ئەرکی خوێندکاری کورد لە کوردستان خۆرهەڵات لە قۆناغی ڕاسانەوەی خەباتدا/وتووێژ لەگەڵ ڕەحمان ئەمیری

0
852

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، یەکێکی‌تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورە ژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی تلێگرامە کە لە ڕێکەوتی ٦ و ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٠١٦) لەگەڵ بەڕێز ڕەحمان ئەمیری، ڕاگەیێندکار و چالاکی سیاسی و بە پێشکەش‌کاریی ژوان عینایەتی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ژووری ڕاوێژ لەسەر مژاری (ئەرکی خوێندکاری کورد لە کوردستان خۆرهەڵات لە قۆناغی ڕاسانەوەی خەباتدا) ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ :سەرەتا پێشەکییەک سەبارەت بە مێژوو، ئەرک و چالاکییەکانی یەکێتیی خوێندکاران باس بکەن؟

ڕەحمان ئەمیری
ڕەحمان ئەمیری

ئەمیری: بزاڤی خۆێندکاری هەروەک هەموو بزاڤە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بە درێژایی مێژووەکەی، خۆی لە خواستە سنفی و مەدەنیەکاندا دەبینێتەوە، بەڵام ئەوەی پێوەندی بە بزاڤی خۆێندکاری کوردییەوە هەیە، پرسی نەتەوەییە کە هەر لە قۆناغی یەکەمدا ئاوێتەی ئەم جووڵانەوەیە. یەکێتی خوێندکارانیش لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا بە هەمان نەفس و بە هەمان هێڵی فکریی خواستەکانی خوێندکاران، چالاکی جۆربەجۆری کردووە.

ڕاوێژ: توێژی خوێندکاران یەکێک لە چینە گرنگەکانی کۆمەڵگایە و بزووتنەوەی تایبەتیان لە مێژووی وڵاتانی جیهان هەبووە بە بڕوای ئێوە لە ڕۆژهەڵات پرسێک بە ناوی بزووتنەوەی خوێندکارانی کورد بوونی هەبووە؟

ئەمیری: ئەگەر بە خێرایی ئاوڕێک لە ڕووداوەکانی چەند دەیەی کۆتاێی خۆرهەڵاتی کوردستان بدەینەوە، دەبینین کورد لەوبەشە لە وڵات خاوەنی چەندین بزاڤی ناڕزایەتی بووە کە لەلایەن چینی خوێندکارانەوە ئەنجام دراوە، دامەزرانی یەکێتی خوێندکارانی کورد لە دەیەی ٤۰ـی زایینی لە تاران و دواتر هێرشی هێزەکانی ئەوکاتی ئێران بۆ سەر ڕێبەرانی ئەو یەکیەتیە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە لە کوردستان، ئێمە خاوەن بزاڤی خوێندکاری کوردین بە هەموو پێوەرەکانی. لە قۆناغێکی دیکەدا ڕابوونی ساڵەکانی ٤٦ ،٤۷ ـی خۆرهەڵات لە لایەن کەسانی وەک سمایل شەریف زادەو محەمەدئەمین سیراجی و… کە خۆێندکاری زانکۆ بوون، ڕێبەرایەتی دەکرا، هاوکات لە ئەوروپاش کەسانی وەک شەهید دکتۆر قاسملوو و دەیان خوێندکاری دیکە چالاکی خوێندکاریان دەکرد، لە دوای ساڵی ٥۷یش خوێندکارانی کورد بە دەیان بڵاڤۆک و گۆڤاری خوێندکاری و سەدان سمینار و کۆڕیان بەڕێوە بردووە کە تا هەنووکەش بەردەوامە.

ژوان عینایەتی
ژوان عینایەتی

 ڕاوێژ: لە ئێستادا کە لەلایەن حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە ڕاسانی نوێ دەستی پێکردووە و پێدەچێت هەموو حیزبەکانی دیکەیش لەو ڕاسانەدا بەشداری بکەن، بفەرموون ئەرکی خوێندکارانی کوردی ڕۆژهەڵات لەم قۆناغە چییە؟

ئەمیری: بە حوکمی ئەوەی کە بزاڤی خوێندکاریی کوردی بەشێکە لە بزاڤی نەتەوەیی و هەر لە سەرەتای هاتنە مەیدانەوە خواستە نەتەوەییەکان بەشێکن لە شوناسی بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی، هەر بۆیە هەر ڕاسان و جووڵەیەک کە لە کوردستان درووست ببێ، پێویستە خوێندکاران لە سەنگەری خۆیانەوە بەرگری بکەن، چونکە ئێمە دەبنین کۆماری ئیسلامی جگە لە بەکارهێنانی هێز لە ڕاگەیاندنەکانەوە دژ بەو بزاڤە نوێیە چالاکی دەکات و دەیهەوێ ڕای گشتیی خەڵکی ئیران دژ بە هەر چەشنە دەنگێکی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان چەواشە بکات، بێگومان لە وەها کاتێکدا ئەرکە لە سەر خوێندڤانان دژ بەو هێرشە بەربڵاوانەی ڕژیم لە ڕاگەیاندنەکان لە هەر شوێنێکن بووەستنەوە، بە هێنانە بەرباسی خواستەکانی کورد و هەروەها شەڕئەنگێزیەکانی و وێران کردنی ماڵ و گۆندی خەڵک لەلایەن ئەو دەسەڵاتهوە لە پشت جووڵانەوەکەیان بن.

ڕاوێژ :خوێندکارانی کوردی ڕۆژهەڵات لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە زۆربەی ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییەدا هەڵوێستی تایبەتییان هەبووە.  ئایا هاوکاری و ئاریکاری لەنێوان خوێندکارانی ناوخۆ و دەرەوە هەیە؟ ئەگەر هەیە بە چ شێوازێک؟

ئەمیری: من بەهۆی ئەوەی ئەندامی خوێندکارانم، دەتوانم بڵێیم یەکێتی خوێندکاران بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ خوێندکارانی ناوخۆ بۆ زۆر پرس و بابەت هەبووە کە ڕەنگە لێرە پێویست نەکات ئاماژەیان پێبدەم، لە ئێستاشدا کە قۆناغێکی نوێ لە خەبات و تێکوشان هاتۆتە گۆڕێ، پێویستە خوێندکارانی ناوخۆ چالاکیەکانیان بە پێی شوێن و مەکانیان چڕتر بکەنەوە، یەکێک لەو بابەتانەی لە ئێستادا گرینکە کە خوێندۆاران ئەنجامی بدەن ئەوەیە کە بەرپەرچی ئەو قەڵەم فرۆشە کوردانە بدەنەوە کە لە ڕابردوودا و لە ئیستادا لە میدیاکانی ڕژیم و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دژ بە ڕاسانی حدکا کەوتوونەخۆ.

 ڕاوێژ: بەپێی زانیاری ئێوە تا چەند ئەو هەلومەرجەی ئێستا و ڕاسانەوەی نوێی خەبات که بێ گومان هەر چەشنه بەرنگاریەک لەلایەن ڕژیمەوه دەبیندریت، خوێندکاران و چالاکانی خۆرهەڵات تا چەند دەور دەگێڕن؟

ئەمیری: بەشێکی زۆر لە قورسایی  جووڵانەوەی ڕۆژهەڵات لە سەر شانی خوێندکاران بووە، ئەمە بەو مانایە  ئەوان لەم پرسەدا پێشەنگ بوون، ژمارەیەکیان ئەرکی ڕێبەرایەتی جووڵانەوەکیان لە پێشوو و لە ئێستادا لە ئەستۆ بووە و هەیە، کەواتە کاتێک باس لە ئەرک دەکرێ ئەرک و ڕۆڵی ئەوان ئاشکرایە، چالاکان و خوێندکارانی کورد لە ناوخۆ ڕەسالەتێکیان لەسەر شانە، پێویستە هاوشانی جووڵانەوەکە بە ئەرکی خۆیان زیاتر هەستن، ئەویش هەوڵدان بۆ بەستنەوەی خەباتی شاخ و شارە کە لەم پرسەدا ئەوان لەشاردا دەوری گرنگیان هەیە و لێک گڕێدانی خەباتی شاخ و شار، جووڵانەوەی خورهەڵات دەباتە هەنگاوێکی نوێ کە گەڕانەوە ب  قۆناغی مت بوون و بێدەنگی زەحمەت دەکات.

ڕاوێژ: پێشتر باس له هێندێ له ئەرکه کان و چۆنیەتی چالاکیەکان له ڕاستای ئەرکی خوێندکار له قۆناغی خەباتی ئێستادا کرا، تکایه بفەرموون چالاکییەکانی خوێندکاران لە زانکۆ و شوێنی خوێندیان دەتوانێت لە چ بوارگەلێکدا بێت؟ وئەم چالاکییانە دەتوانن چ کاریگەرییەک لەسەر کۆمەڵگا و خەڵکی ئاسایی دابنێن؟

ئەمیری: لەڕاستیدا ئێمە کاتێک باس لە چالاکی خوێندکاری کوردی لە ئێراندا دەکەین، پێویستە هەمیشە ئەو بابەتەمان لەبەرچاو بێ کە چالاکانی خوێندکاری لەگەڵ داپڵۆسێنەرترین سیستمی ئەمنییەتی بەرەوڕوون کە هەموو چەشنە هەڵسوکەوت و جموجۆڵێک لە ناو حەریمی زانکۆکاندا دەخەنە ژێر چاوەدێرییەوە، بەڵام سەرباقی هەموو ئەو کەشە داخراوە ئەمنییە، هەمدیسان خوێندکاران لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، بۆ وێنە کۆڕوکۆبوونەوە لە دەرەوەی زانکۆ درێژەیان بەکارەکانیان داوە. لەم قۆناغەدا هەروەک پێشتریش باسمانکرد، دەزگا ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات وەک ساڵانی ڕابردوو لە هەوڵی چەواشەکارییە، کە چینی خوێندکار پێویستە بە پێوەندی گرتن لەگەڵ خوێندکارانی غەیرەکورد ڕوونکردنەوەی پێویستیان پێبدەن و ڕەوتێکی ڕەوشەنگری و ئاشناکردنی خوێندکارانی دیکە بە پرسگەلی کوردستان دەست پێبکەن، هەروەک چۆن ڕژیم پێچەوانەکەی دەکات. سوود وەرگرتن لەو گۆڤارە خوێندکارییەی کە ئێستا ژمارەیەکیان لێدەردەچێ، دەتوانێ مینبەرێکی دیکە بێ بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەوتی ڕەوشنگەریی پرسەکانی کوردستان بۆ خوێندکارانی غەیرە کورد بەپێی دەرفەت. لەوەها حاڵەتێکدا کاتێک خوێندکارێکی فارس، تورک… بە درووستی لە سەر پرسەکان و خواستەکانی کورد ڕوون دەکرێنەوە، بێگومان لە ڕێگەی ئەوانەوە دەنگی حەقخوازی و مافخوراویی کوردستان ڕۆدەچێتە ناو قووڵایی ڕای گشتی خەڵکانی دیکە و ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە زۆرجار حیزبە کوردییەکان بەتایبەت حدکا لە ڕابردوودا بە ڕێگەی جۆراوجۆر هەوڵی بۆ داوە.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک : خوێندکاری کورد به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگی زۆری له‌سه‌ر ڕێیە، چۆن ده‌توانن هه‌م له خوێندن به‌رده‌وام بن و هه‌م یارمه‌تیی ڕاسانیش بده‌ن؟

ئەمیری: هەروەک پێشتر باسمکرد چالاکان و خوێندکاران لەگەڵ خراپترین سیستمی ئەمنی لە ناو زانکۆکاندا بەرەوڕوون کە بەداخەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا جووڵانەوەی خوێندکاری تێچوویەکی زۆری داوە و ژمارەیەک خوێندکار شەهید و بە دەیانی دیکەش تووشی زیندان و دواتر لە خوێندن بێبەش کراون، بەڵام لێرەدا دەکرێ بە کۆکردنەوەی یارمەتیی ماڵی، پێوەندی گرتن بە ڕێکخراوەکانی خوێندکاری سەربە نەتەوەکانی دیکە و هەوڵدان بۆ جۆرێک لە پشتگیری بۆ ڕاسانی ئەمجارە، تەبلیغ لەناو زانکۆکاندا بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تایبەتیان و لە هەر دەرفەتێک کە بۆیان دەلوێ پێویستە پشتگیری حیزب و سیاسەتی نوێی حیزب بکەن.

ڕاوێژ: بازنەی چالاکیی خوێندکاران چەندەیە و چەند ڕەهەند لەخۆ دەگرێت؟ ئایا خوێندکاران دەتوانن لە بوارگەلی جۆراوجۆر وەکوو بواری سیاسی ـ ئابووری ـ فەرهەنگی و … دا چالاکی بکەن؟

ئەمیری: چونکە باسەکە لەبارەی خوێندکاری کوردەوەیە و ڕاستەخۆ ئەم بزاڤە جگە لە خواستە مەدەنییەکانی، خواستە نەتەوەییەکانی بەشێکی دانەبڕا بووە لە شوناسی و لە بنەڕەتدا خوێندکاری کورد هەڵگری ڕسالەتێکە، هەر بۆیە ڕەهەندی میللی سەرەکیترینیانە و لەم ڕەهەندەوە ئەوەندەی من ناسیاویم هەیە چووەتە ناو کارزاری پرسەکانی دیکەوە. کاتێ خوێندکاری کورد باس لە خواستەکانی میللەتەکەی دەکات بێگومان ڕاستەوخۆ بەرەولای هێنانه بەرباسی مافە سیاسی و ئابووری و کەلتووریەکانەوە دەڕوات، هەر لەم دەروازەوەیە کە دەتوانێ چ بە کۆ یان بە جیا قسە لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابووری و هەموو ڕەهەندەکانی پێوەندییدار بکەن.

ڕاوێژ: جیاوازییەکانی چالاکیی خوێندکارانی کورد لەگەڵ خوێندکارانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران چییە؟

ئەمیری: هەڵبەت لە وڵامی پرسیارەکانی پێشوودا ئاماژەم پێکرد، بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد جیا لە خواستە پیشەییەکانی، خواست و ئامانجی نەتەوەیشی هەیە کە ئەمە خاڵی جیاوازیی سەرەکییە لەگەڵ بزوتنەوەی خوێندکاری سەرتاسەریی ئێرانی، چونکە بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی بە خواستە نەتەوەییەکانەوە بێچمی گرتووە، هەڵبەت ئەم بابەتەش خوێندکارانی غەیرەفارس کە پرسگەلی زەوتکراوەیی نەتەوەکانیان لا گرینگە دەگرێتەوە.

ڕاوێژ: زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی خۆیاندا کومیتە یان یەکێتی خوێندکارانیان هەیە، ئایا پێوەندییەک لەو نێوانەدا هەیە؟ دەتوانین یەکێتی خوێندکارانی هەموو حیزبەکان لەژێر یەک کومیتەی هاوبەش کۆبکەینەوە؟

ئەمیری: لەڕاستیدا ئێمە وەک یەکیەتی خوێندکارانی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی خوێندەڤانانی کۆمەڵە لە رۆژی 18تیری 1391 فیدراسیۆنی خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان دامەزراند، بۆ ئەوەی فەعالییەتی خوێندکاران یەک بخەین و ببینە خاوەنی گوتاری هاوبەشی خوێندکاری کوردی لە ئێراندا، هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەگەر هەڵەم نەکردبێ زیاتر لە پێنج جار لە گەڵ کومیتە خوێندکاریەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات دانیشتمان هەبووە، بەڵام بەداخەوە بە هۆکارگەلێک نەدەهاتنە ناو فیدراسیۆنەوە و ئەمەش وایکرد تا ئێستا کومیتە یان یەکێتیە خوێندکاریەکانی دەرەوەی خۆرهەڵات گوتاری هاوبەش یان چالاکی هاوبەشیان نەبێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت