بۆچی حدک تەرحی حدکا بۆ ‘یەکگرتنەوە’ی رەد کردەوە؟

0
899

ڕوونکردنەوەی ئەو دواییانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  لەمەڕ پرسی یەکگرتنەوەی دوو باڵی دێموکرات، هەرچەند تا ئێستا هییچ وڵام و ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)ی  لێ نەکەوتۆتەوە بەڵام لە دونیای مەجازی و بەتایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکدا گەلێک تێکهەڵچوون و مشت و مڕی زارەکی لە نێوان ئەندامانی هەر دوو لایەن لە ئاستی جیاوازەوی بەدوای خۆیدا هێناوە.

لەو روانگانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و لەسەر لاپەرەی تاکە کەسی بڵاو بۆتەوە، ڕوانگەی  تاهیر قاسمی ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری کە بۆچی حدک تەرحی حدکا بۆ ‘یەکگرتنەوە’ رەد کردەوە؟

تاهیر قاسمی

تاهیر قاسمی

 دەڵێت: لە دوا دانیشتنی نێوان دەفتەری سیاسیی دوو لایەنی حیزبی دێموکراتدا، لایەنی حدکا بە قسە نەک بە نووسراوە، کۆمەڵە پێشنیارێکی بۆ یەکگرتنەوە، بە گوێی لایەنی حدک گەیاند. دەفتەری سیاسیی حدک ئەو ریزە پێشنیارانەی بە باش و بە هەنگاوێک بەرەو پێش زانی. بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار لە سەر ئەم پێشنیارانەی حدکای خستە بەر دەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی ئەم حیزبە کە لە مەودای نێوان دوو کۆنگرەدا بەرزترین ئۆرگانی بڕیاردەری حیزبە. دوای کۆبوونەوە دوو قۆڵیەکە، کۆمیتەی ناوەندی بیر و بۆچوونی بەشێک لە ئەندامانی حیزبیشی وەرگرت و کۆبوونەوەی تایبەتی لەم بارەوە و لە دەرەوەی کۆمیتەی ناوەندی بۆ وەرگرتنی بۆچوونی ئەندامان رێکخست. زۆرینەی بەدەنە و دوا جار کۆمیتەی ناوەندی بڕیاری لە سەر رەدکردنەوەی تەرحەکەی حدکا دا. رەد کردنەوەی پلانی حدکا بۆ یەکگرتنەوە، بەو مانایە نییە کە حدک یەکگرتنەوەی رەد کردبێتەوە بەڵکو تەنیا تەرحە زارەکیەکەی حدکای بۆ یەکگرتنەوە رەد کردەوەو بە نەرێنی دەنگی بۆ دا وەک چۆن پێشتریش حدکا تەرحی حدکی بۆ یەکگرتنەوە رەد کردبۆوە بەڵام لە سەر درێژەدان بە دانیشتنەکان مکوڕ بوو. ئەوەش لە حاڵێک دا بوو کە تەرحی حدکا تەنیا لە قسە دا بوو و حدک پلانی خۆی بە نووسراو پێشکەش بە دەفتەری سیاسی حدکا کردبوو. گرینگترین هۆکاری رەدکردنەوەی پلانەکەی حدکا بۆ ئەو بەندەی قسەی حدکا دەگەڕێتەوە کە دەڵێ “یەکگرتنەوە لە چوارچێوەی حدکا” دا. چونکە نەک سکرتێر یان دەفتەری سیاسی، تەنانەت کۆمیتەی ناوەندیش ئەو دەسەڵاتەی نییە لە دەرەوەی بڕیاری کۆنگرە حیزبێک هەڵوەشێنێتەوەو لە حیزبێکی دیکەدا ئیدغامی بکا. وەها دەسەڵاتێک تەنیا لە دەست کۆنگرەی هەر حیزبێک دایە. کە سەرەتا ئەو چاوەڕوانیەی حدکام دیت بۆم پرسیار بوو ئاخۆ چۆنە رێبەریی حدکا لە حاڵێکدا پێی وایە نووسینی ناوی “حدک” لە بەیاننامەی یەکگرتنەوەدا دژ بە ئەساسنامەی خۆیەتی کەچی تا ئەو ئاستە چاوەڕوانە لایەکەی دیکە بێ کۆنگرە و بێ بڕیاری کۆنگرە خۆی بۆ هەڵوەشێنێتەوە!! تەنانەت حدکا-رێبەرایەتیی شۆرشگێڕیش بۆ یەکگرتنەوە ناچار بوو بگەڕێتەوە کۆنگرە و لە کۆنگرەدا بڕیاری بۆ ئەو جۆرە یەکگرتنەوەیە دا. وێڕای ئەو خاڵە بنەڕەتیە، کۆمەڵێک کێشەی دیکەش لە تەرحی حدکا دا هەن. مەسەلەن ئەگەر حدکا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی قەبوڵ کردوە، بۆچی نایهەوێ پێش یەکگرتنەوە ماوەیەک کاری هاوبەش بکەن؟! بۆ نایهەوێ ئەو دوو بەدەنەیە لە دەرەوەی یەکگرتنەوە لێک نیزیک ببنەوە، گرژیەکان بسڕنەوە، لە رێبەریدا سیاسەتەکان لێک نیزیک بکەنەوە، باشەکانی هەر کام لە دوو لایەن هەڵگرن و خراپیەکانی هەر کام فڕێ بدەن، پێوەندیەکان ئاسایی بکەنەوەو پاشان بە شێنەیی و بە رەسمی یەک بگرنەوە؟! چ ترسێک لەوەدا هەیە؟ یان ئەوە کە چ میکانیزمێک بۆ دووپات نەبوونەوەی کێشەکانی پێش لەتبوون هەیە و زۆر پرسیاری دیکەش کە من بەش بە حاڵی خۆم بە دەغدەغەی دوارۆژی بە یەکەوە بوونیان دەزانم. با درۆ لە گەڵ خۆمان نەکەین کە تەرحەکەی حدکا لە سەر بنەمای پەڕاوێز کردنی ئەم و ئەو، خۆ بێ تاوان نیشان دان و بە شەیتان زانینی لایەکەی دیکە داڕێژراوە. وەها یەکگرتنەوەیەک بە دڵنیاییەوە لەتبوونێکی دیکە لە هەناوی خۆیدا هەڵدەگرێ…

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت