دۆخی خوێندکارانی کورد و بزاڤ و چالاکیی خوێندکاری/وتووێژی ژووری ڕۆژەڤ

0
837

هاوڕێیان وتووێژی بەر دەستتان، سێهەمین وتووێژ لە وەرزی یەکەمی چالاکییەکانی ژووری ڕۆژەڤ ــە.

لەم وتووێژەدا میوانداری بەڕێز سیامەند حەسەن نژاد کراوە و بە پێشکەشکاریی بەڕێز ئیمان مواردوەیسی، چالاکی سیاسیی کورد باسی دۆخی خوێندکارانی کورد و بزاڤ و چالاکیی خوێندکاری لەگەڵ ئەو چالاکە خوێندکارییە هاتووەتە ڕۆژڤ.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

ڕۆژەڤ :تکایه پێناسەیێک له خوێندکار و بزووتنەوەی خوێندکاری بۆمان باس بکەن؟

حەسەن نژاد: خوێندکار به کەسێک دەوترێ که قۆناغەکانی خوێندن له قوتابخانه دەبڕێت و دەچێته زانکۆ و له بەشێک دا درێژه به خوێندن ئه دات که به رۆشنبیرترین تووێژی کۆمەڵگا ئەناسرێت.

بزووتنەوەی خوێندکاری بەشێکه له بزووتنەوەی کۆمەڵگا بۆ به دەس هێنانی ماف و ویست و داخوازەکانی کۆمەڵگا که خوێندکار بەڕێوبەری ئه م بەشەی بزووتنەوەیه. دەبێ بگوترێ که خوێندکار بەشێک لەو کۆمەڵگایه و هەر چەشنە کار و چالاکیێکی کاریگەری راستەوخۆی ده بێت له سەر کۆمەڵگای دەرەوەی زانکۆ و به پێچه وانەش به هەمان شێوه.

ڕۆژەف :بزووتنەوەی خوێنداکاریی کورد لەسەر چ بنەماگەلێکی فیکری و چ ئامانجگەلێکی بەهایی و ئەرزشی راوەستاوە؟

حەسەن نژاد: نەتەوەی کورد له رۆژهەڵات بەهۆی ئەوەی که لە سەرەتایی ترین مافەکانی خۆیان بێ بەشن لەگەڵ رژیمی دیکتاتۆری ئێران له بەربەرەکانێ دان، ئاساییه که بنەمای بزووتنەوەی خوێندکاری له سه ر هەمان بنەمای خەباتی گشتی کۆمەڵگا ببێ، بەڵام به گشتی پرسی شوناس، زمانی زگماکی و پرسی نەتەوەیی ئەسڵی ترین بنەماکانی بزووتنەوەی خوێندکارین له کوردستان.

ڕوژەف: ئایا به ته واو بوونی یەک خوێندکار له زانکۆ چالاکیەکانی ته واو ئه بێت یان ئه بێ به شێوازێکی تر ئیدامەی بدات؟؟؟

حەسەن نژاد: زانکۆ شوێنێ تایبەت به یەک ناوچه نیه و له هەموو شارێک خوێندکاری تیا هەیه، بۆیه لەگەڵ تەواو بوونی خوێندکارێک له زانکۆ و له یەک دابڕانی ئه و کۆمەڵە کەسه که پێکەوه کاریان کردووه ئیتر بەو شێوه توانایی هەندێ چالاکیان نامێنێ به تایبەت ئەو چالاکیانەی که پێوەندیان هەیه به ناو زانکۆوه.

به ڵام ئەرکی ئەو خوێندکارانه ئەوەیه، کەسانێک تازه دێنه ناو زانکۆ له گەڵ خۆیان رێک بخەن و ئەزموونەکانی خۆیان بخەنه بەر دەستیان بۆ ئەوەی له دوای نەبوونی ئەوان کۆمەڵێک خوێندکاری تر سەر له نوێ و له سفرەوه دەست پێ نەکەنۆ؛ بەڵام چالاکی ئەو کەسانەی که زانکۆ تەواو ئەکەن ئەچێته ناو بەشێکی تر له بزووتنەوەی کۆمەڵگا.

ڕۆژەف:کاریگەریەکانی خوێندکاران له سەر پرسی نەەوەیی؟

حەسەن نژاد: له سەرەتای هاتنه سەر کاری کۆماری ئیسلامی  گەلی کورد بۆ به دەس هێنانی مافی نەتەوەیی خۆی بەرانبه ر به رژیمی داگیرکتر دەستی دایه خەبات و هەتا ئێستاش ئەو خەباته هەر بەردەوامه، خەباتی گەلی کورد هەڵقوڵاوی دڵی خەڵکه و ویست و داخوازی ئه و کۆمەڵگایه. هەر بۆیه خوێندکارێکی کورد له سەرەتایی چوونه ناو زانکۆ ئەو هەست و داخوازیانه لەگەڵ خۆی ئەباته نێو زانکۆ و هەروەک باسم کرد خوێندکار توێژێکی رۆشنبیره و به چالاکیەکانی خۆی هەم پەره به پرسی نەتەوایەتی ئەدات له نێو خوێندکارانی کورد و هەم پرسی نەتەوایەتی کورد به باقی نەتەوەکانی تری ئێران ئەناسێنێت. له راستی دا زانکۆ وکوو پردێک وایه بۆ ناساندی دەنگ و بیر و ڕای کۆمەڵگای خۆت به باقی نەتەوەکانی تر.

پرسیاری هاوڕێیک :کاریگەریەکانی خوێندکار له سه ر زانکۆ و کۆمەڵگا چین؟

حەسەن نژاد: خوێندکار و زانکۆ متۆڕی سەرەکی پێشکەوتنی وڵاتن، کاتێک خوێندکار چالاک بێت و رێگەی پێ بدرێ بیر و هزری خۆی گەشه پێ بدات به دڵنیایۆ زانکۆکان پێش ئەکەون و له ئاکام دا ئەو کۆمەڵگایه که گەشه ئەکات و ژیانێکی باش تر و سەردەمیانه تر بۆ خەڵک دەستەبەر ئەبێ. بەڵام به داخەوە کۆمەڵگای ئێران له ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا له سەرەتایی ترین مافەکانی بێ بەشه و له کوردستان به تایبەتی ئه م چه قبەستووی و دیکتاتۆریه زۆر به رچاوتره بۆیه کاتێک خوێندکارێک له سەرەتایی ترین مافکانی بێ بەشه ئه و جۆرەی پێوسته ناتوانێ گەشه به خوێندنی بدات و زیاتر ئه بێت کاتی خۆی له سەر خەبات بۆ ژیانی دابنێ. بۆیه سەرەتا پێویسته که کۆمەڵگایێکی دێمۆکڕات و ئازاد بنیاد بنرێ و ئەو کات خوێندکاریش ئەتوانی ئازادانەتر و زۆر باش تر کۆمەڵگا و زانکۆ بەرەو پێش بەرێت.

پرسیاری هاوڕێیەک: بۆچی پێویسته خوێندکاری کورد لەگەڵ حزب و رێکخراوەکانی کوردی له دەرەوه پێوەندیان هەبێ؟؟؟

حەسەن نژاد: رژیمی کۆماری ئیسلامی له ترسی پەرەسەندنی پرسی نەتەوایەتی کورد، فەزایێکی به ستراو و پڕ له ترسی بۆ خوێندکاران درووست کردوه و له هەموو جۆره رێگایێک بۆ فشار خستنه سەر خوێندکاران و دوور خستنەوەیان له بزووتنەوەی خوێندکاری کەڵک وەر ئەگرێ، راسته زانکۆ و خوێندکار ئه بێ سەر به خۆ و به دوور له حزبایەتی بن به ڵام له وەها فه زایێک دا خوێندکار بۆ بەرەو پێش بردن و گەیاندنی دەنگی خۆی به کۆمەڵگای کوردستان و جیهان پێویستی به شوێنێک هەیه که پشتیوانی لێ بکات. به هۆی ئەوەی که ئێران وڵاتێکی ئازاد نیه و رێگه به هیچ بیرو بۆچونێکی تر جگه له بیری ئیسلامی_شێعه نادات و به گرتن و ئازار دان و له خوێندن بێ بەش کردن و…هتد خوێندکار پێویستی به پێوەندی لەگەڵ حزب و رێکخراوەکانی کوردی له دەرەوە هەیه بۆ ئەوەی هەست به پشتیوانێک بکەن و دەستیان لەگەیاندنی دەنگی خۆیان به دنیای دەرەوە ئاوەڵاتر بێت.

ڕۆژڤ: بزووتنەوەی خوێندکاری کورد لەسەرەتای دەیەی ۹۰وە جۆرێک لەبێدەنگی و متی پێوە دیارە ،هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێننەوە؟

حەسەن نژاد: له دوای ناڕەزایەتیه کانی ساڵی ۸۸ له ئێران که خوێندکاران رۆڵێکی گرینگیان بوو، رژیم دەستی دا به گرتن و ئازار و ئەزیەتی خوێندکاران، هەروەها به پاکسازی له ناو کاربەدەستانی زانکۆکان و هێنانه سەر کاری کەسانی رادیکاڵ تر، فه زایێکی چەق بەستووانەتری له جاران به سەر زانکۆدا زاڵ کرد و رێگریێکی توندی له چالاکی خوێندکاران کرد.

له هەندێ زانکۆدا ئیزنی وەرگرتنی کانون و گۆڤاری کولتووری به خوێندکارانی کورد نەدا و زۆر بەکەمی رێگەی چالاکی به ئاشکرا له بەر دەم خوێندکاران دا بوو.

له بەرانبەر دا به هێنانی بەسیجی و کەسانی سەر به رژیم بۆ ناو زانکۆکان جۆرێک له فەزای دینی و مەزهەبیان زاڵ کرد و رێگای چالاکیان بۆ ئەو کەسانه خۆش کرد. ئەمانه بوون به هۆکارێک بۆ کەم بوونەوەی چالاکی خوێندکاری، به ڵام ئەوەی راستی بێ ئەمانه هەمووی کاتین و ئەبینین ئێستا ورده ورده ئەو تابووای ترسه له ناو زانکۆدا بەرەو شکان ئەچێت و ژیلەمۆی چالاکی و بزووتنەوەی خوێندکاری دیسان ئەبێتەوه به گڕ و سەر هەڵ ئەداتەوه.

ڕۆژەڤ: پرسیارێکی زۆر کراوه له لایەن هاوڕێیانەوه که ئایا شتێک هەه به ناوی بزاڤی خوێندکاری کورد؟

حەسەن نژاد: له راستی دا ئەگەر بڵەین نیه ئەوە هەموو ئه و کەسانەی له سەر بزاڤی خوێندکاری کورد قسه ئەکەن خەریکن له سەر شتێکی وەهمی که بوونی نیه ئەدوێن! بەڵام ئەبێ یەک راستی له بەر چاو بگرین یەک بزووتنەوە نیا له کۆبوونەوە و درووشم دان و ناڕەزایەتی دەربڕین پێک نایێ، له رژیمێک دا که هەر شێوازه کۆبوونەوەیێک بۆ ئەو کەسانەی له گەڵ بیرو بڕوای ئەو رژیمەدا نین رێگە پێ نەدراوه و به توندترین شێوه سەرکوتی ئەکات، بەڕێوبەرانی تووشی ئازار و ئەزیەت ئەکات ناتوانی چاوەڕوانی ئەوه له بزاڤی خوێندکاری بکەی به شێوەی ئازاد بتوانێ چالاکی بکات.

له ئێستادا خوێندکاران به کۆبوونه وه له دەوری یەکتر و دەر کردنی گۆڤار و رۆژنامه و دانانی کلاسی فێرگەی زمانی کوردی، بەستنی کۆڕ و کونفڕانس له سەر بابەتی ئەدەبی و مێژوویی و بەڕێوه بردنی کۆڕی مۆسیقا و هەڵپەڕکێی کوردی و….هتد له ناو زانکۆکان دا، هەموو ئەمانه خزمەتێکی زۆر گەورەیه به بەرەو پێش بردنی خەباتی گەلی کورد

که واته هەموو ئەم رێکخستنانه خۆی له بزاڤی خوێندکاری کورد دا ئەبینێتەوە. بەڵام باروودۆخی سیاسی ئەو وڵاتەیه که بووەتە هۆکاری ئەوەی خوێندکار ناچار بێ له هەندێ چالاکی پاشەکشه بکات.

ڕۆژەڤ: ئێوه خۆتان وەک کەسێک که خوێندکاری زانکۆی رازی کرماشان بوون، کەش و هەوای چالاکی لەو زانکۆ چۆن شڕۆڤه ئەکەن؟ هۆکاری ئەو لاوازیه چیه لەو زانکۆدا؟

حەسەن نژاد: بۆ ئەوەی بچمه ناو باسی زانکۆی رازی کرماشان سەرەتا ئەبێت باسێک له سەر باروودۆخی کرماشان بکەم. هەر وەک ئەزانن کرماشان گەورە شارێکی کوردستانەو له رووی حەشیمەت و فرە رەنگی ئایینی،مه زهه بی، زاراوەیی و…هتد شارێکی جیاواز و تایبەته له ناو کوردستان، ئەم گەوره شاره چ دوای هاتنه سەر کاری کۆماری ئیسلامی و چ پێش لەویش له ژێر توندترین فشاری حکومەتی ناوەندی دا بووه و هەوڵی ئاسمیله کردنی شاری کرماشان زۆر زیاتر بووه له باقی شارەکانی کوردستان، به دەیان پیلانی جۆراوجۆر که لێرەدا جێگای باس کردن نیه کرماشان کەوتەته بەر هێرشی حکومەته ناوەندیەکانی ئێران و ئەتوانم بڵێم کۆماری ئیسلامی له هەمووان بەرفراوان تر و زیاتر ئەم هێرشانەی کردووه. له وەها فەزایێک دا ئەم حەرەکەتانه بێ گومان کاریگەری ئەبێت له سەر بەشێک لەو کۆمەڵگا و ئاسمیله ئەبن.

هەموو ئەم شتانه ئەبنه هۆکار بۆ لاواز بوونی خەباتی ئەو شاره به نیسبەت شارەکانی تری کوردستان، لەگەڵ ئەمانەش کەم کاری و ئاوڕنەدانەوەی حزبەکانی کوردستان بەشێکی بەر چاو له خەڵکی ئەو شارەی دوور خستەتۆ له خەبات، سەرجەم حزبەکانی کوردستان ئەوەی که پێویسته بۆ کرماشانیان بکردایێ له سەدا، دەیکراوه بەداخۆ هەر بۆیه تەنانەت له سەردەمی شەڕی چەکداری دا کرماشان بەپێی حەشیمەت و گەورەیی خۆی پێشمەرگەیێکی زۆری نەبووه.

سەرە رای هەموو ئەمانه کرماشان هێشتا شارێکی کوردیه و خەڵکی ئەوێ له بەرانبەر هێرشەکانی رژیم دا بەرخۆدانێکی زۆر باشیان له خۆیان نیشان داوه که جێگای رێز و سپاسن. له هەر زانکۆیێک دا چالاکی خوێندکاری کاریگەری راستەوخۆ و زیاتری ئەبێت له سەر ئەو شارەی که ئەو زانکۆ له وێیه، بەپێی ئەوه زۆر روونه که رژیم بەر بەست و کۆسپی زیاتر ئەخاته بەردەم خوێندکارانی ئەو زانکۆ و رێگری ئەکات له هەر چالاکیێک که پرسی نەتەوەیی و زمانی زگماکی و شوناس بەرەو پێش بەرێت.

له زانکۆی رازی ئیزنی وەرگرتنی کانوونی کوردی نادرێ به کەس، له گۆڤارێک دا زیاتر له ۲۰% کوردی ناتوانی بنووسی که ئەویش پێش بڵاو بوونەوه ئەبێ تەئیدی بنکەی فەرهەنگی زانکۆی له سەر بێت! له بەر کردنی جل و بەرگی کوردی زۆر جار رێگه پێ نەدراوه و زۆر هۆکاری تر که مەجالی باس کردن نیه بەڕاستی بەربه ستی کار و چالاکی خوێندکارانی کورده لەم زانکۆدا.

ڕۆژەڤ: جیاوازی شێوازی چالاکی له ناوچەی خوارینی کوردستان(کرماشان و ئیلام) له گەڵ باقی ناوچەکانی تر چیه؟

حەسەن نژاد: هەر وەک باسم له باروودۆخی ئەو ناوچه کرد، دیاره به پێی ئەو وەزعیەته ئاساییه که شێواز و جۆری چالاکی جیاواز بێت، خوێندکارانی ئەم قۆناغەی ئێستا به هۆی ئەو کاریگەری ئاسمیله بەشێکیان توانایی قسه کردن به زمانی کوردیان نیه به باشی، بەشێکیان توانایی خوێندن و نووسینیان نیه و تەنیا کۆمەڵێکی کەم توانایی قسه کردن و نوسینی پێکەوه هەیه.

بەڵام له ئێستادا به هۆی راگەیاندن و چوونه سەری ئاستی زانیاری کۆمەڵگا بەشێکی زۆر لەو خوێندکارانەی که توانایی قسه کردن به زمانی دایکی خۆیان نیه تووشی کێشەی شوناسی نەتەوەیی هاتوون، کاتێک سەیر ئەکەن هەر کارێک بکەن ناتوانن له ناو قەومی فارس دا جێ بگرن و به شێک له وان به حەساو بێن و زمانی زگماکی خۆیان نازانن و ناتوانن به ئاسانی پێوەندی بگرن به نەتەوەکەی خۆیان، به ڕاستی ئەکەونه بیر کردن لەوەی که چۆن لەم قەیرانه رزگاریان ببێت.

لێره دا ئەرکی چالاکانی ئه و ناوچه یه که رێ نیشان دەریان بن له گەڕانەوه بۆ باوەشی نەتەوەکەیان. کێشەیێکی تر که بەرچاوه نەبوونی میدیا و راگەیاندنه به زاراوەی کوردی خوارین که بتوانێ دەنگ و چالاکی خوێندکاران و دەرەوەی زانکۆ بڵاو بکاتۆ و پەرەی زیاتر بدرێت بەو کارانه. هۆکارێکی تری بەرەو پێش نەچوونی پێویستی بزووتنەوەی خوێندکاری له کرماشان، ئەو خوێندکارانەن که له ناوچەکانی تری کوردستان به تایبەت سۆرانیه کانن که به پێی ناوچەکانی خۆیان ئه یانهەوێ له کرماشان خەبات رێ بخەن، لەگەڵ که سێک دا که تازه ئەیهەوێ زمانی دایکی خۆی فێر ببێ باس کردن له سەربەخۆیی کارێکی زۆر هەڵەیه.

ڕۆژەڤ: ئاسۆی چالاکی خوێندکاری له کرماشان چۆن ئەبینن؟

حەسەن نژاد: ئەو شتانەی که باسم کرد بەو مانایه نیه که کرماشان دواکەوتوه له ناوچەکانی تری کوردستان بەڵکوو باروودۆخی ئەوێ وا دیاری ئەکات له ئێستادا زیاترین چالاکی کار کردن له سەر زمانی زگماکی و پرسی شوناس بێ که به خۆشحاڵیەوە کرماشان بەڕاستی لەم ساڵانەدا هەنگاوی زۆر باش و بەجێی لەم بوارانەدا هەڵ هێناوه.

سەبارەت بەوەی که ئەگوترێ خوێندکار ئەبێ سەربەخۆ بێت له حزبەکان زانکۆی کرماشان گەورەترین بەڵگەیه بۆ ئەو بەڕێزانه که ببینن له ئەگەری لاوازی حزبەکان، بزاڤی خوێندکاریش لاواز ئەبێت و بەشێوەی پێویست ناتوانێ کاریگەری خۆی دابنێ.

کەواته له کۆمەڵگای ئێمەدا پێوەندی ئەم دوانه لەیەک جیا نین. بەپێی ئەوەی که بزووتنەوەی مەدەنی له شاری کرماشان لەم ساڵانه دا بەرەو پێش چوونێکی باشی به خۆیەوه دیوه به دڵنیایەوە کاریگەری ئەبێت له سەر بزووتنەوەی خوێندکاری و هیوایێکی باش هەیه که زانکۆی رازی کرماشان ببێته بنکەی سه رەکی بزاڤی خوێندکاری له رۆژهەڵات.

ڕۆژەڤ: به بڕوای ئێوه له ئێستادا بزاڤی خوێندکاری پێویستی به گوتارێکی نوێی رادیکاڵ هەیه؟

حەسەن نژاد: له ئێستادا به بڕوای من هێنانه بەر باسی گوتارێکی نوێ و رادیکاڵ بازدانه به سەر زۆر بابەتی تر که ئێستا له رۆژەڤ دایه و هێشتا بەتەواوی چارەسەر نەبووه. له ئەگەری گۆڕانی باروودۆخی کۆمەڵگا به دڵنیایەوەگوتاری خوێندکارانیش گۆڕان به خۆیەوه ئەبینێت، ئەو کات خوێندکار بەپێی هەل و مەرجەکان گوتارێکی نوێ دێنێته ناو بزووتنەوەی خوێندکاریەوه.

ڕۆژڤ: ئایا چالاک بوونی هێزه دژبەرەکانی کوردستانی خۆرهەڵات نابێته هۆی ئاکتیڤبوونی بزووتنەو مەدەنیەکان و یەک لەوان بزووتنەوەی خوێندکاری؟ یان به پێچەوانه دەبێته هۆی سنووردار بوونیان له لایەن دەسەڵاتەوه؟

حەسەن نژاد: له رژیمه دیکتاتۆرەکاندا هەر شێوازه گۆڕان و ئەکتیڤ بوونی هێزه دژبەرەکان وڵام دانەوەی ئەبێت له لایەن ئەو رژیمەوه، بەڵام ئەوەی که سەرکەوتوو ئەبێت یا نه ئەوه باسێکی تره.

چالاک بوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئه بێته هۆی درووست بوونی هیوا و ورەی زیاتر لەو کۆمەڵگا و خەباتی مەدەنی رەنگ و بۆیێکی تر بەخۆیەوه ئەگرێت و به بڕوای من زۆر زیاتر ئەکەوێته چالاکیەوه چونکه کۆمەڵگا زیاتر گوێی پێ ئەدات و خەباتکاریش ئاکامی کاری خۆی زیاتر ئەبینێ. توێژی رۆشنبیری خوێندکاریش خوازیاری گۆڕان و بەرەو پێش چوونی کۆمەڵگایه. کاتێک هەل و مەرجی زیاتری بۆ رەخساوه و ئەبینێت گۆڕانکاریەکان خێراترن، نایهەوێ به جێ بمێنێ و دواکەوێ بۆیه ئەویش زیاتر خۆی دەخاته ناو چالاکی و بەرەو پێش چوون. بەڵام ئەوەی که حکومەت بتوانێ کۆسپ درووس کات، هەمیشه کردوویەتی و وەک چۆن هه موو کاتێکیش خوێندکاران بەرانبەر بەو کۆنه پەرستی و دیکتاتۆریه راوەستاون به هەمان شێوه و زۆر زیاتر ئەکەونه بەرخۆدان و بزووتنەوەی خوێندکاری زۆر زیاتر پێشکەوتن به خۆیەوه ئەبینێ.

ڕۆژەڤ: له کۆتایی پرسیارهکاندا بیروبڕواتان له سەر ئەم راسانه نوێیه چیه و کاریگەریەکانی له سەر بزاڤی خوێندکاری چۆن هەڵ ئەسەنگێنن؟

حەسەن نژاد: سەرەتا رێگەم بدەن سڵاوێک بنێرم بۆ هەموو ئەو پێشمەرگه قارەمان گیان له سەر دەستانه که به فیداکاری و قاره مانیەتیان پارێزگاریان له کەرامەت و بوونی گەلی کورد کردووه بەڕاستی هه موومان قه رزاری یەک به یەکی ئەو پێشمەرگانەین که تا ئێستا کۆڵیان نەداوه بەرانبەر به دوژمن و ئاڵای خەباتیان هەر شەکاوه راگرتووه. هەر وەک باسم کرد له هەر چالاک بوونێکی هێزه کوردیەکان، کۆمەڵگا و بزووتنەوه مەدەنیەکان گۆڕانکاری و پێش چون به خۆیانەوە ئەبینن.

ئەم راسانه نوێیه که لەلایەن “حدکا”وه دەس پێ کراوه جووڵاننه وەیێکی زۆر باش بووه بۆ کۆمەڵگای کوردستان و ئەبێته هۆکاری دروست بوونی هیوا و ئاوات له نێو خەڵک دا بۆ بەدی هاتنی ویست و داخوازیەکانیان. خەباتی گەلی کورد چون هەڵقوڵاوی دڵی خەڵکه و ئەوانیش خۆیان بەجیا نازانن لەم خەباته، به هەر شێوازێک بۆیان بڕەخسێ هاوکاری ئەکەن. هەر چەند من وەک خۆم باوەڕم وایه ئەبوایێ زووتر ئەم کاره دەس پێ بکرایێ. ئێستا کاریگەری ئەم راسانه زۆر بەر چاوه له کۆمەڵگادا و دڵنیام له داهاتوودا به بەرفراوان تر بوونی ئەم حەرەکەته گۆڕانکاری قووڵ به کۆمەڵگاوه ئەبینین و سەرکەوتنی گەلی کورد زۆر نزیک تر دەبێتەوە. بەڵام هیوادارم ئەم پەڕته وازەیی و جیاییه له نێو ئەحزابی کورد کۆتایی پێ بێت و به وزەو هێزێکی گەورەتر و بەرین تر بێنه مەیدانی خه بات و دڵنیام که سەرکەوتن بەدەس دێ بۆ کوردستان.

ئەگەر باس له کاریگەری راسان لەم قۆناغەی ئێستادا بکەم له سەر زانکۆ ئەوه به پێی ئەو شتانەی که باس کرا دیاره کاریگەری پۆزێتیڤی ئەبێت و خوێندکاری کورد به وزه و هێزێکی زیاترۆ باس له پرسەکانی بزاڤی خوێندکاری ئەکات و به دڵنیایەوە کاردانەوەی زیاتری ئەبێت له سەر زانکۆ و خوێندکاران دا. له کاتێک دا پێشمەرگه له ناو دڵی رۆژهه ڵات دا حوزوری هەبێت و گیان فیدایی بکات بۆ گەل و نیشتمان بزووتنەوەی خوێندکاریش زۆر زیاتر گتشه ئەکات و لەگەڵ بەرفراوان تر بوونی خباتی شاخ گوتاری رادیکاڵ و جیاواز ئەتوانێ بێته ناو زانکۆ و ببێته پشتیوانێکی گه وره و بەهێز بۆ خەباتی شاخ.

له کۆتایی دا ئاواتی سەرکەوتن و سەربەرزیم هەیه بۆ هەموو گەلی کورد و هیوای سڵامەتی و لەش ساغی بۆ هەموو برا و خۆشکه پێشمەرگەکانمان. سپاس بۆ ئێوەیش که ئەم دەرفەتەتان رەخساند بۆ من و لەم دوو شەوەدا کاتی خۆتان دانا بۆ خوێندنەوەی بۆچوونەکانی من هەر بژین و سەرکوتوو بن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت