سوسیالیسم/وەرگێڕ لە سۆئێدییەوە : حامید مائیلی

0
240
حامید مائیلی
حامید مائیلی

وەرگێڕ لە سۆئێدییەوە : حامید مائیلی

هیچ ئیدئۆلۆژییەکی دیکە بە ڕادەی سوسیالیسم لق وپۆپی لێنەبۆتەوە،بە جیاوازییەکی وەها بەرچاو و گەورە، کە لە نێوان شێوەی جۆراوجۆری سوسیالیسم دا هەیە. دەتوانێ هەڵگری هەموو شێوەیەک بێ، هەرلە سوسیالیسمی دەوڵەتییەوە وەک مۆدێلی سۆویەتی کۆن ،کە تێێدا دەوڵەت خاوەنی هەموو شتێک بوو، ونوێنەرایەتی بەشەکانی تەواوی کۆمەڵگای دەکرد ”گلێس سوسیالیسم” (کارخانەداری دەوڵەتی )یەوە بگرە، هەتا ئاناڕشیسم و سەندیکالیسم کە خوازیاری کۆمەڵگایەکی بێ دەوڵەتن .

لایەنی هاوبەشی هەموو ئەوانە داڕژتنەوەییەکی سەر لە نوێ یان سرێنەوەی بە یەکجاری کاپیتالیسمە، دە بەرژەوەندی کۆمەڵگادا و ئابوورییەک کە خەڵک ببنە خاوەن دەستەڵات.

مێژوو:

سەرچاوەی ئەو سوسیالیسمە مۆدێڕنە لەلچەند لایەنەوە هاتووە :

١- لە فەیلەسوفەکانی یوونانی سەر دەمی ئانتیک (چاخی عەتیق)،لەوانە ئیفلاتوون ،کە جەختی لە سەر بەرپرسیارەتی دەوڵەت لە دابینکردنی عەداڵەت و دێموکڕاسی دەکرد.

٢- لە سەردەمی ڕەوشەنگەری و شۆڕشی فەرانسە .کە تێێدا نە تەنیا ئازادی ،بگرە بەرابەری و برایەتی یش لەتایبەتمەندی بیرۆکەکەیان بوون.

٣- لە سوسیالیستە خەیاڵییەکانی وەک تووماس مۆڕ و ڕۆبێرت ئووێن، کە جەختی لە سەر ئەوەکە، خاوەندارییەتی خسووسی سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانە ،دەکردەوە ، هاندەری دابینکردنی کۆمەلگایەکی دەکرد، کە تێیدا چینایەتی و خاوەندارییەتی مڵک و ماڵی شەخسی پێوەدیار نەبێ و هەموو بەئازادی و بە هاوکاری دەگەڵ یەکتر بژین .

٤-لە سەر چەکەرەکردنی” سوسیالیستی و بزووتنەوەی کرێکارییەکان” کە تێێدا ئیتیحادییەکان و کۆمەڵەکرێکارییەکان بە مەبەستی پەرە پێدان بە مانگرتن وەک چەکی بزاوەکە لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوە.

٥- لە مارکس و ئێنگلس کە پەرەپێدەر و بە سیستیم کردنی ئیدەی سوسیالیسم و دامەزرێنەری بناخەیەک بۆئابووری و فەلسەفەی زانستی بوون .

هەم لە ئێستا و هەم لە ڕابردووشدا ،ئیدئۆلۆژی سوسیالیستی دەوپەڕێ ڕادەی جۆراجۆردا پەرەی هەستاندووە ،کە زۆر جاران تەنانەت دژایەتییان دەگەڵ یەکتریش کردووە و تووشی ململانی دەگەڵ یەکتریش بوون لە سەر ئەوە کە کامیان زیاتر،یان کەمتر سوسیالیستن .

زۆربەی ئەو ڕەوتە سوسیالیستییانە لە نێو ڕەوتی کرێکاراندا پەرەیان هەستاندووە ،تەنانەت سوسیالیستی خەیاڵیشیان تێدا بووە ،کە زۆربەیان لە ڕووناکبیران بوون ،وەک نموونە، خاوەن شیرکەتێکی وەک ڕۆبێرت ئووێن.بزووتنەوەی ئیتیحادییەکان لە سەرەتادا بە دەست لیبرانەکانەوە بوون،یان لە زۆر لایەنەوە لانیکەم بە ئاشکرا سوسیالیستی نەبوون ،وزۆربەی بزووتنەوە کرێکارییەکان لەلایەن لیبرالەکانەوە بە ڕێوە دەچوون .

بە گشتی مرۆڤ دەتوانێ گەشەی سوسیالیستی بە سەر چەند بەش لەلێکۆڵینەوەکاندا دابەش بکا :

١- لایەنی خەیاڵی و فەلسەفی : لە ئیفلاتوون و یوونانی کۆنەوە بگرە تا ڕۆبێرت ئووێنی سکۆتلاندی و ساینت سیموونی فەڕانسەوی و زۆر فەیلەسوف و نووسەری دیکە بوون کەئیدلۆژی سوسیالیستیان گەڵاڵە کردووە .

٢- مارکسیسمی سەرەتایی :لە ناوەڕاستی سەدەی ١٨ دا مارکس وئێنگڵس دەستیان بە خۆ ناساندن کرد وبزووتنەوەی کرێکارییان هەم لە بواری ئیدئۆلۆژی  وهەم لە بواری کردەوە دا پەڕە پێدا. مارکس نەک هەر فەیلەسوف، بەڵکوو سیاسەتوانێکیش بوو،بە کردەوە کەلکی لە ئەزموونەکان وەردەگرت  ،بۆ نموونە سازکردنی حیزب و ئیتیحادییەکان.

٣-ڕەوتی ڕێکخراوەیی: لە سەدەی ١٨٦٠ و بەشێک لە دەستپێکی سەدەی نوێ دا حیزبگەلێکی سوسیال دیموکڕات و سوسیالیستی لە تەواوی ئوروپا ساز کران، وتەنانەت لە شوێنی دیکە دونیاش .بزووتنەوەی ئیتیحادییەکان چەکەرەیان دەردا و پشکووتن ،و زۆرجاران تێکەڵ بە ڕەوتی سوسیالیستی دەبوون .سوسیال دیموکڕاتەکان بە چاوترووکاندنێک وەها گەشەیان کرد کە تەنانەت توانییان بەشداری  لە دەوڵەتەکانیشدا بکەن .

٤- ئینشعابی نێوان سوسیال دیموکڕاتەکان و کۆمۆنیستەکان :بە دوای شۆڕشی رووسییە و شەڕی هەووەڵی جیهانی دا بزووتنەوەی کرێکاری لە سەرتاسەری جیهان دا بە سەر دوو لقدا دابەش بوو- لەقێكیان سوسیال دیموکڕات وەک ڕێفۆرمیست و لقێكی دیکەیان کۆمۆنیست وەک شۆڕشگێڕ و ڕادیکاڵ ،کە لە سەرەتادا لە ژێر کارتێکەری تووندی سۆویت دا بوو.

٥-چەپی نوێ :دە پەیوەندی دەگەڵ شەڕی وێیەتنامدا شەپۆلی چەپ و شۆڕشی خوێندکاران لە ساڵی ١٩٦٠ دا ئەژمارێکی بەرچاو حیزبگەل و تاقمگەلی  ڕەوتی سوسیالیستی و کۆمۆنیستی لەلایەن لاوانی تووندئاژۆەوە، سەریان هەڵدا. زۆربەیان کارتێکەری تووندی مائۆ تسەتونگ وەک مائۆئیست ،تاقمێکی دیکە بە لاینگری تووندی ترۆتسکی نەیاری کۆنی ستالین، کە خۆیان بە تڕۆتسکیست دەزانی . ئەوڕۆ لە هێندیک لەو لاوانەدا وەرچانێک بەرەوە ئیدئۆلۆژی ئاناڕشیستی و سەندیکالیستی وەبەرچاو دەکەون.  زۆربەی حیزبە کۆمۆنیستییەکان کە سۆویەتی کۆن بەرێوەی دەبردن ،بوون بە کۆمۆنیستی ئوروپایی و سوسیالیستی چەپ .

٦-دوای سۆویەت: پاش ڕووخانی سۆویەت و دیواری بڕڵین ،بەشێکی یەکجار زۆری کۆمۆنیسمی سۆویەت سڕایەوە – تەنانەت ئەگەر لێر و لەویش شێوە دەوڵەتی ،وەک کاستڕۆ لە کوبا ،مۆگابە لە زیمبابوێ ،لۆکاشینکۆ لە ڕووسییەی سپی و شێوەی وەک مائۆئیسم و تڕۆتسکیسم تا ڕادەی بچووکترین سێکت دابەزیون.لێرە ئەو ئاڵۆگٶرە لە باوەڕێ نوێێ چەپ زۆرتر بەرەوە سوسیالدیموکڕاسی داکشاوە- دمەتەقەی لە مەڕ حیزبی نوێێ کرێکاری بۆ نموونە – لە دەرەوەی جەغزی حیزبایەتی . لە پێکهاتەکانی وەک بزووتنەوەی ژینگە ،بزووتنەوەی ژنان ،بزووتنەوەی سۆلیداریتی (هاوخەمی) و هتد .خۆی دەبینێتەوە .

دمەتەقەی لاوانی تووندئاژۆ لە نێوان سوسیالیستە خەیاڵییەکان لە نیوەی هەووەڵی سەدە ١٨ دا، کەلە لایەن کاڕڵ مارکس و فرێدریک ئێنگڵش کرابووە سیستیم و زیاتر وەک ڕەوتێکی دیاریکراوی زانستی ئابووری و ڕادیکاڵ کاری پێدەکرا.

ئەوحیزبە سوسیالیست و سوسیال دێموکڕاتانەی ئەوڕۆ کە لە نیوەی سەدەی ١٨ را سەریان هەڵداوە و پەرەیان هەستاندووە . سوسیال دێموکڕاتی سۆئێد بۆ نموونە ساڵی ١٨٨٩ دامەزراوە. هەر زۆر زوو ململانی ئەوەیکە کام ڕێگا دەبێ بگرنەبەر دەستی پێکرد- ڕێگایەکی شۆڕشگێڕانە یان ڕێفۆرمیستییانە . فردیناند لاسێل و ئێدوارد بڕنشتاین کە ئاڵـمانی بوون، دە دیالٶگێک کە لە نێوان ئەوان و مارکس هەبووە، هاتبوونە سەر ئەو باوەڕە کە دەکرێ دەوڵەت لە ناوەوە لەلایەن کرێکارانەوە بە شێوەیەکی ئاشتەواییانە بگۆڕدرێ،و ئەو ڕەوتە شۆڕشگێڕانەیان کە بە شۆڕش لەلایەن کرێکاران، دەبێ دەوڵەت بڕووخێندرێ و دیکتاتۆری پڕۆلیتاریای لە جێی دابمەزرێندرێ، ڕەت کردبووە.ئەوان جەخت و پێداگرییان لە سەر خەباتی سیاسی بۆ ڕێفۆرمی دیموکڕاتیک دەکرد – دەنگدانی گشتی وەک نموونەیەک – و ئیتیحادییە و خەباتی سیاسی بۆ مافی کرێکاران ،وەک نموونە هەشت سەعات کاری ڕۆژانە ،تەنانەت هاندەر بوون، بۆ شێوەی خەبات لە دەرەوەی پاڕڵمانیش وەک خۆپێشاندان ومانگرتن .

ئەو بەربەرەکانیانە کەهەم لەئیدئۆلۆژی و هەم لەکردەوەدا خۆیان دەنواند،ببووە هۆی کەرتبەندییەکی خێرایی نێوان حیزبە کۆمۆنیستییەکان و سوسیالدیموکڕاتەکانی بەشێکی زۆری ئوروپا، کە کۆمۆنیستەکان، سوسیالدیموکڕاتەکانیان بە “رویزیونیست”،نێو دەبرد، کە بە مانای پاشگەز بوونەوە و چەواشەکاری لە بنەمای ڕەسەنی سوسیالیسم بوو. لە شێستەکاندا چەپ، ڕەوتێکی نوێی گرتە بەر، زیاتر بەر لە هەمووان لاوە -کۆمۆنیستەکان لە سۆویەت کشانەوە .لە جیاتیانی، بزووتنەوەی  ڕزگاریخوازانەی وییەتنام ،ئەلجەزاییر ،ئەفریقای باشوور ، بزاوی ڕەش پێستەکانی ئەمریکا (ڕەشەکانی موسڵمان) و تەنانەت مائۆ لە چین -یان کردبووە هێمایەک .مارکسیسم بە سەر چەند کەرتی،وەک نموویەکی ڕوونی بەرچاو “مارکسیسم -لێنینیسم ” یان بە شتێکی دژوارتری وەک “مارکسیسم -لێنینیسم -بیرۆکەی مائوتسەتۆنگ  ” دابەش بوون . کە سۆئێدییە مائۆئیستەکان بە ئیدئۆلۆژی دەهەی شێست و حەفتاکانی خۆیانی لە قەڵەم دەدەن .

جێگای ئاماژەیە کە بۆ هەووەڵین جار میخائیل باکوونین ئانارشیستی ناسراوی ڕووس بە دوای وەیکە دەگەڵ مارکس جیاوازی ئیدئۆلۆژی پەیدا دەکا و لێک دادەبڕێن، وشەی ”مارکسیست”ی وەک وشەیەک بۆ گەپ پێدان دەخاتە سەر زاران . بە قەولی مارکس خۆی :”مارکسیست – من ئەو نیم ”.

نرخاندنەکان

ئەوەیکە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ نرخاندنی هەموو ڕەوتە سوسیالیستییەکان ، کە دەگەڵ لیبڕالیسم جیاوازییان هەیە، بەرابەری یە _ لە شێوەی هەرە ڕادیکاڵی خۆیدا کە زۆر جاران  وەک چەمکێکی بی چین و توێژ نێو دەبرێ. تەنانەت لیبڕالیسم یش باسی مافگەلی بەرابەر دەکا ،و مرۆڤ وەک کێبەڕکێیەکی لە تەنیشت یەکتر سەیریان دەکا ، کە تێیدا، هەموو خاوەنی یەک مافن، کە دەبێ لە یەک شوێن و یەک یاسای کایەوە دەست پێبکەن.

بەڵام سوسیالیسم دەیەوێ زیاتر لەوەیکە هەیە بەرەو پێشتر بچێ ،و یارمەتیدەری ئەو کەسانە لە کۆمەڵگادا بێ، کە دەوکێبەرکییەی ژیاندا هەڵدەنگوون یان هەڵدەخلیسکێن و هەتڵە دەبن، بتوانن درێژە بەکێبەرکێیە بدەن.  دابەشکردنی هەموو مافەکان بە سەر ئەو کەسانەدا کە هەر لە سەرەتای ژیانیانەوە بە هۆی میراتێک کە پێیان بڕاوە دەوڵەمەند و خاوەن دەستەڵاتن، نییە بەڵكوو، بۆ ئەو کەسانەیە ، کە دەستتەنگ و بێدەستەلآتن . سوسیالیسم لە سەر ئەو باوەڕەیە کە کۆمەڵگا و دەوڵەت ،چالاکانە دەبێ دەکار دابن ،تا ئەو ڕەوتە بگۆڕن و سەر لە نوێ سەروەت و دەستەلاتی زەنگینان بەسەر هەژاراندا دابەش بکەن .

ئەو مەرجە بۆ بەرابەری ،بە کردەوە دە سیاسەتێکی چالاکانەی دابەشکردندا ،جیاوازی نێوان سوسیالیستەکان و کۆنسێرواتیستەکانە، بەلآم، دەگەڵ ڕوانگەی بەرابەری لیبرالیسم یش کێشەیان هەیە . سوسیالیستەکان پێیانوایە کە، تێوەگلانی کۆمەڵگا دە دابینکردنی یاسا و ڕێسایەک بۆپرسی دابەشکردنی سەروەتی زەنگینان بە سەر هەژاراندا ، وەک پشتیوان بۆ مافی کرێکاران و ژنان کە توانایی کایەی ئابووری بازاڕی ئازاد بەرتەسک دەکاتەوە، پێویستە .ئەوەش زۆرجاران بۆتە پرسێکی لیبرالیسم _ وەک کێشەیەکی ئابووری لە نێوان ” مێنچێستر لیبڕالەکان ” و ” سوسیال لیبرالەکان” دا .

سوسیالدیموکڕاتەکانیش هەر وەک لیبرالەکان خوازیاری ئازادییەکانن ،لەوانە ،نەبوونی زەخت و زۆر،بەڵام وێڕای ئەو ئازادییە، خوازیاری بەرابەری و یەکسانیشن . کۆمۆنیستەکان لە ڕوانگەی یەکسانی سوسیالدیموکڕاتەکانیش زیاتر هەنگاو دەنێن. مووچەی بەرابەر بۆ کاری بەرابەر و وەک یەک – بە ماڵیاتی تەساعودی ڕازی نین و خوازیاری کۆمەڵگایەکن، بێ چێنایەتی ،کە تێیدا هیچ شیرکەتێكی خسووسی لە گۆڕێ نەمێنێ ،بەڵكوو، هەموو پێکەوە خاوەن هەموو شتێک بن لە کۆمەلگادا.ئەوەش بەو مانایە دێ کە، یەکسانی دەوپەرێ ڕادەی خۆیدا، جێبەجێ کراوە.

دە کۆتاییدا سوسیالیستەکانیش لە سەر ئەو باوەڕەن کەسێهەمین شۆڕشی فەرانسە کە کۆنسێرواتیوەکان و لیبرالەکان لە بیری دەکەن، واتە برایەتی ،سۆلیداریتە “بەپەرۆشی”،کە بە وشەیەکی مۆدێڕنی ئەوڕۆیی و کۆنکرێت واتە “کۆلێکتیویسم “کۆگرایی” . کە مەبەست لە یەکگرتوویی چینی کرێکاران ،بە هانای یەکترەوە هاتن ،لەو پەڕێ ڕادەی توانایییەوە تا بە ئامانجی خۆیان بگەن ، ئەو درووشمە ناسراوە کە لە سەر زمانانە و لە سەر ئاڵا سوورەکانیان چندراوە” کرێکارانی هەموو جیهان یەکگرن ”.

سۆلیداریتە کە لە پەیوەندی زۆر بوارانەوە ببووە بنەما،هەر لە دەستپێکی دەرماڵەی نەخۆشی و کارو باری پێکهاتە کۆیییەکان ،کە تیێدا هەژاران مافی وەرگرتنی یارمەتییان بوو ،تا یارمەتی و پشتیوانی لە بزووتنەوەکانی کرێکاری وڵاتانی ڕۆژاوای، وەک ئیسپانیا و وڵاتانی ژێر زەخت و زۆری وەک شیلی و ئەفریقای باشوور . ڕاشكاوانەتر خۆی دە چالاکی ئیتیحادییەکان – کۆلێکتیوەکان کە خۆیان نە تەنیا لە سەر ئەو قەولە، کە دەبێ هاوکاری یەکتر بکەن ،بەڵکوو سۆلیداریتەیەکی هاوبەش بۆ باشتر کردنی هەلومەرجەکە وەک کۆمەلگایەکی سوسیالیستی ،کە هەمیشە هاوکاری یەکتری تێدا لەبەرچاو گرتووە، تا کێبڕکێ و ململانی دەگەڵ یەکتر .بەڵام بیرۆکەی کۆلێکتیوی”کۆگرایی” لایەنی هاوبەشی نیوان سوسیالدیموکڕاتەکان و کۆمۆنیستەکان بووە ،سوسیالدیموکڕاسی یش هەر لە بنەڕەتەوە لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە مرۆڤەکان لە تاکایەتی ڕزگار بکا و تەنانەت کرێکارانی هەژار یش نەک تەنیا مافی ئەوەیان هەیە کە دەستیان بە مافی ڕەوای خۆیان ڕابگا ،بگرە خۆشیان دەگەڵ چینی خۆیان بە نامۆ دانەنێن .

ڕوانگەی کۆمەڵایەتی- ئینسانی

سەرەڕای وەیکە سوسیالدیموکڕاتەکان ئەوڕۆ خۆیان بە مارکسیست نازانن ،بەڵام لە زۆر لایەنەوە ژیانیان لە سەر بنەمای مارکسیستی و بزووتنەوەی دیموکڕاتیکی کریكاری بنیات ناوە .مارکسیسم لە سەر چەند تێگەی بنەمایی دادەمەزرێ.

١- تێگەییشتنێکی ماتریالیستی لە مێژوو .هەلومەرج لە کۆمەڵگا،ئابووری ، بازاری کار بناخەی گەشەی کۆمەڵگا دیاری دەکا ،نەک فەلسەفەی ئینتیزاعی لە ئیدئۆلۆژییەکانی ڕێفۆرمیستی .مێژوو بە گوێرەی خواستی ئابووری و پێداویستی ئینسانەکان بەرێوە دەچێ . شەڕ زیاتر لە سەر تەماحی خەڵک و شازادەکانە بۆ سەروەت و سامان( یان خۆڕزگار کردنە لە هەژاری) و ”پەروارکردن” ی خواست و ویستیان بۆ پەرە و داسەپاندنی فەرهەنگ یان دین – ئەگەر چی  زۆر جاران ئەوانە وەک بیانوو و پاساو کەلکیان لێوەردەگیرێ .

٢- پرسیاری نیزیک بە تێگەییشتن ماتریالیستی لە مێژوو ،باسی خواستی چینایەتی و خەباتی چینایەتییە .مارکسیسم پێیوایە کە لە بنەرەتەوە چینایەتی ئینسانەکانە کە دیاری دەکەن سەر بە کوێن ، و وابەستەگی چیناتی، دەستەلآتداری ئابووری لە کۆمەلگا دا دیاری دەکا . ئابووری و چینەکان پەیوەندییەکانی کۆمەلآیەتی دەنوێنێ ،وێڕای وەیکە ئیدئۆلۆژییەکان و پێکهاتەکان لە کۆمەلگایەکی کاپیتالیستی ڕووکاری کۆمەڵگایە ، ئەرکی پاراستنی کۆمەڵگای لە گۆڕێ، خواست و ویستی دەستەڵاتدارەکانێتی .بۆیە مارکس مەبەستی لە مێژوو، زیاتر مێژوویەکی خەباتی چینایەتییە.

٣-ئەوەیکە لە بنەرەتەوە دیاری دەکا کە کۆمەڵگا چلۆن بێ، پەیوەندی هەلومەرجی بەرهەمەکانە  ،واتە ئەوەی کە بڕیار لەمەڕ فاکتۆڕەکانی بەرهەم،دەدەن  هێزی کار ،کاپیتال و کەل و پەل و کەرەسەی سروشتی یە.هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی تا ئێستا ،کۆمەڵگایەکی چینایەتی بوون ،تەنانەت ئەگەر جیاوازییشیان دە نێودا بووبێ-لە کۆمەڵگای کۆیلەداری بە خاوەن کۆیلە و کۆیلەوە ،کۆمەڵگای فێئۆدالی بە خاوەن زەوی و وردە جوتیار و قەرە و کرێکارانی کشتوکاڵییەوە ،تا دێتە سەدەی ١٨ وکۆمەڵگای کاپیتالیستی بە خاوەن کارخانە وفابریک (وردەبورژوازی و کاپیتالیستی گەورە) و پەرەی خێرایی کرێکارانی کارخانەکانەوە . لە هێندێک شوێنی دیکەی جیهان پێداگری لە سەر هاوکاری کرێکارانیان دەگەڵ چینەکانی گرینگی کۆمەڵگا کردووە- لە وڵاتی چینی مائۆی ” کرێکاران و جوتیاران” و لە شۆڕشی خوێندکارانی پاریس لە ساڵەکانی١٩٦٠ دا ”کرێکاران و خوێندکاران”.

لەو بەشە لە لێکۆڵینەوەی مارکسیستی دا، شۆڕشگێڕان و ڕێفۆرمیستەکان توانیویانە یەکگرتوو بن . ئەوەیکە زۆر جیددی و پێوست بووە، هێڵە جیاوازەکان بوون بە پرسی دوارۆژ. مارکس لە سەر ئەو باوەڕە بووە کە :

١- لە سیستیمی خۆی کاپیتالیسم دا ،تۆوی فەوتانی داچێندراوە،بەشێکی لەبەر پەرە سەندی دەستەڵات – و کەڵەکە بوونی سەروەت و سامان لە ناوەندێک (مۆنۆپۆل) وپەرەی خێرایی جیاوازی چینایەتی کە قەیران و شەڕی لە دوویە ، بەشێکیشی دەست تەنگی چینی کرێکار وپڕۆلیتاریا دەبێتە هۆی بە ڕێکخراوەیی کردنیان و خەبات دژ بە کاپیتالیسمی لێدەکەوێتەوە.

بنەمای ئەوە، زیاتر تێئۆری لەمەڕ زیادە بایخی(ئەرزیشی ئیزافی) بوو.تێزی مارکس ئەوە بوو، کە تەنیا کار دەتوانێ بایخی نوێ بخولقێنێ و  ئەو بایخە سروشتییانە باشتر بکا، کە ئێمە بەرهەممان هێناون .بەڵام دەو سیستیمەی کاپیتالیستی دا ئەوەیکە کارەکان دەکەن واتە کرێکاران ،قەت ئەوەندە مووچە ،بە قەرایی  ئەوەیکە بەرهمی دێنن ، وەرناگرن.ئەوانەی کە زیادیین،وەک، زیادە بایخ ، وەک بەشی خۆی ،بەو نێوە کە خاوەن بەرهەمە،بۆ کاپیتالیست و خاوەن کارەکە دەمێنێتەوە. ئەو سوود وقازانجانە بەو دەگەن. و بۆ وەیکە لانی زۆری قازانجەکەی وەربەر کەوێ ،و بۆ قازانجی زیاتر حەول دەدا، بۆ نموونە، ماشێن و دەسگایان لە جیات کرێکار دابنێ ،و مووچەکان دابەزێنێ و کەمیان بکاتەوە .ئاکامەکەشی دەبێ چەوساندنەوە و پێشێلکاری مافەکان.ئەژمارێكی زۆرتر بێکار دەمێننەوە و توانایی کڕیاریان کەمتر و کەمتر دەبێتەوە -و کەسیش لە مەیداندا نابێ کە کەل و پەلەکان لە شیرکەتەکان بکڕن .ئەگەر کاپیتالیستان سەرکەون کە ئێمەتووشی قەیرانی زیادی بەرهەم ببین ،جا لێرەیە کە کاپیتالیسم بە چۆک دادێ .لە قەیرانی دەیەکانی ٢٠ و ٣٠  دا زۆر کەس لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە قسەکانی مارکس وەڕاست دەگەڕێ و وەدی دێن ،بەڵام دواتر کاپیتالیسم نیشانی دا کە توانایی بووژانەوەی زۆرتر لەوەیە کە ، بیری لێدەکرێتەوە .

مارکس بەو قەناعەتە گەییشتبوو کە، دوای قەیرانی مەرگەساتی کاپیتالیسم ،کۆمەڵگای یەکسانی بە دوور لە چینایەتی وەدیدێ .جا لێرەیە کە کاپیتالیسم دەسڕێتەوە،و دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا بەڕێوە دەچێ .تێگەی ” دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا ” بەو مانایە نییە، کەدیکتاتۆرییەکی وەک پادشایی کە تا ئێستا دیومانە وەدی دێ ،بەڵکوو چینی کرێکار دەستەڵاتی دەوڵەتی و شیرکەتەکان بە دەستەوە دەگرێ ،بەڵام بە مەبەستی بەرەوپێشەوەبردن و گەشەکردن بە ئامانجی وەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی .درووشمی ”هەر کەس بە گوێرەی توانایی وبە گوێرەی پێوستی” دەبێ بەڕێوە بچێ. هەر کەس هەرچی دەتواناییدایە و دەیەوێ ،بیکا،ولەمەودواوە پێویستی بە دەستەڵاتی دەوڵەت نابێ ،چونکوو هەموو د ەکۆمەلگایەکی بە دوور لە چینایەتی بە شێوەیەکی ئاشتەوایی لە تەنیشت یەکتر دەژین. لێرە بۆچوونی مارکس زیاتر ئانارشیسم وەبیر دێنێتەوە،کە تێیدا کۆمەڵگایەکی بە دوور لەچینایەتی هەر وەها بێبەری لە بوونی دەوڵەت.

لێرە پرسیار ئەوە بوو ،کە کاپیتالیسم بە چ شێوەیەک لە گۆڕی هەڵدەوێژردرێ، چونکوو هیچ کەس پێیوانەبوو، کە کاپیتالیسم بە دڵی خۆی دەست هەڵدەگرێ و خۆی دەمرێ.ئەوە ببووە تەنگژەیەکی پرسی گەورە لە سەدەی ١٨ لە نێو بزووتنەوەی کرێکاریدا، تەنانەت تا سەدەی ١٩ (ڕەنگبی لە زۆر بواراندا ئێستێشی دەگەڵ بێ ؟..)

مارکسیستەکان پێیانوابوو کە، کۆمەڵگایەکی کاپیتالیستی دەبێ لەبنەرەتەوە داڕووخێندرێ،و تەنیا رێگاش بۆ ئەو مەبەستە تووند تیژی و شۆڕشە. مارکس پێیوابوو کە ئاڵوگۆڕی هەنگاو بە هەنگاو و هێورانە شتێکی نەلواوە،بە تایبەت ئەو چینەی کە خاوەن دەستەڵات بوو، هێزی خۆیان بۆ بەرهەڵستکاری ئەو ئاڵوگۆڕە دەکار دەکەن .جا سەرەتای چەندبەرەکی لە نێو بزاوی کرێکاری دا لێرەوە دەست پێدەکا.کاتێک گەورەترین حیزبی سوسیالیستی واتە حیزبی کریکاری سوسیالدیموکڕاتی ئاڵمان بە ڕێبەرایەتی فردیناند لاسێل ساز کرا،لە سەر ئەو گرفتە بوو کە دەگەڵ مارکس ململانییەکەی دەست پێدەکا.تێزی لاسێل ئەوە بوو کە کرێکاران دەبێ دە ڕیکخراوەی کرێکاریدا سازمان بدرێن و بە هێز بن و دەستەڵات لە ناوەوە بە دەستەوە بگرن ،هەنگاو بە هەنگاو گۆڕان ،ڕێفۆڕم لە کۆمەلگادا پێکبێنن .وبەر لە هەموو شتێک ،پیاو نابێ چاوەڕوان بێ کە کاپیتالیسم تا ئەو ڕادەیە گەشە بکا، کە بە تەواوی تووشی قەیران بێ جا دوایە هەلومەرجێ ژیانی کرێکاران کە لەژێر زەخت و زۆردان ،باشتر بکرێ. ئەو خەباتە – بۆ هەشت کاتژمێر کاری ڕۆژانە ،دژ بە کاری منداڵان و هتد …دەبێ بە خێرایی بەڕێوە ببرێ.ئەگەر بە پێویست زانرا تەنانەت دەگەڵ لیبڕالەکانیش پێکەوە بەڕێوەی ببن، کە ئەوانیش لاینگری دابینکردنی یاساگەلێک بوون کە مافی دەنگدانی وەک یەک بۆ هەمووان و باشتر کردنی هەلومەرجی ژیانی کرێکاران بپارێزرێ.

زۆر لە کۆمۆنیستەکان لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە ئەو هەڵوێستە، خەیانەتێکی چینایەتییە .ئەگەر کریکاران، بواری خانە نشینی و پشووی ساڵانەیان وردە وردە بەرەو باشتر بڕوا،وردە وردە بێ مەیلی لێدەکەوێتەوە ،دەئاکامدا فیداکاریی، کە لە پێداویستی هەر خەباتێکی شۆڕشگێرانەیە، لە کورتی دەدا.ڕوانگەی ئینسانی سوسیالیسم لە بنەڕەتەوە ،وەک لیبرالیسم لە سەرچاوەیەکی گەشبینی بە وەیکە ئینسانەکان هەر هەموویان باشن دەست پێدەکا، بەڵام ئەو ئینسانە بە گوێرەی هەلومەرجی ئەوکۆمەلگایە کە تێیدایە شکڵ دەگرێ. بەڵام ئەوەش بە کۆلێکتیویستییە نەک بە پێچەوانەکەی کە تاکایەتییەکەی لیبرالیسم ،لێیدەدوێ.ئینسانەکان چلۆنن، هەمووی دەگەڕێتەوە سەر چینی کۆمەڵایەتی و ئەوکۆمەلگایە کە تێیدا دەژین ،کە زیاتر بە مانای  ئەوجیاوازییانەیە کە لە نێوان تاکەکاندا هەیە.لە سەرەتا، ئەو بیرۆکە لە گۆڕێ بوو، کە ئەگەر ئێمە ئەوپەیوەندییە ناعادڵانەی کەلە مەڕ ڕەوتی بەرهەمهێناندا هەیە، لە گۆڕیی هەڵوێژێرین ،ئێمە هەموو دەتوانین بە ئازادی ،یەکسانی و وەک ئینسانگەلێکی بەختەوەر دە کۆمەلگایەکی بە دوور لە چینایەتی دا بژین ،کە تێیدا هەموو شتێک لە نێوان هەموواندا دابەش دەکرێ _واتە کۆمۆنیسم .

لێرەش بنەمای سوسیالیسم بۆ ڕوانگەی لەمەڕ ژنان دێتە گۆڕێ ،کە دەو دواییانەدا لە ژێر نێوی ” چین یان جنس ” دا زۆر باسی لێکراوە .تێزی سوسیالیستی لە بنەڕەتەوە لەسەر ئەو باوەڕە بووە کە ژیردەستی ژنان دەگەڕێتەوە سەر کاپیتالیسم و کۆمەڵگای چینایەتی .هەر بۆیەشبوو کە بزووتنەوەی ڕزگاری ژنان (ئازادی) بە نەمانی کاپیتالیسمەوە گڕێدراوە،واتە لە کۆمەلگایەکی بە دوور لە چینایەتی . ئەو فێمێنستە سوسیالیستانەی ئەودواییانە لە جیاتیان هاتبوونە سەر ئەوباوەڕە کە زەختی کۆمەڵایەتیی هەم تویژ و چین دەگرێتەوە وهەم جنس. هاوتەریب دەگەڵ خەباتی چینایەتی دەبێ مرۆڤ بۆ مافی ژنانیش تێبکۆشێ کە لە هەموو چین وتوێژەکاندا وەبەرچاو دەکەوێ – چونکوو بە بنبڕ کردنی کاپیتالیسم بەو مانایە نییە کەزەختی کۆمەلآیەتی لە سەر ژنانیش بنبڕ دەبێ .

سوسیالیسم -یش لە سەر ئەو باوەڕەیە کە مرۆڤەکان توانایی لێکدانەوە وشیکاری کۆمەلایەتییان هەیە ،ئینسانەکان واقیعبینن و بەرەو پێشکەوتوویی هەنگاو دەنێن.جا لێرە پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەوئاڵوگۆڕە دەکۆمەلگادا کاری هەمووانە یان “ئێلیت” دەبێ ئەو سوسیالیسمەی کە هەڵگرێ بواری جیاوازە ڕێبەرایەتی بکا . مارکس ڕێبەرایەتی ئێلیت ڕەتدەکاتەوە و دەڵێ: تەواوی چینی کرێکاران دەبێ ئاگابکرێنەوە ، تا بتوانن شۆڕش بەئاکام بگەیێنن.بە پێچەوانە، لێنین دەڵێ: حیزبی چینی کرێکاران دەبێ پێشەنگ بێ ،و تەشکیلاتەکانیش کار وباری دیکە وەستۆ بگرن.

یەکێك لە تایبەتمەندییە گرینگەکانی سوسیالیسم ، بە تایبەت دەپەیوەندی دەگەڵ کۆنسێرواتیسم دا ”ئینترناسیۆنال” واتە نێو نەتەوەیی بوونی ئەوە.

جا چونکوو کاپیتالیسم یش نێونەتەوەیی یە ،کۆمەڵگا و پرسی چینایەتیش بە گشتی نێو نەتەوەیین. بۆیە نابێ خەباتێکی سوسیالیستی هەر وڵاتێک بۆ خۆی بە جوێ بەڕێوەی بەرێ،بەڵكوو خەباتێکی هاوبەش لە دەرەوەی سنوورەکان دەبێ بەڕێوە بچێ.”مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست” بۆیە بەو درووشمە ناسراوە کە دەڵێ: ”کرێکارانی هەموو جیهان یەکگرن” کۆتایی دێ. مارکسیستەکان لە سەر ئەو باوەڕەن کە دەوڵەت -نەتەوە خۆی کۆمەڵگایەکی چینایەتییە و لە کۆمەلگای بێ چینایەتییە جێگایەکی نییە .هەر بۆیەش بوو لە شەڕی هەووەڵی جیهانیدا، پرسی مافی دامەزراندنی دەوڵەتە نەتەوییەکان خۆی بوو بە هێڵی جیاواز لە نێوان ڕێفۆرمیستەکان و سوسیالیستە شۆڕشگێڕەکان دا.سوسیالدیموکڕات،دەوڵەتە نەتەوەییەکان و سیستیمی ئیجباری “سەبازی” یان قەبووڵ کرد،دەحاڵێکدا کۆمۆنیستەکانی شۆڕشگێر دژایەتییان دەگەڵ سیستیمی دیفاعی دەکرد و دەیانگووت کرێکارانی هەموو وڵاتان پێکەوە دەبێ لەهەمبەر زەخت و زۆر ڕابوەستن لە جیاتی ئەوەیکە ئیزن بدەن بکرێنە سەرباز و دە کەنداڵاندا چاوەڕێی دەستووری ئەو دەستەلآتدارانەی حاکم لە سەر خۆیان بن ،کە دژ بە خواست و ویستی چینی کریکارانن .

ئەو پرسە لە سەر دەمی شەڕدا لە سۆئێد زیاتر ببووە جێی پرسیار، سوسیالدیموکڕاتەکانی دوای شەڕی هەووەڵی جیهانی ،دەستیان کرد بە کەم کردنەوەی کەرەسەکانی دیفاعی . دە پەیوەندی دەگەڵ پەرە سەندنی نازیسم دا سەر لە نوێ سۆئێد دەستی دایە تەیار کردنەوەی سیستیمی دیفاعی .و دە ماوەی شەڕدا دەوڵەتێکی هاوبەشیان دەگەڵ بورژوازی بە مەبەستی پارێزگاری لە سۆئێد پێکهێنا، دە حاڵێکدا کۆمۆنیستەکان لە دەرەوەی ئەو پێکهاتنە مابوونەوە. وەک کەسانێک کە جێی مەتمانە بن ،حیسابیان بۆ نەدەکردن هیچ، تەنانەت بە تاوانی لاینگری لە شووڕەوی و ئینترناسیوناڵی کۆمۆنیستی ،وەک مەترسییەک لانیکەم لە سەر دەوڵەتی نەتەوەیی سۆئێد ،ئەژمارێكی زۆریشیان لێ دەست بە سەر کردن .

سوسیالیسم لە بواری پرەنسیپەوە لاینگری کۆمار و جودایی کلیسا لە دەوڵەتە،بەڵام جاری واشە لە ڕووخانی سیستیمی پادشایی خۆی پاراستووە ،چونکوو زۆر لە کێشەکانی داپۆشیوە و تەنانەت کرێکاران لێرە هێندێک لە پشتیوانی سیستیمی پادشایەتی- یش لە پشت بووە .

سیستیمی ئابووری سوسیالیسم، هەمیشە بەو مانایە هاتووە کە سنوور بۆ ئازادی کاپیتالیسم دابنێ ،و دواتر دەکردەوەدا شێوەگەلی جۆراوجۆری تەنزیمی ئابووری ڕەچاوکردووە.

 ئەوەی هەرە ڕادیکاڵ حەولی داوە کە خاوەندارێتی خسووسی لە گٶڕی هەڵوێژێرێ ،هاوکات زۆربەیان ڕێگای مامناوەندیان ڕەچاو کردووە- کە دەوڵەت ببتە خاوەن سەرچاوە سروشتییەکان و چوارچێوی پێکهاتە بنەمایییەکانی کۆمەڵایەتی ، لەوانە ماڵیات ،سیاسەتی دابەشکردن و بنیاتنانی بەشی بەرینی گشتی کە بەرپرسیارەتی گرینگی ژیانی ئینسانەکانی وەستۆیە وەک (داو و دەرمان ،قووتابخانەکان ،پەککەوتان ،نەخوشخانەکان ،بێکاری  وماڵی پیران) کە دەتوانن ئاسەواری گەورەی بە سەر دەستەڵات و خاوەندارێتی لە نێوان شارۆمەندا ببێ .

زۆر دەمێک لەوەپێش- یش هەر وا بووە ،تەنانەت لە زۆر وڵاتی کاپیتالیستی دونیای ڕۆژاوا دا. دەوڵەتی سۆئێد بە گشتی خاوەنی کانزا سروشتییەکان، فرۆشی وزە،ڕێگای ئاسن ، پۆست ،سیستیمی تلێفون هتد …،شتێک کە بەشێکی زۆری – هەڵبەت نە بە تەواوی -لەو دەیان ساڵانەی دوایی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە.

دە باسەکەدا زۆربەی ڕەخنەگرانی بورژوازی ویستوویانە وێچوویەکی نێوان سوسیالیسم و بە سوسیالیزەکردن دابنێن ،واتە سەروەتی خۆیان بۆ ئەو بەشانە ڕاگوێزن کە لەلایەن کۆلیکتیویسمەوە بەڕێوە دەچن، بە تایبەت ئەوانەی کە دەوڵەت خاوەنیانە . جا دیار و ئاشکرایە کە هەموو شێوەکانی سوسیالیسم ڕەخنە لە خاوەندارێتی خسووسی  و بەناوەندی کردنی دەستەڵات (کاپیتالیسم) دەهەڵسەنگاندنێک دەگەڵ ئیدئۆلۆژی لیبراڵ و کۆنسێرواتیو دا دەکەن .بەڵام بە پێچەوانە،سوسیالدیموکڕاتەکان وەک پرەنسیپێکی تێئۆری، کۆمەڵگایەکی دیموکڕاتیان بەڕێوە بردووە و لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە کۆمەڵگایەکی بە ڕاستی دیموکڕات دەبێ دێموکڕاسی لە هەموو بوارێكی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابووریدا بە ڕێوە بچێ .دێموکڕاسی ئابووری دەتوانێ بە شێوەی جۆراوجۆر وەڕاست بگەڕێ- لەلایەن خاوەندارێتی دەوڵەت ،هەر وەها لە بەشی تەعاونییەکان – زۆرکەسیش پێیانوابوو – کە لەو باسەدا باشبوو کە بە بوونی سەهامی مووچەگران ،لە ڕێگای دابینکردنی قانوونگەلێک ،بکرێ سنوورێک بۆ ئازادی کاپیتالیسم دابنرێ ،وهتد ..( هەر ئەوەیکە نووسەر گوننار ئادلێر کارلسۆن بە

کردەی سوسیالیسم)ی نێو دەبرد .ڕوانگەی دەوڵەت لێرە چەند بەرەکی تێدایە .مارکس دەوڵەتی وەک بەشێک لە دەزگای پێشێلکاری کاپیتالیسم دەدیت ،بەلآم بە دێموکڕاسی کردنی دەوڵەت ،خۆی بوو بە چەکێک بۆ دانانی سنوور بۆ کاپیتالیسم و تەنانەت بۆ بە دەستەوەگرتنی ئەو بەشە خسووسییانە، کە کەرەسەی بەرهەمهێنان بوون .

ئامانج

فرێدریک ئێنگلس هاوبیر وباوەرێ مارکس دەنووسێ:”ئێمە ئامانجێکمان نییە .ئێمە شۆڕشگێڕێن ،ئێمە بە تەما نین کە قانوونگەلێک بە سەر مرۆڤایەتی دا داسەپێنین”.  هەرچەند ئەو قسانە تا ڕادەیەکی بەرچاو وەڕاست ناچن .

دە ڕاستیدا سوسیالیستان بە درێژایی مێژوو لە هەموو کەس زیاتر بەڵگەیان واژۆ کردووە و هەڵگری خەیاڵ و ڕوانگە بوون ،تەنانەت مارکس و ئێنگلس یش. تا پاشان یەکێكی وەک تووماس مۆڕ-یش کە خۆی لە سەرەتاییترین خاوەن خەیاڵ و ڕوانگە بووە لە سەدەی ١٥٠٠ دا ، ئێستاش سوسیالیستەکان حەولیان داوە کە وێنەیەک لە سوسیالیسم وەک” شاری خەیاڵ ” بخولقێنن ،یان ئامانجی کۆتایی کۆمۆنیستەکان کە دروشمی سەرەکیان ئەوە بووە کە گەڵاڵەیەک لە چلۆنایەتی مرۆڤ ساز بکەن ،واتە ڕواڵەتێکی جوان کە بە چ شێوەیەک بتوانن دە کۆمەلگایەکدا بژین کە بێ بەری لە زەخت و زۆر و کێشە و تەنگژە بێ.یەکێک لەو دەستەواژە گرینگە، ئەو بیرۆکەیە بووە، کە ئینسان دە کۆمەلگایەکی بێ ئەو زەخت و زۆرەی کەئێستا لە گۆڕێیە، چلۆنە. ئەو خەیاڵە لە دەوری کۆمەڵگایەکدا بووە کە خاوەندارێتی و جیاوازی ئابووری چی تر مرۆڤەکان ناگرێتەوە وخولقێنەری تەنگژە نییە . تێگەی بنەمایی ” کۆمەڵگای بێ چینایەتی” یە ، کۆمەلگایەکدا کە هەژاری و دەوڵەمەندی و دەستەڵاتداری و بێدەستەلآتی تێێدا بنبڕ کراوە و هەموو وەک یەک بە یەکسانی دژین.زۆریەک لە سوسیالیستەکان پێیانوابووە کە ئەو خاوەندارێتییە خسووسییانە دەبێ هەلوێژێردرێن ، سەروەت و سامان و بەرهەم لە نێوان هەموواندا بەوپرەنسیپەی کە دەڵێ ” هەرکەس بە گوێرەی توانایی و هەر کەس بە گوێرەی پێویستی ”دەبێ دابەش بکرێ.

ئامانجی سوسیالدیموکڕاسی جاری وایە وەک ئاوێتەیەکی بیرۆکەی یەکسانی وبە دێموکڕاسییەکی بەرین تاریف کراوە.واتە کۆمەڵگایەکی بێ چینایەتی. سوسیالدێموکڕاسی لە سەر بنەمای گەشەی هەنگاو بە هەنگاوی دێموکڕاسی کە دەبێ لە ئازادی  سیاسییەوە دەست پێبکا ،سەرچاوەی گرتووە و دواتریش سوسیالدێموکڕاسی لێبکەوێتەوە، بە هەلومەرجێکی عادڵانە لە کۆمەلگا بە بێ لەبەرچاوگرتنی چین وتوێژ وەک ،مافی خوێندن ،مافی کار و ئەمنییەت بۆ هەمووان ،کە دەئاکامدا ئابوورییەکی دیموکڕاتیک، کە هەم کۆمەڵگا و هەم مووچەگران دەستەڵاتی ئابووری بە دەستەوە دەگرن،ئەگەرچی هیچ بەو مانایەش نییە کە خاوەن هەموو شتەکانن، .

لە هەمبەر ئەوە کۆمۆنیستەکانی شۆڕشگێر هەبوون کە پێیانوابوو سەرەتا دوای شۆڕش -کاتێک کاپیتالیسم بە چۆکداهات ئەگەری بەڕێوەبردنی دێموکڕاسی و یەکسانییەکی جێی مەتمانە و تەسەل دەلوێ. دە کردەوەی سیاسیدا کۆمۆنیستەکانیش بۆ ئاڵوگۆڕ دە کۆمەڵگایەکی کاپیتالیستی دا حەولیان داوە ،بەڵام لە دەستپێک دا بە شێوەیەکی کۆگرایی ،واتە دە کردەوەدا نەتەوەییانە.

سوسیالدێموکڕاسی نوێ، بە گشتی ئابووری بازاڕی ئازاد و مافی خاوەندارێتی سەلماندووە -هەڵبەت هێشتا ڕەخنە و تانەی بەشێکی گەورەی لە بورژوازی هەر لە سەر ماوە.سوسیالدێموکڕاسی وەک ئامانجی کۆتایی خۆی زیاتر پەرەی بە ”ئابوورییەکی تێکەلاو”ی داوە ،واتەئابوورییەکی بازاڕی ئازادی کۆمەڵایەتی ،کە تێێدا بە کەلک وەرگرتن لەو بازاڕە ئازادەی ئابووری کە ڕکەبەرایەتی هێزی هەڵسوڕێنەر بە مەبەستی بەرهەمهێنانی زۆرتر و دینامیکێکی گەنجاو بڕەخسێنێ ،بەڵام لێرە کۆمەڵگا سنوورێک بۆ ئازادی کاپیتالیسم دادەنێ ،کە کاپیتالیسم نەتوانێ لایەنی نەرێنی خۆی بە سەر ئینسان و ژینگە و دەستەڵات و جیاوازی دەرامەدەکان و هتد …دا داسەپێنێ.زۆربەی سوسیالیست و کۆمۆنیستە ڕادیکاڵەکان لە سەر ئەو باوەڕە، کە دەوڵەتی ڕەفاە، زۆر لە ئامانجی بنەڕەتی ئەوانەوە دوورە،تەنیا شێوەیەکی دڵنەرمترە لە کاپیتالیسم . سوسیالدێموکڕاسی سۆئێد، دەو دواییانەدا بیرۆکەیەکی نوێی بە نێوی” ماڵی سەوزی خەڵک ” هێناوەتە گۆڕێ ،کە زۆر کارتێکەری بیرۆکەی ”کۆمەڵگایەکی خەڵكیی” پەر ئالبین هانسسۆن-ی بە سەرەوە دیارە ، بەڵام بە ئاوێتە کردنی  ڕوانگەیەکی ئێکۆلۆژی و گەشەیەکی بەردەوام و خۆڕاگر، بۆ تەیار کردنی ئەو بیرۆکەیە.

خەیاڵچییەکان ئەغڵەب لەو کۆڕ و کۆمەلگا بچووکانەی وەک نموونە، تەعاونییەکان ،کە مرۆڤەکان خۆیان بە هاوکاری و هاوبەشی یەکتر بەڕێوەیان دەبرد ،دەدوان .ئەو کارتێکەری بەسەرەوانە تەنانەت زۆربەی ئەوسوسیالیستانەی دوایی ، تەعاونی و خاوەندارێتی سەهامی مووچەگران( خاوەندارێتی کارخانەکان لەلایەن ئیتیحادییەکانەوە”gillessocialismen”  وسەندیکالیسم )-ییان، لە خاوەندارێتی دەوڵەتی بە باشتر دەزانێ .

کەسایەتییە گرینگەکان

ڕۆبێرت ئۆون، خەڵکی سکۆتلاندبووە و شیرکەتێکی توجاڕەتی کە کارخانەی پارچە چنین لە نیوولانارک بووە ،زووترلە سەدەی ١٨ دا کە خۆی خاوەنی بووە و ئەوڕۆ(موڵکی ڕیکخراوەی یونسکۆیە وەک کەلەپوورێکی جیهانی)، گۆڕی بە شیرکەتێکی نموونە بۆ ئەمنییەتی کار ،ڕاهێنان،خانوو بۆ کرێکارەکانی…،هتد . ئۆون دواتر چەند کۆڕ و کۆمەڵی کۆمۆنیستی یشی لە ئەمریکا دامەزراند،هەرچەند سەرنەکەوت بەڵام ،بوو بە نموونەیەکی پێشڕەو بۆ زۆر کەسان- لەوانە بۆ پەرە پێدان بە تەعاونییە مۆدێڕنەکان،کە خۆی یەکێک لە دامەزرێنەرانی بوو.لاینگرانی ئەو، هێشتاش خۆیان هەر بە ”سوسیالیست” دەناسێنن .

کاڕڵ مارکس و فرێدریک ئێنگڵس

مارکس کەسێک بوو کە لە ڕێگای نووسراوە جێ سرنجەکانی خۆی، هەڵبەت دەگەڵ (فرێدریک ئێنگڵس) لە ساڵی ١٨٤٨ دا ”مانیفێستی کۆمۆنیسم و ساڵی ١٨٦٧ بەرگی هەووەڵی کاپیتال-ی نووسی و بناخەی تێۆری سوسیالیسمی وەک نێو بڕیکی سەرکەوتوو دە سەدەی١٨ دا دامەزراند .مارکس لە زووە ئینسانێکی ڕادیکاڵ بوو و ساڵی ١٨٤٨ لە ئاڵمان وەدەریاننا. بۆیە ئەو لە ئینگلستان دەژیا و سەفەریشی زۆر دەکردن. جگە لە لێکۆڵینەوە و نووسین، چالاکانەش لە بزووتنەوەکانی سوسیالیستییەکان و حیزبەکانی چەپ بەشداری دەکردن وهەر بۆیە ئینسانێکی چالاکی سیاسی یش بوو. تەنانەت نووسراوەی ماتریالیسمی مێژووییەکەشی بە شێوەیەکی بەرین لەلایەن کۆمەڵگاوە وەرگیرابوو و ببووە تێئۆرییەک بۆ ئاڵوگۆڕ دە کۆمەڵگادا .

ئیدوارد بەرنستاین

ئێدوارد بەرتنستاین، کەسێک بوو کە دە پەیوەندی دەگەڵ شەڕی هەووەڵی جیهانیدا وەک کەسێکی دامەزرێنەری بزووتنەوەی سوسیالیسمی دیموکڕاتیک لە هەمبەر شۆڕشی کۆمۆنیستەکان کە حەوڵی شۆڕشیان لە ئالـمان دەدا ،هەڵوێستی گرتبوو. بەرنستاین درێژە دەری بۆچوونەکانی دانەری ئەو حیزبە واتە فێرناند لاسێل بوو ،کە لە ساڵی ١٨٦٠ دا ڕەخنەگری سەرەکی لە تێئۆرییەکانی مارکس بووە و هێڵی ڕێفۆرمیستی سوسیالدیموکڕاتی وەک ڕێچارەیەکی سیاسی هێناوەتەگۆڕێ کە دواتر بوو بۆ نموونە و سوسیالدیموکڕاتەکانی باکووری ئوروپای لێکەوتنەوە .

ئاگوست پاڵم

کابرایەکی خەیات(جل دروو) بوو کە لە ساڵەکانی ١٨٧٠ و ٨٠ دا وەک خەیاتێک لە ئاڵـمان و دانماڕک دەخولاوە و کاری دەکرد وکەتبووە ژێر کارتێکەری ئەو باس و ڕێکخراوە سوسیالیستییانەوە کە لە گۆڕێ بوون .ئەو هەووەڵێن باسی لەژێر نێوی ”سوسیال دێموکڕاتەکان چیان دەوێ؟” ی ورووژاند و هەووەڵین ڕۆژنامەی ”ویستی خەڵک” ی بڵاو کردەوە . دەتوانین بڵێین دەگەڵ یێلمار برانتینگ وەک سوسیالدێموکڕاتێک کە دامەزرێنەری ئەو ڕٶژنامەیە بووە هاوکار بوون، بەڵام دەگەڵ یێلمار پێکەوە لە سەر هێندیك جیاوازی بیر وبۆچوون لەوانە دژ بە نیزامیگەری و دژایەتی دەگەڵ سیستیمی پادشایەتی کە چەند جارانیش لە سەر دەربڕینی ئەو بۆچوونانەن کەوتبووە گرتووخانە ،ئاویان نەچووە جۆگەیەکەوە و پێکەوە هەڵیاننەکرد.

 ولادیمیر ئیلیئیچ لێنین

ئەو کەسەی کە لە پشت شۆڕشی ڕووسییەی تەزارییەوە بوو و کردی بە دەوڵەتێكی کۆمۆنیستی ، ئەوەی کە زۆرتر وەک سیمایەکی ئینسانی بۆ کۆمۆنیسم دەرکەوت،ستالینی مەخوف بوو،کە یەکجار زۆریش بووە جێگای تاریف و پێداهەڵگوتن، لە ساڵەکانی ٦٠ دا لەلایەن بزاوەکانی چەپەوە، کە خۆشیان بە مارکسیست -لێنینیست دەزانی.ئەوانەی کەلەنیزیکەوە لێکۆڵینەوەیان لە سەر کردووە، ئەو ڕاستییە دەڵێن کە ئەویش بە قەرایی ستالین سەختگیری وپێداگری لە دامەزراندنی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا کردووە ،بەڵام ڕەنگبێ کەمێک نەرمتر لەستالین بووبێ تا ئەو جێگایە کوشتاری بە کۆمەڵی بێ مانا دەگرێتەوە . لێنینیسم نەک هەر تەنیاپەرەی بە بیرۆکەی مارکس دا،بەڵكوو کەسایەتی حیزبە کۆمۆنیستییەکانی یشی کردە حیزبگەلێک کە بە سیستیمێکی بە ناوەندکراوی تاقمێک پسپۆڕ کە ببوونە بەشێک لە بزووتنەوەی نێونەتەوەییەکی گوێڕایەڵی مۆسکوو. ئامانجیش شۆڕشی نێو نەتەوەیی بوو. ڕوسییە ببووە پێشەنگ و هەموو خەڵکەکانی دیکەش دەو ماوەیەدا کە بەڕێوەبەرایەتی بە دەست کۆمۆنیستەکانەوە بوو، کەوتبوونە شوێنی .

پەر ئالبین هانسسۆن

لە لاوێکی چەپی سوسیالیستی ڕادیکاڵەوە چوو بوو بە ”پەرئالبین” ێک لە تەنیشت خەڵكی سۆئێد، وەک سەرۆک وەزیرێک دە ماوەی شەڕی هەووەڵی جیهانیدا و خولقێنەری تێگەیەک بە نێوی ”ماڵی خەڵک”.دەگەڵ وەزیری دارایی ئێرنێست ویگفورس خەباتی دژ بە بێكارییان لە ساڵەکانی ٣٠ب ەدواوە وەستۆ گرت و گەڵاڵەیەکیان بۆ سوسیالدیموکڕات بە گوێرەی سیاسەتی ئابووری کێنز سازکرد . ودواتریش ڕێبەرایەتی گەشەی سیستیمی ڕفاهی-یان لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی وەستۆ گرت .

ئولوف پاڵمە

سۆئێد و تەنانەت بەشێکیش لە سوسیالدیموکڕاتەکانی ئوروپای گەیاندە ئە وجێگایە کە، بەشە گشتییەکانی کۆمەڵگایان پەرە پێدا ،بە تایبەت بەشی منداڵان لەناوەندی بیرۆکەکەدا دانرابوو ،ناساندنی شێوەیەکی مۆدێڕن و هەڵپێچراو لەمەڕ یەکسانی ،پێکەوەبوونی نێونەتەوەیی(سۆلیداریتە). بە هاوکاری دەگەڵ ڕێبەری سوسیالدیموکڕاتی ئاڵمان ویلی بڕانت و هی ئوتریش برۆنۆ کرایسکی، کارتێکەرییەکی یەکجار زۆریان لە دەرەوەی سنوورەکاندا هەبوو،کە هەرتکیان لە سەر دەمی شەڕی جیهانی دووهەمدا لە سۆئێد پەنابەر بوون .پاڵمـە لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە نەخش و مافەکانی دەوڵەتە بچووکەکانی ژێر دەستەڵاتی زلهێزەکانی سەر دەمی شەڕی سارد، پەرەیان هەستاند و هەر وەک بیرۆکەی ئانتۆنی گیدێنز لەمەڕ سوسیالدیموکڕاسی کە بووە ڕێگایەکی سێهەم لە نێوان کۆمۆنیسم و کاپیتالیسم دا.

ئانتۆنی گیدێنز

پڕۆفسۆرێکی کۆمەڵناسی بریتانیایی بوو کە دە کتێبێکی بە نێو” ڕێگای سێهەم” دا پڕۆپاگەندەی بۆ سوسیالدیموکڕاتەکانی سکاندیناوی دەکرد کە دواتر بوو بە ڕچەشکێنێک بۆ ”حیزبی نوێی کرێکار” و ‌دابڕانی تۆنی بلێر لە حیزبی ”پێشوو”ی کە لەلایەن ئیتیحادییە چەپە ڕادیکاڵەکانەوە بەڕێوە دەچوو.تەنانەت دەو دوایانەدا شتێکی بە نێوی ”لە ژوورووی چەپ و ڕاست” لەمەڕ ئوروپا و بە جیهانیبوون(گلوبالیزاسیۆن) نووسیوە ، تەنانەت لە مەڕ جنسییەت و سیاسەت یش شتی نووسیوە.

تێبینی وەرگێڕ: ئەو بابەتە بە فۆرماتی پێ دێ ئێف بەشێک لە کتێبێک بووە ،کەلاپەڕەی ٥١  تا  ٦٨ ی کتێبەکە باسی سوسیالیسمی وەخۆ گرتووە ، بە جوێ دانراوە و بەڵام بە داخەوە نێوی نووسەرەکەی لە سەر نەنووسراوە،هەر چۆنێک بێ من پێموایە،دەبێ یەکێک لەخوێنەرانی کتێبەکە ئەو بەشەی لە کتێبەکەی بڵاوکردبێتەوەە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت