وتووێژ له‌ گه‌ڵ فه‌ریبا محه‌ممه‌دی كۆماری ئیسلامی بۆ بێ ئیرادە کردنی ژنی خەباتکاری کورد کەڵک لە پاڵنەری لاوازی دەستدرێژی سێکسی وەردەگرێ

0
1189

کۆماری ئیسلامی بۆ بێ ئیرادە کردنی ژنی خەباتکاری کورد کەڵک لە پاڵنەری لاوازی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر شۆرشگێرانی ژن وەردەگرێ ، ئەو رەوشە دوور لە به‌ها و پرنسیبە سەردەمی و ئەخلاقیەکان نەک بۆ کۆماری ئیسلامی ئەنجامێکی نەبووە بەڵکوو پتر بەرانبەر ئەو دەسەڵاتە لارێیە دژکردەوەی کۆمەڵگای کوردستانی بە شوێنەوە بووە بۆ تیشکخستنە سەر ئەو بابەتە رۆژی کورد دیمانەیەکی لە گەڵ رێزدار فەریبا محەممەدی ئەندامی ده‌سته‌ی كارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێک هێناوە

رۆژی كورد: یەكێك لە سیاسەتە سیستماتیك ومەترسیدارەكانی دەسەڵاتە زۆردارەكان بە تایبەتی دەسەڵاتی ئایینی ئێران كەڵك وەرگرتن لە بابەتی هەست ورووژێن لە ناو كۆمەڵانی خەڵك دایە،  بۆ بێ ئیرادەكردنی مرۆڤی ستەم نەویست كەڵك لە ئامراز گەلێك وەردەگرن تا كەسایەتی ئینسانی پێ ورد و خاش بكەن، دەسدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنانی سیاسی كورد چۆن شیدەكەیەوە؟

فەریبا محەممەدی
فەریبا محەممەدی

فەریبا محەممەدی : هەروەك بۆ خۆشتان ئاماژەتان پێكردووە یەكێك لە سیاسەتە سیستماتیكەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بۆ تێكشاندنی ئیرادە و ورەی خەڵك و بە تایبەت تێكۆشەرانی سیاسیی ژن، كەڵك وەرگرتن لە دەستدرێژی سێكسیە بۆ سەر ئەم كەسانە. لە كۆمەڵگاگەلێك وەك ئێران كە هێشتا ئایین، نەریتی كۆن و كلتووری پیاوسالاری باوە و قسەی یەكەم دەكەن، ئەوەی زیاتر بەرچاوە و بایەخی پێئەدرێ بە تایبەت بۆ ژنان، ئەخلاقە كە ئەویش  لە سێكس دا  كورت كراوەتەوە. هەر بۆیە كاتێ ژنێك چ بە ویستی خۆی چ بە زۆر لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوسەرگیری سێكسی لە گەڵدا بكرێت، بە كەسێكی بێ ئەخلاق ناوزەد دەكرێت و كەسایەتی دەشكێت. ئەم كارەی كۆماری ئیسلامیش خەوشدار كردنی ئەو هەستەیە تا بەم شێوەیە كەسی قوربانی هەست بە كەمی و سەرشوری بكات.

هەر لە سەرەتای هاتنە سەركاریەوە لەم ئامرازە دژی چالاكانی سیاسی بە تایبەت ژنان كەڵكی وەرگرتووە و تەنانەت ئەو ژنە خەباتكارانەی سزای ئیعدامیان بۆ دەركرابوو پێش ئەوە دەستدرێژی دەكرایە سەریان و بە خەیاڵی خۆیان كەرامەت و كەسایەتی ئەوانیان تێك دەشكاند. لاجوردی جەلادی نێو زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی لە دەیەی 60ی هەتاوی سەبارەت بەو كچانەی سزای ئیعدامیان بۆ دەركرابوو، وتبوی ئەگەر ئەمانە بە كچیەتی بمرن دەچنە بەهشت بۆیە دەبێ پێش ئیعدام دەستدرێژی بكرێتە سەریان. ئەمە ئەو تێروانینە ئایینیە قێزەونە بوو كە بەرانبەر بە كچانی شۆرشگێر بە كاریان برد.  هەرچەند بە چاوخشاندنێك بە سەر زۆربەی شەر و خەباتەكان لە رابردوودا لە هەموو جیهان ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ كە دەستدرێژی بۆ سەر ژنان بە داخەوە یەكێك لە ئامرازەكانی لایەنەكان دژی یەكتر بووە و هەر بۆیە ژن قوربانی سەرەكی بووە. ئەمە جۆرێك توڵەسەندنەوە و بریندار كردنی ناخ و هەستی لایەنی بەرانبەر بوو كە لەو روانینەوە سەرچاوەی دەگرت ژن شەرەف و نامووسی پیاوان و وڵاتەكەیانن.

رۆژی كورد:  ئامانجی رژیمی ئێران لەو رەفتارە دژی ئەخلاقیە چیە؟ ئایا دەرئەنجامی ئەو كردەوە قێزەونە بە سەر خۆیدا ناشكێتەوە ؟

محەممەدی : ئەمە بە چەند مەبەست بە كار دەبرا، یەكەم تێكشاندنی كەسایەتی خەباتكاران و بنەماڵەكانیان، دووهەم دروست كردنی فەزایەكی پر لە ترس و وەحشەت تا چیتر ژنان روو لە خەبات و شۆرش نەكەن و سێهەم كە زۆریش گرنگە روانینی دواكەوتووانە و دژە مرۆیی ئەم رژیمە سەبارەت بە ژنان بوو. هەر بۆیە هەوڵیدا تا لە یەكەم ساڵەكانی بە دەسەڵات گەیشتنی بەم ئامرازە ترس لە نێو خەڵك بڵاو بكاتەوە و هەستیان بریندار بكات.

بێگومان ئەم كردەوە دژە مرۆیی و قێزەونەی رژیمی كۆماری ئیسلامی لە لایەن زۆرێك لەو ژنە ئازایانەی كە لە زیندانەكان رزگاریان بوو و توانیان خۆیان دەرباز بكەن بە گوێ جیهان و چالاكانی مافی مرۆڤ و ژنان گەیشت و سیمای راستەقینەی زیاتر دەركەوت. دەیان كتێب لە بیرەوەری ئەو ژنە قوربانیانە نووسرا و جینایەتەكانی كۆماری ئیسلامیان لەقاو دا. ئەوەی كە رژیم بیری لێ نەدەكرەوە روویدا، چۆن ئەوان پێیان وابوو كە ژنان لە ترسی ئابروو و شەرەفی خۆیان باسی ئەم دەسدرێژییانە ناكەن و سەرپۆشی لە سەر دادەنێن. تێكشكاندنی ئەم تابۆیە لە لایەن ژنان و ئازایانە باس كردن لە دەستدرێژی دەست وپەیوەندەكانی رژیم لە نێو زیندان، چیتر وەك رابردوو وەك بڤە چاویان لێ نەدەكرد و رێز لە ئیرادە و خۆراگری ئەو كەسانە گیرا و وەك قارەمانی نێو زیندانەكانی رژیمێكی دیكتاتۆر ناسێنران. هەرچەند بە داخەوە لە نێو ژنانی كورد كەمتر باس كرا و زیاتر وەك رازێك لە دڵیاندا هەڵیانگرتووە، بەڵام ئەمە نەبووەتە رێگرییەك لە بەرخۆدانی ژن و دیسان ئەوە هەر كۆماری ئیسلامی ریسوا كرا و ژنان ئازاتر لە جاران روویان كردە خەبات.

رۆژی كورد: دەسەڵاتدارانی ئایینی ئێران بەو رەفتارانەیان وەك ئاماژەتان پێدا نەیانتوانیوە ئیرادەی خەباتكارانەی ژنی كورد تێك بشكێنن ئایا بۆ باشتر بەرەو روو بوونەوەی ئەو پیلانە رێكاری گونجاو هەیە كە بتوانرێ ئەو سیاسەتە پوچەڵ بكاتەوە؟

محەممەدی : باشترین رێگا هەمان لەقاو دانی ئەم كارە دژە مرۆییەیە تا رێكخراوە نێودەوڵەتی و مرۆڤدۆستەكان لێ ئاگادار بكرێتەوەو گوشار بۆ سەر كۆماری ئیسلامی زیاد بكەن. لە هەمانكاتیش وشیار كردنەوەی كۆمەڵگا بەرانبەر ئەم سیاسەتەی رژیمە تا رێز لەو ژنانە بگرن كە ئەبنە قوربانی ئەم سیاسەتەی رژیم.  نابێ كۆمەڵگا بە چاوی سووك سەیری ئەم كەسانە بكات و بە تاوانباریان بزانێت، رێك بە پێچەوانەوە ئەوان خەباتكاری راستەقینەن و لە پێناویشدا قوربانیان داوە.

رۆژی كورد: ئەركی كۆمەڵانی خەڵك، روناكبیران و  رێكخراوەكانی پارێزگاری لە مافی مرۆڤ بۆ داكۆكی لە كەرامەتی ژنی كورد چیە ؟

محەممەدی : بە رای من هەروەك پێشووتریش وتم ئەركی روناكبیران و رێكخراوە مرۆڤدوستەكانە تا ئاستی وشیاری خەڵك گەشە پێبدەن و ئەمە وەك خاڵی لاوازی ئەو ژنانە چاو لێ نەكەن، بەڵكوو خاڵی بە هێزی ئەوانە كە لە پێناو باوەر و ئارمانەكانیاندا بۆ رزگاری و بەختەوەری خۆیان و گەلەكەیان ئامادە نین پاشەكشە بكەن و بەرەورووی وەها كردەوەیەكی قێزەون دەبنەوە. ئەم كەسانە جێی رێزن نەك بەزی.

رۆژی كورد: لە تازەترین كردەوەدا وەك لە هەواڵەكاندا ئاماژەی پێدراوە لە بۆكان بەكرێگیراوێكی سوپای پاسداران دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەر كچێكی شۆرشگێری كورد، ئەوە چ ئەركێكی نیشتمانی لە سەر خەڵك دەكاتە پێویستی تا ئەو كردەوانە چەند پات نەبنەوە ؟

محەممەدی : بەداخەوە ئەمە یەكەمجار نییە و بێگومان دواجاریش نابێ كە بەكرێگیراوانی رژیم بەرانبەر بە ژنی كورد بە كاری دەبەن، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو دەیان نمونەی وامان هەیە كە بە شێوازی جۆراجۆر كەوتوونەتە بەر هێرشی ئەم كەسانە. هەر لە ژنانی ئاساییەوە بگرە تا ژنانی خەباتكار. هەتا ئەم رژیمە هەبێ، دەبێ چاوەروانی ئەم جۆرە كردەوانەی لێ بكەین، بۆیە خەباتی بەردەوامی خەڵك لە پێناو ئازادی و دەستبەر كردنی مافی گەلی كورد وپاشكەشە نەكردن لە بەرانبەر ئەم جۆرە پیلانانە باشترین وڵامە بە كۆماری ئیسلامی.

ئەمە لە تێروانینێكی دواكەوتووانە و ئایینی سەرچاوە دەگرێت، ئەوە نیە داعشیش هەمان ژنانی ئێزدی وەك كۆیلە لە بازارەكان دەفروشت و دەستدرێژیان دەكاتە سەریان. ئەوان ژن وەك كالایەكی سێكسی چاو لێدەكەن و هەر بۆیە پێیان قەبوڵ ناكرێ ژن لە بەرانبەریان بوەستێتەوە. ئیسلام یەكێك لە سەرچاوە سەرەكیەكانی بڵاو بوونەوەی ئەم بیركردنەوەو تێروانینەیە. سەیری شەركانی سەردەمی هاتنی ئیسلام لە عەرەبستان و ناوچەكانی دیكە بكەن، بزانن چۆن ژنان وەك دەسكەوتێكی جەنگی لە لایەن موسلمانانەوە بە دیل دەگیرا و دەستدرێژی دەكرایە سەریان. كۆماری ئیسلامی نزیك سێ دەیەیە و داعشیش ئەوە چەن ساڵە لە پێناو هەمان تێروانینی دژە ژن بەرەو پێش دەچن.

بەڵام بە هێز كردنی ئیرادەی ژنی كورد مەرجی سەرەكیە، هەروەك چۆن ژنانی كۆبانێ بە ئیرادەی پۆڵاینی خۆیان بەرەنگاری داعش و دوژمنان بوونەوەو سڵی نەكرد، دەبێ بە هەموومانەوە ئەم ئیرادەیە بە هێز بكەین كە ژن كۆیلە و ئامرازی سێكسی نیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت