وتووێژی ژووری ڕاوێژ لەگەڵ ئازاد سلێمانی، بەرپرسی ڕێکخراوی کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات

0
748

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، یەکێکی‌تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورە ژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی تلێگرامە کە لە ڕێکەوتی ٢ و ٣ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٠١٦) لەگەڵ بەڕێز ئازاد سلێمانی، سکرتێری یەکیەتیی بەرپرسی ڕێکخراوی کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات و بە پێشکەش‌کاری ئیمان مورادوەیس، چالاکی سیاسی  لەسەر مژاری (ئەرکی لاوانی کوردستانی خۆرهەڵات لە قۆناغی ڕاسانەوەی خەباتدا) ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ:سەرتابەکورتی خۆتان بەهاوڕێیانی گەورەژووری ڕاوێژ بناسێنن؟

ئازاد سلێمانی
ئازاد سلێمانی

سلێمانی: ئازاد سلێمان، بەرپرسی ڕێکخراوی کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات و هەروەها چالاکی سیاسی.

ڕاوێژ: تا چەند وەک ڕێکخراوەکانی لاوانی ئەو دوولایەنەی دێموکرات وکۆمەڵە، هەروەک هەردوو حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە ، هاوکار و هاوپەیامانن؟

سلێمانی: بەڵێ، ئێمە و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاوکاری چڕوپڕمان لەگەڵ یەک هەیە لە بابەت ڕێکخراوەکانی تر، ئێمە لە لێژنەی ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتدا هاوکاریمان هەبووە.

ڕاوێژ: پڕۆژە و بەرنامەتان بۆ لاوان چیە ؟

سلێمانی:  وەک خۆمان تێکۆشاوین بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی لاوانی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە پەیوەند بە دەستهێنانی ماف و داخوازییەکانیان.

ڕاوێژ: یاسا و بەرنامە کارییەکانی ئێوە چۆن دەچێتە پێش؟

سلێمانی:  ئامانجی یەکەممان پرسی نەتەنەیی و هەروەها ڕێکخستنی سەرجەم ڕێکخراوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە.

ئیمان مورادوەیسی
ئیمان مورادوەیسی

ڕاوێژ: سازماندەهی و رێکخستنتان لە ناوخۆی ڕۆژهەلات چۆنە؟

سلێمانی:  ئەوەی پێویست بە باس کردن بێت لێرە، ڕێکخستنی  شێوەی کار و کۆکردنەوەی لاوان، وەئاگاهێنانەوە و وشیار کردنەوەی لاوان بۆ دوورکەوتنەوە لە کێشەو گرفتە کۆمەڵایەتییەکان و تەیار بوون لەسەر پرسە سیاسیەکان.

ڕاوێژ: لە کۆتایەکانی ساڵی ڕابردووی هەتاوی پرسی کۆنفرانسی لاوانی ڕۆژهەلات لە ڕۆژەڤ دا بوو، چ بەرنامە و پلانێکتان بۆی هەیە؟

سلێمانی: هەوڵماندا کۆنفڕانسی دووهەم لە بابەت کۆی گشتییەکەیەوە بگرین، هەروەها لە بابەت ناوخۆی کوردستان هەوڵمانداوە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ناوخۆ پەیوەندی بگرین و پێکەوە بە وەزنێکی زۆرترەوە هەنگاو بنێین. و ڕێگەچارەی هەمەلایەنە بۆ مەیەلەکان بدۆزینەوە. مەسەلەکان بدۆزینەوە.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک: پێناسەیەک لە ڕێکخراوەکەتان بکەن و تا ئیستا چەند کۆنگرەتان گرتووە و ناوەندی ڕاگەیاندنتان چۆن دەچێتە پێش؟

سلێمانی: ڕێکخراوی کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات لە سێ ساڵی ڕابردوودا کۆنگرەی یەکەمی خۆی بەست، لە ئێستادا هەوڵ دەدات بۆ بەستنی کۆنگرەی دووهەم، ناوەندی ڕاگەیاندنیشمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بڵاو دەکرێتەوە.

ڕاوێژ: باس له کار کردن له سەر لاوان و کۆکردنەوەیان کرا تا چ ڕادەیەک لاوانی کوردستان وەرگری ئەو بابەته بوونه و تا چەند توانیویانه ئەو ئررکه برجێ بێنن  و بەشدار بن؟

سلێمانی: وێڕای لەبەر چاوگرتنی ئەو هەموو کێشەو گرفتە کۆمەڵایەتییانەی لاوانی ئێمە تووشی هاتوون، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە هەوڵەکانمان بێ ئاکام نەبووە و دەرەنجامی باشی هەبووە، دیارە هەوڵەکان تەنیا لە ئەستۆی ئێمەش نەبووە بەڵکو ڕێکخراوەکانی تریش ئەو کارەیان کردووە، ئەنجامەکەشی هاتنی بەلێشاوی لاوانی کوردە بەرەو خەباتی پێشمەرگانە و لە ناوخۆش درووستکردنی میتینگ و ڕێکخراوەکانی ناو شارەکان.

ڕاوێژ: لە پێوەندی بە دنیای دەرەوە و  بەشداری لە کۆڕ و کۆمەڵ جیهانییەکان و ئەو کۆنگرانەی لە ئاستی جیهانی دەکرێت وەک ڕێکخراوەیەکی کوردی چۆنیەتی بەشدارییتان لە چ ئاستێک دایە و ئایا جگە لە لایەنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هیچ لایەنێکی دیکەی ڕۆژهەلات دەرگای بەرەوڕووی ئەو کۆنگرە و سمینارە جیهانییانە دا کراوەتەوە؟

سلێمانی: تا ئەو جێگەیەی پێویست بە باسکردن بێت، ئەویە کە هەر لاوێک کە هەوڵ بدات ماف و داخوازییە بەرحەقەکانی گەلی کورد و لاوانی کورد بەدەست بێنێت و تێبکۆشێت بۆ رزگاری نەتەوەیی و دڵسۆزی بکات لەم پەیوەندەدا، بێشک دەتوانێت لە رلکخراوی کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات جێگەی بێتەوە .

ڕاوێژ: پلان وبەرنامەتان بە نیسبەت راسانی ڕۆژهەلات چیە؟

سلێمانی: بێ گومان هەمووکات تێکۆشانی خەباتکارانی کوردستانمان پێ شتێکی گونجاو بووە و هەیە، بەڵام دەبێت بیرێکی هەمەلایانەی بۆبکرێت تا خاوەنی تەرح و پلانێکی هەمەلایەنە و لێهاتووانە بین.

ڕاوێژ: باستان له هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوه کوردیکانی ترتان کرد که به رەو پێش چووه، تکایه دەتوانن بۆمان ڕوونی بکەنەؤه که به ڕای خۆتان تا چەند دەتوانێ بەرەو پێشکەوت بچێ و هەروەها گرینگی ئەو هاوکارییه له لایه ن ڕێکخراوه کان و هه روەها له لایه ن حیزبی کۆمەڵه، تا چەند جێی بەردەوام بوون و جێی هیوایه؟

سلێمانی: هەر هاوکارییەک هەنگاوێکە ئەوە شتێکی ڕوونە. ئێمە لەگەڵ ڕێکخراوی یەکیەتی لاوانی کوردستان چەندین هەنگاوی وەک کاری دێپلۆماسی هاوبەش و گرتنی کۆڕ و سیمیناری هاوبەشمان ئەنجام داوە، لە بابەت کارە حیزبییەکانەوە کۆمەڵە زۆر گەشبینە کە لە داهتووی نزیک دا حیزبەکان هەنگاوی جدیتر دەنێن بۆ نزیک بوونەوە لەیەک و کاری هاوبەش، لە بابەت کاری هاوبەش زۆر هەنگاومان لە نێوان کۆمەڵە و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا بینیوە، و هەمووکات هەوڵ دراوە حیزبەکانی تریش تێیدا بەشدار بن.

ڕاوێژ: هاوڕێک دەپرسێ: تکایه کاک ئازاد ئەگەر دەکرێ وەکو لایەنێکی سیاسی کورد باسمان ب لەو بابەتەی بکەن که له وڵامی پێشودا فەرمووتان گرفتی کورد بەتایبەتی لاوانی کورد، و ڕوون کردنەوەی ئه و گرفتانە وەکو لایەنێک؟

سلێمانی: هاوڕێی بەڕێز ئێمە وەک خۆمان بێ وچان نەوەستاوین و هەموو کات لەو حەولە دا بووین و بە ئەرکی سەرشانی خۆمانمان زانیوە، هەرکەسەو  بە پێی توانی خۆی. ئەگەر باسی کێشەو گرفتەکانی کوردو لاوانی کورد بکەین دونیایە گرفتە هەر پرسی مادە هۆشبەرەکان زۆڵم و زۆرە نەتەوەیی و سیاسییەکان، بە شارۆمەندی پلە دوو بە هەژمار هاتن و هەزارانی تر، جا بەردەوام لەو ڕاستایانەدا لە خەڵک نزیک بووینەتەوە و وەک بەرپرسیارەتی خۆمان بەردەوام هەوڵی شیکردنەوەی بابەتەکانمان داوە.

ڕاوێژ: ئایا هیچ بەرنامەیەک لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکەی ڕۆژهەلات لە بەرنامەتاندا هەیە، بە تایبەت یەکیەتیی لاوانی دیموکرات؟

سلێمانی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە لە داهاتووی نزیک دا هەنگاوە دوو لایەنەکە دێتە بوواری کردەییەوە.

ڕاوێژ: بچینە سەر دۆخی لاوان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئێوە چۆنی دەبینن و بەرنامەتان بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێژیم لە هەمبەر وەزعئیەتی لاوان چییە؟

سلێمانی: لە ئێستادا هەوڵی جیدیمان کۆکردنەوەی لاوانە و تەیارکردنیان. لەم هەلومەرجەدا پێمان وایە کە لاوانی کوردستان تووشی کێشەو گرفتگەلێکی یەکجار زۆر هاتوون و دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، هەردەم هەوڵمان داوە لاوان بەشداری لە شۆڕشدا بکەن و  لە لەیەکی تریشەوە خۆ ببوێرن لەو رێگایانە کە خەساری کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە. جا بەداخەوە لە ئێستادا ناکرێت هەموو پڕۆژەکان باس بکەم بەڵام بە دڵنییایەوە لە داهاتووی نیک دا دێنە بوواری جێبەجێ کردنەوە.

ڕاوێژ :خەساری کۆمەڵایەتی شرۆڤە بکەن ،ئەوخەسارانە چین بۆلاوان؟

سلێمانی:  تووش بوونیان بە مادە سڕکەرەکان، نەخوێندەواری، بێ کاری، کوشتنیان بەردەوام لەسەر سنوورەکان لە کاتی پەیدا کردنی پارویەک نان، لە هەمووی خراپتر فریودان و چەواشەکردنیان بۆ پەیوەستبوونیان بە دام و دەزگاکانی حکومەتی.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێک: کاروتێکۆشانی یەکیەتی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەدونیای دەرەوە چۆن دەبینن؟

سلێمانی: هەنگاوی جدییان ناوە و پێموایە هەنگاوی تریش دەنێین کە جێگای دڵ خۆشییە.

ڕاوێژ: دیاردە کۆمەڵایەتییەکان چۆن پێناسە دەکەن و پلانتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی چییە؟

سلێمانی:  دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دەچنە خانەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ هەر بابەتێکی کۆمەڵایەتی تەرح و پڕۆژە و پلانی تایبەتمان هەیە کە لە ڕاگەیاندنەکانی خۆمان بە وردی ئاماژەمان پێ داوە و هەردەم ئەندامانی خۆمان لە ناوخۆی کوردستان پێ تەیار کردووە کە هەمووکات ئامادە وڵام بە پێشهاتەکان بن.

ڕاوێژ: هەروەک دەبینین لاوانی کوردستان لەژێردەستی حکوومەت داژیان بەسەردەبەن وڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی دووربوونەوەیان لەلایەنەکان ،پرسیارلێرەدایە، ئایاڕێکخراوی ئێوە هیچ پلانێکی بۆرووکردنەوەی لاوان هەیە؟

سلێمانی:  ئێمە لە ڕێگەی تۆڕە سازماندراوەکانمان لە شار و لادێ کانی کوردستان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانمان، هەمووکات هەوڵمان داوە ورە ببەخشی ن بەشێک بین لە بزوێنەرە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە ئێمە خەڵک بە دوور نازانین و هەردەم ئەو پەیوەندییەمان راگرتووە و بە خۆشحاڵییەوە لاوانی کوردستان بە گەرم و گوڕییەکی زۆرەوە بە پیر ئەم هەنگاوەوە هاتوون.

ڕاوێژ: چ میکانیزمێک لە بەر دەستە تا زیاترین بەشداریی لاوان لە خەباتی نوێی کوردستانی خۆرهەڵات بێتە ئاراوە؟

سلێمانی: دیارە میکانیزمەکان زۆزن بۆ باس کردە، خەباتی پێشمەرگانە، خەباتی مەدەنی و سیاسی و ڕێکخراوەیی، و زۆرها شتی دیکە، بەڕای من میکانیزمو دەرفەت زۆرە بۆ بەشداری لاوان لە خەباتی نەتەوەیی دا.

ڕاوێژ:تا ئێستا وەک یەکیەتیەکانی لاوانی کوردستانی خۆرهەڵات، هەنگاوەکانی خۆتان بۆ هاوکاری چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

سلێمانی:  ئێمە وەکوو کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات، بە لە بواری ڕاگەیاندن و هەروەها بە گرتنی میتینگ و سیمینار و کۆبوونەوە ی بەرفراوان،  هەروەها لە ناوخۆش دا وێڕای کۆکردنەوەی ڕێکخراوەکانی تر و هێنانە بەرباسی زۆرەها پرسی ئیمڕۆ، بە وردی کارمان لەسەر ئەم شتانە کردووە. دیارە لە پاڵ هەموو هەنگاوە تاک لایەنەی خۆمان، هەنگاویشمان ناوە بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم ڕێکخراوەکانی تر و بە تێکڕا هەوڵێکی گشتی بدەین.

ڕاوێژ: لەوڵامی پرسیاری پێشوودا باسی مکانیزمتان کرد،ئێوە چۆن ئەو میکانیزمانە ڕێبەری دەکەن؟

سلێمانی: یەکێک لەو بابەتانە هەنگاونان بۆ وشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتییە، ڕێکخراوی ئێمە بە چڕوپڕی هەنگاوی لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا ناوە کە ئاگایان ناوە بۆ پرسە جیاکانی ناوخۆی کوردستان و تەیارکردنی خەڵک بە مەسەلەکان، دیارە هەر لایەنێک و بە جۆرێک کار و تاکتیکی خۆی دادەڕێژێت، ئێمە وەکوو خۆمان زۆرتر لە ڕێگەی تۆڕەکانی ناوخۆمان هەنگاو دەنێن.

ڕاوێژ: لە ڕوانگەی خۆتانەوە ئاسۆی داهاتووی کوردستانی خۆرهەڵات چۆن دەبینن؟

سلێمانی: دیارە لە ئێستادا کزییەک بە کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە دیارە، بەڵام دەبێت دەرفەت بێتەپێش بۆ هەنگاو نان، کوردستانی ڕۆژهەڵات هەردەم زەرفییەتی بەرخۆدان و هەستانی کۆمەڵایەتی تێدا بووە، بەڵام هەروەک پێشووتر باسم کرد کوردستان تووشی زۆرێک کۆسپ و لەمپەر بووە، ئەمانەش ڕێچاری هەیە، کوردستان ئاوا نامێنێت و بووژانەوەیەک دەست پێدەکات و هەموومان پێی دڵخۆش دەبین. مەسەلە ئەوەیە کە هەر هەنگاوێک بە باش دەزانین بەڵام هەندێک هەنگاو پێویستی بە بڕیاری سەرجەم لایەنەکانەوە هەیە.

ڕاوێژ: ئێوە وەک یەکیەتی لاوانی حیزبێکی کوردی لە کوردستانی خۆرهەڵات دوورن، چۆن دەتوانن یان توانیوتانە ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە؟

سلێمانی: وەک پێشتریش باسم کرد دوو ڕێگەچاری بنەڕەتی هەیە، یەکەمیان تۆڕە کۆمەڵایەتییه کان، دووهەمیان کاری ورد و چڕوپڕی ناوخۆی و ڕێکخستنی لاوان بووە لە ڕێگەی ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوەکەمان. دیارە لەم سەردەمەدا دوورکەوتنەوە زۆر نیە، ڕێگە چار  و مکانیزمی گونجاو و هاسان هەیە کە هەموو کات لەبەر چاومان گرتووە.

ڕاوێژ: زۆر جار دەگوترێ یەکیەتیەکانی لاوانی حیزبەکان، زیاتر بەرنامەیان بۆ لاوان لە باشوور یان هەندەران هەیە و بەرنامەیەکی ئەوتۆیان بۆ ناوخۆ نیە، ئەوە چنەد ڕاستە؟

سلێمانی: بێگوومان بەرنامەمان بۆ ئەوانەی باسکرا هەبووە و هەیە و هەموو کاتیش بەرنامەمان بۆ لاوانی ناوخۆی کوردستان هەبووە و هەشە، دیارە بە پێی توانایی خۆمان هەموو کات هەوڵمان داوە. هەوڵەکان زۆر بوون بۆ وێنە لە بواری کاری هوونەری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، کلتووری، تا ئەو جێگەیەی توانا و هەل و ئیمکاناتی ئێمە دەرفەتی بووبێت هەنگاومان ناوە.

ڕاوێژ: بەشێکی بەرچاو لە لاوانی کوردستان، کچان و ئافرەتانن، ئێوە چەند لەو بارەوە کارتان کردووە؟ کەمکاریەکان لەمبارەوە چین؟

سلێمانی: دیارە هەنگاوی ئێمە تەنیا بۆ توێژێک نەبووە، بەڵام وەک هەڵاواردنی ئەرێنی هەمووکات ڕووی قسە و باسەکانمان لە کچان و  ژنانی وڵاتەکەمان بووە، بێگوومان کەمکاری لە ئاستی نزم و بە شێوەی کاتی رەنگە ڕووی دابێت، بەڵام هەموو کات هەوڵەکان بۆ یەکخستنی لاوانی ناوخۆی کوردستان بەردەوام بووە، رەنگە یەکخستن و هەنگاوە وردەکان لە ئێستادا لێرە نەتوانم باس بکەم بەڵام بە دڵنیاییەوە، لە داهاتوویەکی کورت دا دەیانبینین. هەموو کات زوڵم و زۆرمان لەسەر لاوان بە دوو قات لە کچان و ژنان بینیوە هەم بە هۆکاری نەتەوەیی و هەم بە هۆی ژن بوونیان، لەو پێناوەش دا هەموو کات هەوڵی بەرقەرار کردنی فەرهەنگێکی بەرابەری خوازانە  و عادڵانەمان داوە.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێک: کونگرەی لاوانی چوارپارچە گیردرا، لاوانی ڕۆژهەڵات لەو کونگرەدا دەستکەوتیان چی بوو؟

سلێمانی: بەداخەوە کۆنگرەی چواری لاوانی چوارپارچەی کوردستان بە چەندین هۆکار  تووشی ئینشقا و دووبەرەکایەتییەک هات، کە بەش بە حاڵی خۆمان زۆر هەوڵمان دا ئەم شتانە پێش نەیات و روونەدات بەڵام بەداخەوە ڕووی دا  بێ ئاکام ماوە نەک بۆ ئێمەی لاوانی ڕۆژهەڵات بەڵکوو بۆ سەرجەم لاوانی هەرچووار پارچەی کوردستان بەڵام هەوڵی خۆمانمان خستۆتە گەڕ لەگەڵ یەکیەتی لاوانی دێموکراتی ئێران بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنەکانی تر بۆ ئەوەی ئەم جارە لاوانی ڕۆژهەڵات میواندارێتی ئەم کۆنگرەیە بە ئەستۆ بگرن.

ڕاوێژ: بەشێکی زۆر لە لاوان ئیستا خوێندکاریشن، ئەوە واتا دەبێ هاوکاری لە نێوان یەکیەتییەکانی لاوان و خوێندکاراندا هەبێ و حەوجێییەکە، ئێوە چەند لەو بارەوە هەوڵی لێک نزیکبوونەوە و کاری هاوبەشتان داوە؟

سلێمانی:  دیارە بە شێوەی گشتیش لەمبارەوە هەوڵمان داوە، با ئەوەش بڵێم کە خوێندکارانیش بە بەشێک لە لاوان هەژمار دەکرێن و ئێمە لەم ڕاستایەش دا هەنگاومان ناوە، دیارە بەشێک لە لاوان لە ڕێکخراوە خوێندکارییەکاندا کۆبوونەتەوە ئەوەش دەتوانێت دەسکەوتی زۆری هەبێت بەڵام سەرئەنجام هەوڵی گشتی ئێمە ئەبووە سەرجەم ڕێکخراوەکانی چین و توێژەکانی ناوخۆی کوردستان  هاودەنگ و کۆک بن و پێکەوە کار بکەن.

ڕاوێژ: ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتی ڕایەڵەی تلێگرام باشترین دۆخی بۆ پەیوەندی ساز کردووە، لاتوان وا نیە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی بە گشتی لەم بارەوە کەمکاری کردووە و باشی بەکار نەهێناوە؟

سلێمانی:  بە دڵنیاییەوە کەموکووڕی و کەمکاری بووە لە بەکارهێنانی دونیای مەجازی بە گشتی و تلێگرام بە تایبەتی، بەڵام لەمەودوا دەبێت ئەوە وەکوو کەرەستەیەکی خبات چاولێبکەین و بەکاری بێنین بەڕای من خەریکە دونیای مەجازی بە گشتی لای هەموو ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانی و کوردستانی دەبێتە کەرستەیەکی خەبات، بێگوومان دەتوانرێت لەم ڕێگەی تلێگرامەوە زۆر هەنگاو بنرێت.

 ڕاوێژ: بەشێکی زۆر لە لاوانی کورد بە هۆی نەبوونی مەیدانیی خەبات و خەباتی چەکداری و بوون لە ناوخۆ ئێستا حیزبەکان باش ناناسن، بەڕای ئێوە چ میکانیزمیک لەبەر دەست دایە بۆ ئەوەی ئەو ناسنامەیە زیاتر پەرە بستێنێت؟

سلێمانی:  تەبعەن چالاکی پێشمەرگانە هەرلە کۆنەوە تاوەکوو ئێستا و لەمەو دوواش یەکێش لە سەرەکیترین رێگاکانی خەبات بووە و دەبێت، بەڵام میکانیزمگەلێکی وەکوو خەباتی مەدەنی، سیاسی و فەرهەنگی و چینایەتیش لە ناوخۆ دەتوانێت ڕێگەچار و زەروورەت بێت. با ئاوەش بڵێم کە لەم سەردەمەدا پەیوەندی بە حیزبەکانە و ناسینیان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی ، و هەروەها ئەو رێکلام و بەرخۆدانانەی کە لایەنگر و ئەندامانی حیزبەکان دەیکەن کارێکی دژوار نیە، وێڕای ئەوەش دووریەک دەبینرێت ئەوەش تەنیا بە کاری خوردو ورد و بە ئامادەبوونی زیاتر و خۆ دەرخستنێکی زیاتر  چارەسەر دەبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت