وتووێژی تایبەتیی ڕۆژی کورد لەگەڵ هونەرمەندی شاری شنۆ “قادر ئەمینی” ناسراو بە دوکتور باوەند

0
158

کوردستانی خۆرهەڵات، خاکێکی داگیرکراوی بێ ئاڵا و دەسەڵات بەڵام خەڵکێکی نەوەستی هەیە و خاوەنی هەزاران هونەرمەند و ڕووناکبیر و چالاکی جیاجیایە بە جۆرێک کە لە سەرجەم ئێراندا دەکرێ بە ڕاشکاوی و بێ پرینگانەوە بڵێین، زیندووترین نەتەوە، نەتەوەی کوردە.

یەکێک لەو هونەرمەندە کوردانە کە بە هەبوونی کاناڵێک لە ڕایەڵەی تلێگرام، هەزاران کەسی لە خۆی کۆکردۆتەوەو بە کەڵک وەرگرتن لە هونەری لاسایی کردنەوە، باسە کۆمەڵایەتییەکان دەورووژێنێ و شەن و کەویان دەکا، گەنجێکی خوێن گەرمی شنۆییە. دوکتور باوەند و کاناڵەکەی بە بوونی چەند کەسایەتی کە دەنگی سەرجەمیان یەک کەس دەوری دەگێڕێ، وایکردووە خەڵکانێکی زۆر جیا لە گوێ ڕاگرتن و ئەندام بوون لە کاناڵەکە، بەشداری بکەن و پرسیاری بۆ بنێرن و ڕای بپرسن و تەنانەت هەڵویستی کۆمەڵایەتی لە رێگایەوە جێ بە جێ بکرێ،

ڕۆژی کورد کە مەکۆیەکە بۆ سەرجەم کوردستانیان و بەتایبەت کەسانی خاوەن بەهرە و چالاک، هەوڵی دا لەگەڵ ئەو هونەرمەندە کوردەی شاری شنۆی دەروازەی کوردستانی خۆرهەڵات وتووێژێک بکات کە بەڕێزیان بەو پەڕی دڵ ئاوەڵاییەوە وەریگرتین، لێرەدا وتووێژ لەگەڵ دوکتور باوەند دەخەینە بەر دیدەی ئێوە خوێنەرانی هێژای ناوەندی ڕۆژی کورد.

ڕۆژی کورد: سەرەتا و بەر لە هەر شتێک تکایە خۆتان بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد بناسێنن.

قادر ئەمینی (دوکتور باوەند)
قادر ئەمینی
(دوکتور باوەند)

دوکتور باوەند: سڵاو و رێزم هەیە بۆ سەرجەم خوێنەرانی ڕۆژی کورد. من قادر ئەمینی ( ناسراو بە دوکتور باوەند)، خەڵکی شاری شنۆ ـی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم، تەمەنم ٣٠ ساڵە و لە پەنا ژیانی ئاسایی و دوکانداری خۆم بە کاری تەنزەوە سەرقاڵم.

ڕۆژی کورد: بەڕێزتان کەی و و چۆن دەستتان بە کاری هونەری خۆتان و لاسایی کردنەوە کرد؟

دوکتور باوەند: هەر لە منداڵییەوە هۆگرییەکی زۆرم بە هونەری لاسایی کردنەوە بوو، هەڵبەت نەک بۆ بێ ڕێزی یان شکاندنی حورمەتی کەسەکان بەڵکوو بۆ وەبزە و پێکەنین خستن و دڵخۆش کردنی کەسانی دەورووبەرم، یەکەم جار کە بە تەواوی دەستم بەو کارە کرد تەمەنم ١٨ ساڵان بوو ئەویش کاتێک بوو کە نەمر مامۆستا قالە مەڕە، باوکی شمشاڵ، هاتبوو بۆ شاری شنۆ و بە بۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لەلایەن (موجتەمەعی فەرهەنگیی شاری شنۆ)وە بانگهێشت کرابوو، لە ناوئاخنی بەرنامەکان داوام لێکرا و لە ناوبڕی بەرنامەکاندا، چەند لاساییەک پێشکەش بکەم و منێش بە خۆشیەوە چووم و هونەری خۆمم خستە ڕوو، یەکەم شەو خەڵکانێکی زۆر پێشوازییەکی گەرمیان لێکردم و هەندێ خەڵاتیشم پێشکەش کرا کە دڵگەرمیان کردم، بۆ شەوی دووهەم بەرنامەکە بەو شێوەی کە دەبێ و دەمویست نەچۆ پێش، هەڵبەت لە ماڵێش بە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەی ئێمە مەزهەبی بوون و دوو باپیرم هەردووک مەلابوون، زۆرم ڕێگری لێکرا.

بەداخەوە من باوکی خۆم نەماوە و لە لای مام گەورە بووم و مامیشم هیچ حەزی بەو هونەرەی من نەدەکرد و ئەوە وایکرد من نەتوانم شەوی دووهەم بەشدار ببم و ئەوەش وایکرد هونەرەکەم بۆ ماوەیەکی زۆر سەرکووت بکرێ و مەیلی بنێم.

ڕۆژی کورد: چۆن بوو هاتنە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە کردنەوەی کاناڵێک دەستتان بە کار کرد؟ چ شتێک وا هانی دان؟

دوکتور باوەند: ئێمە دەبێ لە بیرمان بێ، ئەو کەسانەی کە گوشاری ئابووری و کۆمەڵایەتیان زۆرتر لەسەرە، زۆرتر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن تا کەسانی بێ خەم، منیش بەو پێیە هەستم کرد کە دەتوانم کەسانێک لە دەوری خۆم کۆ بکەمەوە بەتایبەت ئەوانەی کە خەمێک لە ڕوخساریان دایە بەڵام پڕن لە خۆزگە و جوانی، هەر بۆیەش کاناڵێکم خستە گەڕ بەو هیوایە بتوانم هەم خەمەکانیان بێنمە ئارا و بیانخەمە بەر باس  و هەم بزەیەکیش بخەمە سەر پەڕەی لێوی پڕ لە کوڵیان.

ڕۆژی کورد: بەڵام بەڕێزت لە هەمبەر تێکۆشانت هیچ پووڵێک وەرناگری، درێژەدان بەو کارە زەحمەت نیە بۆتان؟

دوکتور باوەند: من بڕوام وایە مرۆڤ هەر هونەرێکی هەیبێ دەبێ پێشکەش بە هاونیشتمانیانی و هاوزمان و کەسانی دەورووبەری بکات و نەیشارێتەوە، هونەر نابێ بفرۆشترێ، خۆش وایە و درووست وایە پارە لە خزمەت مرۆڤ دابێ نەک بە پێچەوانە مرۆڤ لە خزمەت پارەدا، هونەری من هی گەلەکەمە، خۆشحاڵیشم کە لە ڕێگای ئەو کاناڵەوە توانیم یارمەتی بۆ هەژاران کۆ بکەمەوە بەتایبەت کە مانگی ڕەمەزانە یان ئەوا بەرەو جێژن دەڕۆین و کۆمەڵگای ئێمەش ئەو ساڵانە تووشی قەیرانێکی زۆر بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە بووە، خۆشحاڵم کە توانیم لە ڕێگای هونەرەمەکەوە ئەو ئەرکە بەجێ بهێنم.

ڕۆژی کورد: چۆنە زۆرترین باس و هەوڵەکانی ئێوە کێشە و خەسارە کۆمەڵایەتیەکانی کوردستانن؟ مەبەستێکتان هەیە؟

دوکتور باوەند: بە هۆی ئەوەی کە من لە ناو کۆمەڵگایەکدا دەژیم و بڕواشم بەو کۆمەڵگایەی خۆم هەیە و ناشمهەوێ و ناشبێ کەلتووری ئەو کۆمەڵگایە بفەوتێ و جوانێکانی کاڵ ببنەوە، ڕاگرتنی ئەو کەلتوورەی کۆمەڵگای من ئاوات و هەوڵ و خەونی من بووە، کەلتووری من چەکی دەستی منە، ئەوەش وادەکا زیاتر لە هەر شتێ ئاوڕی لێ بدەمەوە و کاری لەسەر بکەم.

ڕۆژی کورد: کۆسپ و کێشەکانی سەر رێگای جەنابت چیە؟

دوکتور باوەند: کۆسپ و تەنگ و چەڵەمەکانی ژیان، مامۆستای من بوون وزۆریان پتەو کردم، یەکێک لەوانە بێ باوکی بوو کە لە تەمەنی ١٠ ساڵاندا لە دەستم دا، هەر لە منداڵییەوە دایکی خۆم گەورەی نەکردووم، لە ماڵی مامم گەور بووم و دواتر ژیانی خێزانیی خۆشم هەڵوەشا، گەورەترین دەرد و ئازاریشم ئازاد نەژیانی کوردستانە، ئەو ئازارانە هەمێشە لەگەڵ من بوون و تا ئێستاش هەن.

ڕۆژی کورد: با بچینە سەر باسی ئەو کەسایەتییانە کە ئێوە لاساییان دەکەنەوە، دەکرێ بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد بیانناسێنن؟

دوکتور باوەند: ئەو هونەرەی من کە بریتیە لە لاسایی کردنەوەی دەنگەکان کە خواپێداوانە دەتوانم دەنگێکی یەکجار زۆر لاسایی بکەمەوە کە یەکێکیان “حەمەی مهابادی” یە، باوەند کە دەنگێکی ئایینی و پزشکی هەیە، پیرەپیاوێک، پیرەژنێک، کچێک بە ناوی ڕابی، دەنگی بێژەرەکانی ڕووداو، دەنگی منداڵێک و دەنگی زۆربەی گۆرانیبێژی وەک مامۆستا خالقی و دەنگی فیلمە بەڵگەییەکانی ئاژەڵان و تەنانەت دەنگی زۆرێک لە هونەرمەندە گۆرانی بێژە کورد و فارسەکانیش.

ڕۆژی کورد: باستان لە ئازارەکانی خۆتان کرد، خەمی بێ باوکی و بێ دایکی و گەورەبوون لای مام و …تاد، کەواتە خۆتان ئازاردیتوون، کە دەبینن ئازاری خەڵک دەڕەوێننەوە و بزە دەخەنە سەر لێویان، چ هەستێکتان هەیە؟

دوکتور باوەند: مخابن من ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەریم بووە بەڵام هەمێشە ئەو ئازارانەم لە مێشک و هزری خۆمدا ڕاگرتووە و لە ڕێگای لاسایی کردنەوە کردوومنە کەرەستەیەک بۆ گەیاندنی ئەو ئازارانە بە خەڵک و خستنە بەرباسی کێشە و تەنگژەکانی کۆمەڵگای کوردی، هەمێشەش بە خەڵکم گوتووە، هیچ کات لە هەمبەر ئازار خۆتان ڕادەست مەکەن، ئازارەکان بکەنە چەکیک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان و ژیان بە بزەوە درێژە پێبدەن.

ڕۆژی کورد: خەڵک چۆن پێشوازیتان لێدەکا؟ ئایا ڕەنگدانەوەی باشی بووە؟ پەیوەندی خەڵک بە ئێوەوە چۆنە؟

دوکتور باوەند: بە خۆشیەوە دەچمە هەر شارێکی کوردستان وەک مهاباد، بۆکان، سەقز، نەغەدە و …تاد، هەر کە ناسیانمەوە زوو داوا دەکەن وێنەیەکیان لەگەڵ بگرم، ئەوەش هەستێکی خۆش لام درووست دەکا، ئەوەی کە لای خەڵک خۆشەویست بی، هەستێکی خۆشە.

لە شنۆش بە هۆی ئەوەی کە بە هۆی کوڕەکەمەوە ناتوانم ڕۆژانە لە سەر کار بم (لە دوکانەکەم)، وەک کوتم بەداخەوە دایکی خۆی لا نیە، بەو هۆیەوە شەوانە دەچمە دوکان و کار دەکەم، شەوانە خەڵکانێکی باش و خوێن گەرم لە دەورەم کۆ دەبنەوە، لە ناو شاریش هەمیشە بە ڕووی خۆش و زمانی ڕێزەوە پێشوازیم لێکراوە، زۆر جار کەسانێک کە بۆ یەکەم جار دەمبینن و گومان دەکەن کە خۆمم یان نا و ماوەیەک لێم ڕادەمێنن و کە دڵنیا دەبن منم (دوکتور باوەند)، بە خۆشیەوە دێنە پێش، داوای وێنە گرتن دەکەن و زۆر جاریش کەسانێک ویستوویانە بە شێوەی مادی یارمەتیدەرم بن بەڵام بۆ من هونەرەکەم هونەرە، هونەرێکی بێ بەرانبەر و تەنیا لە رێگای نێشتماندا.

ڕۆژی کورد: لە کۆتاییدا ئەگەر قسەیەکتان هەیە کە پێویستە ئاماژەی پێ بکەن یان ئێمە باسمان نەکردووە، بفه‌رموون

دوکتور باوەند: لە کۆتاییدا ڕوو لە هاووڵاتیان و هاونێشتمانیانی خۆم چ ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن چ ئەوانەی لە ناوخۆ، تکایە تەنیا بۆ پێکەنین و کات ڕابواردن چاو لە بابەتەکان و کارەکانی من مەکەن، با بچنە ناخی مەبەستەکانمەوە، با بچنە ناو دڵی ئەو پرسکرێک و کێشە کۆمەڵایەتییانەی باسیان لێوەدەکەم. لە هەمانکاتێشدا ڕوو لە کەسانی خاوەن بەهرە و توانایی دەڵێن، تکایە هیچ کات مەترسن، هونەری خۆتان مەشارنەوە و بیخەنە گەڕ، لە کۆتاییدا سەرکەوتوو دەبن.

لە کۆتایی وتووێژەکەدا سپاس بۆ ڕۆژی کورد و ئەنجام دانی ئەو وتووێژە و هەوڵەکانتان لە خزمەت بە نێشتمان، هیوای سەرکەوتن بۆ سەرجەم ستافی ئەو ناوەندە خۆشەویستە

https://telegram.me/bavnd

بۆ چوونە ناو کاناڵی تلیگرامی   “باوەند و تەنز” لێرە کرتە بکەن

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت