یەکگرتوویی و یەکگرتنەوەی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئاقاری ئێستا و داهاتووی/وتووێژی ڕاوێژ لەگەڵ کەیوان دروودی

0
62

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، یەکێکی‌تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورە ژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی تلێگرامە کە لە ڕێکەوتی ١٥ و ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٠١٦) لەگەڵ بەڕێز کەیوان دروودی، چالاکی سیاسی و بە پێشکەش‌کاریی هێدی کامەرانیپوور، چالاکی سیاسی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ژووری ڕاوێژ لەسەر مژاری (یەکگرتوویی و یەکگرتنەوەی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئاقاری ئێستا و داهاتووی) ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: چەندە شپرزەیی لە خەباتی کوردی خۆرهەڵاتدا دەبینن و پێتان وایە چۆناوچۆن دەکرێت هێزە سیاسییەکان لێک نزیک بکرێنەوە و دواجار بەرەیەک پێک بهێنرێت؟

کەیوان دروودی
کەیوان دروودی

دروودی: لەو ڕوەوە کە ئێمە ئەزموونێکی تاڵمان لە ڕابردوودا سەبارەت بە کۆدەنگی هەیە، پێویستە زیاتر لەجاران هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ، بەڵام ئێمە دەستمان بە گرینگترین شوێن کە ڕای گشتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتە بەشێوەی پێویست ناگات، ئەوە گەورەترین هۆیە و لە پاشان دەزانین کە جیابوونەوەکان نەک لە ڕووی قەبارە بەڵکوو زیاتر لە ڕووی ڕووکردنە لایەنی جۆراوجۆر و تەنانەت دانیشتنی نەهێنی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران، ئەوەندە گومانی دروست کردووە کە سەختە بتوانین پێشوەخت داوای یەکڕیزی بکەین.

ڕاوێژ: بەڕای ئێوە، پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش لە ڕۆژهەڵات لە ئێستادا و هەبوونی خەباتێکی هاوبەش، زیاتر وەکوو خەون نییە؟

دروودی: لەوانەیە وشەی خەون لێرەدا تۆزێک گەورەنواندنی تێدابێت، سەرەڕای ئەوە بە ڕای من پێکهێنانی ئەم بەرەیە لانیکەم بەو شێوازە ئیدئالەی لای ئێمە چاوەڕوان دەکرێت، ئەستەم بێت.

ڕاوێژ: جگە لەو شێوازە ئیدەئالەی لەلایەن ڕوانگەی گشتییەوە چاوەڕوان دەکرێت، ئێوە چ شێوازێکی دیکە بۆ هاوکاری و پێکهێنانی بەرەی هاوبەش دەبینن؟ تکایە بۆمان باس بکەن.

دروودی: تا ئێستە کە لەگەڵ ئێوە قسە دەکەم دوو پێشنیازی بەرچاوم لەو بارەوە بینیوە کە یەکێکیان لای مامۆستا پەرویز ڕەحیم قادر لە ژێر ناوی پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی کوردستانی خۆرهەڵات بووە و ئەویتریش کە لەوە دەچێت لەم ساتەوەختە بەکەڵک بێت پرسی دوکتۆرینی هێزی هاوبەشی سەربازییە.

هەڵبەت دەبێ ئەوەشی پێ زیاد بکەم کە هیچکام لەم دوو پێشنیازە میکانیزمێکی بەرهەستیان نەخستۆتە بەردەست، ڕاستیەکەی ئەوەیە کە یەکەمیان پێویستە لای خودی شەخسی مامۆستا پەرویز ڕەحیم قادر شی بکرێتەوە کە بۆخۆیان ئەوەیان وەک ڕێگەچارە داناوە، بەڵام بۆ کەیسی دووهەم لەبەر ناڕوونی هەڵویستی حیزبەکان پێویستی بە ڕوونکردنەوە و کات هەیە.

هێدی کامەرانی پوور
هێدی کامەرانی پوور

ڕاوێژ: پێتان وایە حیزبەکان بە بێ دەنگدانی خەڵک دەتوانن حکوومەتی کاتی پێک بێنن؟ هەر ئەو حیزبانە بوون کە نەیانتوانی کۆنگرەی نەتەوەیی پێکبێنن و لەسەر هەژماری نوێنەرەکان تووشی کێشە بوون؟

دروودی: پێکنەهاتنی حیزبەکان لە کۆنگرەی نەتەوەییش هەر لەبەر بۆشایی ڕای گشتی بوو، بەڵام پێچەوانەی ڕای ئێوە ئەوە دوو حیزبی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و پارتی کرێکاران بوون کە لەبەر هیژمۆنخوازی هەوڵەکانیان هەڵپڕووچقاند، ئەوە بەو مانایە نیە کە حیزبەکانی تریش کەمتەرخەمییان نەبووە، بەڵام وەک وتم دوای جیابوونەوەکان، حیزبەکان ڕوویان لە ئەحزابێک کرد کە ئەو حیزبەی لێی جیابوونەوە پەیوەندییەکی ساردیان لەگەڵیاندا هەبوو، ئەوە وایکردووە کە جۆرێک لە گومان لای ئێمە لەسەر یەکگرتنی واقیعییان هەبێت، بۆ دەڵێم واقیعی؟ چونکە ئەزموونی حیزبی دێموکرات ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕەوتی جیابووەوە بەردەوام وەک کۆتلەیەکی سیاسی لەکاتی یەکگرتن کاری کردووە.

ڕاوێژ: ئێستا کە لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی کوردستانی ئێران باس لە یەکگرتوویی سیاسی و سەربازی لەئارادایە، ئۆپۆزیسیۆنی وەک کۆدار و پژاک و لقەکانیان کە لە ژێر سیاسەتی پ ک ک دان و دەیانهەوێ کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩دا بکەن بە یەک ئەرتەش و لە ڕۆژئاواش ئیزنیان بە هیچ هێزێکی دیکە نەدا بەشداری بکە، بۆ ئەو باسە چ ڕێگاچارەیەک هەیە؟ (پرسیاری هاوڕێیەک)

دروودی: سەبارەت بە پژاک دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ئەو ڕێکخراوەیە ڕەچاوی سیاسەتی گشتیی پ ک ک ـای کردوە، لەبەر ئەوەش دەشێت بڵێین کە ئەو لایەنە ڕێکخراوێکی بەتەواوی پارالێلە، بەو واتایە کە هەتا ئێران لە بەرژەوەندیی پ ک ک بجووڵێت و بەهێز بێت ئەوە ڕەوتی پێشوو بەرنادات، بەتایبەت لە ئێستادا کە لە باکوور، پ ک ک چووەتە ناو شەڕێکی درێژخایەن، بەڵام ئەگەر ئێران بەرەو ئاقارێک بچێت کە بکرێ لاواز بکرێت و بەرەو داڕمان یان تەنانەت لاوازی بچێت، ئەوە سیاسەتیان دەگۆڕدرێ و ئەو کات ئێمە پژاکێکی تر دەبینین.

ڕاوێژ: لە ئێستادا دەبینین کە حیزبەکانی کوردستان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوونە، کۆمەڵێک لەو حیزبانە لە بەرەی ئێراندان و کۆمەڵێکیش لە بەرەی ئامریکا و ڕۆژئاڤادا. بۆ نموونە چۆناوچۆن دوو دێموکرات و سێ کۆمەڵە دەتوانن خۆ لە بەرەی دژە ئێران بناسێنن و لە نێوان خۆیاندا یەکگرتوو نەبن؟ گەلۆ ئەو پەنج حیزبە کە حیزبە سەرەکییەکانی کوردستانی خۆرهەڵاتن هەموویان لەو بەرەیەن کە ئاماژەم پێدا یان لە بەرەی یەکیەتی و پەکەکە و ئێران و … ـتادا؟ ئەو لە یەک بەرە بوونە، دەتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش؟

دروودی: هیچ لایەنێک نایهەوێ لەبەرەی ئێراندا بێت، بەڵکوو بۆ مانەوەیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا و لەبەر گرێدراو بوونی ناسنامە و شوناسیانە کە بەناچار بۆ کردنەوەی دەرگایەک مەجبوور بە پێملکردنی داخوازیی لایەنەکانی تر بێت، پێمخۆشە ئەوەش باس بکەم کە نەبوونی حکوومەتێکی کوردی لە باشوور بە قەوارە و فۆرمە باوەکەی، وایکردووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم هێزانە دابەش ببن بەسەر دوو حیزبی سەرەکیی باشوورهیچ گومان لەوەدا نییە کە دانیشتنی نەهێنی، دوور لە ڕاگەیاندن و لەنێو ژوورە داخراوەکان و لەوە خراپتر لەگەڵ ئەمنییەتیترین هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، زەبرێکی گەورە و گومانێکی گەورەترە، بەتایبەت کە دوای ڕێکەوتی ئەو دانیشتنانە بەجۆرێک هێڵی فیکری و ستراتیژیکیان گۆڕیوە.

ڕاوێژ: تا ئێستا ڕژیمی ئیسلامی کۆمەڵێک حیزبی جۆراوجۆر و ڕەنگاوڕەنگی لە کوردستان دامەزراندووە کە ژێرشاخەی حیزبە سەتاسەرییەکان بوونە وەکوو حیزبی ئیعتمادی میلی و وەحدەتی میلی و هەروەها بەرەی یەکگرتووی کورد، هۆکاری سەرنەکەوتنی ئەو حیزبانە چی بووە و تا چەندە خەڵکی کوردستان بەو پیلانەوە سەرقاڵ بوونە؟

دروودی: لە ڕاستیدا ئەو ڕێکخراوە کارتۆنییانە، پلە و پێگەیان لەناو خەڵکدا نیە، ئەوەی زیاتر تۆقێنەرە پێشخانی فیکری لای خەڵکە کە کۆماری ئیسلامی کردوویەتە پێخۆری ڕاگەیاندنەکان، بەجیددی و بە بەرپرسیارەتییەوە دەڵێم، دەنگدانی خەڵک زیاتر لەوەی پەیوەندیی بە پرش و بڵاوی ئەحزابەوە بێت، زیاتر لەو چاوگەوە پاراو دەبێت کە کۆماری ئیسلامی لەم ساڵانەی ڕابردوو لەبەر ئەو زیهنییەتە توانیویە زۆر بابەت لە قازانجی خۆی ئاراستە بکات، ئەو مەسەلەیە تایبەت بە کوردستان نیە و بگرە کوردستان باشتریش بێت، چوونی هەشت هەزار ئەفغانی بۆ شەڕی سووریە بە مووچەی 500 هەزار تمەن، جێی داخە بۆ شێوە ژیانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داوا لە هەمووان دەکەم قسەکانی باوکی یەکێک لە جاشە کوژراوەکانی سەوڵاوا ببینن کە سەبارەت بە کوژرانی کورەکەی دەڵێ: “حەزی کردووە!!”. بەڕاستی تۆقێنەرە، باوکێک کە چرچیی دەموچاوی دەرخەری ئەوەیە کە بە نینۆک بەردی شاخی هەڵکۆڵیوە و داری چاندووە تا بژێوی ژیانی بدۆزێتەوە چۆن ئاوا بەئاگاییەوە وادەڵێ و بیر لەو چەوساوەییەی خۆی و خەڵک ناکاتەوە.

ڕاوێژ: پێویست بوونی بەرگریی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ گەلۆ پشت بەستن بە خەباتی ڕووت مەدەنی لە سێبەری ڕژیمی ئیسلامیدا، خۆفریودان و بەفێڕۆدانی کات نیە؟

دروودی: ئێمە قسە لەسەر ئێران دەکەین، شوێنێک کە چالاکە سیاسییەکان لەبەر بێ دەرەتانی تا شوێنێک تووشی بەربەست دەبن کە لە شیعر و ئەدەبیات و ڕێکخراوی ژینگەپارێزیدا خۆ دەبیننەوە، بۆیە دەکرێ بڵێین خودی قەوارەی کۆمەڵگەی مەدەنی کە لە واتا باو و ناسراوەکەی یەکێک لە تایبەتمەندییە سرووشتیەکانی نەبوونی نیازی سیاسییە، لە خۆیدا تووشی دژوازیی بوونناسانەی شوناسە.

ڕاوێژ: بە سەرنجدان بە قسەکانی ئێوە، چۆنە ئەوە کە گەورەبەرپرسانی حیزبێک کە خۆ بە خاوەنی پێنج هەزار شەهید و حەفتا ساڵ مێژوو وەسف دەکەن و هەنووکەش چەکدارن، بەو قەناعەتە گەیشتوون کە هەموو حیزبە کوردییەکان گوندێکیان پێ ڕزگار ناکرێت؟ ئەو خۆبەکەم زانینە چەندە کاریگەری نەرێنی لەسەر ورەی خەڵک دادەنێت و حکوومەت بە حەیوولایەکی شکەست ناپەزیر لە مێشکیاندا وێنا دەکەن ؟

دروودی: ئەو سیاسەتە وەک ئاماژەم پێکرد لەبەر حەوجێیی گرێدراوییە لەو حیزبەی کە لێی جیابوونەتەوە، لەم ماوەدا دەستەواژەیەکی سەرنجڕاکێشم لە بەڕێز کاک خالید بیست کە وتی پێویستە تابۆشکێنی بکرێت! ئەمە واتا حیزبی دێموکرات تابۆیەکە کە بێت و نەبێت گرێدراوییان ئەوەندە زۆرە پێی کە پێویستە گوتارێکی جیاواز لەو حیزبە هەڵگرن تاڕادەیەک کە بەرەو دژایەتیش بچێت کە من ئەو ناوەی لەسەر نانێم و دوو ڕێگە زیاتر نابینم

1 وەک پێشوو درێژە  بەو فۆرمە بەقەول تابۆیە بدەن

2 دروشمی ڕووخان لابەرن و هەوڵ بدەن لانیکەم ئەگەر ڕیفۆرمیستن، لە کاناڵێکەوە بچن کە بشێت کۆماری ئیسلامی بێنێتە پێش بۆ ناو ئەو کاناڵە.

ڕاوێژ: گەلۆ ئەگەر حدک بڕواتەوە ناوخۆی خۆرهەڵات و لەوێ چالاکی سیاسی بکات، دەتوانێ وەکوو هەدەپ لە باکوور،  سەرکەوتوو بێت و گەلۆ لەوە ناچێت ئەوەیان لە مێشکیاندا وێنا کردبێت؟ دۆخی سیاسیی ئێران وەکوو تورکیە ئاوەڵا هەیە کە حیزبێکی وەکوو هەدەپ لە خۆرهەڵاتیش بتوانێ مانۆڕ بدات و وەکوو ئەو پشتیوانی لە خەباتی شاخ بکات؟ چوونەوە ناوخۆی حدک حاشاکردن لە هەموو ڕابردوویەتی و دەبێ لە سیفرەوە دەست پێ بکاتەوە . لەو کاتە حدک نابێتە هەمان حیزبی وەحدەتی میلی و ئیعتیمادی میللی و ….هتد؟

دروودی: بەڕێز عەبدوڵا حەسەنزادە پارەکە لە دیمانەیەکدا ڕاشکاوانە وتی پ ک ک سیاسەتی خۆگونجاندنی باشی هەیە! جیا لەوەش دیارە هەر دوای دابڕان حیزبەکەیان پەیوەندیی لەگەڵ پ ک ک چڕ کردەوە، دیارە ئەو سیاسەتە سیاسەتی ڕەسمیی ئەوان نییە، بەڵام من وەک خۆم سەبارەت بە شیمانەی چوونەوە ناوخۆی ئەو حیزبە وای بۆ دەچم کە ڕژیمی ئێران ئەگەر زەختی لەسەر بێت دەشێت ڕێ خۆش بکات بۆ ئەو کارە، بەڵام هیچکات هاوشێوەی تورکیە لە ئێران ناکرێت، مەگەر ئەوەی کە لە هێڵی دیاریکراوی ئێراندا بجووڵێنەوە.

ڕاوێژ: باردوخی ئێستا کوردستانی ڕوژهه لات چۆن به ڕێوە دەچیت؟ ئەگەر حیزب له خەباتی چەکداریدا کەمکاری بکات و ورده وردە کەمی بکاتەوە، ئەوە چۆن دەبێ لە حاڵێکدا کە خەڵکێکی زۆریش گیراون له سەر ئەو خەباتە؟

دروودی: حیزبی دێموکرات ئەم ڕووداوانەی پێشبینی کردووە، بۆیە هەر ئەوەندە دەڵێم کە لەگەڵ ئەوەی ماوەیەک ئەم جووڵە تووشی کۆسپی جۆراوجۆر دەبێت بەڵام دەبێ گەشبین بین، لەبەر ئەوە ڕژیمی ئێران پێچەوانەی بانگەشەی خۆی، لە ڕووی  سەربازییەوە تووشی شڵەژان بووە، بەڵام دەکرێ تاکتیک بگۆڕدرێ، بۆ ئەو مەبەستەش بژاردە زۆرە.

ڕاوێژ: باستان لەوە کرد کە بەڕێز حەسەنزادە پاش جیابوونەوە لە حیزبی دێموکرات و بە سەرنجدان بەوەی کە گوتبووی پەکەکە سیاسەتی خۆگۆنجاندنی باشە لەو حیزبە نزیک بۆوە. تا چەندە ئەو هاوڕێیانە دەتوانن لە درێژەی ئەو سیاسەتەیانەدا خۆ لە چوارچێوەی ئێراندا بگونجێنن و چەند لەسەدی مافە ڕەواکان لەو ڕێگەوە دەشێ دڵخۆش بین کە وەدەست دێن؟

دروودی: لە ڕاستیدا خۆی یاسای تورکیە و ئێران لە زۆر ڕووەوە فاکتۆری یەکەمن بۆ لێکدانەوەی ئەو دوو وڵاتە سەبارەت بە میتۆدی هەڵسووڕانی حیزبە کوردییەکان.

لەپێشدا دەبێ بزانین کە لە بڕگەی یاساکانی هەڵبژاردنی تورکیە بەشداریی حیزب و ڕێکخراوەکان ڕێگەپێدراوە، ئەوەش واتە ئەو دەکرێ ڕێکخستنی جەماوەری لە لانیکەمی خۆیدا بکرێ و ئەوەش خۆی بەواتای ئەوەیە کە کەشێکی لەبار چ لە ڕووی یاسایی و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی ڕەخساوە بۆ بانگەشەی ئازادانەی مەڕامنامە و خواستی خۆی بۆیە بێ ئەوەی بمانهەوێ لایەنگیرییەک بکەین هەر ئەم بابەتە دەخەینە ڕوو.

ڕاوێژ: کەواتە کەسانێک کە زۆربەیان زیاتر لە 30 ساڵە لە خەباتدان و بگرە بریندار بوونەو ئەندامانی بنەماڵەیان گیانیان بەختی ئەو ڕێگایە کردووە، چۆناوچۆنە ئێستا بەو ئاکامە گەییشتوون کە دەتوانن لە چوارچێوەی یاسای ئێراندا مافی کورد دەستەبەر بکەن و تەنانەت حیزبی دێموکراتیش تاوانبار دەکەن و خەباتی چەکداری سووک پێناسە دەکەن؟ پێتان وانیە کە لەو ساڵانەدا حکوومەتی ئێران زۆر لەسەر ستراتیژیی حیزبەکان بۆ خەبات کاریگەریی داناوە؟

دروودی: ئەوەی ڕاستی بێ، سروشتی شۆڕشگێڕی ئەوەیە کە تۆ لە بەرامبەر دۆخی داسەپاو و حکوومەتی خۆسەپێندا چەمکێک ئاواڵا بکەی، ئەگینا ئەرزی واقیع ئەوەمان پێ دەڵێ کە ڕۆژئاوا لەگەڵ ڕژیمی ئێران ڕادێت و خەریکی پەیوەندییە، ڕژیمی ئێران لە کاروباری زۆربەی وڵاتانی دراوسێ دەستی باڵای هەیە و تەنانەت لەناو حیزبە کوردییەکانی بەشە جیاجیاکانی کوردستان خەریکی داسەپاندنی ئیرادەیە، لەبەر ئەوە پێم وابێت کە ئەو هێڵە فیکری و ئیستراتیژیکە نەک لەو ڕووەوە کە دەست بە چالاکیی چەکدارانە ناکات، بەڵکوو لەو ڕووەوە کە ڕاشکاوانە باس لە زاڵ بوونی ڕژیم و دەستەوەستانیی بزووتنەوەی کورد دەکات، جێی ڕەخنە و لەخۆیدا لەگەڵ فەلسەفەی شۆڕش و خەبات نایەتەوە.

ڕاوێژ: کاک کەیوان پۆستێکی فەیسبووکیتان دانابوو ئەگەر هەڵە نەبم  گوتبووتان پێویست ناکات حیزبی دێموکرات ئەوەندە پێداگری بکات لەسەر ڕەتکردنەوەی یارمەتیی عەرەبستان. ئەوە بۆ چی دەگەڕێننەوە و پێتان باشە کە لەبەرانبەر تۆمەتەکانی حکوومەتدا چ هەڵوێستێک بگیردرێت؟

دروودی: دەستێوەردانی مرۆڤدۆستانە یەکێک لە بنەما چەسپاوەکانی یاسا و ڕێسا گەردوونییەکانە، ئەو یاسایە ئەگەرچی بەرتاوی هاوکێشە سیاسییەکانە بەڵام لانیکەم لەباری تیۆریک بۆ کورد لە هەرچوار بەشەکە و بەتایبەت ڕۆژهەڵات وەراست دەگەڕێ، حیزبی دێموکرات بۆخۆی پێشتریش پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ حکوومەتی بەعسی عیراق هەبووە و ئەو تۆمەتانەی پێشتریش خراونەتە پاڵی و نەیانتوانیوە ئەو حیزبە والێبکەن کە بکەوێتە پەراوێز، ئەوە بەو مانا نییە کە عەرەبستان، ئیسراییل و .. دەستێوەردانی مرۆڤدۆستانە دەکەن بەڵکوو بەو واتایە دێت کە لە ئەگەری درێژەپێدانی ڕژیم بەو سیاسەتەی ئێستا و بێدەنگیی ناوەندە جیهانییەکان ئەوە مافی کوردە کە خۆی لە هاوکێشەکاندا ببینێتەوە. مەسەلەی تر ڕای گشتیە، حیزبی دیمۆکرات دەبێ بزانێ ئەو کۆمەڵە کەسانەی ئەو پەیوەندییەی بەتاوان ناو دەبەن، لەهەر حاڵەتێکدا دژایەتیی خۆیان درێژە پێدەدەن و بۆیان گرینگ نیە کە لە بەرنامەو پێڕەوی ئەو حیزبە باس لە چ جۆرە سیستەم و مەرامێک کراوە، جیا لەوەش ڕەت کردنەوەی پەیوەندیی ناوچەیی لە درێژخایەندا وادەکات کە ئەو حیزبە بۆ درێژەی ئەم ڕەوتە تووشی کەند و کۆسپی زۆر بێتەوە و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بێت کە ئەو تاوانەی وەپاڵ نەخەن و ئەوەش خۆی لەسەر سیاسەتی حیزب و لایەنی نیزامی بەشێوەی نەرێنی شوێندانەر بێت.

ڕاوێژ: لە باسی پێششدا باس له جووڵه کردنی حیزبی دیموکرات و ڕاسانەوه به گشتی کرا و باس له سەر کاروباری ڕژیم کرا که ڕەنگه له داهاتوودا تاکتیکی نوێ بۆ مەبەستی بەرەوڕوو بوونەوه بکات و بۆ ئەو مەبەستەش بژاردەیەکی زۆر هەیه، دەکرێ هیندێک ڕوونتر باسی لەسەر بکه ن؟

دروودی: بەڵێ! ئێستا حیزبی دیمۆکرات زیاتر لەژێر ڕۆشنایی مادەی 51ی جاڕنامەی جیهانی (بەرگریی ڕەوا) کار دەکات، خۆی ئەم سیاسەتە بەدوای ڕاکێشانی سەرنجی جیهانییە بۆ دۆزی ڕەوای کورد لە ڕۆژهەڵات و زۆریش باشە، بەڵام من خۆم باشترین وڵام بۆ ئەو ناڕوونیەم لە قسەی کاوە ئاهەنگریدا لە دیمانەی چەند شەو لەوەپێش لەگەڵ کاناڵی مەن و تۆدا بینی کە ڕاشکاوانە وتی کە ئەوە حکوومەتی ناوەندییە کە شێوازی بەرەوڕووبوونەوەی ئێمە دیاری دەکات. بۆیە لەگەڵ ئەوەی کە هەموو دەزانین حیزبی دیمۆکرات لە ئێستادا هیچ هێرشێک ناکات، بەڵام لە درێژەدا لەبەر ئەو هێرشانەی کۆماری ئیسلامی دەکرێ بۆ گوشار جاروبار بەشێوەی پێویست سیاسەتی هێرشبەرانە بخرێتە بەرکار کە هەڵبەت ئەوە هێزی دەوێت و پێویستە چاوەڕێی کات بین بۆ ڕوون بوونەوەی، هەروەها بژاردەی تر کەڵک وەرگرتنە لە هاوکاریی ئەو ڕێکخراوانەی کە باوەڕیان بە مەوجوودییەتی کۆماری ئیسلامی و یاسا و ڕێساکانی نییە، بۆ نموونە ڕێکخراوەکانی سەربە نەتەوە بندەستەکان و ئەوانەی دەتوانن لە ناوەندی جوغرافیای ئێراندا زەبری قورس لە پەیکەری ڕژیم بدەن.

ڕاوێژ: پشتیوانیە دەرەکیەکان لە حیزبەکان بە جیا، نەک وەکوو بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی، تا چەندە کۆسپ خۆلقێنەرە بۆ یەکگرتوویی حیزبەکان لەسەر گوتارێکی هاوبەش؟  واتە پشتیوانە دەرەکیەکان، لە بزووتنەوەی گشتی بکرێن نەک حیزبەکان، ڕێگە خۆشکەر نابێت بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش و یەکگرتوویی؟

دروودی: ئەوە جێی داخە کە چاوەڕوان بین لەدەرەوە کۆنترۆڵ بکرێین، بەڵام من ڕاشکاوانە پێتان دەڵێم بەشێک لە ئێمە بە یەکجاری ئەوەی قەبووڵ کردووە کە ڕژیمی ئێران ناڕووخێ، بۆیەش ئاوا بەگومانەوە سەیری جووڵەی نیزامی دەکەن، ئەگەر لە بیرتان بێت کاک عەبدوڵڵا موهتەدی لە دیمانەیەک لەگەڵ ڕووداو ڕاشکاوانە وتی کە ساڵی 2003 کۆماری ئیسلامی لەبەر ئەو ترسەی دوای لێدانی حیزبی بەعس لەلای ئامریکاوە هەیبوو و لەبەر ئاڵۆزیی پەیوەندیی لەگەڵ ڕوژئاوا لەسەر مەسەلەی ناوکی لەگەڵ ئێمە دانیشت. کەوابوو مەسەلەکە زۆر هەستیار و ناسکە و لەوەش کە ئێوە باستان کرد دژوارترە.

ڕاوێژ: قبووڵکردنی ئەوەی کە ڕژیم ناڕووخێت و هەروەها دووپاتکردەوەی ئەوەی ناتوانین و هێزمان نییە و هیچ لەدەستمان نایەت، چەندە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ورەی خەڵک داناوە؟ گەلۆ ئەو لێدوانانە بە دڵخوازی ڕژیم نین و نابنە تەبلیغ و ڕێکلام بۆ حکوومەتێک کە خاکەکەمانه داگیر کردووە؟

دروودی: بەدڵنیاییەوە کۆمەڵگای سیاسیی خۆرهەڵات وەک هەر شوێنێکی تر بەشێکی بچووک لەخەڵک پێکدێنێ، هەموو کەس لە ڕەوتی ئینشعابات نازانێ، تەنیا دەزانێ کە دوو دیمۆکرات و چەند کۆمەڵە هەیە، بۆیە ئەوە زۆر مەترسیدارە، بەداخەوە شۆڕشی ئێمەش بێبەش بووە لە ڕای گشتی و دەنگی شەقام تا تاوانبارەکان بخەنە ژێر زەختی خۆیان، جا لە هەر لایەک بێت.

ڕاوێژ: وەکوو دوایین پرسیار، بەو ئاراستەیەدا کە حدک دەڕوات، چارەنووسی وەکوو حیزبەکانی ئیعتیمادی میللی و ئیختیاری میللی و ….هتد بەسەر نایەت؟! بەو ستراتیژییە جیایانەی کە حیزبەکان پێڕەوی دەکەن و زەوی تا ئاسمان جیاوازن، چ مکانیزمێک پێشنیار دەکەن بۆ یەکگرتوویی؟  حیزبی دێموکرات ئەو بەشە بەفەرمی وەکوو حیزبێک ناناسێت و بە هۆی ئەوەی کە جیاوازی بیریان هەیە ناتوانن یەک بگرنەوە کەواتە ناتوانن لە بەرەیەکدا بن،  چارەنووسمان بەرەو کوێ دەڕوات؟ دڵخۆش بین بە یەکگرتوویی و پێکهاتنی بەرەیەک یان نە؟

دروودی: بەشێک لە حیزبەکان لەدەرەوەی گۆڕەپانەکە ڕاوەستاون، ئەوان زیاتر چاوەڕێی ئەوەن کە ئاخۆ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بەرەو کوێ دەچێت، بەداخەوە ئەوە ڕوانگەیەکی تەندرووست نیە، من پێموایە کە ئەوان لەئەگەری خۆسەپاندنی حدکا دێنە کایەوە و ئەگەریش حدکا تووشی کۆدپ بێت، زیاتر هەوڵ ئەدەن ڕوانگەی خۆیان وەک دژبەری دەسپێک و لایەنی ژیر و مەنتقی دەربخەن، دیسان دەڵێم بەداخەوە کە ئاوایە، لانیکەم ئەم ڕۆژانە من هیچ نیشانەیەکی تری جیا لەمەی کە خستمە ڕوو نابینم، بەڵام دەبێ بزانن کە ڕژیم ئەمجارە لەخودی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژبەر و موخالیفی زۆرە و ئەو پلەوپێگە کارتۆنییە دەکرێ لەرزۆک بکرێ

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت