تاووتوێ کردنی سیستەمی پەروەردە لە ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان و گرفتەکانی

0
342

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، وتووێژێکە لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورە ژووری ڕاوێژ لە تلێگرام کە لەسەر بابەتی “هەڵسەنگادنی پەروەردە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گرفتەکانی کە لە ڕێکەوتی ١١ و ١٢ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاو لەگەڵ بەڕێز “حەسەن ساڵحزادە” مامۆستا و چالاکی سیاسی و پیشەیی مامۆستایان بە پێشکەشکاری هەڵمەت مەعرووفی مامۆستای پێشووی قوتابخانە و زانکۆ و چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەوان، ئەنجام دراوە.

حەسەن ساڵحزادە
حەسەن ساڵحزادە

ڕاوێژ: مامۆستا سەرەتا با بەو پرسیارە بچینە ناو باسەکەی ئەوشەومان، بفەرموون پەروەردە چیە و گرنگی پەروەردە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

ساڵحزادە: دیارە کاتێ باس لە سیستمی پەروەردەی وڵاتێک دەکەین، دەبێ باس لە چەندین تەوەر و بەرنامەی پێوەندیدار بکەین. سەرەکیترین بەرنامە دەتوانێ ئامانجەکانی نیزامی-سیاسی وڵات و جۆری ڕوانینی دەسەڵات بۆ پرسی پەروەردە بێ. هەروەها تێکڕای سازوکار پرۆگرامەکانی تر دەتوانن لە چواردەوری ئەم ئامانجە سەرکیە کۆ ببنەوە کە ناوم برد. بۆ وێنە دەتوانین، راهێنانی مامۆستا، فەزای پەروەردەی، پلانە درسییەکان، ناوەرۆکی کتێبی

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

دەرسی و داهات و سەرانە، وەک چەند مەسەلەی زەق باس بکەین. هەروەها بە گشتی پەروەدە باسێکی گشتگیرە کە لە هەموو جیهان پێداگری لە سەر دەکرێ بەڵام هەر وڵاتێک بە پێی پیرەو ئوسوولی خۆی خوێندنەوەی تایبەتی بۆی هەیە، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە ئەم خوێندنەوەیە بە جوانی لە ناو ئامانج پرۆرگرامەکانی مافی مرۆڤ دا ڕەنگ بداتەوە.

لە ڕاستیدا پەروەردە ئامانجێکی گشتییە کە  کۆمەڵگا لە ڕێگەی نەوەی نوێ وە بۆ دوارۆژ ئامادە دەکا.

ڕاوێژ: ئایا پەروەردە بە گشتی ساخڵەم و پاقژە یان نا پەروەردەش وەک مرۆڤ یان وەک زۆر ئامێر و …تاد، دابەش دەبێ بەسەر  باش و خراپدا؟ واتا پەروەردەی خراپیشمان هەیە یان پەروەردە لە خودی خۆیدا باشە؟

ساڵحزادە: چەمکی پەروەردە وەک خۆی پاقژە و ئەرکێکی پیرۆزە بەو مەرجەی لە سەر بنەمای زانست بێ و مرۆڤ بەرەو گەشەو نەشە ببات. بەڵام ئەگەر هەر ئەم بەرنامەیە بچێتە بەردەست هزرێکی بەرتەسک و ئیدئۆلۆژیکی ئایینی یا

فیکری چەق بەستوو، بە داخەوە پەروەردە لە هێڵی خۆی دەردەچێ و بە ئاقارێکی نەخوازرەواو دا دەچێ. ئەوەش پێوەندی ڕاستەوخۆی بە نیزامە سیاسییەکانی جیهانەوە هەیە.

ڕاوێژ: سەرەکیترین کێشەکانی سیستەمی پەروەردە لە ئێراندا، بەڕای ئێوە چین؟

دەبێ عەرزتان بکەم  کە پرسی پەروەردە، پرسێکی بەربڵاوە، کاتێ باس لە گرفتەکانی دەکەین دەبێ پەردە لە سەر زۆر ڕاستی هەڵبدینەوە و لە چەند قۆناخدا لێکی بدەینەوە. گرینگترین ئەم بەشەش بریتیە لە ئامانجەکانی پەروەردەو فێرکردن لە ئێران دا، کە وەک کاکڵی سەرەکی وایە.

بۆ کرانەوەی مژارو دانی بڕێک بەرچاوڕوونی لە گەڵ بەشداربووان، حەز دەکەم ئاماژە بە چەند بەند لە “بنەما و ئامانجەکانی دەورەی (قۆناغی) ناوەندی” بکەم کە لەودا سیاسەتەکانی دەوڵەتمان بەرانبەر بە پرسی خوێندکاری بۆ دەخاتە ڕوو. واتە قوتابی دوای تەواو کردنی دەورەی ناوەندی یا هەتا تەمەنی 15 ساڵی:

  • معنای جهاد و شهادت را می داند و به حضور در صحنه های دفاع از دین علاقه نشان می دهد.
  • ١. دختری عفیف و با حیا و پسری شجاع و غیور است.
  • ٢. از لباس های مناسب اسلامی ایرانی استفاده می کند.
  • ٣. با معنی ایثار آشنا است و در موقع لزوم از خودگذشتگی نشان می دهد.
  • ٤. نقش زن و مرد را در خانواده و اجتماع می داند.
  • ٥. نسبت به سرنوشت مسلمانان جهان حساس است
  • ٦. در مواجهه با تبلیغات دشمنان میهن اسلامی از خود هوشیاری نشان می‌دهد.
  • ٧. دارای روحیه‌ی سلحشوری و دفاع از کیان کشور اسلامی است.
  • ٨ .راه‌های حفظ استقلال، آزادی و عدم همبستگی را می‌شناسد
  • ٩ . احکام اقتصادی اسلام را می داند و در حد وظیفه به آن ها پایبند است.
  • ١٠. منابع اقتصادی اسلام را می داند و در حد وظیفه به آن ها پایبند است

وەک دیارە ئەم داخوازی گەلەش قسەو باسی زۆر هەڵدەگرن و بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی ئێمە، خەمهێنەرن. دەزگایەک کە ئەوە چاوەڕوانییەکانی لە مناڵانی بۆ دوای قۆناخی ناوەندی بێ و بۆ خۆشی وەک دەوڵەت ئیمکانات بۆ ئەم ئامانجە دابین بکا، دەبێ بەرهەمەکەی چی بێت!

ڕاوێژ: کێشەکانی سیستەمی پەروەردەی ئێران زۆرن و هی ئێستاش نین و لە مێژینەن، سەمەد بێهڕەنگی باس لە هەندێ کێشە دەکا کە ئێستاش هەن، بەڕای ئێوە هۆکاری چارەسەر نەبوونی کێشەکانی پەروەردەی ئێران چیە؟

ساڵحزادە: هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە تەنها یەک ناوەند بڕیاری سەرەکی دەدات، ئەویش شوێنێکە بە ناوی دەسەڵات و ئەویش لە ڕۆچنەیەکی بەرتەسکی بەرژەوەند پارێزییەوە بۆ پرسەکە دەڕوانێ. کەرەستە سەرەکیەکانی پەروردە لەم ناوەدا وەک مامۆستا و قوتابخانە هیچ مافێکی چوونە ژوورەوەو بەشداربوونیان نیە. سەندیکاو نەهادە پیشەیییەکان دەستیان لەم بارەوە بەستراوە و بە ئاژاوەگێر و تێکدەر سەیریان دەکرێ. بنەماڵەی قوتابیانیش ئەو مافەیان نیە کە باس لەم پرسە چارەنووس سازە بکەن. هەر بۆیە پرسی پەروەردە وەک هەمیشە بۆتە ئامرزای دەسەڵات و بۆ ئامانجی خراپ و بە دژی ئازادی بەکاریان دێنێ. هەر ئەوەیە کە پرۆسەکە بە داخراوی ماوەتەوەو رێگەی گەشە کردنی لێ زەوت کراوە.

ڕاوێژ: یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی پەروەردە مامۆستایە، ئێوە شێوەی دامەزراندنی مامۆستا لە ئێران و هەروەها شێوەی جوڵانەوە لە گەڵ مامۆستا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ساعلزادە: مامۆستاش یەکێک لەو ئامێرانەیە کە بەرنامە فیکرییەکانی کانالیزە کراوە هەتا ویستی دەسەڵات جێ بەجێ بکا. هەر بۆیە نیزامی سیاسی گوێ بیستی لێهاتوویی مامۆستایان نابێت و تەنها بیر لە ڕەهەندی ئەمنیتی ئەوان  دەکاتەوە.  لە بەر ئەم هۆکارەیە ئێستا زۆر کەسی بەرچاومان هەیە کە شیاوی ئەم پیشەیە نین بەڵام بە داخەوە لە شوێنی بڕیاردەرو گرینگدا جێگیر کراون.

ڕاوێژ: باستان لە ئامانجەکانی پەروەردە کرد ئامانجی سەرەکی و ئارمانی پەروەردەی ئێران (لقا الی اللە)یە بەڵام تاکی ئێرانی زۆر بەدین و مسوڵمان بار نایە، هۆکار لە چیدا دەبیننەوە؟

ساڵحزادە: ڕەنگە هۆکار زۆر بن بەڵام گرینگترینیان ئەوە بێ  کە کردەوەی بەرپرسان و وتەی کتێبەکان لە یەک ناتەبان. بۆ وێنە لە سەرەو ئاماژەم بەم بەندە دا “منابع اقتصادی اسلام را می داند و در حد وظیفه به آن ها پایبند است” بەڵام دیارە دەرامەدو داهاتی نیزام حکومەت لە چ ئاستێک دایە.

ڕاوێژ: لە وڵاتانی دێموکراتیک و پێشکەوتوودا هەمیشە و بە بەڵگەشەوە بودجەی پەروەردە زیاترە تەنانەت لە ئی ئەرتەش، بەڵام لە ئێران بە پێچەوانەیە، بۆ نموونە بودجەی شوێنە نیزامیەکانی ئێران ١٣% زیاد بوو (ساڵی پار) بەڵام هی پەروەردە ٣%، چۆنە حکومەتی ئێران ئاوا پەروەردە پشت گوێ دەخات؟

من وەک خۆم حەز ناکەم سیاسی بیر بکەمەوە بەڵام ناچار دەکرێن. جا هەر بۆیە ئەو پرسەی جەنابیشت لەوەوە سەرچاوە دەگرێ. دەسەڵاتی سیاسی ئێران لە لایەک مۆرەکانی وەک قارەمان نیشان دەدا و بێ نیاز لە دەستی بێگانە. بەڵام وا نیە، تەحریمەکان ئەوەندە بە هێز بوون کە دەوڵەتی ئێران تا ئێستاش لە ناچارییەوە مووچەی مامۆستان دەدات. هەر ئەوەشە سەرانەی بێ زمانی مەدرەسەکان بڕان و قورسایەکەی کەوتە سەر شانی بەڕێوەبەرانی نابەرپرسیار و خەڵکی هەژار. گشتی ئەم تەقەلایەنەش زیاتر ئەوەیە کە پرسی پەروەردە لە دەرجەبەندی نیزامی و مانەوەی دەسەڵات لە دواترینەکانە.

ڕاوێژ: لە کتێبی کۆمەڵناسی (علوم اجتماعی) سێهەمی بنەڕەتی وانەی بنەماڵەی ئاغای هاشمی هەیە، “کاک مەحموود هاشمی”، لەو وانەیەدا کە غوڵامعەلی حەداد عادڵ نووسیوێتی، ژن بە کابانی ناو ماڵ و دروومانچی نێشان دراوە و پیاو وەک کارمەند، کچەکە (مریەم) لە قوم بزر دەبێ و عەلی زیرەکە، لە قوتابخانە بە مریەم دەڵێن دەست خۆش بۆ چارشێوە جوانەکەت بەڵام بە عەلی دەڵین بژی بۆ نمرەکانت، بە گشتی ئەوە نیشانەی هەڵاواردنی ڕەگەزییە؟ هەڵاواردنی ڕەگەزی و ئایینی لە سیستەمی پەروەردەی ئێراندا چۆن دەبیین؟

ساڵحزادە: یەکێک لە نیگەرانییەکانی چالاکانی بواری پەروەردە هەڵاواردنی ڕەگەزییە لە پرۆسەی خوێندن لە ئێراندا. ئەوەی جەنابیشت دەفەرمووی بەڵگەیەکی گرینگە کە نیشان دەدا سیستمی پەروەردەی ئێمە لە دەست کۆنترۆلی زانستی سەردەم دەرچووەو بە دەست فکرێکی کۆنەوە دەناڵێنێ. عالیجەنابان عادل  و هاوبیرەکانیشی هەمان سیاسەت ڕێک دەخەن کە لە چەن بەندی ئامانجەکانی پەروەردەدا هاتووە وەک “دختر عفیف و با حیا و پسر شجاع و غیور است”.

ڕاوێژ: یەکێک لە کێشەکانی پەروەردەی ئێران وازهێنانە لە خوێندن، بەڕای ئێوە و بەو ئەزموونەی کە هەتانە، هۆکاری وازهێنان لە خوێند لە ئێراندا دەگەرێتەوە بۆ سەرچی؟ بۆ نموونە ئەوە هەواڵێکی فەرمیە لەو بارەوە: پيش از 400 هزار دانش‌آموز دوره ابتدايي و راهنمايي ساڵ گذشته ترك تحصيل كرده‌اند. آمار ترک تحصيل ‌كنندگان به اين تعداد ختم نمي‌شود و چنانچه ترك تحصيل‌كنندگان دوره متوسطه، پيش‌دانشگاهي و هنرستان‌ها را نيز به اين آمار بيفزاييم به ارقام تأسف‌باري برمي‌خوريم كه جمعيت بالقوه بزهكاران آينده را تشكيل خواهند داد.

ساڵحزادە: “ژول فێری” وەزیری وەختی پەروەردەی فەڕانسە لە ساڵی 1981 سێ دەسکەوتی وەک قوتابخانەی خۆڕایی، زۆرەملی و لائیسیتەی، بە دیاری بۆ گەلی فەڕانسە هێناو لەو سەردەمەوە تا ئێستەش ئەم سێ بەندە بە کردەوە لە خزمەت منداڵانی ئەم وڵاتە دان. بەڵام لە ئێران تەنها لە سەر کاغەز دەدرەوشێنەوە کەس لێیان بەرپرس نیە. پاش ١٣٠ ساڵ لەو سەردەمەی فەڕانسە، ئێستا ئێمە لە کوێین؟ ڕاستە لە “دستور و شێوەنامەی بەڕێوەبردن”ی  ئێراندا نووسراو کە خوێندن زۆرەملییە و دەبێ منداڵ تا تەمەنی 18 ساڵ لەبەر خوێندن بخرێت، بەڵام ئایا لە مەیدانی پراتیکدا وەهایە؟ هەر لەو سەرچاوەدا هاتووە کە خوێندن بە خۆرایییە، ئایا بە ڕاست وایە؟ کە ڕونە و گشتمان لەم بارەوە زانیاری تەواومان هەیە کە سەرانەی قوتابخانەی منالەکانمان چەندە؟

ڕاوێژ: لە ئێراندا ناوەندە پیشەییەکان یان بوونیان نییە یان لاوازن و سەرکووت دەکرێن، زستان ی تا هاوینی پاریش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تلێگرام ، چوار رێپێوان لە  ناو مامۆسایانی ئێران ڕێکخرا بەڵام بێ ئەنجام مایەوە، ئەو نەگەیشتن بە ئەنجامەی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان دەگەڕێننەوە بۆ چی؟  خالە لاوازییەکان لە کوێن کە وا بە ئەنجام ناگەن؟

ساڵحزادە: سەندیکا و یەکێتی پێشەیی مامۆستایان لەبەریەک بردراون و لە مەیدانی کردەوەدا لە کار خراون. زۆربەی چالاکانی بواری پەروەردە، گوشار و زەختیان لەسەرەو هەڕەشەیان لێ دەکرێ، بەڵام ئەمە بەم مانایانە نیە کە هەمووی دەرگاکان داخراون و هیچ چارەیەکمان لە دەست نایە.

حەوتووی ڕابردوو لە فەڕانسە مانگرتنی سەرانسەری مامۆستایان بوو. ئەوان پێشەکی بە نامە و بە قسە منداڵ  و بنەماڵەکانیان ئاگادار کردۆتەوە کە لە فڵانە ڕۆژدا  قوتابخانە  داخراوەو ئەوەش هۆکارەکانیەتی. مامۆستا و هۆکارەکانی بەڕێوەبەری یەکدەست و یەک هەڵوێستن و چون بنەماڵە و قوتابیش ئاگادار کراونەتەوە، دەتوانن بە تێکڕا هاوکاری سەرگرتنی ویست و داخوازییەکانیان بن. ڕەنگە بفەرموون کۆمەڵگای ئەوان و ئێمە جیاوازە، بەڵێ جیاوازی هەیە بەڵام لەمبارەوە کار کردن لە لای ئێمە ئاسانترە. چونکوو مامۆستایانی ئێمە پێش ئەوەی باس لە ویست و داخوازی خۆیان بکەن، ئاریشەو گرفەتەکانی قوتابیان لە قاو دەدەن، هەر ئەمەش دەتوانێ پشتیوانی بنەماڵەکانی قوتابیانی لێ بکەوێتەوە. کە ئەمەش پاڵپشتیەکی کەم نیە.

ئێمە لە لایەکی تریشەوە دەتوانین جوڵانەوەی مامۆستایان بەهێزتر بکەین، چونکوو قوتابی و گەل لە نزیکەوە هەست بە ئازارەکان دەکەن و لە گەڵمانن. ڕەنگە لە وڵاتە دیموکرتیکەکان وا نەبێ و هەوڵی سەندیکا سنووردار بێ.

ڕاوێژ: دیاردەیەکی کە ئێستا لە پەروەردەی ئێراندا پەیدا بووە، گیرۆدەبوونی قوتابیانە بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، دەوڵەت ئاماری تەواوی لە لایە و ناڕاستەوخۆش باسی دەکات، لاتان وایە لێرەدا دەوڵەت بەرپرسیارە یان نا نابی هەموو بەرپرسیارەتییەکە باوێژینە ئەستۆی دەوڵەت؟بۆ ئاگاداری دۆستان ئێستا تەمەنی ئیعتیاد لە قوتابخانەکان گەیشتۆتە ١٣ ساڵ.

ساڵحزادە: من وەک خۆم پێوایە نزیک بە تەواوی بەرپرسیارێتییەکان لە ئەستۆی دەوڵەت دایە. لەبەر ئەوەی دەوڵەت ئیدارەی کۆمەلگاو ئیدارەو دەزگای پەروەردەی لە دەست دایە. هەر ئەوە دەتوانێ هەموو ڕێگا شوێندانەرەکان بگرێتە بەر بۆ چارەسەری ئەم گرفتە. بەڵام دەسەڵاتێک کە لەسەر بنەمای برتەسکی بەرژەوەندی ئایینی دامەزرابێ، لە لای ئەو، ئەم جۆرە کێشەگەلە سنووردارن، تەنانەت بازەرگانیشیان پێوە دەکا واتە بە قازانجی سەرەڕۆیی  و دیکتاتۆری بەکاریان بهێنێ. ئەوان لە سەر ئەو باوەڕەن کە مناڵێکی نەخۆشی لەم چەشنە هەر هیچ نەبێ خۆ ناتوانێ دژایەتی نیزام و دەسەڵات بکات و لای ئەوان بە خاڵێکیئەرێنی دێتە ئەژمار.

ڕاوێژ: هەروەک دەزانن سیستەمی پەروەردەی ئێران بە پێچەوانەی وڵاتانی تە کە لە یەک وشەی وەک پەروەردە یان education  پێکهاتووە، لە دوو وشەی ئاموزش و پەروەرش پێکهاتووە، ئەوەش وای کردووە کە دوو جێگر (معاون) لە قوتابخانە هەبێ، معاونی پەروەردەی و معاونی پەروەرشی، بوونی ئەو دوو بەشیە و بەتایبەت معاونی ئاموزشی دەگەڕێننەوە بۆ چی؟ مەگەر ئەو دوو بەشە لێک جیا دەکرێنەوە؟

ساڵحزادە: لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە خەمی سەرەکی ئەوەیە کە قوتابیان لە کاناڵی داڕێژراوی ئایینییەوە تێپەرن و دواتر نەبنە دژبەری نیزام. ئەگینا بوونی جێگری پەروەرشی لەوە زیاتر چی پێیە؟ خۆ گشتمان هەڵس وکەوتی جێگرانی ئەم پۆستەش دەزانین چیە. ئەگەر نیزامی پەروەردە، خەمی کۆمەلگای دوارۆژی هەبێت، دەبێ لە قوتابخانەکاندا دەرمانگاو شوێنی وەرزشی بنات بنێ نەک هەوڵی دامەزرانی ناوەندگەگەلی سیخوڕی و فەسادی وەک “پایگاە بسیج” !

ڕاوێژ: جەنابت لە دوو سیستمی پەروەردەی ئێران و فەڕانسەدا مامۆستایەتیتان کردووە، جیاوازییە سەرەکییەکان لە چیدا دەبینن؟

ساڵحزادە: ئەم دوو سیستمە زۆر شتیان لە یەک دەچێ، بەڵام ڕوانگەی ڕوانینی هەر دووکیان لە سەر پرسی پەروەردا تەواو جیاوازە. گرینگتر لە گشتی ئەوەیە کە لە فەڕانسە مارکی ئایین بۆ هەموان قەدەغەیە، بەڵام لە ئێران هەر قوتابییەک ئەگەر ملکەچی ئایینی شیعەی ١٢ ئیمامی نەبێ و سیاستەکانی دەسەڵات ئۆکەی ناکا، جێگەی نیە. ئەم جیاوازیەش ئەوەندە گرینگە کە بەهاکانی تر دەکەونە پەرواێزەوە و هەرچی گرینگییان پێ بدرێ بەداخەوە لە ئێران هەر بارودۆخەکە وێران تر دەبێ.

ڕاوێژ: با ئاوا بپرسم، چۆنە لەگەڵ ئەویدا کە بەرنامەی وانە و پەروەردەی ئێران زۆربەی هەر زەۆری بە مەبەستی تواندنەوەی نەتەوەکانە و هەڵواردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی و ئایینی زۆر تێدایە و هەڵگری فەلسەفەیەکی تایبەتە کە لەگەڵ کورد ناگونجێ، بەڵام دەرهاویشتەی پەروەردە لە کوردستان زۆر جیاوازە لەوەی کە ڕژیم دەیهەوێ و کەسانی نیشتمانپەروەر بەرهەم دێن؟

ساڵحزادە: پێشتر بە پێی ئیمکان و بە پێی توانا ئاماژەمان بە کۆمەڵێک ئاریشەو گرفت کرد کە داوێنی پرسی پەروەردەیان لە ناو سیستمی پەروەدەی ئێران دا گرتووە و بەدەنەی کۆمەلگەی ئێمە پێوەیان دەناڵێنێ. جا کە ڕوانگەکانمان لەوێ وە بەرەو کوردستانی ئێران بگۆزینەوە دەبینین کە بە داخەوە لەوێ کەمو کورتی یەکان بەرچاوترە.

کۆمەلگای کورد بە گشتی ئەو نوسخەی کە سیستمی فێرکاری لە تاران یا لە قوم بۆی دەپێچێتەوە و دەیەوێ دەرخواردی بدات، بۆی قەبووڵ ناکرێ و بە شێوی خۆرسک، قوتابیانی ئێمەو تەنانەت کۆمەڵگەکەشمان دەچنە رۆلی دژکردەوە. جا ڕەنگە ئەم جۆرە قەبووڵ نکردنە بێ کە ببێتە هۆی ئەوەی لاوانی کورد بەوجۆرەی کە دەسەڵات دەیەوێ پەروەردە نەکرێن.

ڕاوێژ: یەکێک لە کێشەکانی پەروەردە لە کوردستان، نەبوونی کلاسی ستاندارد و شوێنی پێویستە کە لە ئەنجامدا ڕووداوی وەک شیناوێی لێ دەکەوێتەوە یان وەک ڕووداوی گوندەکانی سۆمای ورمێ و دەیان شوێنی تر، واتو حکومەت خەرجی لە کوردستان ناکات، بەڵام لە هەمان کاتدا قوتابیان دەباتە شەلەمچە و …تاد، پێتان وایە ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایان لە کوردستان، لە دەنگ هەڵنەبڕین لەو بارەوە تاوانبار نین؟

ساڵحزادە: ئێمە ناتوانین مامۆستایان و ئەنجومەنەکان تاوانبار بکەین. وەک بۆ خۆتان دەزانن لە کوردستان تێکڕای ئەنجومەنەکان داخراون و دەفتەرەکان پۆلۆمب کراون، تاکەکانی ئەندامی ئەم یەکێتیگەلەش بە جۆرەی توانای دام و دەزگا سەرکوت کەرەکان سزا دراون. بەو حاڵەش ئەوان هەر هەوڵی خۆیان داوە و خەمی خۆیان گەیاندۆتە شوێنی مەبەست، بەڵام بە ڕای من ئەو پرسیارەی جەنابت بڕێکی هەزینەشی هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە بیانهەوێ بیهارووژێنین و رووبەرووی دەسەڵاتی بکەنەوە.

ڕاوێژ: بابەتێک کە زۆر جێگای تێڕامانە دابین نەکردنی مامۆستایە بە گوێرەی پێویست و لە جیاتی مامۆستای سەرباز معەلیم بە کار دەهێندرێت، ئەو سیاسەتە بۆ چی دەگەڕێننەوە و کاریگەرییە باش و خراپەکانی چین؟ ئایا درووستە مامۆستای سەرباز معەلیم یان نێهزەتی لە قوتابخانەکان و بێ پەروەردەی پێویست بەکار بهێندرێت؟

ساڵحزادە: من بۆ خۆم باوەڕم وایە کە لە کوردستان ئەو مامۆستایانی کە سەرەڕۆیی دەکەن و لە پێرەو بەرنامەکانی سیستمی پەروەردە لا دەدەن، زۆر جاران بینراوە کە سەرکەوتوو تر بوون، چون بەڕاستی لە دەورەی ناوەندی ٦ کاژێر بۆ زانستی دینی  و …. جێ بۆ قوتابی تێدایە. بەڵام ئەگەر هەر ئەو مامۆستایە هەمان کات بۆ ڕوون کردنەوەی قوتابی سەبارەت بە باوەڕە نەتەوەیی و فەرهەنگیەکانی بە کار بێنێ و پێ ملی بەرنامەی دەسەڵات نەبێ باشتر نیە؟ جا ڕەنگە سەربازکەش لە زۆر بوار دا باشتر بێ. بەڵام وەک وڵام، مەبەستی حکومەت لە هێنانی کەسانی ناشارەزا، نەبوونی بوودجەی پێویستە کە زۆرجار کاریگەری نەرێنیشی لێ دەکەوێتەوە.

ڕاوێژ: بە گشتی کێشە سەرەکییەکانی پەروەردە لە کوردستانی خۆرهەڵات و ناوچە کەمینە نشینەکانی ئێران وەک بەلووچستان و ئازەربایجان و لوڕستان و عەرەبستانی ئێران و  تورکەمەن سەحرا و ….تاد، لە ڕوانگەی ئێوەوە چین؟

ساڵحزادە: کێشەکان زۆرن و بەرنامە دەرسیەکان ناتوانن هەڵگری ویستی ئەم جۆرە کۆمەلگایانە بن. بۆ نموونە بەرنامە سەرانسەریەکان ناتوانن وڵامدەری باری جوگرافیایی، ئایینی، مێژوویی، کولتووری، زمان و هتد بن، کە ئەمەش بە ڕاستی شیکاری و لێکدانەوەی زۆری پێویستە.

ڕاوێژ: ئەگەر بە بەڕێزتان بکوترێ چەند ئەرکی سەرەکی مامۆستایەکی کوردی بەهەڵویست دەست نیشان بکەن، لاتان وایە ئەو ئەرکانە چین کە دەبێ و پێویستە مامۆستای کورد پێیان هەستێت و ئەنجامیان بدات؟

ساڵحزادە: سەرەتا دەبێ ئێمەی مامۆستا باوەڕمان بەوە هەبێ کە ئێمە نەتەوەیەکین کە تێکڕای بەها سیاسی، کولتووری، کۆمەلایەتی و هتد مان لێ زەوت کراوە، کە گەیشتین بەو قەناعەتە، ئەوجار دەبێ بیر لەوە بکەینەوە  دەی باشە مامۆستای بە هەڵوێست دەبێ کێ بێ؟

ئایا ئەو مامۆستایەی کە ڕاستەوخۆ دەچێتە ناخی بەرنامەکانی سیستم و لە کاناڵی “ویلایەت  فەقیهی” و ڕوانگەی ئەمنیەتی ” یک امت و یک دولت” یان “امت اسلامی واحدە” سەرنجی کۆمەلگای خۆی دەدا، دەتوانێ مامۆستایەکی سەرکەوتوو بێت؟ یان ئەو مامۆستایەی کە لە ڕچە دەردەچێ و لە ناخی کۆمەلگا ڕەسەنەکەیەوە بۆ واقعی گەلەکەی دەڕوانێ، مامۆستایەکی شەریف و بە حورمەتە؟ جا لە کۆتاییدا بە باوەڕی من ئەرکی مامۆستا ئەوەیە کە هەست بە ئازار و مەینەت یان داخوزیەکانی گەلەکەی بکات و هەوڵی چارەسەر کردنیان بۆ بدات. بە گوێرەی ئیمکان و دەرفەت.

ڕاوێژ: نەبوونی تاقیگە (ئازمایشگا) و کارگە لە قوتابخانەکان و لە ئەنجامدا بەتاڵ مانەوەی و تیۆریک بوونی دوو وانەی زانست (علوم تجربی) و پێشە (حرفە و فن) و بە گشتی نەبوونی گونجاوی کەرەستەی فێرکاری (مواد کمک اموزشی) کە ئێستا ئیتر پێی دەکوترێ (مواد ئاموزشی نەک کمک ئاموزشی) چ خەسارێکی بۆ قوتابی و پەروەردە هەیە؟

ساڵحزادە: ئەوەی کە دەڵێن دنیای ئیمرۆ پێویستی بە قوتابخانەی سەردەم هەیە ڕێک ئەو شتەیە کە جەنابت هەنگاوتووتە. ئیتر لە قوتابخانەی سەردەمی وڵاتانی دیکە، “حرفە وفن” نەماوە ،ئێستا وانەی تێکنۆلۆژی جێگەی وانی گرتۆتەوە. بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستیەکانی ئەم جۆرە ژوورگەلەش دەوڵەت دەبێ مایەی زۆر لە خۆی دابنێ، ئەویش کە بە سەرانەی 2000 تمەن هیچکات جێ بەجێ نابێ. بەڵام من بەوە دەیبڕمەوە کە شوێنی ئەو کارگەگەلە بە ڕاستی خاڵیەو دەبێ بە شتی سەردەم پر بکرێتەوە.

ڕاوێژ: جەنابت لە دوو سیستەمی پەروەردەی ئێران و فەڕانسەدا مامۆستایەتیت کردووە، لە سیستەمی پەروەردەی ئێراندا لە دوای خوێندنی بنەڕەتی (ئەویش تەنیا لە گوندەکان) کوڕ و کچ لە یەکتری جیا دەکرێنەوە، ئەوەش دەگەڕێندرێتەوە سەر ڕوانگەی ئایینی، بەڕێزت ئەو لێک دابڕانەت پێ باشە یان نا؟

ساڵحزادە: باشی یا خراپی ئەو مەسەلەیە دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی بیرکردنەوەی بەرپرسان و کولتووری کۆمەلگای ئێمە ئەگینا ئەگەر هەڵی بسەنگێنی بە دڵنیاییەوە بە یەکەوەبوون باشترە. باشە ئەگەر لە قوتابخانە، منداڵەکان لێک جیا دەکرێنەوە، ئەدی لە ناو شەقام چی؟ یان لە ناو بنەماڵەو شوێنە گشتییەکان؟ بە ڕای من جیاکردنەوەی قوتابیان لە یەکتر شەڕکردنە لە گەڵ زاتی مرۆڤ کە ئەویش ڕێگە بە جێیەک نابات و سەرنجام دەبێ پێمل بن بە زاتی سروشتی بەشەر.

ڕاوێژ: ئەگەر چاو لێبکەین بە پێچەوانەی تاکی ئوروپایی و ڕۆژئاوایی کە لە مێترۆکانیش ڕۆژنامە هەڵدەگرن و خوێندنەوە بە شیوە جۆراوجۆرەکانی بەشێکە لە ژیانیان و لانیکەم هەواڵەکانی ڕۆژانە چاوێکیان پێدا دەخشیندرێت، تاکی ئێرانی و خۆرهەڵاتی کوردستان زۆر بە کەمی ئەهلی خوێندنەوەیە، تەنانەت لەو ژوورەی خۆشمان زۆربەیان حەز دەکەن بە دەنگ بێ نەک نووسین، ئیتر ئێمە وڵامیان نادەینەوە، ئەو بێز لە خوێندنەوە بۆ چی دەگەڕێننەوە.

ساڵحزادە: وابزانم پێشتر باسم کرد کە کۆمەلگای وڵاتانی ئوروپایی زیاتر لە 100 ساڵە پرسی خوێندنیان بە کردەوە کردۆتە زۆرەملی، ئەمەش شتێکی کەم نیە. واتە کۆمەلگەی ئەم وڵاتانە بە گشتی باسەوادن. ئەوە لە لایەک، لە لایەکی تریشەوە بە پێی ئەوە کە ڕاگەیاندن و میدیا ئازادە، ناوەندەکانی ڕاگەیاندن هەوڵ دەدەن شتی باش بۆ خوێندنەوە بەرهەم بهێنن و لە ئاکامدا  ئاستی چێژ وەرگرتن لە خوێندن بەرنە سەرەوە، بەڵام لە ئێران تۆ چی دەکەی بە دەست ئەو هەموو سانسۆڕ و فلتێرەوە؟ کە واتە لە ئێران ئاستی چێژ وەرگرتن لە خوێندن بە هۆی گرفتە ئەمنییەتیەکان، دابەزیەوە.

ڕاوێژ: خوێندن بە زمانی زگماکی، ئەو مافەی کە لە تاکی کورد زەوت کراوە هەرچەند لە یاسای بنەڕەتی ئێرانیشدا هەیە و ماددی ١٥ و ١٩ باسی دەکات، بەڵام لە کردەوەدا هیچ نەبووە و نیە و وەکو دیار ناشبێ، ئێوە ئەو قۆرغ کردنەی زمان، چ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر تاکی کورد یان بە گشتی تاکی زمان قۆرغ کراو هەیە؟

ساڵحزادە: بۆ وڵامدانەوە بەو پرسیارە دەبێ عەرزتان بکەم کە بڕێک پێویستیمان بە بەرچاوڕوونی هەیە، ئەویش ئەوە کە زمان چیە؟ مرۆڤ بە زمانەوە دێتە دنیاوەو لە بازنەی زمانی خۆیدا دەژی و پاشان وردە وردە گەورە دەبێ، هەر بەو زمانەشەوە کۆچی دوایی دەکاو دنیا بەجێ دێڵێ. زمانی هەر گەل و نەتەوەیەک بوونی ئەوان لە گۆی زەویدا دەسەلمێنێ. هەروەها دەکرێ ئەوەش زیاد بکەین کە مرۆڤ بوونەوەرێکە کە بیر دەکاتەوە، ئەمەش بەرچاوترین پێناسەیە کە تا ئەمڕۆ بۆ مرۆڤ کراوە، بیرکردنەوەو لێکدانەوەی هزریش بە بێ زمان ئیمکانی نیە. لە ڕێگای زمانەوەیە کە دەکرێ ئەندێشەو زانیاری لە کەسێکەوە بۆ یەکی دیکە بگوازیەوە. زمان وەکوو کەرستەی بەهێزی تێڕامان، بۆ ناسینی شوناسی هەر تاک یان هەر نەتەوەیەک، دەوری یەکەم دەبینێ. لە ڕاستیدا زمان جێگەو پێگەی ئەندێشەکانەو دەتوانێ لە قالبی جۆراوجۆری وەک نووسراو، زارەکی و فۆلکلۆردا بێتە سەر زەوی و رۆڵی کەس یان گەلانێک لە قۆناخ و دەورە زەمانییە جیاوازەکاندا بە خەڵک و نەوەکانی داهاتوو پیشان بدا.

جا کە هەستمان بە گرینگی رۆڵی زمان کرد ئەوجار لە نەبوونیشیدا بۆمان دەردەکەوێ چ شوێنەوارێکی خراپی لێ دەکوێتەوە. زۆر چەمک هەن کە لە نەبوونیاندا هەست بە ئازار دەکەی، یەکێ لەو چەمکانە زمانی کوردی ئێمەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. گرینگترین کاریگەری نەرێنی کە لە نەبوونی زمان دا دەردەکەوێ بریتییە لە نەبوون و نامۆبوونی شوناسی تاکەکانی کۆمەلگایە بە گشتی چینی لاوان.

ئاکامی لێکۆڵینه‌وه‌کانی‌ گه‌شه‌ی شوناس جیاوازیگه‌لێکی گرینگ له‌ کرده‌وه‌و چۆنیه‌تی نێوان قوتابیانی دواناوه‌ندیدا ده‌رده‌خه‌ن. دۆزراوه‌کان پیشانی ده‌ده‌ن که‌ ئه‌و قوتابیانه‌ی‌ کە نمره‌کانی گه‌شه‌ی شوناسیان له‌سه‌ره‌وه‌ترە،‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌وانی دیکه‌ خۆپه‌سه‌ند، جێگه‌ی باوه‌ڕو به‌ دسیپلین ترن لەوانەی که‌ نمره‌کانیان له‌ خوارتره‌وه‌یه‌. “برۆنێسکی” به‌ لێکدانه‌وه‌ی ژێربه‌ناکانی ناسیاری-کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ناساندنی مێتۆده‌کانی شوناس،‌ سێ مێتۆد وه‌کوو شوناسی زانیاری، هه‌نجاری و سه‌رلێشێواوی ده‌خاته‌ به‌رباس.

ڕاوێژ: هاوڕێیەک پرسیارێکی ناردووە کە یەکێک لە دیاردە بەرچاوەکانی خوێندنی باڵای ئێرانە. ئەو هاوڕێیە دەپرسێ: هەبوونی زانکۆکانی ،سەراسەری و ئازاد و پەیامی نور لە سیستمی پەروەردەی ئێراندا چۆن لێک دەدەنەوە،ئایا هەبونیان دەتوانێ کەڵک لەسەر پەروەردە دابنێ یا بە پێچەوانەوە؟

ساڵحزادە: ئەگەر یەکدەست و لە یەک ڕەهەندەوە بۆ کۆمەڵگەی ئێران بڕوانین، دەکرێ بڵێین بەڵێ بوونی ئەم فرەچەشنیەی زانکۆکانی ئێران شتێکی باشەو دەرفەتگەلێک دەڕخسێنێ بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری و خوێندەواری کۆمەلگا، بەڵام وەک دەزانن ماوەیەکە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا، خوێندنی باڵای بە ناوچەیی کردووەو کە ئەمەش زەربەیەکی قورسە لە قوتابیانی شارە بێبەشکراوەکانی ئێران، وەک کوردستان. واتە قوتابیانی مەریوان و ماکۆ و سەقز، خاوەنی دەرفەتی یەکسان لە گەڵ شارەکانی تەورێز، تاران و شیراز نین.

ڕاوێژ: ئێستا دەوڵەتی ئێران لە زانکۆی سنە و ئازادی مهاباد، بواری خوێندن بە زمانی کوردی کردۆتەوە، پێتان وایە ئەوە خزمەتە و دەبێ رێزی بگیردرێت و بە دەسکەوت دابندرێت یان نا ئەوە جۆرێک خۆ قوتار کردنە لە پرسی زمانی کوردی؟ بە گشتی بوونی ئەو بەشە چۆن دەبینن؟

ساڵحزادە: ئەگەر چالاکانی کورد بڵێن ئەم دیاریە کۆ بکەنەوە نامانهەوێ، دواتر ڕەنگە قسەیان بێتەوە سەر! بؤچی چونکو ئەم بەخششە بۆشاییەکی وای پڕ نەکردۆتەوە. ئێمە پێمان وایە کە مافی منداڵانی ئێمەیە کە لە تەمەنی 5 ساڵیطا بۆ سەرەوە بە زمانی خۆیان بخوێنن و گەشەو نەشە بکەن. ئەگەر ئێمە بەوە وانەگەلەی ئاستی باڵا قەناعەت بکەین و بەدوای پرسە سەرکیەکەدا نەچین، ئەوە کڵاومان چۆتە سەر و دەسەڵات لە بانگەشەی خۆی بەردەوام دەبێ.

ڕاوێژ: ئەسڵی ٣  و ٣٠ یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی دەلێ خوێندن تا کۆتایی قۆناغی دواناوەندیش بە خۆڕاییە، بەڵام لە کوردستان هەندێک هەواڵ و زانیاری دەڵێن کە زۆر قوتابی بەو هۆیەوە وازیان لە خوێندن هێناوە، ئێوە ئەو هەواڵانە پشتڕاست دەکەنەوە؟

ساڵحزادە: بەڵێ زانیاریەکان بە تەواوی ڕاستن. دیارە پەروەردە لە مەیدانی کردەوەدا بڕێ پووڵی سەرانەی قوتابیانی بڕیوە. ئەمەشە لە عەمەلدا بە زیانی قوتابیانی ناوچە هەژارەکان تەواو دەبێ. لە ئاکامی کەمتەرخەمی دەسەڵاتدا، هێدی هێدی زۆر دیاردەی نوێ دەرکەوتوون، ئەویش مەسەلەی چیانیەتی و دابەشکاری و هێڵکاری کۆمەلگا لە ڕێگەی قوتابخانە هەمەڕەنگەکانەوە. وەک دەزانن ئێستا زۆر قوتابخانەی تایبەتی هەیەو ژمارەشیان ڕوو لە زیادبوونە. یانی دەکرێ بڵێین ئەمە کارەسات بارەو بەداخەوە بەرەو داهاتوویەکی ناڕوون دەڕۆین.

ڕاوێژ: وازهێنان لە خوێندن لە کوردستان و ناوچە کەمینەنشینەکان لە چاو تاران و شوێنە فارسەکان بەپێی ئامارەکانی خودی ئێران،  ڕێژەکەی زۆر زیاترە، هەروەها نەچوونە بەر خوێندن کە هەر ئەو ساڵ ٢٠٠  قوتابی لە تەمەنی خوێندندا نەچوونە قوتابخانە، بەڵام حکومەت دووری گوندەکان و بچووک بوونیان دەکاتە بیانووی دابین نەکردنی قوتابخانە و مامۆستا، ئەو بیانوویە چەند قەبووڵە؟

ساڵحزادە:حکوومەتی دێموکراتیک نابێ هیچ شتێک بە بیانوو وڵام بداتەوە. حکومەت بەرپرسە کە بەپێی بارودۆخی هەنووکەیی کێشەکان چارەسەر بکا. وەختێک دەوترێ ناوچە هەژارەکان، ڕێک هەر ئەوەیە کە دەبینین کوردستان ناوچەیەکی هەژارە، باری ئاستی خوێندنیش دەگرێتەوە، یان باری ئابووری و کۆمەلێک شتی تر. هەروەها دەکرێ ئاماژە بە بێ ئەنگیزەییش (نبوونی پاڵنەر) بکەین . بە داخەوە هەمووی ئامارەکان لەم بارەوە ڕاستن. لە فەرانسەش گوندەکان زۆر لە لای خۆمان بچووکترن، بەڵام حکومەت بیانوو ناگرێ و لە هەر ناوچەیەک قوتابخانەیەکی گەورە بە هەموو ئیماکانێکەوە دەکاتەوەو بە ماشێنی هاتووچۆ قوتابیان ڕادەگوازێ. لە ئاکامدا منداڵانی پێتەخت و گوندەکەن لە ئیمکاناتی یەکسان بەهرەمەندن.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک: یەکێک لەو دیاردە سەرەکیانەی کە بە گشتی لە کۆمەڵگای خۆرهەڵاتدا دێتە بەرچاو ئەوەیە کە زۆرێک لە دایک و باوکان یا بە واتایەک بنەماڵەکان ئیزن نادەن کە کچەکانیان بۆ خوێندنی باڵا واتە زانکۆ بنێێرن ،بە بڕوای وە ئەو دیاردەیە هۆکارەکانی بۆ چ شتێک دەگەرێنەوە ؟

ساڵحزادە: منیش لەم بارەوە وەک “حاج ئاقا” بیر دەکەمەوە، وەک ئەو دەڵێ تەواوی گرفتەکانمان هی ئەمریکایە! منیش دەڵێم تەوای کەم و کورتی یەکان هۆکاری ئەو دیاردەگەلە دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات. ئەوە جۆرە بیر کردنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ فکرێک کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە بە گوێچکەی خەڵکدا دەخوێندرێت. ئەوان دەوانن کارێکیان کردووە بە هێنانە گۆری چسمکی حەرام وحەڵاڵ یا مەحرەم و نامەحرەم، کۆمەڵگایایان تووشی ئالۆزی کرد. ئەگینا ئەرکی دەوڵەتە لەمبارەوە هەنگاو بنێ. لە زۆربەی وڵاتانی ئوروپایی و فەرانسە، هەموو دایک و باوکێک شیاوەتی ئەوەی نیە کە ئاگاداری لە منداڵەکانی بکات. بۆ ئەو مەبەستەش یارمەتیدەری کۆمەڵایتیان بۆ دیاری کردوون، بە فەڕز ئەگەر باوک یان دایک ڕێگری لە چوونی منداڵەکەی بۆ زانکۆ بکا، ئەوە حکومەت بۆی هەیە منداڵەیان لێ وەربگرێتەوەو بۆ خۆی سەرپەرەشتی بکا. بەڵام لە ئێران ئایا هەموو کەس سەلاحیەتی باوک یان دایک بوونی هەیە؟

ڕاوێژ: مامۆستا ئەگەر ئێستا دەسەڵات بدەن بە ئێوە سێ گۆڕانکاری لە سیستەمی پەروەردەی حکومەت لە کوردستان بکەن، ئەو سێ گۆڕانکارییە چ دەبن؟

ساڵحزادە: سازکردنی قوتابخانەی بەرین و بەرفراوان بە هەموو ئیمکاناتێک، تێکەڵ کردنی کور و کچ و جیا کردنەوەی ئایین لە پرۆسەی خوێندن.

ڕاوێژ: لە کۆتاییدا ، بە نوێنەرایەتیی ژووری راوێژەوە دەستخۆشی لە بەڕێز مامۆستا حەسەن ساڵحزادە دەکەین کە لەو دوو شەوەدا میوانی ژوورەکەمان بوون و وڵامی پرسیارەکانیان داوە.

ساڵحزادە: منیش سپاسی ئێوە دەکەم کە ئەو دەرفەتەتان بۆ ڕەخساندم، سپاس بۆ ئەندامانی ژوورەکەش کە کاتیان تەرخان کرد بۆ ئەم باسە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە