ئەرکی ژنانی کوردستان خۆرهەڵات لە قۆناغی ڕاسانەوەی خەباتدا/وتووێژی ڕاوێژ لەگەڵ خاتوو نەرمین عوسمانی

0
125

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، یەکێکی‌تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورە ژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی تلێگرامە کە لە ڕێکەوتی ٤ و ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٠١٦) لەگەڵ بەڕێز نەرمین عوسمانی، چالاکی سیاسی و بە پێشکەش‌کاری شوعەیب دانش پەژوو، چالاکی سیاسی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ژووری ڕاوێژ لەسەر مژاری (ئەرکی ژنانی کوردستان خۆرهەڵات لە قۆناغی ڕاسانەوەی خەباتدا) ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: ئەمشەولەدڕێژەی چالاکیەکانماندا مێوانداری بەڕێز خاتوون نەرمین عوسمانییمان کردوە لەسەرمژاری ئەرکی ژنان لەقۆناغی نوێی خەباتدا. خاتوو نەرمین بەخێر بێن.

نەرمین عوسمانی
نەرمین عوسمانی

عوسمانیی: سڵاو هاوڕێیانی بەڕێز، سپاس بۆ میوانداریتان و خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم ئەمشەو پێکەوە باس لە ڕۆڵی توێژێکی گرینگی کۆمەڵگا واتا ژنان دەکەین.

ڕاوێژ: سەرەتا مێژووی بەشداریی ژنان لە خەباتی سیاسیی ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی کورت باس بکەن و بفەرموون چەند قۆناغی تێپەڕاندووە؟

عوسمانی: ئەگەر باس لە تێکۆشانی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، پێویستە بڵێم لەو کاتەوە نادادپەروەری و نەبوونی یەکسانی لە کۆمەڵگای ئێران سەری هەڵداوە ژنانیش هاتوونەتە مەیدان و بەرەنگار بوونەتەوە، بەڵام ڕەنگە بە پێی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا و سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتدارانی زاڵ بەسەر ئەو وڵاتە، شێوەی بەرنگاری و خەباتی ژنانیش گۆڕانی بەخۆوە دیبێت.

ئەگەر ئاماژە کردنمان تەنیا تایبەت بێ بە کوردستان، پێویستە بڵێم لە هەموو قۆناغەکانی بزووتنەوەی کورددا ژنانیش بەشداریان کردووە، بەڵام لە دوای دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد ئاوڕێکی زیاتر لە تێکۆشانی ژنان دراوەتەوە و هەستیار بوونی ئەو توێژە گرینگەی کۆمەڵگا و شوێندانەری لە گۆڕانکارییە سیاسی و پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا زیاتر هاتۆتە ڕۆژەڤەوە. بەو واتایە کە دانانی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان دەتوانێ ناوەرۆکی ڕاستەقینەی دێموکراسی و پێشکەوتنی کۆمەڵگا مسۆگەر بکات. بەڵام نەگۆڕانی

شوعەیب دانش پەژوو
شوعەیب دانش پەژوو

ئەقڵییەتی سیاسی و پێداگر بوونیان لە پەرەپێدان بە دیکتاتۆرییەت ڕێچکەی خەباتی تاکوو ئێستا بە بەردەوامی هێشتۆتەوە.

سەبارەت بە قۆناغەکانی خەباتی ژنان، دەتوانین لە چەند بوارێک دا پۆلێن بەندی بکەین:

 ١: بە پێی گۆڕان لە مێتۆدی خەباتی ژنان.

٢: بە پێی گۆڕانی ڕژیمەکانی داسەپاو بە سەر ئێراندا.

٣: بە پێی گۆڕانکاری کۆمەڵگای جیهانی و سەرهەڵدانی پرسی دێموکراسییەت و دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوە.

کە هەرکام لەو قۆناغ و گۆڕانە سیاسیانە شوێن پەنجە و تێکۆشانی ژنانیشی پێوە دیارە.

ڕاوێژ : ژنان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و لە قۆناغە جیاوازە مێژووییەکاندا و بە شێوازی جۆراوجۆر لە پانتایی ژیانی مرۆڤدا چالاکیان هەبووە، تایبەتمەندییەکانی خەباتی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵات چییە و چ جیاوازییەکیان لەگەڵ چالاکیی ژنانی دیکەی ناوچە و جیهان هەیە؟

عوسمانی: جیاوازییەکان دەگەڕێتەوە بۆ جۆری نادادپەروەری و ڕێزدانەنان بۆ مافەکانیان. بۆ نموونە لە وڵاتانێک ڕەنگە جیاوازیی نژادی بووبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی خەبات بۆ نەمانی ئەو جیاوازی دانانە، وەک ئەمریکا. یان جیاوازیی ڕەگەزی لە ڕاستای بەکەم گرتنی ڕەگەزی مێینە لە بەرانبەر نێرینەدا و هەروەها دەکرێ ئاماژە بە نایەکسانی لە تواناکانی هەردوو ڕەگەز لە چوارچێوەی کارکردن و هەزینەی کاریان و…. بۆتە هەوێنی بەرەنگار بوونەوە و خەبات کردن.

بەڵام ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بەتایبەت لە ئێراندا چ لە مێژوو چ لە ئێستادا دەبینرێت تێکەڵێکە لە هەموو شێوەکانی نادادپەروەری و پێشێل کردنی پرەنسیپە مرۆڤییەکان. لە ئێراندا بەر لە هەموو شتێک پرسی هەبوونی هۆویەت بۆتە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی تێکۆشانی ژنانی کورد، بەو واتایە کە تا ئێستاش ژنانی کورد هاوشانی ڕەگەزی بەرابەریان لە سەنگەری داکۆکی لە ناسنامە و شوناسی نەتەوایەتیان دان  و قوربانیدەری ئەو خەباتەن. لە لایەکی ترەوە دەتوانین باس لە نەبوونی یەکسانیی ژنان لە ماف و ئەرکەکانیان لە نێوئاخنی یاسا و کوولتوورە پیاو سالارانەکاندا بکەین کە کۆمەڵگا و ئەقڵییەتی تاکی کۆمەڵگای بەدوای خۆێدا کێشاوە. کەواتە خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵات بە بێ لەبەرچاو گرتن و خوێندنەوە بۆ تێکۆشانی ژنان، خەباتێکی ناتەواوە و داهاتووی کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەت کوردستان بەبێ حزووری چالاکانەی ژنان هەنگاو بەرەو مۆدێرن بوون و پێشکەوتن نانێت. بە پشت بەستن بە مێژووی تێکۆشانی ژنان.

ڕاوێژ :هەروەک کە ئاگادارن حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران شێوازێکی نوێی لە خەباتی خۆی دەست پێکردووە بە ناوی ڕاسانی نوێ و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات پشتیوانی خۆیان لەم سیاسەتە دەربڕیوە. بەبڕوای ئێوە ئەرکی ژنانی دیمۆکرات و ژنانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات لەم قۆناغە نوێیەدا چییە و بە چ شێوازێک دەتوانن لەم گۆڕەپانەدا چالاک بن؟

عوسمانی: بەر لە وڵامی پرسیارەکەت بە پێویستی دەزانم ئەوە بڵێم کە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خاوەنی سیاسەتێکی واقع بینانە و بەرنامە و پرۆگرامێکی سەردمیانەی دێموکراتە، لە تێکۆشانی ئەو حیزبەدا تاکتیک و ئیستراتیژی هەیە و ئەوەندەی من خوێندنەوەم لەسەر حیزبی دێموکرات هەبێ ئەو قۆناغە قۆناغێکی نوێ نییە و بەڵکوو گۆڕانی تاکتیکە بۆ خزمەت بە ئیستراتیژی نەتەوەیی.

لە حیزبی دێموکرات دا زۆر جار بووە تاکتیک فیدای ئیستراتیژی بکرێت بەڵام ئیستراتیژی فیدای تاکتیک نەکراوە. حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی نەتەوەیی لە ڕاستای خزمەت بە ئامانجەکانی نەتەوەی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان کە پرسی کورد لە دۆخێکی چارەنووس ساز دابووە تاکتیکی خۆی گۆریوە و ئێستاش هەلوومەرج ئەوە دەخوازێت زیاتر ئاوێتەی خەڵکی ڕۆژهەڵات ببنەوە.

ئەرکی ژنانی کورد ئەوەیە وەک هەمیشە رۆڵی پێشەنگ بوون بگێرن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و حزووری چالاکانەیان رەنگدانەوەی هەبێت. ئەو بەشدارییە چالاکانەیش دەتوانی لە هەموو شێوازەکانی خەباتی رەوا و لە هەموو مەتەرێزە شوێندانەرەکان بێت.شێوازی چالاک بوونی ژنان لە خەبات دا  دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی ئاستی زانیاری و تواناییەکانیان و بە تایبەت شوێندانەریان بۆ سەرکەوتنی ئەو خەباتە لە چ بوارێک دا دەتوانێ بخرێتە گەر. مەیدانی خزمەت کردن بەرفراوانە، کەواتە ژنانیش دەتوانن بە مێتۆدی نوێ و کاریگەر رۆڵی چالاکانەی خۆیان بگێڕن.

ڕاوێژ : ژنان بەشێکی بەرچاو لە نووسەران، شاعیران، چیرۆک نووسان و … ـی ڕۆژهەڵات پێکدێنن. بە بڕوای ئێوە ئەرکی تایبەتی ئەم  توێژە لە ژنان لەم قۆناغە نوێیەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات چییە و چۆن دەتوانن پشتیوانی بکەن؟

عوسمانی: دیارە ژنانیش وەک هەموو توێژەکانی تری کوردستان لە بووارە جیاجیاکانی سیاسەت، ئەدەب و هوونەر ….. حزووریان هەیە و بێگوومان هەرکام لەو بووارانەی کە جەنابت ئاماژەت پێدا  دانەبڕاوون لە خەباتی نەتەوایەتی نەتەوەی کورد و هەرکام لەو زانستانە دەتوانن ئامراز و مێتۆدێکی کاریگەر بن بۆ خزمەت بە ئامانجە نەتەوەییەکانمان.لە تاریخی بزووتنەوەی کورد و بەشداری ژنان لە خەبات دا هەرکام لەو بووارانە شوێندانەری خۆیان بووە ، وەک شێعر هەمووکات کاردانەوەی هەبووە لە سەر پێدانی ئاگایی نەتەوەیی بە پێکهاتەکانی کۆمەڵگا و لە کاتە هەستیارەکانیش دا شێعر هاوشانی چەک سەنگەری پێشمەرگەی پڕ کردۆتەوە. کەوابوو بۆ سەرکەوتنی خەبات بەر لە هەموو شتێک پێویستمان بە زانست و زانیارییە و دواتر پراکتیزە کردنی لە مەیدانی کردوەدایە، کەوابوو ژنانی کورد دەتوانن لە هەموو سەنگەرەکانی بەرەنگاری لە دژی دیکتاتۆرییەت و نادادپەروەری ئەکتیڤ و چالاک بن.

ڕاوێژ : کاتێک باس لە بەشداریی ژنان لە حیزبە سیاسییەکان دەکەین، ناوی کومیتەی ژنان یان یەکێتی ژنان دەبینین. لێرەدا  ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە یەکێتی ژنانی ئەحزابی سیاسی تا چ ڕادەیەک سەربەخۆییان هەیە یان باشتر بڵێین ئایا دەتوانن لە دەرەوەی چوارچێوەی سیستەمی ئەو حیزبەدا چالاکی بکەن؟ ئایا ژنانی ناوخۆی ڕۆژهەڵات دەتوانن لەو کومیتە و یەکێتیانەدا بەشداری بکەن؟

عوسمانی: سەبارەت بە یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێویستە بڵێم یەکێک لە دەسکەوتە بەنرخەکانی کۆماری کوردستان و بزووتنەوەی دێموکراتیکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێتە ئەژمار و هەست کردن بە دامەزراندنی ڕێکخراوێک بۆ ژنان بە خوێندنەوەیەکی مۆدێرن و واقع بینانەی کۆمەڵگای کوردستان هەنگاوی بۆ نراوە. حیزبی دێموکرات لە هەموو قۆناغەکانی خەبات دا پشتیوان و یارمەتیدەری ئەو ڕێکخراوەیە بووە بۆ ئەوەی بتوانێ لە ئاست داخوازییەکانی ژنانی کوردستان و پرسە نەتەوەییەکان دا شوێندانەر بێت.

بۆیە یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەوەی ڕێکخراوێکی سێنفی و مەدەنی سەر بە حیزبی دێموکراتە بەڵام هەمووکات توانیویەتی لە ئاست پرسە گرینگ و کێشەکانی ژنان هەڵوێستی شیاوی خۆی هەبێت و جێگای خۆی لە نێو ژنانی کوردستان دا بکاتەوە و لە ئاست چارەسەری کێشەکان و لەقاودانی نادادپەروەرییەکانی داسەپاو بە سەریاندا بێت.یەکیەتی ژنان هەم خاوەنی هێزی کاریگەر و شوێندانەری خۆیەتی ، چ لە نێو خۆی ڕۆژهەڵات و چ لە ریزی ئاشکرای خۆیدا و لە ئیرادەی ئەو ڕێکخراوەدایە لە قۆناغی ڕاسانی حیزبی دێموکرات دا ئەرک ناسانە تر و چالاکانە تر تێکۆشانی هەبێت.

ڕاێژ: یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ڕاسانی نوێی ڕۆژهەڵات، گرێدانەوەی خەباتی شاخ و شارە. بەنیسبەت یەکێتی ژنانی حیزبە سیاسییەکانەوە ئایا مکانیزم یان میتۆدێکی تایبەت هەیە لەپێناو پەیوەست کردنی دەنگی ژنان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات بە دەنگی ژنانی پێشمەرگەوە؟

عوسمانی: سەبارەت بە ڕێکخراوەکانی ژنانی تایبەت بە ئەحزابە سیاسیەکانی تری کوردستان پێویست خۆیان وڵام بدەنەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تایبەتە بە هەموو توێژەکانی کوردستان و ریزەکانی ئەوحیزبە مەکۆی تێکۆشانی هەموو پێکاتەکانی کوردستانە، لە هەمان کاتدا  پێویستە ئاماژە بە تایبەتمەندییەکی گرینگی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بدەم کە چ لە رابردوو چ لە ئێستادا ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە خۆیان لە بەرپرسیارەتی ئەرکە نەتەوەییەکان بەدوور نەگرتووە و لە هەموو قۆناغە تایبەتەکانی خەبات دا  چ وەک ژنانی پێشمەرگە و چ وەک توێژی ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان رۆڵی خۆیان گێراوە.

لە ئێستاشدا ڕێکخراوی یەکیەتی ژنان ئەرکی مێژوویی و ڕێکخراوەیی خۆی بەجێ دەگەیەنێت.بەو واتایە کە ژنان چ لە رووی رێژەیان کە بەشێکی زۆری پێکهاتەی کۆمەڵگا پێک دێنن و چ لە ئاست گرینگیان لە خەباتی یەکسانی خوازی و ماف ویستی دا  کە هەوێنی جێگر کردنی دێموکراسی لە کۆمەڵگا دان پێویستە لە ئەرک و مافدا  رۆڵی یەکسانی خۆیان بسەلمێنن.

ڕاوێژ: بارودۆخی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵات چۆن هەڵدەسەنگێنن و بەبڕوای ئێوە داهاتووی بەشداریی ژنان لە پڕۆسە جیاوازەکانی چالاکیی مەدەنی و سیاسی چەندە ڕوون و دڵخۆشکەرە؟

عوسمانی: کاتێک باس لە خەباتی درێژ خایەنی ژنان دەکرێت لە کوردستان، بەو واتایە دێت کە زەب و زەنگ و چەوسانەوە و بێ مافی ژنانی کورد تا ئێستاش بەردەوامی هەیە. بەتایبەت کە رێژەی بەرچاوی ئەو قەیرانانە بەرهەمی ناسەردەمیانە بوونی دەسەڵاتی سیاسی داسەپاو بە سەر کوردستان و ناوەرۆکی یاسای بنەڕەتی ئەو دەسەڵاتەیە.  ژنانی کورد خوازیاری دوو داخوازی سەرەکین لە کوردستان پاڕاستنی شوناس لە قالبی ڕزگاری نەتەوەیی و یەکسانی لە ماف و ئەرکدا کە بە نەهادینە کردنی دێموکراسی دێتە ئاراوە، کەوابوو تا کاتێک  بەو ئامانجە نەگەین ناتوانین چاوەروانی دۆخێکی باش و ئازاد بین کە ژنانی کورد و پێکهاتەکانی تری کوردستان بتوانن تێدا بژین.ژنان دەتوانن بە پشت بەستن بە ئیرادەی خۆیان و کۆدەنگی لەگەڵ باقی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا دەرفەتی گوونجاوتر و ئاسۆیەکی روونتر بۆ دەخوازییەکانیان بێننە کایەوە، بەو واتایە کە وەک چۆن ئازادی مافی هەموو مرۆڤێکە خەبات کردنیش بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی ئەرکی هەموو پێکهاتەکانە و پێکەوە دەتوانن داهاتوویەکی گەش کە تێیدا رێز لە مافەکانیان بگیرێت بونیات بنێن.سەبارەت بە چالاکی مەدەنی ژنان پێویستە ئەوە بڵێم کە ژنانی کوردستان لە درێژەی تێکۆشانیان سەلماندوویانە کە خوازیاری چارەسەری کێشەکانیانن بە رێگایەک کە دور بێت لە تووندوو تیژی بەڵام بەرگری ڕەوا مافی هەموو پێکهاتە ئازادی خواز و ماف ویستەکانە. لەو باوەڕە دام تا کاتێک بە مافەسیاسی و ئامانجە نەتەوەییەکانمان نەگەین  مەدەنی بوونی چالاکییەکان رەنگی واقعی خۆیان ناگرنە خۆ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت