کامیل نوورانی فەرد: سیاسەتى فەرمىی ڕژیمى ئێران گوێ نەگرتن بۆ داواکانى میللەتى کوردە

0
675

خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات لە ئارا دایە، شەڕ لە چەندین ناوچەی وەک شنۆ، ڕەبەت، مهاباد، پاوە، بانە و مەریوان و سەقز کراوە، ڕژیم گورزێکی گەورەی لێکەوتووە و دەگوترێ زیاتر لە ١٧٠ کوژراو و برینداری هەیە، لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و سەرجەم ڕیفۆرمخوازەکانی ناوخۆ و میدیای فارس و ئۆپۆزیسیۆنی فارس  بە گشتی دژ بە خەباتی چەکداری دەدوێن و بە کاولکاریی ماڵی خەڵک و ڕژانی خوێنی دەزانن و دەڵێن دەستکەوتی نابێ.

بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە، وتووێژێکمان لەگەڵ ڕێزدار کامیل نوورانی فەرد، ئەندامی کومیتەی ناوەندیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، ئەنجام داوە کە لێرەدا دەخرێتە ڕوو.

 ڕۆژی کورد:حدکا یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێشووتر ڕایانگەیاندبوو دەیانهەوێ خەباتی شەقام و شار پێکەوە بلکێنن، جوڵەیان بە هێزەکانیان کردووە و لەگەڵ دژکردەوەی توندی هێزە پولیسیەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەڕوو بوون … ئێوە بەرگریی چەکداری لە خۆرهەڵاتی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

کامیل نوورانی فەرد
کامیل نوورانی فەرد

نوورانی فەرد: زۆر وتراوەو منیش دووبارەى دەکەمەوە و لە ڕاستیش دا حەقیقەتێکى حاشاهەڵنەگرە کە شێوەى خەبات و بەربەرکانێى جووڵانەوەى ڕزگاریخوازانەى گەلەکەمان لە کوردستانى ئێران لەلایەن ڕژیمى دیکتاتۆرى ئاخوندییەوە بەسەرماندا سەپێندراوە. مێژووى خەباتى گەلەکەمان لەسەردەمى ڕاپەڕینى گەلانى ئێران تاهەنووکەش دەرخەرى ئەو ڕاستیەن کە گەلى کورد هەرگیز حەزى بە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەى چەکداری نەکردووە. قۆناغى دانووستانەکانى هەیئەتى نوێنەراتى خەلقى کورد لەگەڵ حکوومەتى تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لە کۆتاییەکانى دەیەى پەنجاى کۆچى و هەڵویستى دەسەڵات لەبەرانبەر نیەت پاکى و هەوڵى کورد بۆ چارەسەرىی ئاشتیانەى کێشەکەى بە دانى فەرمانى جیهاد و حەڵاڵ کردنى خوێنى گەلەمان وێڕاى ئەوەى پەڵەیێکى ڕەش لە ناوچاوانى دەسەڵاتدارانى ئاخوندییە، هاوکات ناچار بوونى گەلەکەشمان بۆ تاودانە چەک و بەرگرى بۆ مانەوەى خوى بەجوانى دەردەخات. لە پاش ئەو قۆناغەش تیرۆری ڕێبەرانى کورد لە سەر مێزى وتووێژ و هەموو ئەو خەسارەتانەى تر کە لە ئاکامى ئەو گوفتمانە لە جووڵانەوەى گەلى کورد کەوتووە زیاتر ڕاست بوونى بڕیارى خەلقى کوردستان بۆ تاودانە چەک و بەرگرى ڕەواى چەکداریی پشتڕاست دەکاتەوە.

هەموو ئەو بووچوون و دەنگانەى چ لە سەرتاى هاتنە سەر حوکمى ئاخوندان و چ لە ئێستادا کە  زیاتر لە لایەن ڕووناکبیرانی نزیک لە دەسەڵات و هێندێک مۆرەى تەریککەوتوو لە کۆمەڵگاى کوردستان سەبارەت بە هەڵەبوونى خەباتی چەکداری دەکرێن، ڕەد دەکەینەوە و بە دادوەرییەکی یەک لایەنە و بەرژەوەندیخوازانەى دەزانین.

ئەوە ڕوون و ئاشکرایە ڕژیمى ئێران سیاسەتى فەرمى گوێ نەگرتن بۆ داواکانى میللەتى کوردە و نەک گوێمان لێناگرێ بەڵکو ڕۆژانە لە ڕێگەى جۆراوجۆرو به‌ کوشتن و سه‌رکووت و درێژه‌دان به‌ ستەم لە کوردستاندا مافەکانمان پێشێل و جینایەتمان لە بەرانبەردا دەکات. کەواتە زۆر ڕوون و ئاشکرایە لەگەڵ دەسەڵاتێکى لەم چەشنە کە داکۆکى لە خۆت نەکەى دەتکوژێ، سیاسەتى بەرگرىی ڕەوا یەکێک لە هەرە بنەما سەرەکیەکانى جوڵانەوەى ڕزگاریخوازانە بێ. سازمانى خەبات یەکێک لەو لایەنە سیاسیانەیە کە شێوەى  خەباتى چەکدارى له‌ هه‌لومه‌رجى گونجاودا درێژه‌ پێداوه‌و هه‌روه‌ها بە تێز و گووتار پشتیوانى بێ ئەملا و ئەو لاى لێدەکات و بە قووڵى باوەرى بەو جۆرەى خەباتە لەبەرانبەر دەسەڵاتێکى وەک ڕژیمى تاران هەیە.

 ڕۆژی کورد: بەشێک لە چالاکانی مەدەنی ڕەخنەگرن لە بەرگریی چەکداری، بە ڕوانینی ئێوە هۆکار، بەستێن و دەسکەوتەکانی شێوازی بەرگری چەکداری دەتوانێ چی بێت ؟

 نوورانی فەرد: ڕەخنەکان دابەش دەکەم بەسەر دوو بەشدا، رەخنەى دروست و رەخنەى نادروست. ئەو بەشە لە چالاکانى مەدەنى کە بەرژوەندییەکانیان لەگەڵ دەسەڵات گریدراو نییە و لە بوارى خۆیاندا خەریکن خزمەت دەکەن بە کۆمەڵگا، بێگومان رەخنەکانیان شیاوى گوێ لیگرتن و بە هەند وەرگرتنە و ئەو بەشەى تریش کە تەنیا هاندەریان پاڕاستنى بەرژوەندییەکانى نیزامى ئاخوندییە و هەموو بۆچوون و ڕوانگە و هەڵویستیکیان گریدراوى ئەو پێوەر و نۆرمانەیە کە جێگەى پەسەندى دەسەڵاتن، ناچنە  خانەى رەخنە،بەلکو ئەوە دژایەتى و دژمنایەتى بێ ئەملا و ئەولاى جوڵانەوەى ڕزگاریخوازانەیە.

سەبارت بە هۆکار لەوەلامى پرسیارى پێشوو دا ئاماژەم پێدا کە شیوەکانى خەبات لەلایەن دەسەڵاتەوە بەسەرجوڵانەوەکەماندا سەپاوە و هەر جۆرە داکۆکیەکى چەکدارانە ڕەوایی تەواوى پێدەدرێ.  زەمینە و بەستەرى بردنە پێشەوەى خەباتى چەکدارى خاڵیکى زۆر گرینگە و بێگومان پێداویستیەکى زەرورى کە شوێندانەرى یەکلایەکەرەوەى لەسەر دەسکەوت و زیانەکانى  ئەو  مێتۆدەى خەبات دەبێ،دیاره‌ ئه‌ویش  دەگەرێتەوە بۆ زەمینە و دەرفەتى شیاو بۆ بردنە پێشەوەى ئەو خەباتە. پێویستە پێش ئەوەى لە ئاستێکى گشتى و سەرتاسەرى دا ئەو میتودەى خەباتە پەیرەو بکرێ ویراى ئەوەى کە پێویست و حەیاتیە لەسەر لایەنى توانا و ئیمکانات و پیداویستى ترى وەک پشتى جیبهە و …. هتد، ئامادەکاری کرابێ، پێویستە لە ئاستى ناوخویی دا لەسەر بیروراى گشتى و ئامادەسازی جەماوەریی کارى باش بکرێ و هەروەها بێگومان هەل و مەرجى سیاسی ناوچەیی و جیهانى پێویستە تاوتوێ کرابێ.

بیگومان ئەو فاکتەرانە هەرکامەیان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاستى دەسکەوت و زیانەکانى شێوازی خەباتى چەکدارى لەناو جوڵانەوەى ڕزگاریخوازانەى گەلەکەمان دەبێ.

ئەگەر هەموو ئەو فاکتەرانە هاوتەریب بن لەگەڵ پەیرەوى کردن لە خەباتى چەکداری بێگومان وێراى باقى فاکتەرەکانى تر پرۆسەى خەبات دژى دیکتاتۆرى خێراییەکى زیاترى پێدەبەخشرێ و دەسەڵات بە چوکدا دێنێ، بە پێچەوانەوە رەنگە دەسکەوتەکانى لە ئاستى چاوەڕوانیەکاندا نەبێ.

 ڕۆژی کورد: ئاوێتە کردنەوەی بەرگریی چەکداری و خەباتی مەدەنی ئاڕاستە کردییەکانی چۆن پێناسە دەکەن؟

 نوورانی فەرد: بە باوەرى من ئەو دووچەمکە بە تەواوى لەبەرانبەر یەکدان و دروست یان پێویستیش نییە ئەو دوانە ئاویتەى یەک بکرێن بەڵکو من لە ئاستیکى گەورەتر دا بە تەواوکەرى یەکدیان دەبینم.  جولانەوەى ڕزگاریخوازانە تەنیا بریتى نابێ لەو بەشەى کە چەکى پێیە بەڵکو بریتیە لە هەموو بەش و کەرتەکانى کۆمەڵگا و هەمووى بە یەکەوە دەتوانن بۆ ئامانجى ڕزگاری و باشتر کردنى دۆخى نالەبارى هەنوکەیی تێبکۆشن. ئەوەى پێویستە یەکبوون و یەک گووتاریى لە ئاستى گشتیە. ئیمە پێویستە کار لەسەر گوفتمانێکى هاوبەش بکەین و هەر بەش و ئورگانێکى کۆمەڵگا بە پێى بەرنامە و بۆچوونى خۆى کارى بۆ بکات. هەر کەسێک پێى وابێ ئەرکى ڕزگاریی تەنیا لەسەر حیزب و لایەنى سیاسیە ئەوە بە تەواوى لە هەڵەدایە ، ئەوە خەڵکن ڕزگاریدەر و ڕزگاریبەخشن و دواجار ئیمە وەک هێز و لایەنە سیاسیەکان وەک بەشێک لە خەڵک ئەرکەکانى خۆمان جێبەجێ دەکەین. بەباوەرى من پێویستە لە پانتاییەکى گەورە دا کار بۆ بە هێز کردنى گووتارى ڕووخان بکرێ و هەموو بەشەکانى کۆمەڵگا بۆ بەهێز کردن و پیشەوە بردنى ئەو گووتارە تێبکۆشن و هەر بەشێک لەرێگەى سازوکارى خۆی و بە هاوئاهەنگى و یەکگرتوویی گشتى کارى بۆ بکات. ئەگەر گووتاریکى هاوبەش پێک بێ، بەباوەرى من لایەنە عەمەلیەکانى گریدانى بەرگرى چەکدارى و خەباتى مەدەنیش بە پراکتیک وەدى دێ.

 ڕۆژی کورد: شیوازی بەرگریی چەکداری دەخوازێ هەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوئاهەنگی یەکتر ئەرکە نیشتمانیەکانیان بەرێوە بەرن پێتان وایە ئەقڵییەتی کرداری بۆ بەرێوە چوونی ئەرکێکی شیاو چەندە ئیمکانی هەیە؟

نوورانی فەرد: زۆر ڕاستە شیوازی خەباتى چەکدارى ناتوانێ بە یەک لایەن و دوو لایەن بەرێوە بچێ ئەگەر ئەو کۆمەڵگایە خاوەنى فکرى جۆراوجۆر و لایەن و هێزى جۆراوجۆر بێ. بۆیە بە باوەرى من یەکێک لە پێوەرە هەر گرینکەکانى بردنە پێشەوەى ئەو مێتۆدە و لەهەمانکاتدا خەباتى ڕزگاریخوازانەش بە گشتى،  یەکگرتوویی و یەکریزی لە نێو هیز و لایەنە سیاسیەکانیەتى. جێگەى داخە سەرەراى هەوڵەکان تا ئێستا وەدى هاتنى خەونى یەکبوونى ریزەکانى هێز و لایەنە سیاسیەکانى کوردستان وەدى نەهاتووە و بە هۆى گرفتى ناپێویست ئەو پرسە گرینگە دواخراوە. بە داخەوە گرفتەکان هیچى ناچنە ناوخانەى نەتەوەیی و لەسەربنەماى سیاسی و فکرى نین. ئەوەى جێگەى دڵخۆشیە بەردەوامى هەولەکان و لە ڕۆژەڤ دابوونى پرسەکەیە و بوونى هیوا بۆ  وەدیهینانى ئەو ئامانجەیە.

   ڕۆژی کورد: هێزە نیشتمانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەماهەنگێکی شیاودا کە ئاماژەتان پێکرد دەتوانن ئەو ئەزموونە بۆ دواڕۆژی دەسەڵاتی سیاسیش بەکار بێنن ؟ ئایا ئەو هاوکارییانە چەندە بۆ گەیشتن بە ئەقلییەتیکی سیاسی – دێمکراتیک و پلۆراڵ دەبێتە پێویستی خەبات و تێکۆشانی هەمە لایەنە؟

نوورانی فەرد: بەلێ بێگومان لە ئەگەرى دروست بوونى ئەو هەماهەنگى و هاوکارییە هەموو لایەنەکانى جوڵانەوەى گەلەکەمان لە خۆدەگرێت و دەتوانێ ببێتە ئەزموون و سەرەتاێک بۆ کارى پراکتیکى و بەرێوەبەرى و رێکخستن لە داهاتوودا. تەنانەت بۆیە زۆر گرینگە لە ئێستاوە ئەو بەرەى هاوکارییە دروست بێ بەشێکى بۆ ئامادەکاری بۆ ڕۆژانى داهاتوو و قۆناغەکانى پاش ڕزگاریی گەلەکەمان لە ژێر ستەمى ئاخوندانە. پێویستە عەقلیەتى فرەیی و کلتوورى دیموکراسی تێکەڵ بە شادەمارى جوڵانەوەکەمان بێ و بە تەبایی و یەکبوون هەموومان لە پیناو کوردستان تێبکۆشین و کوردستانیش بۆ هەموومان بێ.

 ڕۆژی کورد : بە پوختی ڕوانینی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بۆ بەرگریی چەکداری چیە؟

نوورانی فەرد: ئیمە لایەنیکی ڕووخانخوازین و بیگومان بو وەدی هاتنی ئەو مەبەستەش لەهەموو میتۆدیکی خەبات کەلک وەردەگرین و پیمانوایە قوناغی خەباتی چەکداری قوناغیکی زیرینی جوولانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردە، لەهەمان کاتدا ئیمە پیمانوایە دەرفەت و زەمینەی شیاو پیویستە بو  سەرهەڵدانەوە و بردنە پیشەوەی ئەو میتۆدە و بە لەبەرچاوگرتنی هەل و مەرجی ئیستا ئیمە پیمان وایە هیشتا کاتی نەهاتووە بە شیوەی سەرتاسەری تاو بدریتە ئەو جۆرەی خەباتە. بە نیسبەتی جوولەی چەکداری و چوونه مەنتەقەش ئەوە سازمانی خەبات هەرگیز دانەبراوە لە ناوخۆ و سالانە تیمەکانی پیشمەرگەمان بەرێکراون بو ناوخۆ و چالاکی سیاسی و تەشکیلاتیان کردووە و ئەگەر هیرشیان کرابیتەسەر ئەوە کەلکیان لە مافی پاڕاستنی ڕەوا وەرگرتووە و بوونی شەهیدانی ئەم چەن ساڵەی رابردوومان بەلگەن بو دانەبرانمان لە ناوخۆ

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت