆيەم كردووە و لەگەڵ ئۆركيستراى كوردستان بەشداربووم وەك ژەنيار.

ڕۆژی کورد: مامۆستا دەوەن مەولوود، زۆر سپاس بۆ بەشداریتان لەم هەڤپەیڤینەدا. وەک هەمیشە بۆ هەموو هونەرمەندێک ئەمە یەکەم پرسیارمان بووە! پێناسەی بەڕێزتان بۆ موزیک چییە و موزیک لەلای ئێوە یانی چی؟

دەوەن مەولوود: سپاس بۆ ئێوەش و سڵاوم هەیە بۆ خوێنەرانی ماڵپەڕەکەتان. لە وڵامی پرسیارەکەتاندا دەبێ بڵێم موزيك زانستەو هونەريشە، چونكە لقێكى زانستە فيزيكيیەكانەو لەسەر بنەماو تيۆرييەكانى دەنگ بنياد نراوە، ئەرکی موزیکیش بریتییە لە ڕێكخستن و یەك بەدواى يەك داهاتنى دەنگەكان لە بابەت پلەى گونجاوى شياوەوە بە جۆرێك كە ئاوازى موسيقایى لێ درووست بكرێت، پاشان كاركردن بە جۆرێك كە دانانى ئەو ئاوازانە لە ڕووى كێش و رازاندنەوەيەك كە لە كاتى بيستنى دا جوانترى بكات، پتەوتر بێت.

موزيك هونەرە .. وەك لە پيشكەش كردنى دا ياخود لە ئەداكردنى دا دەردەكەوێت، چ لە ژەنين بێت ياخود لە گۆرانى وتن، كەواتە موزيك (زمانيشەو هونەريشەو هەروەها زانستيشە). وشەى موزیک هەروەک زانايان ئەڵێن بە ماناى سەرتاپاى هونەرەجوانەكان هاتووە بەڵام لە دوايیدا بە زمانى سازو ئاواز وتراوە موزیک.

ڕۆژی کورد: ئەگەر سەرنجی ناوی مقاماتی موزیک بدەین زۆربەی نەتەوەکان ناوی تایبەتییان بۆ مقامەکانیان داناوە. بۆ وێنە فارس دەڵێت: شوور و عەرەبەکان بە هەمان مقام دەڵێن: بەیات.  ئەمە بە جۆرێک سەرلێشوای درووست لە ناو ژەنیارانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا درووست کردووە و وایکردووە بە باشی لە یەک تێناگەن. ئایا ئێمەی کوردیش ناتوانین ناوی تایبەت بۆ ئەو مقامانە دابنێین؟ بۆ وێنە ئێمە ئەڵاوەیسیمان هەیە یان حەیران یان هۆرە و سیاچەمانە هەیە. هەرچەند ئەمانە هەندێکیان لە یەک مقام دان. ئایا دەکرێت وەک ناوێک بۆ ناوی مقامەکان کەڵکیان لێ وەربگرین؟

دەوەن مەولوود: بۆ ئێمە باشترە كەڵك لە تاقيكردنەوەى ئەو ميللەتانە وەربگرين كە پێش ئێمە دەستيان بەم كارە كردووە و لە جيا كردنەوەى مەقامەكان و دياريكردنيان و ناو نانيان شارەزاييان پەيداكردووە، ئێمەش وەك هەموو ميللەتێكى سەر ئەم گۆى زەوییە خاوەنى كەرەستەى خاوى ئەم بوارەين وەك شايى و سەماو گۆرانى و بەيت و لاوك و حەیران و حەيرانۆك و نەزمە جيا جياكانى بلوێرى شوانەكانى كوردستان و ئاوازى ( پۆست و ئيدارە-باڵەبان و زەرب) كە هاوشێوەى چوارمیزرابى يە لە موزيكى فارس، هۆرە و سياچەمانەو مەقامەكانى گەرميان (قەتارو بەرزە قەتارو خاوكەرو ئەڵاوەيسى) و شێوە گوتنەكانى گەڵۆ و بەهارە و پايزەى ناوچەى موكريان و مەقامەكانى مامەسێوە كە هەریەكەيان تايبەتمەنديیەكى ناوچەي و كوردی پێوە ديارە (ئەوەڵ سەحەرە و ئاری گورێ) و ئەم هەموو مەقام و فۆرمانەى كە باسمان كرد دنیشاندەری ئەوەیە كە گەلى كورد خاوەنى سامانێكى دەوڵەمەندى ئەم بوارەیە، جا كەوايە گەلى كورد خۆشبەختانە خاوەنى ئەم سامانە لەبن نەهاتووەيە و پێويستە كە هەوڵی ئەوە بدرێتت كە (ئەكاديمياى تايبەت بەو بوارە و تاقيگەى دەنگیی بۆ دەست نيشانكردنى مەقامەكان) دابمەزرێت و بكرێنەوە، هەرچەندە لە ڕێگەى هەندێك لەو تیپ و گروپانەى كە گەشت و كۆنسێرتيان كردووە بۆ وڵاتانى جيهان، بەشێك لە كلتورو مەقام و موزيكى تايبەتى گەلى كورد بە دونيا ناسێنراوە، بەڵام لەبەر ئەوەى ئێمەى كورد زۆر دەمێکە خۆشمان و ميللەتەکەشمان دەچەوسێنريينەوە، ميللەتانى جيهان لێمان بێ ئاگان.

بۆزانياریى بەڕێزتان (ئەڵڵاوەيسى) فۆرمێكى ئاوازى كێش سەربەستە، يانى (ڕيتمى ئازاد)ـە، ناشێ پێی بڵێین مەقام. ئەم مەقامە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەكى دیکەی کوردستان گۆڕانكاری تێدا دەكرێت. ئةڵڵاوەيسى سێ بەشە (سێ پەردەیە) دەبێ هەرسێ بەشەکە بگوترێت و ئينجا فۆرمەکە تەواو دەبێت.

ڕۆژی کورد:  دوو پرسیار! یەکەم ئایا مەبەستتان ئەوەیە لە تاقیکردنەوەی ئەوان کەڵک وەربگرین و ناوەندێکی کوردی دابنێرێت و ئەو ناوەندە بڕیاری کۆتایی لە سەر مقامەکان بدات؟ پرسیاری دووهەمیش، باسی ئەڵاوەیسیتان کرد و گوتتان سێ بەشە و دەبێ ئەو سێ بەشە بەتەواوی بوترێت جا ئەو کات فۆرمەکە فۆرمێکی تەواوە! دەکرێ زیاتر ئەوە شی بکەیتەوە و پێمان بڵێی چۆن دەست پێدەکا و چۆن دەبێ کۆتایی پێبێت؟

دەوەن مەولوود: مەبەستم ئەوەیە کە بۆ دۆزینەوەو چەسپاندنى مەقام پێویستى بە تاقیگەى پێشکەوتوو هەیە کە پڕ بێت لە ئامێرى تەکنەلۆجى بۆ دەستنیشان کردنى لەرەلەرەکانى تۆنە دەنگیەکان کە لە زمانى موزیکى ڕۆژهەﻻتیی پێی دەڵێن (کۆمە) بۆ ئەوەى بزانرێت نێوان یاخود میانەى نێوان دەنگەکان چەندە و بزانین کە پلە دەنگى تەواو یاخود نیو پلە دەنگى و چارەگە دەنگیەکان دەکەوێتە کوێی پەیژەى مەقامەکە. هەروەها پێویستیشمان بە کەسانى زۆر شارەزا هەیە کە بتوانیت مەقامەکان زۆر بە جوانى و بە تەواوى بێژێت و رەگەزەکان بتوانێت بەدەربخات و دەست نیشانیان بکات.

بۆ ئەڵڵاوەیسیش، ئەڵڵاوەیسى سێ پەردەیە واتا سێ بەشە:

بەشى یەکەم لەسەر پەیژەى (دۆى راستى ماهور) دامەزراوە،  واتا پلە دەنگیەکانى بریتین لە (سۆل ، ﻻ ، سى ناتور (سرووشتی ـ طبیعی، (دۆ ، رئ) بە پێى تام و چێژى فۆرمەکە پەیژە موزیکەکەى بریتیە لە پەیژەى دووەم یاخود ڕەگەزى دووهەمى پەیژەى گەورەى ڕۆژهەلاتى (ڕاست دۆ). بەڵام لەبەر ئەوەى پلە دەنگى (سى ناتورە) بە پەیژه موزیکەکە دەوتریت (ڕاستى ماهوور) سکیلى پەیژەى ڕاستى ماهوور بریتیە لە ( دۆ ،رئ، مى کار بیمۆل، فا، سۆل، ﻻ، سى ناتوور، دۆ).

پەردەى دووەم: سکیلەکەى هەمان سکیلى پێشووە .

پەردەى سییەم : پلە دەنگى حەوتەم کە لە چینە بەرزەکان ئەکرێت، (سى بیمۆل) تەنها ئەوگۆرانکاریە لاوەکیە یە کە لە چینە بەرزەکان نزم دەکریتەوە واتا ئەگەر لەو سکیلە بەرەو خوارەوە بییت پلە دەنگى حەوتەم دەبیتەوە (سى ناتوور)

سکیلەکەى (سەرکەوتن – دۆ، رئ، مى کاربیمۆل،فا،سۆل،ﻻ،سى ناتوور،دۆ -گەرانەوە یاخود خوارچوون – دۆ ،سى بیمۆل،ﻻ،سۆل،فا،مى،رئ،دۆ، ( یدن )٭سى ناتوور،دۆ).

بەڵام ئەم تێبێنییەمان لە بیر نەچێت رابەرى پەیژەکە وەک وتم هەمان رابەرى پەیژەى( راست دۆ) دادەنرێت و ئەو گۆرانکاریانە بەشێوەی لاوەکى دەکریت.

ڕۆژی کورد: بەڕێزتان لەگەڵ ئەوەی ژەنیاریت گۆرانیی بێژیشیت. بەداخەوە کێشەیەک کە ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە گۆرانیبێژەکانی ئێمە هەیانە ئەوەیە کە تەنانەت شارەزایشیان لە مقامەکان نییە و ئەمەش کەم و کۆڕییەکە کە بە مووزیکی ئێمەوە دیارە. بەڕای بەڕێزتان دەکرێ تەنیا دەنگخۆش بوون بکەین بە مێعیار بۆ کەسێک گۆرانیی دەڵێت و پێی بڵێین گۆرانیی بێژ؟ یان نا، تەنها بڵێین ئەو کەسە دەنگخۆشە نەک گۆرانیبێژ؟ مەبەستم ئەوەیە مێعیار یان پێوانەیەک بۆ کەسێک کە گۆرانیی دەڵێت هەبێت و ئەگەر ئەو مێعیارانەی تێدا بوو ئەوجار بڵێین گۆرانیی بێژە.

دەوەن مەولوود: دەنگ خۆشى مەرجێکە لە مەرجەکانى بوون بە گۆرانىبیژ و گۆرانى گووتن، ئەو کەسەى کە گۆرانى دەڵێت پێویستە خاوەن گوێچکەیەکى موزیکىی باش بیت و بتوانێت دەنگەکانى موزیک بناسیتەوەو شارەزایى هەبێت لە مەقامات و هەروەها بۆ گۆرانى بیژ زۆر گرنگە کە ڕیتمى زۆر باش بێت و بتوانێت شێوازى ئەدا کردن بە وشەو ئاوازەکە بە جوانى لەگەڵ ڕیتمەکە بگونجینیت. گۆرانیبیژ پێویستە بزانێت کە شێوازى دەنگى لەگەڵ چ جۆرە ستایلێک لە ئاواز و گۆرانى دا دەگونجیت و ستایلەکان بە پێى مەوداى دەنگى کەسەکە دەبێت هەلبژێردرێت ، بۆ وێنە کەسێک کە دەنگى تیژە دەتوانێت لەگەڵ زۆربەى ریتمەکان گۆرانى بڵێت بەپێچەوانەى ئەو کەسانەى کە چینى دەنگیان ( باێ یاخود باریتۆن)ە کە ئەو دوو چینە دەنگە زیاتر دەتوانن ئاوازیک بخوێنن کە  ریتمیکى خاوى یاخود مام ناوەندى هەیە وە  دەتوانن بۆ ریتمى مارش بەکارى بهێنن و بۆ سرود گوتن خۆشترە تاوەکو بۆ گۆرانى گووتن .

ڕۆژی کورد: ماندوونەبی مامۆستا دەوەنی بەڕێز،سپاس بۆ ئەوەی کاتی خۆتان دا بەئێمە. لە کۆتاییدا چ شتێک ئێمە نەمانپرسیووە و بەڕێزتان حەزتان لێیە باسی بکەن بفەرموون.

دەوەن مەولوود: زور سپاس بۆ ئێوە بۆ خزمەتکردنتان بە هونەرى کورد و هیوادارم لە کارەکانتان بەردەوام بن و سەرکەوتوو بن، هیواخوازم کە گەلى ئێمەش بە تەواوى لە ژیردەستى ڕزگار بێت و بتوانین موزیکى خۆمان بە تەواوى جیهان بناسێنین و بە زانستیی بکەین چونکە موزیکى ئیمە ئەگەر زۆر لە ئاستى موزیکى وڵاتانى ترى ڕۆژهەﻻتى ناوەڕاست بەرزتر نەبێت نزمتر نییە و بە هۆى ئەوەى کە ئێمە لە ژیر دەستەیى داین  دەبینین کە چۆن وڵاتانى داگیرکار سامانى هونەریى ئێمەیان بە تاڵان بردووە و بە خۆیشمانى ئەفرۆشنەوە.

ڕۆژی کورد : جارێکی تر سپاس بۆ بەڕێزتان.

تێبینی:٭٭یدن واتای ئەوەیە کە لە هاتنە خوارەوەى سکیلەکە دەنگێک زیاتر دیتە خوارەوەى دەنگى استقرار و دەگەڕێتەوە دەنگى استقرار بۆ وێنە (دۆ ، سى ، دۆ).

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت