دۆخی مافی مرۆڤ و زیندانیانی سیاسی کورد لە کوردستانیی خۆرهەڵات/وتووێژ لەگەڵ نیعمەت مەلا

0
755

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت وتووێژێکە کە لە ڕێکەوتی١٤ و ١٥ی بانەمەڕی ٢٧١٦ی کورد (١٣٩٥ی هەتاوی)لە گەورەژووری ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تلێگرام بە ئامادەبوونی”نیعمەت مەلا” ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤ و بە پێشکەشکاریی “هادی عارفی”، ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤ، لەسەر (دۆخی مافی مرۆڤ و زیندانیانی سیاسی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات)، ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: کات باش کاک نێعمەیی ئازیزلە دەستپێکەوە ئەگەر لە بەر دەستاندا هەیە ئامارێک لە زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی بخەنە روو، دواتریش باسەکە لەو پەیوەندییەدا درێژە ئەدەین.دیارە تەنیا زیندانیانی سیاسیی کورد لێرەدا چوارچێوەی باسەکەی ئێمەیە.

نیعمەت مەلا
نیعمەت مەلا

نیعمەت مەلا: ئەگەر بمانهەوێ باس لە ئامارێکی ڕێکوپێک لەسەر بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتی بێنینە بەر باس و ئاماژەی پێ بکەین، ئەوە دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێ کە بەداخەوە سەرچاوەکانی دەست پێڕاگەیشتن بەو ئامارانە کەمن و ئەگەریش هەبێ ئەوە کەموو کوڕی پێوە دیارە. بەپێی دوایین ئامار کە بەردەستە و دەتوانین وەکوو سەرچاوەیەکی تا ڕادەیەک باش ئاماژەی پێ بکەین، ئەو ئامارەیە کە چەند مانگ بەر لە ئێستا و لەکاتی کۆبوونەوەکانی ژنێڤ بڵاو بوونەوە ئامارێک کە باس لە ریژەی ۷۱۲ بەندکراوی کورد لە ئێراندا دەکا. لەو ۷۱۲ کەسە ۳۸٤ کەسیان بەندکراوی سیاسی و عەقیدەتین کە بەداخەوە زیاتر لە ۵٠ کەسیان حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

ڕاوێژ: بە سەرنجدان بەو ژمارە زۆرە، لە چاو نەتەوەکانی دیکەی ئێران، بەڵام بۆچی هەمیشە بایکوتی میدیا فارسەکان لەسەر زیندانیانی کورد بووە؟

نیعمەت مەلا: ئەمە دەکرێ بەشێکی بڵێن دەگەڕێتەوە بۆ هەمان پەراوێز خستنی بەندیە کوردیەکان لەلایەن لایەنەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و هەروەها نەبوونی ناوەندێکی کوردی سەربەخۆ کە بتوانێ هاوکاری بەندکراوان بدا، ئەگەر ناوەندەکانی بەقەول سەر بە فارسەکان سەیر بکەین ئەوە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی ئەم رێکخراوانە کوردن بەڵام نەبوونی هاوکاریەکی باشی هەمەلایەنە لەچاو کوردەکانەوە، ئەم دۆخەی هێناوەتە ئاراوە کە فارسەکان زیاتر کوردەکان بخەنە پەراوێز.

ڕاوێژ: پێتانوانییە رۆژنامەنووسی بووری چالاکی مافی مرۆڤ بەهۆی کەوتنە ژێر هێژمۆنیی فارسیزم، خۆی هۆکارێک بێ بۆ بایکوت،؟ بۆ نموونە ئەوەندەی وەکوو چاولێکەری باس لە ئومید کەوکەبی دەکرێ، یەک ئەزارمی ئەوە باسی زیندانیی هاوشێوە کوردەکە ناکرێ کە هەمان سمکۆ خلقەتی بێ ( وەکوو نموونە)

هادی عارفی
هادی عارفی

نیعمەت مەلا: بەداخەوە ئەمە دروستە، بەڵام ئەمەش بزانین، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ نابێ خۆیان بخەنە ژێر هەژموونی هیچ حیزب و لایەنێک. جا ئەم لایەنە فارس بێ یان غەیرە فارس بۆ بایکۆتیش هەڵەیە ئەگەر ئەمە لەبەرچاو نەگرین کە زۆریەک لەو کەسانە توانیویانە تا رادەیەکی هەرچەندیش کەم بێ، خزمەت بە نەتەوەکەی خۆیان بکەن. بەڵام لەبەر نەبوونی ناوەندێکی رێکووپێک کە هەموو لایەنەکان پشتگیری بکەن، ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو کەسانە لەگەڵ فارسەکان کار بکەن. ڕاستە ئومید کەوکەبی بەندکراوێکی غەیرە کوردە بەڵام تەعەهودی ئەخلاقی ئەمە ئیجاب دەکا کە باس سمکۆ خلقەتیش بکرێ.

ئێمە دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بەداخەوە ئەوەندەی کە دەبوایە کار بۆ بەندکراوە کوردەکان بکرێ نەکراوە، ئەگەر دەبینین ئومید کەوکەبی لەسەرووی بەندکراوەکانی دیکەیە، ئەوە دەمێکە هەوڵی بۆ دەدرێ.

ڕاوێژ: باشە لەم رۆژانەدا خودی ئەحمەد شەهید لە ڕاپۆرتێکدا باسی ژمارەیەک زیندانیی “سیاسی”ی فارسی کردبوو،بەڵام تەنانەتتبۆ نموونە ئاماژەیەکی بەو هەموو زیندانییە سیاسییە کوردە کە نەخۆشن لە زیندانەکاندا، نەکردبوو. بەبڕوای ئێوە دەبێ میدیای کوردی یان باشتر بێژم چالاکی مافی مرۆڤی کورد دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم،پراوێز خستنە بکەن؟

نیعمەت مەلا: بەداخەوە ئەمە نەک هەڵەی ئەحمەد شەهید بەڵکوو هەڵەی هەموو ئەو ڕاپۆرتێر و ڕاوێژکارانە بوو کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناوی بەندکراوە کوردەکانیش، ڕاپۆرتێکی ئاوا بڵاو بکەنەوە.تاکوو ئێستا دەتوانرا هەموو ناوەندەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت پارێزەری مافەکانی بەندکراوە سیاسی و عەقیدەتی یە کوردەکان، هەوڵ بدەن بە یەکگرتووانە بەیاننامەیەکی هاوبەش و لەچوارچێوەی پەیماننامە سیاسی و مەدەنیەکان، هاوکات لیستی ئەو بەندکراوە کوردانەی کە نەخۆشن، زیندوو بکەنەوە و لەگەڵ بڵاوکردنەوە، بیخەنە بەردەستی کۆمیساریای بەرزی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ڕاوێژ: ئەفسانە بایزیدی لە بۆکان، چالاکی خوێندکارییە و لەسەر دژایەتی کردنی خواهران زینبە؟ ماوەی دوو ساڵە ئیتلاعات ئامانی لێ هەڵگرتووە و بەردووام،زیندانی دەکرێ. بەڵام قەت نەبیندرا چالاکێکی مافی مرۆڤ لە رەگەزی فارس بە ئازادیی زیندانییە کوردەکان خۆشحاڵ بن، بەڵام کوردەکان بە منداڵەکانیشەوە خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئازادیی ئانتا فرقدانی دەردەبڕن!! ئەوە مرۆڤدۆستییە یان سادەییە؟

نیعمەت مەلا: باسم کرد کە چالاکانی مافەکان مرۆڤ نابێ خۆیان بخەنە ژێر هەژموونی هیچ لایەن و نەتەوەیەک ئەرکی هەموو چالاکانی مافەکانی مرۆڤ ئەوەیە بەبێ جیاوازی کار بکەن. چووارچێوەی دیاریکراوی کار بوونی نیە.باس لە ئەفسانە بایەزیدی دەکەن بەڵام هیچ کام لە ئیمە ئامادە نین بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەو بکەین. ئەگەریش ئەمە بکەین، ئەوە یان سەرچاوە نیە، یان بنەماڵەی کەسەکە ناوێرێ قسە بکا. دەبێ ئەوەمان باش لەبیر بێ، تاکوو دەنگی بەندکراوێک نێیەت بەرگوێی رێکخراوەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ، ئەوان ناتوانن لەخۆیانەوە قسەیەک بکەن. دەبێ ئەوەمان باش لەبیر بێ تاکوو تاکێک نەتوانێ ببێتە دەنگی کەسێک، ناوەندێک ناتوانێ داکۆکی لێ بکا. ئاتێنا فرقدانی ڕاستە بەندکراوێکی غەیرە کوردە بەڵام کوردەکان دەنگێک نیە تاکوو ئازاد بوونی بەندکراوێک بگێنێتە گوێی هەموولایەنەکان. ئەگەریش هەبێ ئەو بەداخەوە یان چەند رۆژ تێپەڕ بووە یان لەبەر ئەوەی دەستەبەندی کردنی بەندکراوان ئەمە مەحاڵە کە هەموولایەک لێی ئاگادار بن. لەبەر هۆی دەستە بەندی کردنیان مەحاڵە کەس لێی بەئاگا بێ.

ڕاوێژ: مەوەلەیەکی دیکە لەسەر دۆزی زیندانییەکان هەیە، ئەوەیە کە ئەگەر پەکەکە وەک نموونە بێنینەوە زۆر بە راشکاوانە ناوی زیندانییەکانی کە ئەندامی خۆیانن لە میدیاکانانەوە باسی دەکەن و ئەندامەتییان پشتڕاست دەکەنەوە. بەڵام هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵات هیچکات باس لە ئەندامەتیی ئەو زیندانییە سیاسییانە لە حیزبەکانی خۆیاندا ناکەن، بەبڕوای ئێوە ئەو پشتیوانییە یان خاوەنداریەتییە چ  تەئسیرێکی لەسەر پەروەندەی زیندانییەکە دەبێ؟

نیعمەت مەلا: ئەمە هەڵەیەک کە حیزبەکان دەیکەن و بەبیانۆی پاڕاستنی ئەو کەسە ئەم کارەش دەکەن. بەشێکی زۆر لەبەندکراوە سیاسیەکان بەهۆکاری ئەندامەتی یان هاوکاری و پاڵپشتی کردنی حیزبێک حوکمی لە سێدارەدانیان لەسەرە. لێرەدایە کە دەبێ ئەوە بزانین، لەبەر نەبوونی ناوەندێک کە هەموو لایەنەکان پشتیوانی بکەن و ناوی بەندکراوەکانیان بدەنە ئەو ناوەندە ئەم هۆکارە دێتە ئاراوە. بە بڕوای من باس کرد و هێنانە بەرباسی تەنانەت یەک بەندکراو لەلایەن هەر حیزبێک بێ، ئەوە یارمەتیدەرە بەو کەسە. ئەگەر ناوەندەکانی سەر بە حکومەت بزانین کەسێک ناوی دیارە و باسی لێوە دەکرێ ئەوە لەزۆر شت پاشگەز دەبنەوە. بۆ نموونە دۆخی زۆر بەندکراو لەبواری جەستەیی و روحییەوە زۆر خەراپە بەڵام لەبەر ئەوەی لایەنەکان باسی لێوە ناکەن کەس بەهانایانەوە ناچێ. دۆخی ئێستا وەکوو جاران نیە و دەتوانرێ بە باسکردن لەبەندکراوێک زۆر یارمەتیدەری ئەو بەندکراوە بن.

ڕاوێژ: ڕاستت بوێ من لەگەڵ زۆربەی کەس وکاری ئەو زیندانییە کوردانە قسەم،کردووە، تەنانەت حازر نین لەسەر دۆخی منداڵەکەیان قسە بکەن، چونکە دەڵێن هەم،خۆمان و هەم زیندانییەکەشمان دەکەوێتە ژێر فشار، ئێوە جگە لەوەی کە حیزبەکان پشتیوانی ڕاستەو خۆ بکەن، پێتانوایە دەبێ ئەو ناوەندە مافی مرۆڤییەی کە باسی دەکەن بۆ پشتیوانی، چ تایبەتمەندییەکی هەبێ؟

نیعمەت مەلا: یەکەم و بەر لەهەموو شتێک دەبێ بێلایەنانە بۆ دۆخی هەر بەندیەک بچن. بەو شێوەیە کە هەیە دەبی باسی لێوە بکەن و تەواوی هەوڵیان لەسەر ئەوە چڕکەنەوە کە بنەماڵەکان قسە بکەن. بێدەنگی هەموو لایەک دەبێتە هۆی بەتەنیا مانی بەندکراوێک. تاکوو زانیاری لەسەر بەندکراو زیاتر بێ، هەوڵیش بۆ گەیاندنی هاوکاری بەو زیاتر دەبێ. ئەگەر لێبوردنی نێو نەتەوەیی و هەوڵەکانی چالاکانی پارێزەری مافەکانی بەندکراوان لەئوروپا و ئامریکا نەبان، دەمێک بوو سامان نەسیم لەسێدارە درابوو. تەئسیری گەیاندنی زانیاری دروست باش و هەوڵی بنەماڵەکان دەتوانێ پێش بە هەر جۆرە کارەساتێک بگرێ، هەر بۆیە ئێمە دەبێ زۆر بەباشی پشتیوانی لەبەندکراوە کوردەکان، ئەوکات دەتوانین هەوڵێک بۆ باشتربوونی دۆخیان بدەین.

ڕاوێژ: وەک ئاشکرایە 5 زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە زیندانی هەتاهەتاییمان لە زیندانەکانی ئێراندا هەیە و ڕاستییەکەشی ئەوەیە هیچکات نەکەوتۆتە بەر دیدی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لە ڕاپۆرتەکانی ئەحمەد شەهیدیشدا باسیان ناکرێ و بە داخەوە لەلای خەڵکیش نەناسراون، کە ماوەی 17 بۆ 24 ساڵە لە،زینداندان،  بە بڕوای ئێوە بۆ هێنانە ڕۆژەڤی کەیسی ئەو زیندانیانە دەبێ چ بکرێت لەلایەن کۆمەڵگە و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانەوە؟

نیعمەت مەلا: من لە بەشێک لە قسەکانی دوێشەومدا ئیشارەم بەوە کرد کە بەداخەوە بەو شێوە کە دەبێ هەوڵ بدرێ هەوڵێک بۆ بەندکراوە کوردەکان نەدراوە. بەرێزتان باس لە ۵ بەندکراو دەکەن، ئێمە بەندکراو گەلێکی دیکەشمان هەیە. نابێ جیاوازی بخەینە نێو بەندکراوەکانمان و بەس باس لە ۵ یان ٦ بەندکراو بکەین.

بۆ یارمەتیدانی ئەو رێژە زۆرە لە بەندکراوە کوردەکان سەرەتا دەبێ هەوڵ بدرێ فایلی ئەوان زیندوو کرێتەوە. ئێمە فایلێک کە هەموو زانیاریەکانی لەهەمبەر تەنانەت یەک بەندکراوی کوردی تێدا بێ، نیمانە. ئەگەریش هەبێ ئەوە کۆنە و تاکوو ئێستا چەندین جار ئاڵوگۆر بەسەر دۆخی ئەو بەندکراوە دا هاتووە. سەرەتا دەبێ فایلەکانیان زیندوو بکرێتەوە، ئەوجار ناوەندەکانی تایبەت لێیان ئاگادار ببنەوە. هەموو ساڵێ کۆنفرانس گەلێکی جۆراوجۆر بەرێوە دەچێ کە دەبێ هەوڵ بدرێ هەمووجارێ باسیان بکرێتەوە و شتی نوێ لەسەر ئەو بەندکراوە یان هەموو بەندکراوە کوردەکان بخرێتە بەر دیدی هەموو لایەنەکانی بەرپرسیار لەهەمبەر مافی مرۆڤەوە.

نموونەی هەرە بەرچاو کۆبوونەوەکانی ژنێڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بۆماوەی زیاتر لە چەند مانگ باس لە دۆخی مافی مرۆڤ لە دنیا دەکرێ و ئێرانیش بەشێک لەو وڵاتانەی کە هەموو بەیاننامە مافی مرۆڤیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی قەبووڵ کردووە و بەشێکە لە پرسی ساڵانەی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ.

ڕاوێژ: دیارە من ئەو پێنج کەسەم،بۆیە وەکوو نموونە هێنایەوە کە دوو دەیەیە لە،زینداندان، و بە پێشینەترین زیندانیانی سیاسین هەم لە ئێران و هەم،لە ناو کوردا  بەڵام بەبڕوای ئێوە رەوەندی کوردی لە دەرەوە (تاراوگە)، هەتا چەندە دەتوانی یارمەتیدەر بێت بۆ خستنە رۆژەڤی پرسی ئەو 5 زیندانییە بەتایبەتی و زیندانیانی سیاسیی کورد بە گشتی؟

نیعمەت مەلا: دروستە کە پێشەنگن بەڵام کەسانێکی دیکەشمان هەیە کە لەدۆخێکی زۆر خەراپ دان و نابێ ئەوە لەیاد کەین کە جیاوازی دانان دەبێ هۆی لەپەراوێز خستنی تەنانەت یەک لەو پێنج بەندکراوەش.

توانای هاوکاری لەلایەن رەوەندی کوردی یان بەمان ئەو کەسانەی لەتاراوگە دەژین یەکجار زۆر زیاتر لەچاو نێوخۆی وڵات.

ڕەوەندی کورد لە دەرەوە دەتوانێ بەگەیاندنی فایلی ئەو کەسانە بە ناوەندەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و بەشداری کردن و گەیاندنی دەنگی ئەو بەندکراوانە بەگوێی هەموو ئەوانەی کە چاوەدێرن بەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، گەورەترین یارمەتی دەر دەبێ.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ئوروپا کار دەکا و دەفتەر و هەروەها هەموو چالاکوانەکانی ئەم ڕێکخراوە لە دەرەوەی ئێران دەژین، بەڵام دەبینین کە لە وتاری ساڵانەی ئەحمەد شەهید دا، سەرچاوەی سەرەکی ئەم ڕێکخراوەیە. هەروەها زۆر ڕێکخراوی دیکە، بەڵام نەبوونی ڕێکخراوێک کە بێلایەنە کار بکات و هاوکاری و پاڵپشتی هەمووانی هەبێ، بۆتە بەربەست لەبەردەم هەموو ئەو کەسانەی دڵسۆزی بەندکراوە کوردەکانن و دەیانهەوێ دەنگی ئەوان بن. بەدەر لە دەنگی بەندکراوە کوردەکان ئێمە دەبێ دۆخی بنەماڵەی ئەو بەندکراوانەش لەبەرچاو بگرین، ژیانی نالەباری ئەوان و نەبوونی پاڵپشتی ماڵی بۆ ئەوان گەورەترین گرفتە. کاتێک بەندکراوێک نەخۆش دەکەوێ کەس ئامادە نیە لەبواری مادیەوە تەنانەت هاوکار و هاوڕێی ئەو و بنەماڵەکەی بێ.

ڕاوێژ: ئەو مەسەلەیەی کە لە یاسای دادوەریی ئێراندا زیندانیی سیاسی پێناسە کراوە، چۆناوچۆنە؟ یان باشتر بڵێم ئەو پێناسەیە چآ کەسانێک دەگرێتەوە؟

نیعمەت مەلا: بەپێی یاساکانی ئێران ئەگەر بەندکراوی سیاسی چاو لێکەین ئەوە دەبێ بڵێن ئێمە بەندکراوی سیاسیمان لە ئێراندا نیە. یاساکانی ئێران هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری حکومەتی جەمهووری ئیسلامی دژ بەو کەسانە بووە کە بیر و باوەرێکی جیاوازیان هەیە.

ئەگەر بمانهەوێ بەپێی یاساکانی ئێران سەیر بکەین، ئەوە هیچ وڵمێکی ئەوتۆمان دەست ناکەوێ و بگرە ئەوان بەندکراوەکان بەپێی یاسای شەرعی ئیسلامی بەند دەکەن. ئێمە ئەگەر بمانهەوێ هاوڕێ و هاوکاری بەندکراوەکانی خۆمان بین نابێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە ئاخۆ چوارچێوەی ئێراندا بەکێ دەڵێن بەندکراوی سیاسی و دەبێ هەرچەندین دەبێتە یاسای نێو نەتەوەی و یاسای وڵات لەسەرووی یاسا نێو نەتەوەیاکە چاو لێ بکەین.

ئەو یاسایانەی کە لە ساڵی ۱۳٤٦ کە یەکەم جار دەوڵەتی پاشایەتی لە ئێران هەموو میعادەنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی پەسەند کرد و بڕیاری جێبەجێ کردنیانی لە ساڵی ۱۷ی بانەمەڕی ۱۳۵٤ ـەوە کە بڕیاری جێبەجێ کردنیانی دان و لەدوای هاتنە سەرکاری حکومەتی ئێران لەدوای شۆرشی گەلان، هاتە ئاراوە، دەنا لە چوارچێوەی ئێراندا و بەپێی یاساکانی ئێران و لەتەواوی دەورانی حکومەتی دوای شۆرشی گەلان بەکەڕات باس کراوە کە لەئێراندا بەندکراوی سیاسی نیە و لەدوایین نموونەیدا کە چەند مانگ لەمەو بەریش جەوادی زەریف لە ئوسترالیا باسی کرد و ئەمەی سەلماند کە دەوڵەتی زاڵ بەسەر ئێران هیچ یاسایەکیان بۆ بەندکراوانی سیاسی نیە و ئەمەی دوبارەی کردەوە.

ڕاوێژ: بە واتایەکی دیکە بۆچی زیندانیانی سیاسی وەکوو زیندانیانی ئەمنیەتی لەقەڵەم،ئەدەن؟

نیعمەت مەلا: دەوڵەتی ئێران دەزانێ بەپێی یاسا نێونەتەوەیەکان ناتوانێ بەندکراوی سیاسی لەسێدارە بدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە هەموو بەندکراوەکان دەخاتە چوارچێوەیەکی ئەمنیەتی.

وتم کە لەیاساکانی ئێراندا ئەمە گرفتێکە کە دەوڵەتی ئێران خۆی پێناسەی لە بەندی سیاسی کردووە و بەپێی ئەو تەعریفەش بێ، هیچ بەندکراوێکی سیاسی نادۆزینەوە کە کورد بێ. بەپێی ۵۳ گرێبەستی سیاسی و مەدەنی کە نەتەوەیەکگرتووەکان بەسەر ئەو وڵاتانەدا کە ئیمزای دەکەن، ئەرکداریان دەکا ئە جێبەجێی بکەن، ئێرانیش بەو پێوەرە کە ئەم پەیماننامانەی واژۆ کردووە ناتوانێ بەندکراوی سیاسی لەسێدارە بدا.

ڕاوێژ: ئەگەر لە کۆتاییدا باس لەوە بکەن کە دۆخی زیندانیانی سیاسی و یان شەپۆلی دەستبەسەر کردنەکان لە،دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی ئەحمەدی نژاددا چ گۆڕانێکی بە باشتر بوون یان خراپتر بوون هەبووە؟

نیعمەت مەلا: لە دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد دا رێژەی ئێعدامەکان کەمتر بوو، رێژەیەک کە بەبڕوای چاوەدێرانی مافی مرۆڤ، یەکجار زۆر زیادی کردووە.

لەدەورانی دەسەڵتداری دەوڵەتی ئەحمەی نژاد دا رێژەکە لە سەتا ٤٠ دەرسەد بوو بەڵام ئێستا روە و ۷٠ دەرسەد هەڵکشاوە. ئەگەر چاو لەئاماری ساڵی ۲٠۱۵ بکەین، دەبینین لە ئێراندا زیاتر لە ۸۳٠ بەندکراو لەسێدارە دراون، کە بەبەراورد لەگەڵ رابردوو یەکجار زۆر بووە.  ئەمە لەحاڵێکدایە کە هەنووکە زۆریەک لە لایەنەکانی حکومەتیش تەنانەت دژی یاسای لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوانەن کە لەبەر مادەهۆشبەرەکان لەبەندیخانەن و چاوەڕوانی لەسێدارەدانن.

ئامار و داتای دەقیق کە بتوانین بەو رەزامەند بین بوونی نیە و ئەگەریش هەیە کە کەم و کورتی پێوە دیارە.

بەپێی سەرچاوە گەلێکی خۆجەیی و نیزێکانی بەندکراوەکان ئەم رێژانە دیاری دەکرێن. بەسەدان کەیسی بەندکراوی بێسەرووشوێن کە ئێستاش دیار نیە چیان بەسەر هاتووە، هەر بۆیە لە هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری حەسەنی روحانی تاکوو ئێستا رێژەیەکی یەکجار زۆر بەرچاو دەکەوێ. ڕێژەیەک کە هەر لە یەکەم مانگەکان باسی لە هەڵکشانی ۱٠ لەسەدی دەکرد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.