ڕەحیم ڕەشیدی: ئاواتم ئەوەیە کە حیزبەکانی کوردستان لە دەرەوەی گوشاری دەرەکی و باروودۆخی داسەپاودا، بتوانن پێکەوە هاریکاری و هاوبەشی بکەن

0
1162

خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات لە ئارا دایە، شەڕ لە چەندین ناوچەی وەک شنۆ، ڕەبەت، مهاباد، پاوە، بانە و مەریوان و سەقز کراوە، ڕژیم گورزێکی گەورەی لێکەوتووە و دەگوترێ زیاتر لە ١٧٠ کوژراو و برینداری هەیە، لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و سەرجەم ڕیفۆرمخوازەکانی ناوخۆ و میدیای فارس و ئۆپۆزیسیۆنی فارس  بە گشتی دژ بە خەباتی چەکداری دەدوێن و بە کاولکاریی ماڵی خەڵک و ڕژانی خوێنی دەزانن و دەڵێن دەستکەوتی نابێ.

بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە، وتووێژێکمان لەگەڵ ڕێزدار ڕەحیم ڕەشیدی، ڕۆژنامەوان، ئەنجام داوە کە لێرەدا دەخرێتە ڕوو.

ڕۆژی کورد: حدکا لە دوو ساڵی ڕابردووە سیاسەتێکی نوێی گەڵاڵە کردووە، کاراکتێرە سیاسیەکانی ئەو حیزبە ڕایانگەیاندووە پشتگیری خەباتی مەدەنی دەکەن و هاوسەنگەرانی شەقامیان لە بەرانبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە خۆرهەڵاتی کوردستان بەتەنیا ناهێڵنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش جووڵەیان بە هێزی پێشمەرگەیان کردووە بە چەشنێک کە وەک ڕاگەیەنەرە گشتیەکان باس دەکەن چالاکیە سیاسی تەشکیلاتیەکانی ئەو حیزبە لە ئاستێکی بەریندا لە ناوخۆی خۆرهەڵاتی کوردستان درێژەی هەیە و لەگەڵ دژ کردوەی هێزە ئەمنییەتی و نیزامیەکانی دەسەڵاتی ئیران بەرەوڕوو بوون بە گشتی ڕوانینتان لەو بوراەوە چیە؟.

ڕەحیم ڕەشیدی
ڕەحیم ڕەشیدی

ڕەشیدی: لەم بارەوە ئەوەی دەکرێ باس بکرێ ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ چەشنە دەرەتانێکی بۆ کاری سیاسیی و مەدەنیی ئازادانەو شەرافەتمەند نەهێشتۆتەوە. لەگەڵ ئەوەی حدکا دەسپێکردنەوەی خەباتی چەکداری ڕانەگەیاندوە، بەڵام ئەوەی بە کردەوە لەم ماوەدا دەبیندرێ کردەوەی چەکدارییە کە کۆماری ئیسلامی لێی بەرپرسیارە. کۆماری ئیسلامئ لە ڕێگای گوشارو هەڕەشەوە هەوڵی کپ کردنی هەر دەنگێکی ئازادیخوازانەیان داوە. جیا لەم باسانە بۆ خۆم پێم وایە ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا پێگەو بایەخی هەر کەسایەتی و ڕێکخراوێکی سیاسیی دیاری دەکات، لۆژیکی هێزەو لەم سۆنگەشەوە دەبینین کە جووڵەی هێزی پێشمەرگەی حدکا بەو کەرەستە کەم و سەرەتایانەوە چ کاریگەری و دەنگدانەوەیەکی هەبوە. لە پاڵ ئەمانەدا، خەباتی چەکداری و داکۆکی ڕەوا مافی گشت نەتەوەیەکی بن دەستە کە ماف و ئازادییەکانی لێ زەوت کراوەو گشت دەرگاکانی هەر کارێکی سیاسیی و مەدەنیان لێ بەربەست کردوە. بریا بوارو دەرەتانی کاری سیاسیی و حیزبیی شکۆمەندانە و سەربەرزانە لە ئارادا بوایەو هیچ حیزبێکی سیاسیی خاوەنی هێزی چەکدار نەبوایە، لێ دەبێ کاری حیزبی و سیاسیی لەگەڵ نۆرم و ڕاستییەکانی کۆمەڵگادا بگونجێندرێ، ئەمە نەک هەر لە کوردستان، بەڵکوو لە هەموو دونیا هەر بەم جۆرەیە.

ڕۆژی کورد: پێویست بوونی بەرگریی چەکداری هەنووکەیی لە خۆڕهەڵاتی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟.

ڕەشیدی: بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەرگریی چەکداری لە کوردستان لە ئارادا بوە. بۆ سەردەمی ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا دەتوانین خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ئاڵوگۆرەکانی نێوچەو ئاستی پێوەندییەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران بکەین؟.

 ئایا بەڕاستی ئێمە تاکوو کوێ و بە چ ڕادەیەک دەرەتانی بەردەوام بوونی بەرگریی چەکدارانە یان باشترە بێژم خەباتی چەکداریمان ڕەخساندووە؟ .

ئایا چەک و تەقەمەنی و تفاقی پێویستی ئەو مەیدانەمان دابین کردووە؟. هیچ هێزێکی پارتیزان لە مێژوودا نەبووە کە بۆ ماوەیەکی دووروو درێژ بە بێ بوونی ژینگەیەکی لەبار بۆ حەوانەوەو پەروەردەی هێزەکانی و هەروەها پشتیوانیی بەرینی مادی و مەعنەوەی لە خەبات و تێکۆشانی لە لایەن ئەو ڕەوت و جەمسەرانەوە کە لە خۆی بەهێزترن، توانیبێتی لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ و درێژەی هەبێ. چوونکە ئەگەر وانەبێ، ئەوە سەربەخۆیی سیاسیی بۆ بڕیاردان بۆ حیزبێکی سیاسیی کە ئەو بارە قورسانەی بەسەردا دەکەوێت، زۆر دژوار دەبێ.

ئەگەر ئەم هەنگاوانە نەنرابێ، ئەوە چ سەرکوتی دەوڵەتی یان پاشەکشە کردنی هێز و پاشگەز بوونەوە لەو بڕیارانەی لەم بوارەداو بۆ خەباتی چەکداری ڕاگەیەندراوە، دەتوانێ ئاکامی بە پێچەوانەی لێبکەوێتەوە. گرینگە لەسەر ئەوە ساخ ببینەوەو تێبگەین کە ئەو شێوازە لە خەبات ناتوانێ بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەردەوام بێ. ئەگەر لە کورت ماوەدا شتێک دەستەبەر نەبێ، ئەوە بە باوەڕی من دەرەتانی پتر بۆ هێزە دەستکردو دەستەمۆکان خۆش دەبێ.

ڕۆژی کورد: هۆکار،  بەستێن و دەسکەوتەکانی شێوازی بەرگریی چەکداری دەتوانێ چی بێت؟

ڕەشیدی: ورە بەخشین بە کۆمەڵگاو هیواخولقێنیە کە هەرچەندە دوژمن بەهێز بێ، ئەوە کوردیش دەتوانێ لە تێکۆشان بەردەوام بێ و پەیامەکەشی ئەوە دەبێ کە خاک و خەڵکی کوردستان سەرچاوەو حەوێنەرەوەی ئەو ڕەوت و ڕێبازەن. ئەم دیاردە دەتوانێ سنووربەندییە سیاسیی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵی کوردەواری تۆختر بکاتەوە بە چەشنێک کە کۆمەڵگا ناچارە خۆی بە لایەک دا ساخ کاتەوە کە لەگەڵ کام ڕەوتە…

ڕۆژی کورد: ئاوێتە کردنەوەی بەرگریی چەکداری و خەباتی مەدەنی و ئاواستە کردییەکانی چۆن پێناسە دەکەن؟.

ڕەشیدی: لە بنەڕەت دا، بەرگریی چەکداری و خەباتی مەدەنی دوو ڕەوتی لێک جیان، چوونکە بەرگریی چەکداری بەرهەمی زاڵ بوونی لۆژیکی چەکدارییە بەسەر کۆمەڵگادا، کەوایە بەرگریی چەکداری ڕاست لەو شوێن و ناوونیشانەوە دەست پێدەکات کە دەرەتانێ بۆ کاری مەدەنی نەمابێ یان زۆر دژوار بووبێ. بەڵام ئەوەی ئێستا لە ئارادایە دەتوانێ وشیاری و ورەبەخشی بە کۆمەڵگا بخولقێنێ کە ئێمەش هەین و دەستبەرداری مافەکانمان نابین و بۆ دابین بوونیان تێدەکۆشین…

ڕۆژی کورد: شێوازی بەرگریی چەکداری دەخوازێ هەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوئاهەنگی یەکتر ئەرکە نیشتمانیەکانیان بەرێوە بەرن پێتان وایە ئەقڵییەتی کردەیی بۆ بەڕێوە چوونی ئەرکێکی شیاو چەندە ئیمکانی کرداری هەیە ؟

ڕەشیدی: هێشیا زووە لەمبارەوە دوا قسە بکەین. لێ بە باوەڕی من ئەو ڕەوتە پتر گرێدراوی دژ کردەوەی کۆماری ئیسلامیەو پێموایە توندوتیژی و پەلاماری بەردەوامی ڕژیم بۆسەر ماڵ و گیانی خەڵک، خاڵێکی پاڵنەر دەبێ بۆ نزیکبوونەوەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە یەکتر. من ئاواتم ئەوەیە کە حیزبەکانی کوردستان لە دەرەوەی گوشاری دەرەکی و باروودۆخی داسەپاودا، بتوانن پێکەوە هاریکاری و هاوبەشی بکەن. لەبەر ئەوەی وابیر دەکەمەوە کە ئەگەر مەترسیەکان ڕەوینەوە، لەوانەیە دیسان دۆخە ناخۆشەکان بە شێوەیەکئ بەربڵاوتر سەر هەڵبدەنەوە.

ڕۆژی کورد: هێزە نیشتمانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هاوئانگێکی شیاودا کە ئاماژەتان پێکرد دەتوانن ئەو ئەزموونە بۆ دواڕۆژی دەسەڵاتی سیاسیش بەکار بێنن؟ ئایا ئەو هاوکارییانە چەندە بۆ گەیشتن بە ئەقلییەتیکی سیاسی – دێمکراتیک و پلۆراڵ دەبنە پێویستی خەبات و تێکۆشانی هەمە لایەنەیان؟

ڕەشیدی: لە هەر حاڵ دا، هاوکاری و پێوەندیی تەندروستی حیزبە سیاسییەکان بە بەرنامەو ڕوانگەی  جیاوازەوە، بایەخ و ئاستی کاری سیاسیی دەباتە سەرێ و ئەمەش یارمەتی بە پێشکەوتن و گەشەی کولتووری پێکەوەهەڵکردن دەکات کە لە ئاکام دا هەمووان قازانجی لێدەکەن و ژینگەیەکی باشترو هێمن تر بۆ تێکۆشانی سیاسیی و کاری حیزبی دێتە ئاراوە.

ڕۆژی کورد : بەڕێز ڕەحیم ڕەشیدی، ڕۆژنامەوان، بۆ کات و ڕاتان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت