بەشێکی زۆر لە خەڵکی شارەکانی ماهشەهر، خوڕەمشار و ئابادان، شارەکانی خۆیان چۆڵ کردووە

0
555

ڕۆژی کورد: بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، یەکەی px8003 ـی پترۆشیمی بووعەلی سینای شاری ماهشەهر ئاگری گرت و تا ئێستاش ئەو ئاگرگرتن و تەقینەوانە لە پەرەسەندن دایە و لە ئێستادا دووکەڵێکی بەربڵاوی مەترسیدار ئەو ناوچەیەی لە خۆ گرتووە و لە پەرەسەندن دایە.

بە سەرنج دان بە تەقینەوەی ٢ بەشی تری پترۆشیمیی ماهشەهر و ئەگەری تەقینەوەی بنکەکانی تری نزیک لەو شوێنە، چۆڵ کردنی تەواویی پترۆشیمیی “تۆندگویان” و “پیترۆشیمیی بەندەری ئیمام” لە ڕیزبەندیی یەکەمی هەنگاوەکانی ڕژیم لەو شوێنەن.

پترۆشیمی ماهشەهر بە گشتی لە ١٩ بنکەی پترۆشیمی پێکهاتووە کە یەکەمیان ڕازی و دوایینیان بووعەلی یە کە سەرجەم ئەو بنکانە پێکەوە لکاون و لە لایەکی تریشەوە بە بیرە نەوتەکانی خوزستانەوە لکاون، پترۆشیمی بووعەلی هەڵگری گازی مەترسیدار و ژارایە و دەگوترێ لە ئەگەری کۆنترۆڵ نەکران و تەقینەوە یان ئاگرگرتنی گازە مەترسیدارەکانی، مەترسیەکی زۆری بۆ سەر ژیانی بەشێکی بەرچاو لە ئێران دەبێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ ڕۆژی کورد لەمبارەوە گوتی: “لە ئێستادا نزیک بە هەرهەمووی ئاگرکوژێنەوە گرنگەکانی ئێران بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە ڕەوانەی ماهشەهر کراون”.

بەپێی لێدوانی ئەو سەرچاوە ئاگادارە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت: “تا ئەمشەو سەرجەم ڕێگاکانی شارەکانی بووشێهر و ماهشەهر بە گشتی داخراون و ئیزن نەدراوە کەس لەم شارانە بچتە دەر بەڵام ئەمشەو و بە هۆی تانکەرە نەوتهەڵگرەکانی عێراقی، ڕێگاکان تا ئاستێک کراونەوە و خەڵکێکی زۆر و بەرچاوی شارەکانی ماهشەهر، خوڕەمشار و ئابادان، شارەکانیان بەجێهێشتووە”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ناوەندی ڕۆژی کورد گەیشتوون، بەرپرسانی ڕژیم بۆ پێشگرتن بە بڵاو بوونەوەی هەواڵەکانی پەیوەندیدار بەو ناوچەیە و ئاگرکەوتنەوەی پترۆشیمی ماهشەهر، سەرجەم ڕێگا و ئامرازەکانی پەیوەندی وەک ئینتێرنیت و تەلەفوونیان داخستووە.

سەرچاوە ئاگادارەکەی ڕۆژی کورد لەمەڕ ڕادەی کوژراوانی ئەو تەقینەوەیە گوتی: “لە یەکەم تەقینەوەدا ٢٠ کەس لە ئەندازیاران و بەتایبەت ئەندازیارانی کارەبا، کوژراون و گیانیان لەدەست داوە”.

ئەو سەرچاوەیە لەمەڕ پاشکەوتە و لێکەوتەکانی ئەو تەقینەوەیە گوتی: “ئەگەر بێت و ئاگر و تەقینەوەکە بگاتە گازەکانی پترۆشیمی و بەشی بەنزین و گازوائیل، بۆی هەیە بەشێکی بەرچاو لە ئێران لەناو ببات و هەروەها بە هۆی ئەوەی کە ئەو پترۆشیمیە بە بیرە نەوتەکانی خوزستان ـەوە کلاوە بۆی هەیە ڕێژەی خەسارەکان لە داهاتوودا زۆر زیاتر بێت”.

دەگوترێ ڕووبەری پترۆشیمی ماهشەهر٣٦ هێکتارە و مەودای ئەو شوێنە لەگەڵ نزیکتری شوێنی ئاکنجی بوون، ٣ کیلۆمیترە.

هەروەها لە ئێستادا ڕژیمی تاران مەترسیەکی زۆری لە هێرشی دەرەکی بۆ ئەو ناوچەیە یان سەرهەڵدانی هیزە دژبەرەکانی عەرەب وەک بزووتنەوەی عەرەبەکانی ئەلئەحواز هەیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت