وتووێژی ژووری ڕۆژەڤ لەسەر “کۆمەڵناسی بەتایبەتی و زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی” و هەروەها لێکدانەوەی دۆخی کۆمەڵایەتیی ئێران و کوردستانی خۆرهەڵات

0
258

خوێنەری هێژا ، بابەتی بەردەستت وتووێژێکی تایبەت لەسەر ” کۆمەڵناسی بەتایبەتی و زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی ” و هەروەها لێکدانەوەی دۆخی کۆمەڵایەتیی ئێران و کوردستانی خۆرهەڵاتە کەلەگەڵ خاتوو نیشتمان ڕۆحانی ، توێژەری کۆمەڵناسی لە ژووری ڕۆژەڤ بەڕێوەچووە.

 خاتوو کیژان، ئەرکی پێشکەشکاریی ئەم وتووێژەی وەئەستۆ گرتبوو و وتووێژەکەیان ئەنجام دا.

رۆژەڤ:زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر چ پێویستیگەلێک ڕوونەمایی لێکرا و لە کەیەکەوە وەکوو زانستێکی سەربەخۆ سەیر دەکردرێت ؟!

رۆحانی: کاتێک باس لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان دەکرێ، خێرا ئەو بیرۆکەیە بە مێشکدا دێت کە مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە. بۆیە بیر کردنەوە لە مرۆڤ و بابەتە پێوەندیدارەکان بە مرۆڤ بە یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی زانستە کۆمەڵایەتیەکان دادەنرێ. زانایان و بیرمەندان بەردەوام بیریان لە مرۆڤ و ژینگەی دەوروبەر و پێوەندییەکانی کردۆتەوە. سەرەتای زانستە کۆمەڵایەتیەکانیش وەکو هەر زانستێکی دیکە دەگەرێتەوە بۆ فەلسەفە و بەتایبەتی فەیلەسوفانی یونانی لە سەروی هەمویان ئەفلاتون، بە کتێبی یوتوپیا.  دواتر بە تێپەر بوونی زەمەن و پێشکەوتنی زانست بە گشتی، زانستە کۆمەڵایەتیەکانیش بەرەو پسپۆری بوون دەرۆشتن. هەروەها سەرهەڵدانی هەندێ دیاردەی کۆمەڵایەتی.

سەردەمی رنسانس کاریگەرییەکی زۆری لە پیشکەوتنی ئەم زانستە هەبوو، دواتر شۆرشی پیشەسازی  وشۆرشی فەرانسیە بە خاڵی دەستپێکی زانستە کۆمەڵایەتیەکان بە شیوەیەکی زانستیتر دادەنرێئەم شۆرشانە  و هەروەها سەرهەڵدانی شەرە جیهانیەکان، زۆربوونی گرفت و دیاردە کۆمەڵایەتیەکان، گرنگی دان بە زانستە کۆمەڵایەتیەکان بوو بە پێویستیەکی حاشا هەڵنەگر کە پێویستی دەکرد بە شیوەیەکی زانستیانە دارێژرێ و چەمک و تێوری تایبەتی بۆ پێناسە بکرێ بۆیە لە سەدەی هەژدە بەولاوە زانستە کۆمەڵایەتیەکان بە شیوەیەکی زانستی لە ناوەندە ئاکادمیەکان بۆ چەندین بەشی زانستی دیکە دابەش بوون

رۆژەڤ:زانستە کۆمەڵایەتییەکان (علوم اجتماعی) کام زانستانە لەخۆ دەگرێت و گەلۆ لە یەکتر جیان یان زنجیروار پێوەندییان هەیە بە یەکەوە ؟!

رۆحانی: زانستە کۆمەڵایەتیەکان، بە کۆمەڵە زانستێک دەوترێ کە بابەت و لێکۆڵینەوەکانیان پێوەندیدارە بە مرۆڤ، ئاکارەکانی،  ژینگەی دەوروبەری و سەرجەم دیاردە کۆمەڵایەتیەکانی پیوەندیدار بە ژیانی مرۆڤ. بە پێ دابەشکاری بۆ زانست، بە گشتی زانست بە دوو بەشی سەرەکی دابەش دەکری. زانستە سروشتیەکان و زانستە مرۆڤایەتیەکان. کە زانستە کۆمەڵایەتیەکان وەکو بەشیک لە زانستە مرۆڤایەتیەکان، بە چەندها بەشی جۆراوجۆر بەڵام پێوەندیدار دابەش دەبێت. وەکو کۆمەڵناسی، دەروونناسی، ئەنترۆپۆلۆژیا، ئابووری دانیشتوان ناسی، گوندنشینی، شار نشینی، کۆمەڵناسی راگەیاندن و چەند زانستی دیکە  ئەمانە بەشێکن لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان. لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان جگە لە مرۆڤ گرنگیەکی تایبەت بە ژینگەی مرۆڤ دەدرێ. زانایانی ئەم بوارە توێژینەوە لە مرۆڤ و ژینگەکەی و سەرجەم ئەو رەفتار و کردارانە کە پێوەندیدارن بە ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ، دەکەن. بێگومان سەرجەم ئەو زانستە پیوەندیدارن بە یەکتر و  هەرکامەیان سەرەرای پسپۆریەتی تایبەت بە خۆیان، تەواوکەری یەکتریشن.

رۆژەڤ:لێرەدا دێینە سەر مژاری کۆمەڵناسی (جامعە شناسی) کە ڕشتەی پسپۆڕیی ئێوە لەو بەشەدایە .خاتوو نیشتمان بۆمان باس بکەن سەرەتا بۆ چوونە ناو باسەکەوە کە ” زانستی کۆمەڵناسی ” چیە، چی لەخۆ دەگرێت و باسی لە چی دەکات؟

رۆحانی: کۆمەڵناسی وەکوو یەکێک لە بەشە گرنگ و سەرەکیەکانی زانستە کۆمەڵایەتیەکان دادەنرێ،  کە بە زانستی توێژینەوە ولێکۆڵینەوە لە ژیانی کۆمەڵایەتی تاکەکانی کۆمەڵگا و سەرجەم دیاردە کۆمەڵایەتیەکان پێناسەی دەکرێ. بۆیە لێکۆڵەران و زانایانی ئەو بوارە بەردەوام هەوڵیان ئەوە بوە  کە تا پێیان دەکرێ توێژینەوە لە سەرجەم لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ بکەن، کە بۆ چی و چۆن مرۆڤەکان لە پێوەندیدان لە گەڵ یەکتر و کاریگەری ئەم پێوەندییانە چۆنە لە سەر یەکتر.  بۆیە کۆمەڵناسی، لێکۆڵینەوەیە لە مرۆڤ و ناسینی مرۆڤ و سەرجەم ئاکارەکانی، هەروەها پێشبینی کردنی کردارە کۆمەڵایەتیاکان و دواتریش چاودێری کردنی بۆ باشتر کردنی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگا وهەوڵی چارەسەر کردنی گرفتەکانی تاکەکانی کۆمەلگا دەدا.

کەوایە دەتوانین بڵین؛ لێکۆڵینەوەکانی کۆمەڵناسی. بریتیە لە ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ، شێوازی ژیانی و سەرجەم دیاردە کۆمەڵایەتیەکان و کاردانەوەکانی هەر تاکێکی کۆمەڵایەتی لە پێوەندییەکانیان لە گەڵ یەکتر.

رۆژەڤ:ساختاری کۆمەڵایەتی و ئورگانە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو ئورگانە ئیداری، ئابووری، سیاسی و بەڕێوەبەرایەتییەکان چ کاریگەرییەک لەسەر ڕەفتاری کۆمەڵایەتیی کەسەکان دادەنێت؟! واتە چ ڕۆڵێکیان لە دیاریکردنی ڕێگای چوونەپێش و ڕەفتاری هاووڵاتییان هەیە و بۆ ؟

رۆحانی: هەر وەک لە وڵامی پرسیارەکانی پێشوتر، ئاماژە کرا کۆمەلناسی جەخت دەکاتە سەر لێکۆڵینەوەی زانستی لە ئاکارە کۆمەڵایەتیەکانی تاکەتان وپێوەندییەکان لە گەڵ یەکتر. هەروەها جەت کردن لە سەر ئەوەی کە مرۆڤەکان بوچی و چۆن لە پێوەندیدان لە گەڵ یەکتر،  بۆیە لێرەدا گرنگی پێوەندی ئەو زانستە لە گەل زانستەکانی دیکە زیاتر خۆی دەردەخات.

بۆ نمونە هەر تاکێک ئەندامی خێزانێک، گروپ هاورێیان و دواتر ئەندامی کۆمەڵگایەکە لە ئاستە فراوانەکەی. بە پلە و پێگەیەکی جیاواز و کەسایەتی تایبەتی خۆی. یەکێک لەو زانستانە کە پێوندیەکی زۆر قوڵی لە گەڵ کۆمەڵناسی هەیە زانستی دەروونناسیە. کە تایبەت دەپرژێتە سەر تاک. هەروەها زانستی سیاسەت  وئابووری و زانستەکانی دیکەش هەر کامەیان بە پێ گرنگی و ئاستی پێوندی بە ژیانی کۆمەڵایەتی تاکەکان، پێوندییان لە گەڵ کۆمەڵناسی پێویستتر دەکاتت.

بۆیە سەرجەم کایە کۆمەڵایەتیەکان کاریگەرییان بە سەر ژیانی کۆمەڵایەتی تاکەکانەوە هەیە و ورد بوونەوە لە هەر کامە لەو رەفتار و دیاردانە هەوڵدان بە نەهێشتنی گرفتەکان یارمەتیدەرە بۆ باشتر ژیانی مرۆڤ.

رۆژەڤ:زانستی کۆمەڵناسی لە کەیەکەوە هات و دامەزرێنەرانی کێ بوون ؟! و پاشان چۆناوچۆن و کەی و لەکوێ بوو بە ڕشتەیەکەی زانکۆ و خوێندکاری لەو بەشەدا پەروەردە کرد ؟!

رۆحانی: فەلسەفە وا پێناسە کراوە کە بە دایکی سەرجەم زانستەکان دادەنرێ و دواتر هەموو زانستەکان لە رەوتی گەشە کردنیان، لە فەلسەفە جیا بوونەوە و بوون بە زانستێکی سەربەخۆ. کۆمەڵناسیش وەکو بەشیک لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان. بنچینە و بنەماکانی دەگەرێتەوە بۆ فەلسەفە. بەڵام بە دیاری کراوەی وەک زانست، سەرەتای دامەزراندنی دەگەرێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە. ئیبن خەلدون بە یەکێک لە پێشەنگای کۆمەڵناسی دادەنرێ. بەڵام وەک دامەزرێنەی ئەم زانستە ” ئوگێست کۆمت” لە ساڵی ١٨٣٨ بە دانانی وشەی Sociologe بە دامەزرێنەری زانستی کۆمەڵناسی دادەنرێ. ( کە پێم باشە لەم بەشەدا روونکردنەوەیەک بدەم، کە لە زۆربەی سەچاوەکان ناوی ئەم زانایە بە ” ئوگێست کونت” هاتەوە بەڵام لە راستیدا وە لە لاتینیەکەی دا هاتوە ناوی ئەم زانایە ” ئوگێست کۆمت”ە. هەر بۆیە لە ساڵانی ١٨٩٠ بەولاوە لە زۆرێک لە زانکۆکان ئەم بەشە دەخوێندرا. کە لە ساڵی ١٨٩٥ لە رەوتی گەشەی ئەم زانستە، گۆڤاری ئامریکی کۆمەڵناسی بڵاو  بوەوە و دواتریش لە ساڵی ١٩٠٥ ئەنجومەنی کۆمەڵناسی ئەمریکا دامەزرا.

رۆژەڤ:ئێستا دەڕۆینە ناو بەشی دووەم لە وتووێژەکەمان ؛ بەم شێوەیە دەست پێدەکەم کە بەڕای ئێوە وەکوو کۆمەڵناسێک؛ دۆخی کۆمەڵایەتی لە ئێران چۆنە و چۆن هەڵدەسەنگێنن ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییەی ئێستا؟!

رۆحانی: لە راستیدا لە کۆمەڵگای ئێران بە تایبەتی لەم چەند دەهەی دواییدا، بەردەوام روبەرووی چەندەها مەسائل و دیاردەی جۆراوجۆر بوە، واتە کۆمەڵگایەکە کە بەردەوام روبەروی زۆر گرفت و دیاردە بووە کە تاکەکانی بەدەستیەوە ناڵاندویانە. بەتایبەتی لە گەڵ هاتنە سەر کاری نیزامی توتالیتەری کۆماری ئیسلامی کێشە و ئاستەنگەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک بەردەوام روو لە زیاد بوون بوە و دەسەڵاتیش نەک هەوڵی چارەسەری نەداوە بەڵکو خۆی بەشێکی سەرەکی بووە لە دروست بوونی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتیە نالەبارە

سیاسەتی سەرکوت وای لە خەڵک کردوە کە هێز لە خەڵکی ئازادی خواز. ئەمەش وای کردوە ژیانی خەڵک لێوانلێو بێت لە دڵەراوکی و دوگانگی و بەردەوام بیر کردنەوە لە دابین کردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانیان. بۆیە داگیرکاری و ستەم  وزەوت کردنی ماف  وئازادییەکان و بەتایبەتی خراپی باری ئابووری و هەژاری دۆخی کۆمەڵایەتی لە ئێران زۆر خراپتر کردوە.

رۆژەڤ:خاتوو نیشتمان بەهەرحاڵ کۆمەڵناسی وەکوو زانستێکی خۆی ناساند و دواجاریش هەموو جیهانی گرتەوە و ئێرانیش یەک لەوان. لەئێستادا دەبینین کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەیهەوێت و بەشێوەیەکی پلانبۆداڕێژراو لە هەوڵی ئەوەدایە کە زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی بەرەو ئیسلامیبوون بکێشێت؛ ئەم هەوڵەی حکوومەت چۆن هەڵدەسەنگێنن و پێتان وایە کە چ ئامانجێکی لە پشتە ؟

رۆحانی: لە راستیدا تەنها زانست نیە. بەڵکو کۆماری ئیسلامی دەیەوێ هەموو لایەنەکانی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگای ئێران کۆنتروڵ بکات و بیخاتە چوارچێوەی بۆچوون و ئایدیا و سیاسەتی خۆی.  بۆیە یەکێک لەو رێگایانە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو سیاسەتانەی خۆی بەلارێدا بردنی زانست و چەواشەکردنی راستیەکانە بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانی. وەک چۆن زانست رۆڵیکی گرنگی لە گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان هەیە، کۆماری ئیسلامیش دەیەوێ لە رێگای بە ئیسلامی کردنی زانست، بە تایبەتیش زانستە کۆمەڵایەتیەکان ئاراستەی ژیانی خەڵک بگۆرێ و بۆ زیاتر سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی. کە ئامانجی سەرەکیش ئەوەیە بیر وهزری خەڵک لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بەتایبەتی ئازادی پۆشین و رادەربڕین، دوور بکاتەوە و خەڵک بە هەندێ شتی لاوەکی خەریک بکات کە کەمتر بیر لە ئازادی و مافەکانیان بکەن. بیر و هزریان بە سیاسەتەکانی خۆی داگیر بکات و تاکی دەستەمۆ دروست بکات کە لە خزمەتی ئامانجەکانی خۆی بێت.

رۆژەڤ:پێتان وایە چ فاتکتگەلێت دەستیان داوە بە دەستی یەکەوە کە ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییەی ئێستا بەسەر ئێراندا زاڵ بێت؟!

رۆحانی: پێش هەموو شت، سیستەمی حاکم بە سەر کۆمەڵگای ئێران خۆی خولقێنەری ئەو دۆخە کۆمەڵایەتیە نالەبارە. دواتر بەجیهانی بوون  و کرانەوەی کۆمەلگاکان بەرەو مۆدێرنیتە، لە راستیدا بە جیهانی بوون خۆی خاڵێکی نگەتیڤ نیە بەڵکو لە کۆمەڵگای ئێران و حاکمیەتی دەسەڵاتی زاڵ بە سەر ئەو وڵاتە جۆرێک لە دوگانگی بۆ تاکەکان دروست کردوە، لە لایەک کولتوری رۆژئاوایی و مۆدێرنیتە و لە لایەکی دیکە کولتوری بەئیسلامی کردنی ژیانی ئەمرۆی خەڵک و گەرانەوە بۆ کولتوری چەند سەدە پێش کە ئەمەش  بەرکەوتنی کولتوری دروست کردوە. هەروەها رۆژ لە رۆژ خراپ بوونی دۆخی ئابووری ئێران  و بڵاو بوونەوەی هەژاری و ئعتیاد و فەحشا دۆخێکی کۆمەڵایەتی ناتەندروستی دروست کردوە.

رۆژەڤ:خاتوو نیشتمان لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشوودا ئاماژەتان بە کاریگەریی قەیرانی ئابووری لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی دا؛ ئەو کاریگەرییانە چین ؟! دەتواننن بۆمان شی بکەنەوە ؟!

رۆحانی: هەر وەک لە باسەکەمان لە شەوی رابردوو باسم لە کاریگەری و پێوەندی کۆمەڵناسی لە گەڵ زانستەکانی دیکە کرد بەتایبەتی زانستی ئابووری، لێرەشدا پێوەندییەکی تەنگاتەنگ لە کاریگەری دۆخی ئابووری و دۆخی کۆمەڵایەتی دەبینرێ. خراپی دۆخی ئابووری پێش هەموو شت دەبێتە هۆی بڵاو بوونەوەی  فەقر و هەژاری، ئەمەش بیر کردنەوەو  گەشەی هزر لە تاکەکان دەگرێ  و ناچاریان دەکات بەردەوام بە دوای دابین کردنی پێداویستیە سەرەتاییەکان بن، لەم نێوەدا تاکەکان بە هۆی ئەو هەمو ئیسترس و دڵەراوکێە پەنا دەبەنە بەر هەندێ رێگای بۆ خۆ دزینەوە لە واقعی ژیانیان، یەک لەوانیش توش بوون بە مادە هۆشبەرەکان و هەروەها بڵاو بوونەوەی زیاتری فەحشا.

هەروەها نەمانی باوەر بە خۆ بوون، نەبوونی متمانە لە نێوان تاکەکان دواتریش بڵاو بوونەوەی چەندها نەخۆشی و خەمۆکی، تەنانەت تێکچوونی باری تەندروستی تاکەکان و زۆر بوونی نەخۆشیە دەروونیەکان

رۆژەڤ:بگەڕێینەوە بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان، ئەو بەشەی لە نیشتمان کە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە داگیرکراوە و حکوومەتی تێدا دەکات. خاتوو نیشتمان؛بەبڕوای ئێوە دۆخی کۆمەڵایەتیی بەگشتی لە خۆرهەڵاتی کوردستان هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئێران هەیە ئەگەر هەیەتی بۆچی و جیاوازییەکانی چین؟ ئەگەر نیەتی، هۆکاری جیاوازنەبوونی بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

رۆحانی:لە راستیدا دۆخی کۆمەڵایەتی لە کوردستان بە دڵنیایەوە زۆر خراپتریشە لە کۆمەڵگای ئێران بە گشتی. لە بەر ئەوەی کە لە کوردستان جگە لە ئەو دۆخە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە نالەبارە زاڵە بە سەر کۆمەڵگای ئێران بە گشتی، رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەست کێشەی نەتەوەیی دەناڵێنی و دەسەڵات یەکێک لە ئامرازانە بۆ جێبەجێ کردنی بەرنامەکانی خۆی و سەرکوت  وبێدەنگ کردنی دەنگی ئازادی خوازی لە کۆمەڵگای ئیران هەوڵ دەدا کە گرفت و کێشە کۆمەڵایەتیەکان لە کوردستان زیاتر بکات، کە خەڵک کەمتر بیر لە ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بکاتەوە. وەک بە راشکاوی دیارە نیزامی حاکم بەردەوام هەوڵی بڵاو کردنەوەی مادە هۆشبەرەکان دەدات کە لاوانی کورد زیاتر توش بکات. هەروەها کوردستان لە دواکوتوویی بهێڵێتەوە.

رۆژەڤ:لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە داب و نەریتی هەڵە و هەروەها زاڵبوونی ئایینی ئیسلام لە کۆمەڵگادا، چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتیی داناوە و گەلۆ ئایینی بوونی کۆمەڵگا کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێشنەکەوتنی کۆمەڵگا لەلەحازی کلتووری، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و …هتد دانانێت ؟ ئەگەر دادەنێت چ کاریگەرییەک و بۆ ؟

رۆحانی: لە راستیدا ئایین و باوەڕی ئایینی شتێکی شەخسیە. تایبەتە بە هەر تاکێک خۆی.کاتێک کە ئایین و بەتایبەتی ئایینی ئیسلام بوو بە مەرجع یاسا لە کۆمەڵگا، بە دلنیاوە کۆمەڵگا لە گەشە و پێشکەوتن دەخات. لە بەر ئەوەی ئایینەکان کە هاتوەن نەیاتوانیوە خۆیان نوێ بکەنەوە وخۆیان لە گەڵ گەشەی کۆمەڵگا بگونجێنن. بەتایبەتی ئایینی ئیسلام کە پڕە لە توندوتیژی و سەرکوت، داگیر کاری و دەستەمۆ کردنی  تاکەکان و زەوت کردنی بیر  و هزریان و رێگری لە گەشە کردنی بیر کردنەوەی دروست و سەردەمیانە  وزانستیانە

رۆژەڤ:باستان لە پێوەندیی کێشەی نەتەوەیی و نالەباریی دۆخی کۆمەڵایەتی کرد؛ کێشەی نەتەوەیی لە کوردستانی خۆرهەڵات چ کاریگەرییەکی لەسەر بەرەوخراپتربردنی دۆخی کۆمەڵایەتی بووە؟ چلۆن ئەو کاریگەرییە ڕوو دەدات لەنێوان ئەو دوو شتەدا ؟! واتە کێشەی نەتەوەیی و دۆخی کۆمەڵایەتی.

رۆحانی: بەڵێ بە دڵنیاوە ئەم دوو بابەتە پێوەندیدارن بە یەکتر لە بەر ئەوەی کە نیزامی دەسەڵاتدار هەموو رێگایەک دەگریتە بەر بۆ ستەمکاری و سەرکوت کردنی خەڵک. یەکێک لەو ریگایەنەش خراپتر کردنی دۆخی کۆمەڵایەتیە و زۆر بوونی دیارە دزیوەکانە لە کۆمەلگا. بۆ نموونە هەژاری خۆی لە خۆیدا چەندها گرفت بەدوای خۆی دەهێنی. هەروەها توش کردنی خەڵک بە مادە بێهۆش کەرەکان کە جگە لە بەلارێدا بردنی بیر و هزری خەڵک دەبێتە هۆی بڵاو بوونەوەی چەندها نەخۆشی، لێکترازانی خێزانەکان و زۆر بوونی ریژەی تەڵاق  و بڵاو بوونەوەی فەحشا و توندوتیژی زیاتر. ئەمەش زیاتر دەبێتە هۆی تێکچونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و خراپ بوونی ئەو دۆخە.

رۆژەڤ:دۆخی کۆمەڵایەتیی زاڵ لە وڵاتانی ئیسلامی بەگشتی و بگرە کوردستانیش دۆخێکی نالەبارە و دەبینین لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژانە چەندین کەس دەکوژرێن و ژنانیش قوربانیانی یەکەمی ئەو دواکەوتووییەن ؛ وەکوو کۆمەڵناسێک چ شتێک بە ڕێگاچارەی دەربازبوون لەو قەیرانە دەزانن ؛ گەلۆ هەنجارشکەنی و وەکوو خەڵک بیرنەکردنەوە شکاندنی یاسا و ڕێسای کۆمەڵایەتییە و شیاوی ئەوەیە کە نەفەری لەسەر بکوژرێت؟ ڕێگای دەربازبوون لەو دۆخە قەیراناوییە کۆمەڵایەتییە لە چیدا دەبینن ؟

رۆحانی: بەڵی بەدڵنیایەوە هەر دۆخێکی نالەبار لە هەر ئاستێک و بوارێک روو بدات،زەرەرمەندی یەکەم توێژی خەسار هەڵگری کۆمەلگایە وەکوو منداڵان و ژنان. کۆمەڵگای ئێران بۆ هەر تاکێک کۆمەلگایەکی ئالۆز و پر لە دڵەراوکێ و توندوتیژییە، بەتایبەتی ئەم بۆ ژنان زیاترە. کە قسە کردن لە سەر ئەم بابەتە بۆ خۆی چەندین وتوێژی پێویستە. بەڵام ئەگەر بمانەوەی باس لە رێگا چارە بکەین،  کاتێک کە دەوترێ نیزامی حاکم خۆی خولقێنەری ئەو دۆخە نالەبارەیە بۆیە یەکەم ریگاچارە نەمانی ئەم سیستمەیە. پاشان پەرەوەردە و پێگەیاندنی رۆڵیکی زۆر گرنگ دەبینێ لەو بوارە. هەروەها پشتیوانی و پشتگیری یاسایی بەتایبەتی کە بەندە یاساییەکان لە بەرژەوەندی ژنان بێت، بەڵام کاتێک ئایین مەرجعی یاسا بێت ئەم ئایینەش کە پرە لە توندوتیژی بەرامبەر ژنان هیچ چاوەروانی و چارەسەرێک لە لایەن یاساوە بۆ ژنان نیە. هەروەها خراپی دۆخی کۆمەڵایەتی بەدڵنیاوە دەبێتە هۆی بڵاو بوونەوەی زیاتری توندوتیژی. بە تایبەتی کە هێشتا لە کۆمەلگای ئێران وەکوو هەموو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراست کۆمەڵگایەکی پیاوسالارە و رۆژانە هەواڵی کوشتن و خۆی کوژی بەتایبەتی ژنان بڵاو دەبێتوە.

بۆیە پێش هەموو شت نەمانی نیزامی حاکم بۆ خۆی چارەسەری بەشێک لە کێشەکانە، بۆیە دەڵیم بەشێک لە کێشەکان چون ئەم سیستەمە و هەروەها کولتور دزیوەکان رەگیان داکوتاوە لە سەرجەم پیکهاتەکانی کۆمەڵگا و بەتایبەتی لە روی کۆمەڵایەتی کە پێویست بە گۆرانێکی سیاسی و کۆلتوری و پەرەوەردە و پێگەیاندنێکی باشە.

رۆژەڤ:حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و دەسەڵاتداربوونی لە کوردستانی خۆرهەڵات؛ چەندە وەکوو موتوڕی موحەڕێک پێشگرە لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە کوردستان و ئەوەی کە دۆخی کۆمەڵایەتیی بەرەو باشتربوون بڕوات ؟ لە چ لەحازێکەوە و بە چ کەرەستەهایەک ئەوکاریگەرییە نەرێنییە دادەنێت؟!

رۆحانی: بێ گومان کاتێک کە خودی نیزامی حاکم لە کۆمەلگا خۆی خولقێنەری کێشەکان  بێت، هیچ کات نایەوێ هیچ گۆرانێک بە ئاراستەی باش بوون بروات، هەر بۆیە هەموو هەوڵەکانیش ئەوە دەبێت کە پێش لە هەر گۆرانێکی پوزتیڤ بگرێت و کۆمەڵگا بەرەو دواتر ببات. یەکێک لەو ریگایانەش کە پیشتر ئاماژەم پێکرد، بەلارێدار بردنی هزر و بیرکردنەوەی تاکەکان و خەریک کردنیان بەو شتە لاوەکیانە کە زیاتر رێگری لە گەشەی کۆمەلگا بگرێ و ئاراستەی ژیانیان بگۆرێ. بەتایبەتی بۆ کۆمەڵگای کوردستان کە حکومەت هەموو ریگاکان بە تێچوویەکی چەند قات دەگرێتە بەر تا ئەوەی کوردستان لە دواکەوتووی بهێڵێتەوە.

سەرکوت و داگیرکاری، هەژاری، ئیعتیاد، فەحشا، توندوتیژی و چەندها شێواز و رێگای جۆراوجۆر وەک کەرەستەیەک بۆ تێکچوونی پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستان بەکار دەهێنێ.

رۆژەڤ:خاتوو نیشتمان باس لە تووش بوونی کۆمەڵگا بە مادە هۆشبەرەکانتان کرد، زۆر راستە حکومەت هەوڵی پەرەدان بەو کارە ئەدات بەڵام لە هەمان کاتیش دا بە دەیان کەمپ بۆ تەرکی ئێعتیاد لە کوردستان چالاکە و بە بەربڵاوی ئاکامەکانی تووش بوون بە مادە هۆشبەرە کان بۆ خەڵک روون ئەکەنۆ، هۆکاری سەرەکی تووش بوون چیە؟ پەروەردەی لاوازی بنەماڵەیه؟ یان هۆکاری تری هەیە؟

رۆحانی: بەڵی هەندێک هەوڵ لە لایەن کەسانی دڵسۆز دەدرێ کە هێشتا خەمی کۆمەلگایانە، ئەگەرچی دەبێت ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە هەندێ لەو کەمپانەش لە ژێر کاریگەری و دەسەڵاتی خودی نیزام دایە، بۆیە پەردەپۆش کردن و بەلارێدا بردنی خەڵک لەوەی کە حکومەت لە خەمی خەڵکەکەی دایە. ئەمە لە لایەک لە لایەکی دیکەش هەوڵی چالاکان و رێکخراوە مەدەنیەکان نابێت لە بەرچاو نەگرین، بەڵام دەبێ ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە ئیعتیاد و تووش بوون بە مادە هۆشبەرەکان نەخۆشیە و بەداخەوە هێشتا کۆمەڵگای ئێمە نەیتوانیوە تووشبوان بە نەخۆش سەیر بکەن بۆیە هەر لە یەک هەنگاو ئەم هەوڵانە تا رادەیەک کاریگەری خۆیان لە دەست دەدەن چون کۆمەڵگا ئەم نەخۆشیە بە پەڵەیەکی نەنگ دادەنێ و رێگای دوبارە گەرانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگا لێ دەگرێ. هەروەها ئەو کەمپانە پیویستیان بە کەرەستە و ئامراز و کەسانی پسپۆر و شارەزا هەیە کە بەدڵنیایەوە لەو بوارەش کەم وکۆری زۆر هەیە.  بەڵێ لاوازی پەروەردەی بنەماڵە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانە. چون خێزانی تەندروست تاکی تەندروست پەروەردە دەکات.  بەڵام خێزانی کوردی ئەوەندەی لە گەڵ کێشەی جۆراوجۆر بەرەو روویە کە پەروەردەی خێزانەکان زۆر لاوازە و هەروەها پەرەوەدەیەکی نەریتیە و هیچ وڵامدەری کۆمەڵگای ئەمرۆیی نیە. بۆیە منداڵەکان هەموو هەوڵیک دەدەن بۆ دوور بوون و دەرباز بوون لەو دۆخە پر لە زەخت وگوشارەی بنەماڵە و دواتریش هاتنیان بۆ گرۆپ و کۆمەڵگایەی بەربڵاو تر مەترسیدارتر دەبێت بۆیان.

رۆژەڤ:وەکوو دواپرسیاری ئەمشەو دەمەوێ ڕێگاچارەی دەربازبوونی لەو دۆخە کۆمەڵایەتییە ناسالمەی ئێستا کە کوردستانی داگرتووە لە ڕوانگەی ئێوەوە چیە ؟!

رۆحانی: وەک لە وڵامەکانم ئاماژەم پێکردوە کەوایە کاتێک دەسەڵات خۆی هۆکاری هاتنە ئارای ئەم دۆخە نالەبارە کۆمەڵایەتیە بێت کە وایە هیچ ریگا چارە و چاوەروانیەک لە دەسەڵات نیە. بۆیە دەبێ پەنا ببرێتە بەر چالاکان و رێکخراوەکان مرۆیی و مەدەنی، هەروەها خێزانەکان کە رۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێرن، پێویستە خێزانی کورد پەرەوردەی خۆی لە سەرەوە دابرێژێتەوە بۆ ئەندامانی. هەروەها سەرجەم تاکەکانی کورد بیر کردنەوەیان بۆ کۆمەلگای ئەمرۆیی بگۆرن و خۆیان نوێ بکەنەوە لە گەڵ ژیانی ئەمرۆ، بیر لە بەها مرۆییەکان بکەنەوە، دوور بوون لە توندوتیژی و سەپاندنی بیرورا، هەروەها ئینتما  وخەمخۆری بۆ نیشتمان وادەکات کە زیاتر کوردستانمان لا خۆشەویست بێت و لە هەوڵی دروست کردنی کوردستانێکی پێشکەوتوو بین بە بیر کردنەوەیەکی ئەمرۆییانە.

هەروەها نەهێشتنی کولتوری دواکەوتوو و بیر کردنەوە لە گۆرانێکی پۆزتیڤی کۆمەڵایەتی، کە هەر تاکێک مافی بە ئازادی ژیانی هەیە و پێویستە رێزی لێ بگیردرێ، بەتایبەتی بە سود وەرگرتن لە زانست و تەکنۆلۆژیای سەردەم.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت