تورکەکان لە ئێران لەنێوا ئامراز بوون و زۆرلێکراوی

0
118

بێ ڕێزیی سیستماتیکی ئێران بە نەتەوەکانی ناو ئێران بەردەوامە و تورکەکان بۆ جارێکی تر کەوتنەوە بەر ئەو ڕەهێڵە.

 ڕۆژی کورد: چالاکان و ڕاگەیێنە و بڵاڤۆکە ئازەرییەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە تووندی بەدژی چاپی بابەتێک لە ڕۆژنامەی “تەرحێ نۆ” لەمەڕ بێ ڕێزی کردن بە تورکەکان هەڵوێستیان گرتووە و ئەو کردەوانە بە “ئەوپەڕی پەرەسەندوویی ڕەگەزپەرەستیی پلان بۆ داڕێژراو” لە ئێران پێناسە دەکەن.

ڕۆژنامەی “تەرحێ نۆ” کە لە تەورێژ بڵاو دەبێتەوە لە ژمارە ٨٦٨ـی خۆی لە ڕێکەوتی 30ی پووشپەڕی ١٣٩٥ـی هەتاوی لە بابەتێکدا لە ژێر ناوونیشانی “هەفت خانێ ڕۆستەم”، چیرۆکێک لە شاهنامە دەگێڕێتەوە کە تێیدا ڕستە و وشەگەلێکی ڕەگەزپەرستانە بە دژی تورکەکانی بەکار هاتووە.

لەو بابەتەدا لە زمانی پاڵەوانی ئێرانی “گیو”، سەرداری توارنیەکان “ئەفراسیاو” بە “تورکی بەخت ڕەشی بێ ناوونێشان” بانگ دەکات و لە زمانی ڕۆستەمیشەوە دەڵێ “ئێمە تورانیەکانمان پێ پیاو نین هەر هەموویان ژنن و تۆ ئەی تورکی بەخت ڕەش بۆ شەڕ لەگەڵ پیاوان ساز نەکراوی، بچۆ وەک ژنان تەشی خۆت بڕێسە”.

پێشتریش لە ئێران تورکەکان بە “سیسرک” شوبهێندرابوون و لە زنجیرەیەکی ترنزیشدا بە ناوی “فتیلە” بێ ڕێزی بە تورکەکان کرابوو و بە نەزان و گێلەکە لە قەڵەم دراىوون و ئەوەش دژکردەوەی تورک و ئازەرییەکانی ئێرانی لێکەوتبۆوە.

بێ ڕێزی کردن بە تورکەکان لە کاتێکدایە کە کوردەکانیش بە هەمان شێوە کەوتوونەتە بەر ڕەهێڵەی بێ ڕێزیی نەژادپەرستانە لە ئێران. لە زنجیرەفیملی کومێدیی “دورهەمی” بە دەرهێنەریی میهران مودیری کە لە سەرەتای پاییزی ١٣٩٤ی هەتاوییەوە دەست بە کاری بەرهەمهێنانی کراو، بە شێوەیەکی زۆر دوور لە ڕاستی و چاوکوێرانە کە ڕق و قینێکی پان ئێرانیستییانەی تێدا بەدیدەکرێ باس لە هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستانی باشوور دەکات و لە بەشێکی دا وا دەنوێنێت کە  لە کاتی فرۆشتنی بڵیتی یارییەکانی جامی جیهانیی برێزیل، فڕۆکەی تەماشاوانەکان بە جێگای ئەوەیکە له شوێنی یارییەکان بنیشێت، لە هەولێر دەنیشێتەوە و تەماشاوانانی ئەو یارییانە سەر لە مسافیرخانەیەک دێننە دەر و بە هۆی دواکەوتوویی هەرێمی کوردستان و نەبوونی تەکنەلۆژی و گوێرەگوند بوونی هەرێم و پێتەختەکەی، لە ڕێگای تەلفزیۆنێکی سەرەتایی ڕەش و سپییەوە چاو لە یارییەکان دەکەن.

بێ ڕێزی کردن بە نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەتی بە تورکەکان لە حاڵێکدایە کە ڕژیمی ئێران بە بەردەوامی هەوڵی داوە تورک و ئازەریەکان بە دژی کوردەکان بەکار بێنێت و کوردەکان بە داگیرکەری خاکی ئازەرییەکان ناو بنێت و تۆوی دووبەرەکی لە ناو کورد و ئازەرییەکاندا بچێنێت.

بێ ڕێزی کردن و ڕەگەزپەرستی لە ئێران بە ڕادەیەک سەری هەڵداوە کە بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆ و لە ناویاندا سادق زیباکەلام، ناچار بە بەڕێوەبردنی سمینارێک بوون لە ژێر ناوی “پەرەسەنگنی ڕەگەزپەرستی لە ئێراندا” و بەر لەوەش سادق زیبا کەلام چەندین جار لەمبارەوە هۆشداری داوە.

تاهیر حەسەنی وەند، چالاک و کارناسی سیاسی لە وتووێژێکی خۆی لەگەڵ ڕٶژی کورد پێشتر لەمەڕ ئامانجەکانی ڕژیم لە دووبەرەکی خستنە ناو کورد و تورک وەها پەیڤیبوو: “حەسەنی: کۆماری ئیسڵامی بە درێژایی مێژووی خۆی بۆ قەڵاچۆ کردنی خەڵک و گوشار خستنە سەر ڵاوان و چاڵاکانی سیاسی وکۆمەڵایەتی، لە هێندێک ئامراز کە لە کۆنەوە کەڵکی لێ وەرگرتوون کەڵک وەردەگرێ،  کۆماری ئیسڵامی بۆ مانەوەی خۆی هەمیشە هێندیک کارت بەکار دێنێت بۆ گوشار سازکردن بۆ سەر کۆمەڵگا. لە ناوچەی فارسەکان زۆرتر کەڵک لە حیجاب، ئەمری بە مەعرووف (ساروللە) وەردەگرێت بەڵام لە ناوچەی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە شێوەیەکی دیکە کاری کردووە.  بەتایبەتی لە کوردستان هەمیشە بۆ دەست بەسەرکردنی و چاڵاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هتد… هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی حیزبی دێموکرات، کۆماری ئیسڵامی لەو هەل ومەرجەی کە ئێستا تێدایە نایهەوێت بە هیچ شێویەک لە ناوخۆ یان لە سنوورەکانی هیچ جم جۆڵێک هەبێت چۆن کۆماری ئیسڵامی بۆ ئەوەی کە گوشارەکان لەسەر خۆی دوور کاتەوە هەمیشە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دەست بە کارو سیاسی چاڵاکی نیزامی دەکات و تێیدا زۆرسەرکەوتوو بووە، چونکە هەمیشە لە دانیشتن لەگەڵ وڵاتە زەلهێزەکان وەک کارتێک بەکار دێنێت و سرنجی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەناو خۆی ئێران دوور دەکاتەوە.”

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە وڵامدانەوەی ئاشکرایە: تورکەکان لە ئێران، ئامرازی دەستی ڕژیمن یان زۆر لێکراو؟ کە وڵام ڕوونە، تورکەکان ئامرازێکی زۆرلێکراون، ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر دوو فاکتەر یەک: نەبوونی حیزب و ڕێکخراو و چالاکوانی بەڕێکخستن کراو کە بتوانن، تورک و ئازەری و مافەکانیان پێناسە بکەن کە دوای کۆماری ئازەربایجان بە کردەوە لەم بوارەوە لاواز و نەبون. دوو: کەلێن خستە ناو تورکەکان لە لایەن حکومەتەوە بە هۆی ئایینزاوە کە شیعەبوونی زۆرینەی تورکەکان ئەو مەودایەی داوە بە ڕژیم کە بەشێکیان لە خۆی نزیک بکاتەوە و بە دژی کورد و نەتەوەکانی تر بەکاریان بهێنێت کە هۆکاری دووهەمیش لە هۆکاری یەکەمەوە سەرچاوە دەگرێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت