تەنیا کچە کوردی خۆرهەڵاتیی بەشدار لە ئۆلەمپیک و کێشەخوڵقێنیی ڕژیم

0
1168

ڕۆژی کورد: نێدا شەهسواری یاریزانی پینگ پۆنگی یانەی ئێران کە وەکوو تەنیا کچە کورد توانیبووی بەشداری یارییەکانی ئۆلەمپیکی ڕیۆ دی جانیرۆ لە وڵاتی بڕازیل بکات، بۆ دووهەمجار بە بێ راهێنەر بەشداری ئەو ڕووداوە گەورەیەی وەرزشی جیهانی کرد.

ماڵپەڕی “وەرزش ٣” کە یەکێکە لە گرنگترین ماڵپەڕە وەرزشییەکانی ئێران، ئەمڕۆ لەراپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای فەرمانی ڕاسەتەوخۆی حەسەن روحان، بەرپرسانی کۆمیتەی ئۆلۆمپیادی ئێران جۆرێک بڵیتی گەشتکردنیان بۆ سیما بڕیوە کە دوای کۆتایی یاریی یەکەمی نیدا شەهسەواری گەیشتووەتە برازیل.

ئەو کۆسپ خوڵقاندنە بۆ وەرزشوازنی کوردی بەشدار لە ئولەمپیکی ئەمساڵ، لە کاتێکدایە پێشتر بنکەی سەرۆک کۆماری ئێران و بە فەرمانی ڕاستەوخۆی حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، حەوتوویەک بەر لە  دەستپێکردنی یارییەکانی ئۆلەمپیک، بڕیاردرابوو کە سیما لیمۆچی، ڕاهێنەری ئەو یاریزانە کوردە لەو ڕووداوە وەرزشیە گرنگە جیهانییەدا هاوڕێیەتیی ناوبراو بکات.

نێدا شەهسەواری کە بۆ دووهەم جار بوو بەبێ راهێنەر بەشداری ئۆلەمپیکی ڕیۆی دەکرد، دوێنێ هەینی لەبەرانبەر یاریزانێکی بیلاڕوسیدا بە ئەنجامی ٤ بە ٣ دۆڕا و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.

نیدا چەندین جار توانیویە ببێتە پاڵەوانی ئاسیا و تەنیا یاریزانێکی کچی ئێرانییە کە توانیویە بەشداری ئۆلەمپیک لە بەشی وەرزشی پینگ پۆنگ ـدا بکات.

وەرزشوانانی کورد لە بوارە وەرزشییە جیاوازەکاندا لە ئاستی ئێران و جیهاندا بەردەوام شانازی دەخوڵقێنن بەڵام بە هەمان ڕآدەش بەردەوام بۆ بەشداری کردن لە کێبەرکێکان لەلایەن بەرپرسانی ڕژیم، ڕووبەڕووی کۆسپ دو تەنگ و چەڵەمە دەبنەوە.

هێرۆ ئەرجومەند ، شاخەوانی مهابادی کە ڕۆژی شەممە ٢٦ی پووشپەڕ، کە  بە مەبەستی سەرکەوتن بە سەرلووتکەی “کومونیسم” بە بەرزایی ٧٤٩٥ میتر، بەرەو باژێڕی تاران و لەوێشەوە بەرەو تاجیکستان کەوتە ڕێ لە نامەیەکدا ڕوو لە نوێنەری مهاباد لە پارلمانی ڕژیم، گلەیی و گازندەکانی خۆی نووسیوە.

هێرۆ ئەرجومەند لە بەشێک لە نامەکەیدا نووسیبووی: “گەلۆ چما دەبێ من وەک ژنێکی شاخەوان، لە وڵاتێکدا کە خەڵکانێکی هونەر و وەرزش دۆستی تێدایە، ناچار بم بۆ دابین کردنی تێچووی سەرکەوتنم بەسەر سینگی ڕەقی چیاکاندا و سازکردنی شانازی بۆ وڵات و شارەکەم، دەستەوداوێنی یاریمەتیی خەڵکی بم؟

چما دەبی تا خولەکی ٩٠ و کۆتایی، بەردەوام لەژێر گوشاری ڕووحی و دڵەڕاوکێ دا بم و کەس نەبێ پشتم بگرێ و هەر چرکە ساتێ دڵەکوتەی ئەوەم بێ نەکا دیسان و جارێکی تر، بەرد و کۆسپێکی ترم بخرێتە سەر ڕێگا و پێش بە ڕۆیشتنم بگیرێتەوە؟

من نازانم تاوانی من وەرزشوان بوونە یان ژن بوونم؟”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت