ساکۆ سوڵتانی: مووزیک کۆنتڕۆڵی دڵ و دەروونی مرۆڤەکان دەکات و جۆرێک ئەمریان پێ دەکات

0
1247

ساکۆ سوڵتانی، لە‌پازدە‌ی خاکە‌لێوە‌ی1360ی هە‌تاوی لە‌ ناوچە‌ی ئە‌سفە‌ناوا و لە‌یلاخ سە‌ربە‌شاری قوڕوە‌ی رۆژهە‌ڵاتی کوردستان لە‌دایک بووە و خوێندنی لە‌کرماشان تە‌واوکردوە‌و هە‌رلە‌و شارەش فێری ئامێری ڕە‌سە‌نی کۆردی، واتە‌ دە‌ف بووە و و لە‌گە‌ڕانە‌وە‌ بۆشاری قوروە‌ خۆلێکی فێرکاری دە‌فی کردە‌وە‌ و دواترگرووپی دە‌فی “قسە‌ی عشق”ـی دامە‌زراند کە‌ زیاترلە ‌ 20 ژەنیاری هە‌بوو.
لە‌سالی1384هەتاویدا، رۆژهە‌ڵاتی کوردستانی بە‌جێ هێشتووە و لە‌ باشوور کوردستان پێوەند بووە بە ریزی پێشمە‌رگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کۆردستانی ئێران.
بۆ ‌ماوە‌ی یە‌ک دە‌یە‌ پێشمە‌رگە بووە و ‌بە‌ردە‌وام بووەلە‌ کاری هۆنە‌ری وتاڕادە‌یە‌کیش فێری ئامێرە‌کانی زە‌رب،کلارینت وسایزر بووە. لە‌ ماوە‌ی ئە‌ودە‌ساڵە‌دا بێ وچان بە‌ردە‌وام بووە لە‌ کاروچالاکی هۆنە‌ریدا. لە‌بواری گۆرانی و سروودیشدا دەرکەوتووە و خاوەنی کۆمەڵێک سروودی نیشتمانییە.
ئەندامی گرووپی سێوە و هاوکاری گرووپی باواجی بووە کە بارەگاکەیان لە شاری کۆیەیە.
هە‌روەها وە‌کوو بێژە‌ری کۆردی وفارسیش لە‌تیشک تیڤی چالاک بووە و پێنج ساڵیش لە‌ پاڵ کاری هۆنە‌ریدا دە‌نگ هە‌ڵگری تیشک تیڤی و رادیۆ دە‌نگی کۆردستانی ئێران بووە لە‌ چوارساڵی کۆتایی تە‌مە‌نی پێشمە‌رگایە‌تیدا بە‌رپرسایە‌تیی کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکڕات لە ‌ئە‌ستۆ بووە و ئێستاش لە‌وڵاتی بلژیک نیشتە‌جێیە.

photo_2016-07-02_19-43-16
ساكۆ سوڵتانی

رۆژی کورد: کاک ساکۆ سوڵتانی زۆر سپاس بۆ ئەوەی کاتی خۆتان دا بە ئێمە.
وەک هەمیشە بۆ هەر هونەرمەندێکی مووزیکزان یەکەم پرسیارمان ئەوەیە کە موزیک لە لای ئێوە یانی چی و چۆن پێناسەی دەکەن؟

ساکۆ سووڵتانی: پێشەکی منیش زۆر سپاسی ئێوە دەکەم.
لەم وڵامی پرسیارەکەیشتانا دەبێ بڵێم، کاتێک کە‌ هیچ پیتێک، هیچ وشە‌یە‌ک، هیچ ڕە‌ستە ‌و ئامرازێک بۆ دە‌ربڕینی هە‌ست وسۆزی سۆزداری، نیشتمان پە‌روە‌ری،حیماسی وهتد…ناتوانێت و نییە‌ و نامێنێت بە‌دە‌ست مرۆڤە‌وە‌!!!!ئە‌وکاتە‌یە‌ کە‌ مۆسیقا دێتە‌ کایە‌وە‌ و هە‌مووشتیک دە‌خاتە‌ ژێر کاریگە‌ری هێزی زۆر زۆر بە‌هێزی خۆیە‌وە‌، سەر لە نوێ رەنگ و مانا دەبەخشێت بە ژیان.

رۆژی کورد: کاک ساکۆ باسی هێزی موزیکت کرد! دەکرێت زیاتری شی بکەیتەوە؟

ساکۆ سوڵتانی: مەبەستم ئەوەیە‌ موزیک یە‌کێک لە‌ گە‌ورە‌ترین هێز و زانستەکانە کە بە‌دە‌ست مرۆڤە‌وەیە،‌ کە‌وابوو بە ‌دڵنیاییە‌وە ‌هە‌ر رێکخراو و حیزب وحکومە‌تێک زانیبێتی وتوانیبێتی ئە‌م هێزە ‌لە‌بڕان نە‌هاتووە‌ بخاتە‌ خزمە‌ت بە‌رژە‌وە‌ندی خۆیە‌وە‌، بە‌ئە‌نجام و دە‌سکە‌وتی زۆر پڕ بایە‌خ گە‌یشتووە‌.
تۆ چاو لێ بکەن لە هەموو شۆرشەکان! کام شۆرش هەیە موزیک نەخشی تێدا نەگێڕابێت؟ لە دیکتاتۆرترین وڵاتەوە بگرە تا دێموکڕات ترین وڵات کەڵک لەم زانستە وەردەگرن.
مووزیک بابەتێکە لە هەموو بۆنە و ساتێکدا هەستی پێ دەکەیت!
هەر چاو بکەین لە موزیکی کوردیی خۆمان، بۆ شای و شیوەن، بۆ سەرکەوتن و شکستەکان، بۆ عەشق و دڵداری، تەنانەت خۆیشی تێکەڵ بە وەرز و مانگ و رۆژەکانی ساڵ دەکات و خۆی دەنوێنێت.
مووزیک کۆنترۆڵی دڵ و دەروونی مرۆڤەکان دەکات و جورێک ئەمریان پێ دەکات و پەل کێشیان دەکات بە دوای خۆیدا.

رۆژی کورد: ببوورن قسەکانتان دەبڕم، چۆن ئەمرێک؟

ساکۆ سوڵتانی: پێشتر باسی ئەوەم کرد کە بۆ شای و شیوەن و سەرکەوتن و شکەستەکان و هتد، بوونی هەیە!
کاتێک سەیری سەما و هەڵپەڕکێ دەکەیت ئەوەی سەماکەر دێنێتە سەما کێیە؟ موزیکەکەیە.
یان لە پرسە و ماتەمینەکاندا کاتێک گوێمان لە لاواندنەوەیەک دەبێت، بێ ئەوەی بە خۆت بزانیت ماتەمین داتدەگرێ!
یان گوێ بیستی سروودێکی شۆڕشگێریی دەبین، چۆن گوژمان تێ دێت و هەراسمان تێدا نامێنێت و هێزی تۆڵە و نەسرەوتنمان تێدا زیندوو دەبێتەوە.
ئەمەیە دەڵێم مووزیک ئەمر دەکات و شکڵی مووزیکەکە چۆن بێت گوێ بیستەکشی هەر بە هەمان شێوە دەبێت و بە هەمان شێوەش عەمەڵ دەکات.

رۆژی کورد: باستان لە لاواندنەوە و هەڵپەرکێ وسروودە نیشتمانییەکان کرد! لە مووزیکی رۆژهەڵاتیدا بە تایبەتی موزیکی کوردیی ئەوە تەنیا مووزیکەکە نییە کە نەخشی هەیە! بەڵکوو هۆنراوە و وشەکانیش نەخش دەگێرن. دەکرێ ئەم دوانە تەواوکەریی یەکتریی بن؟

ساکۆ سوڵتانی: پرسیارێکی زۆر بەجێیە!
ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ موزیکی تایبەت بە ئەو نەتەوە!
ئەگەر بێین لەگەڵ موزیکی کوردیدا، شێعر و مووزیک پێکەوە هەڵسەنگینین بە بڕوای من ئەم دوانە تەواو کەری یەکترین.
بەڵام ئەوەمان نابێ لە بیر بچێ یەکێک لەو کۆڵەکانەی کە زمان و بەیت و هۆنراوەکانی کوردی پاراستووە مووزیکەکە بووە و نەوە بە نەوە لە دەمی ئەم هونەرمەندەوە بۆ دەمی ئەم هونەرمەند گوازراوەتەوە و پارێزگاریی لێ کردووە.
لێرەدا وتەیەکی کۆنفسیوسم بە بیر هاتەوە کە دەڵێت: ئە‌گە‌ردە‌تە‌وێ ئاستی فە‌رهە‌نگ وکۆلتووری هە‌رنە‌تە‌وە‌یە‌ک‌
بزانی گوێ لە‌ مووزیکەکەیان بگرە‌.
بەڵام ئەگەر چاو لە مووزیکی ئەمرۆی رۆژئاوا بکەین دەبینین مووزیکی بێ کەلامیان زۆرە. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە شێعر هیچ نەخشێکی لە موزیک ئەواندا نەبێت.
ئەوەش مان نابێ لە بیر بچێت کە موزیک ئێمە بە ساز و ئاواز ناسراوە!
واتە لەگەل هەر پارچە موزیکێدا ئاوازێک هەیە.
بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە مووزیکی بێ کەلامان هیچ نەبێت.

رۆژی کورد: مامۆستا، با بینە سەر پرسیارێکی دیکە! ئیستا ئێوە لە وڵاتێکی ئورووپایدا دەژین، پرۆژەی داهاتووتان چییە لەم وڵاتەدا و دەتانەوێ چی بکەن؟

ساکۆ سوڵتانیی: پڕۆژە‌ی داهاتووم ئەوەیە کە بە هاوکاریی چەند هاوڕێیەکم، کۆری مووزیکی ” حدکا”، کۆمیتە‌ی بلژیک، دابمەزرێنین و هە‌روە‌ها چالاک کردنە‌وە‌ وە‌گڕخستنە‌وە‌ی ئستدیۆ “کابووک” کە‌ پێشتر لە‌ باشووری کوردستان بە‌هاوکاریی چە‌ندین هۆنە‌رمە‌ندی پێشمە‌رگە‌ دامان مە‌زراند بوو.

رۆژی کورد: سەرکەوتوو بن. دواپرسیار بەڕێزتان! هەروەک ئاگاداریی لە چەند حەوتووی رابردوودا، پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، سەر لە نوێ چالاکیی ئاشکرای خۆیان لە ناو قووڵایی کوردستانی رۆژهەڵاتدا دەست پێ کردەتەوە و چەن تێکهەڵچوونێکیش لە نێوان پێشمەرگەکان و سپای پاسدارانی ئێراندا رووی داوە و بە داخەوە چەند پێشمەرگەیەکیش شەهید بوونە. وەکوو هونەرمەندێک چەندە پشتگیریی ئەم راسانە دەکەیت؟

ساکۆ سوڵتانی: پێش ئەوەی وڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنم، بەتایبەتی شەهیدانی ئەم دوایانەی شارەکانی شنۆ و مەریوان.
لە‌بارە‌ی ڕاسانی حیزبی دێموکڕاتەوە ئە‌وە‌دە‌ڵێم کە‌ بە‌هە‌موو توانامە‌وە‌ پشتگیریی دە‌کە‌م، ڕاستە‌ ئێستا پێشمە‌رگە‌ نیم، بەڵام وە‌ک ئە‌ندامێکی “حدکا” لە‌دە‌رە‌وە‌ی وڵات دە‌ژیم و زۆر ڕێگا هە‌یە بۆیارمە‌تی و هاوکاریی شۆڕشی نوێی گە‌لە‌کە‌مان و هەر شتێکیشم لە دەست بێت درێخی ناکەم.

رۆژی کورد: کاک ساکۆ سپاس بۆ ئێوە. لە کۆتایدا چ شتێک هەیە ئێمە نەمان پرسیوە و ئێوە حەزتان لێیە باسی بکەن بفەرموون؟

ساکۆ سووڵتانی: لە‌ کۆتاییدا زۆر سپاسی رۆژی کۆرد دە‌کە‌م و هیوای سە‌رکە‌وتنی هەرچی زیاتریان بۆ بە‌ئاوات دە‌خوازم.

رۆژی کورد: زۆر سپاس بۆ ئێوەش

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت