تاسەی وەتەن

0
671
hamid- maeili1
حامید مائیلی

         

پەنا بۆ کێ بەرم یاران لە کێ پرسم ئەمن دادم

کە دەستکەوتی بە فیڕۆ چوو لە دونیا ڕەنجی بێدادم

ئەمن ئێستا کە هەڵکورماوی کونجی غوربەتم ئاخۆ

دەزانێ یار وەکوو سەیدە هەڵاتووی دەستی سەییادم ؟

لەسەر وەشڕا کە سووتانی لە سەرخۆییم دەبینێ ئەو

بە گەپ دەگرێ کزەی جەرگم نییە قەت گوێی لە فەریادم

بەڵێنم دا بۆ ئازادیی بە من ڕازی بێ بۆم فەخرە

بە بایی سەر تەواو بێ بۆم وەکوو پێشوو لە سەر وادم

لە سووچێکی دڵی گەرمی بڵەی ڕۆژێک بدا جێگەم؟

بە هەرچۆنێک وەرمبگرێ بە دڵ ڕازیم و پێی شادم

بە کاڵی دایمە دەست تایان لەئامێزی بە تینی خۆی

وەلای ناوم، هەتا مردن ئەمن ناکام و نامرادم

“خەمین” م نەک لەحاشا نیم وڵاتم کوردەوارییە

دەکەم شانازی من پێوەی لە کەونارایەکەی مادم

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت