تێکدانى گڵکۆى شاعیرانی کورد لە مهاباد دەرکەوتنى زیاترى ڕاستیەکان

0
1483

 

ئەلبورز ڕووئین تەن
ئەلبورز ڕووئین تەن

ئەلبورز ڕوویین تەن

خەباتی مەدەنی و خەباتی پاڕڵەمانی و ڕەوتی ڕێفۆرم و ئەسلی پانزدەو هەمووی ئەوانە ناتوانن ببنە هۆکاری بەدی هێنانی داخوازەکانی نەتەوەی کورد لە ئێران. جا ئەگەر ئەو داخوازە چی بێت و چەند گەورە یا بچووک بابەتێکی ترە. تەنانەت ئەگەر کەسانی دڵسۆز لە نێو ئەو ڕەوتانەی سەرەوەش دا بێت دیسان ناتوانن کەمترین گوڕانکاری دروست بکەن مەگەر ڕێژیم مەترسی نەمانی خۆی ببینێ   .

زۆر جاریش بەشێک لەو ڕەوتانە کەسانی سەر بەڕێژیمن بە ماسکی جیاواز بۆ فریو دان واتە جیا لەوەی ببن بە هیوایەک ئامرازێکن بۆ سەرخستنی مەرامی ڕێژیم.

هەمووی ئەوانە بۆیە ڕوو دەدەن چونکو سیستمی ڕێژیمی ئێران بەو شێوەیە جا ئەوەی کە تا ئەمڕۆش ناوەڕۆکی سیستمی ئێرانی نەناسیوە بە دوای هێنانەوەی بیانوویە یا بە هۆی لاوازی سیاسی و ئابوری و هتد دەیهەوێ ببێ بە بەشێک لەو ڕەوتانەی سەرەوە. ئەگەر دوژمنیش نابێ بەنزین بە ئاگری دوژمن دا دەکات و ئاو بە ئاگری شۆڕش دا.

زۆر نمونەی زیندوو بۆ سەلماندنی بابەتی سەرەوە هەن بەڵام لە لە دووایین بابەت واتە تێک دانی گڵکۆی ناوداران و ئەدیبانی مهاباد ئەو چەندە بە ڕوونی دەرکەوت کە نە دەتوانن داخوازی کورد و شارۆمەندان بهێنە دی و دوای ئەو هەموو ناڕەزایەتیە شارەداری مکۆڕ تر لە جاران دەڵێ ناگۆڕین و دامانناوە هەڵناگرین.

هەروەکو دیتمان سەڕەڕای دەڕبرینی دەنگی ناڕەزایەتی چالاکانی مەدەنی و هێنانەوەی هۆکاری یاسای و هونەری و ئەدەبی بۆ هەڵە بوونی ئەو هەنگاوە کەس گوێی لێنەگرتن و بگرە ئەگەر دڵسۆزان مکوڕ بن لەوانەیە بە تۆمەتی محاربە لە گەڵ خوا بە هەزاران ساڵ زیندانی بکرێن.

من لە تەواوی ئەو ماوەیە نەمدیت نوێنەرێکی پەڕڵەمان یا شوڕای شارەکان کە بە پیل ئەو ناڕەزایەتیانە بێت و لانی کەم لە ڕێگەی یاسا دواکەوتوو و دژە نەتەوەییەکانی ڕێژیم بە دوای چارەسەری گرفتەکە بڕوات. چونکو ئەوان پێش تر لە فیلتێری شۆڕای نیگەهبان بۆ ئەوەی کە نەتوانن لەو کارانە بکەن و بە تەواوی لە ژێر چاودێرى ئیتلاعات بن تێپەڕ بوون. بۆیە ئێستاش پێکەنینم دێ بەو کەسانەی کە لە کاتی هەڵبژاردن هیوایان پێ بەستبوون و گریانیشم بۆ ئەو کەسەی خۆی بە شۆڕشگێڕ دەزانی و دەیگووت بڕۆن بۆ دەنگدان زەمینەیەک با بکرێتەوە دێت و لە نیازی هەندێ بە ناو ڕوناکبیرش باشتر حاڵی بووم کە چەندە ئامرازی دوژمنن.

لە نێوە دا ڕەوتی ڕێفوڕم و ئەسلی پانزدەکانیش بیانوویان بۆ کارەکەیان هێناوە بە دوای پاکانە کەوتن چونکوو ئەرکی وان نیشان دانی ڕووی جوانی ئەهریمەنە و بەو کارەی خۆیان بەردەوام بوون زۆریش لە بەرانبەر دڵسۆزانی ناودارانمان وەستانەوە کە جارێکی تر پەیمانی بێ کۆتاییان وەکو هەموو ڕیفورم خوازێک بۆ ئاڕمانەکانی خومێینی و ئینقلابی ئیسلامی و سیستمی کۆماری ئیسلامی دوپات کردەوە.

کەواتە جارێکی تر بۆ کوردی چەوساوە وەدەرکەوت کە تا سیستم کۆماری ئیسلامی مابێت و هیچ کام لەو داخوازانەی کە هەیە مسۆگەر بوونی سەختەو دەرەتانی خەباتێکی تایبەت بە سیستمە دێموکراتیکەکان لە نێو سیستمێکی دیکتاتۆری توند ئاژوو لە نامومکین نزیکە مەگەر ئەوەندە بە هێز بێت کە دوژمن لە ترسی ڕووخانی خۆی ملکەج بێت کە ئەوەش سنورێکی هەیە.

ئەگەر ئەوڕۆ بێ دەنگ بین و بهێڵین ئەو پڕۆژەیە سەربگرێت بێ گومان ڕێگەمان داوە تا ڕێژیم بێ ڕێزی بە کەرامەتی ئێمە بکات. چونکو ئەگەر پێشەواو هێمن و هەژار و هەموو ئەوانەی دیکە دوای ئەو هەموو خەبات و قوربانی دانە شوێنی قەبریان لە مهابادی کوردان بە مەبەستی بێ ڕێزی کردن تێک بدرێت واتە دەستێک هەیە بۆ سڕینەوەی منی کورد و بێ ڕێزی کردن بە ئەو سەرمایە مرۆڤایەتیەی من کە من بە پێشێل کردنی کەرامەتی نەتەوەیەک دەزانم.

جا چۆن نەتەوەیەکی ئازاین کە دەهێڵین هەر وا بە ئاسانی بێ ڕێزی بە کەرامەتی ئێمە بکات بۆ خوێنەرانی ئەو دێرە بە جێ دێڵم یا چۆن دهێڵین ئەو ڕەوتانەی سەرەوە کە بەشێکی بەرچاویان بوونە ئامرازی دوژمن بۆ ئێمە بڕیار بدەن بابەتێکی ترە.

ڕێگە چارە.

پێویستە ئەوجار بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر هەموو ئەوانەی کە دەنگی ناڕەزایەتیان هەیە کار بکەین بۆ ئەوەی ئەو بێ ڕێزیە نەمێنێت بۆ ئەو کارەش ڕایەڵە کۆمەڵایەتیەکان بە سەرپەرستی چەند هاوڕێ بە کار بهێنرێت بۆ ئەوەی دەنگەکە بەرزترو بەرزتر تا دەگاتە هەموو ڕاگەیاندنەکان و خەڵکی مهاباد. تا ئەوەی خەڵکی مهاباد پشتیوانی لەو دەنگە ناڕەزایەتییە بکەن کە مەترسی زۆری بۆ سەر ژیانی ئەوان هەیە . هەروەها هێزە سیاسیەکانیش دەنگی خۆیان بخەنە پشت ئەو دەنگە چونکو ناڕەزاییەتیەکی ڕەوایەو پێویستە ئەوانیش هاوڕا و پشتیوان بن.
ئەگەر هات و دیسان هەر وەڵامی نەدراوەو لە سەر تێکدانی گڵکۆی ناودارانمان مکوڕ بوون ئەو کات وەکو کوردێک داوا لە هەڵۆکانی زاگرۆس بکەین کە نایانناسم تەنیا دەزانم بە کرێگیراوان بە سزای خۆیان دەگەینێ سزای ئەو کەسانە بدات کە بە بەڵگەو بە بێ هیچ دوودڵیەک بە تەواوی ڕوون بۆتەوە لە پشت ئەو بابەتەن.

ئەلبورز ڕۆئین تەن

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت